Print
 به‌یاننامه‌ی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان ده‌رباره‌ی‌ رووداوه‌كانی‌ سێ‌ رۆژی‌ رابردووی‌ كوردستان
Sunday, February 20, 2011

له‌ سۆنگه‌ی‌ هه‌ستكردن به‌ به‌رپرسیارێتی‌ نیشتمانییه‌وه‌، رۆژی‌ 29/ 1/ 2011 بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان به‌یاننامه‌یه‌كی‌ حه‌وت خاڵی‌ بۆ رای‌ گشتی‌ كوردستان بڵاوكرده‌وه‌، كه‌ تیایدا پرۆژه‌ی‌ چاكسازیی‌ بنه‌ڕه‌تیی‌ خۆی‌ پێشكه‌ش به‌ هێزه‌ سیاسییه‌كانی‌ كوردستان كرد. ئامانجی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان له‌و پرۆژه‌یه‌ ئه‌وه‌ بوو كوردستان له‌و ته‌نگژه‌ سیاسییه‌ ده‌رباز بكات كه‌ بۆ ماوه‌ی‌ چه‌ندین ساڵه‌ دووچاری‌ هه‌رێمه‌كه‌مان بۆته‌وه‌، له‌ كاتێكدا شه‌پۆلێكی‌ گۆڕانی‌ دیموكراتی‌ ناوچه‌ی‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاستی‌ به‌گشتی‌ ته‌نیوه‌.

ئێمه‌ چاوه‌ڕێی‌ وه‌ڵامی‌ دوو حیزبه‌ سیاسییه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كه‌ی‌ كوردستان بووین كه‌ ئه‌وانیش پرۆژه‌ی‌ چاكسازیی‌ خۆیان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ پێشكه‌ش بكه‌ن‌و له‌سه‌ر بنه‌مای‌ پرۆژه‌ی‌ هه‌موان وتووێژێكی‌ نیشتمانی‌ جدیی‌ ده‌ستپێبكه‌ین، به‌ڵام به‌ به‌یاننامه‌یه‌كی‌ لێوانلێو له‌ ته‌خوین‌و جنێو وه‌ڵامدراینه‌وه‌. هاوكات هێزی‌ چه‌كدار‌و ده‌بابه‌‌و زرێپۆشیان به‌ ئاراسته‌ی‌ باره‌گای‌ سه‌ره‌كیی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان جوڵاند، كه‌ ناڕه‌زاییه‌كی‌ جه‌ماوه‌ری‌ به‌رفراوانی‌ لێكه‌وته‌وه‌‌و جارێكی‌ تر بێئومێدی‌ لای‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان دروستكرده‌وه‌ له‌ هه‌بوونی‌ نیاز‌و ئیراده‌ی‌ چاكسازیی‌ لای‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ ئه‌مڕۆی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان.

ته‌نها پاش نۆزده‌ رۆژ له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ به‌یاننامه‌كه‌ی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان، راستی‌ هه‌بوونی‌ قه‌یرانی‌ گه‌وره‌ له‌ سیستمی‌ سیاسی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان‌و په‌نگخواردنه‌وه‌ی‌ ناڕه‌زاییه‌كانی‌ خه‌ڵك به‌ده‌ركه‌وت‌و چه‌ند گروپێكی‌ مه‌ده‌نی‌ خۆڕسكانه‌ خۆپیشاندانیان سازدا، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتداران له‌بری‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی‌ داخوازیه‌كانی‌ شه‌قام به‌شێوه‌یه‌كی‌ شارستانی‌، به‌ زه‌بر‌وزه‌نگ، به‌كارهێنانی‌ فیشه‌ك، لێدانی‌ هاوڵاتیانی‌ بێدیفاع‌و ره‌شبگیری‌ وه‌ڵامی‌ خۆپیشانده‌رانیان دایه‌وه‌.

له‌ كاتێكدا بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان ئیدانه‌ی‌ هه‌ر جۆره‌ ده‌ستدرێژییه‌ك ده‌كات بۆ سه‌ر موڵك‌و ماڵی‌ گشتی‌‌و تایبه‌ت، بۆ سه‌ر هه‌ر داموده‌زگایه‌كی‌ فه‌رمی‌‌و حزبیش..، به‌ڵام هیچ پاساوێك له‌به‌رده‌م ده‌سه‌ڵاتداراندا نییه‌ بۆ سه‌ركوتكردنی‌ هاوڵاتیان به‌شێوه‌ی‌ خوێناوی‌‌و به‌كارهێنانی‌ چه‌ك ده‌رهه‌ق به‌ خۆپیشانده‌ران. ئه‌وه‌ی‌ له‌ سێ‌ رۆژی‌ رابردوودا بینیمان په‌نابردنی‌ ده‌سه‌ڵاتدارنی‌ هه‌رێم بوو بۆ: ته‌قه‌كردنی‌ ره‌مه‌كی‌ له‌ خۆپیشانده‌ران‌و شه‌هید‌و برینداركردنی‌ ده‌یان هاوڵاتی‌ بێدیفاع، ره‌شبگیری‌‌و راوه‌دوونان‌و تۆقاندنی‌ هاوڵاتیان، به‌خشینه‌وه‌ی‌ تۆمه‌تی‌ بێبنه‌ما‌و ته‌خوین به‌سه‌ر هێزه‌ سیاسییه‌كاندا به‌ تایبه‌تی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان، داگیركردن‌و سوتاندن‌و تاڵانكردنی‌ باره‌گاكانی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان له‌ هه‌ولێر، دهۆك، سۆران، بنه‌سڵاوه‌‌و شه‌قڵاوه‌..، جوڵاندنی‌ هێزی‌ چه‌كداری‌ سه‌ر به‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان به‌ره‌و شار‌و چه‌ند ناوچه‌یه‌كی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ به‌مه‌به‌ستی‌ سه‌ركورتكردن‌و ترساندنی‌ هاوڵاتیان‌و داگیركردنی‌ باره‌گاكانی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان‌و به‌زۆر داخستتنی‌ كه‌ناڵه‌كانی‌ راگه‌یاندنی‌ كۆمپانیای‌ وشه‌، به‌تایبه‌تی‌ كه‌ناڵی‌ ته‌له‌فزیۆنی‌ KNN ‌و هێشتنه‌وه‌ی‌ ئه‌و هێزه‌ جوڵه‌پێكراوانه‌ له‌ناو شاری‌ سلێمانیدا، كه‌ بووه‌ مایه‌ی‌ نیگه‌رانی‌‌و بێزاریی‌ خه‌ڵكی‌ شار‌و فراوانكردنی‌ بازنه‌ی‌ ناره‌زاییه‌كانیان‌و سه‌رهه‌ڵدانی‌ خۆپیشاندانی‌ فراوانتر له‌ 19/ 2دا.

له‌ كاتێكدا بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان پرسه‌‌و سه‌ره‌خۆشی‌ خۆی‌ ئاراسته‌ی‌ كه‌سوكاری‌ كاكه‌ رێژوانی‌ ته‌مه‌ن 14 ساڵ‌ ده‌كات، كه‌ یه‌كێك بوو له‌ قوربانیه‌كانی‌ 17/ 2، هیوای‌ چاكبوونه‌وه‌ بۆ سه‌رجه‌م بریندارانی‌ رووداوه‌كانی‌ سێ‌ رۆژی‌ رابردوو ده‌خوازێت، ئه‌وه‌ دووپاتده‌كاته‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتداران ده‌سبه‌جێ‌ هه‌موو هێماكانی‌ گرژیی‌ دۆخه‌كه‌ هێور بكه‌نه‌وه‌، به‌:

-             كشاندنه‌وه‌ی‌ هه‌موو هێزه‌ چه‌كداره‌ جوڵه‌ پێكراوه‌كان بۆ باره‌گاكانیان پێش رۆژی‌ 17/ 2.

-             ئازادكردنی‌ هه‌موو ئه‌و هاوڵاتیانه‌ی‌ كه‌ زیندانی‌‌و ده‌سبه‌سه‌ركراون له‌ خۆپیشاندانه‌كاندا.

-             دادگاییكردنی‌ هه‌موو ئه‌و فه‌رمانده‌‌و چه‌كدارانه‌ی‌ كه‌ ته‌قه‌یان له‌ هاوڵاتیان كردووه‌، یان فه‌رمانی‌ ته‌قه‌كردنیان داوه‌.

-             پێكهێنانی‌ لیژنه‌یه‌كی‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی‌ سه‌ربه‌خۆ بۆ به‌دواداچوونی‌ ئاشكرای‌ ئه‌و ده‌ستدرێژیانه‌ی‌ كرانه‌ سه‌ر باره‌گا حزبییه‌كان له‌ هه‌ر سێ‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌‌و هه‌ولێر‌و دهۆك.

-             گوێگرتن بۆ داواكانی‌ خۆپیشانده‌ران‌و ده‌ستكردن به‌ جێبه‌جێكردنی‌ داواكانیان بێ‌ دواكه‌وتن.

هه‌رچی‌ په‌یوه‌ندیی‌ به‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕانه‌وه‌ هه‌یه‌، ئێمه‌ بڕوامان وایه‌ رووداوه‌كانی‌ سێ‌ رۆژی‌ رابردوو ده‌ره‌نجامی‌ قه‌یرانێكی‌ سیاسی، ئابوریی‌‌و ئیدارییه‌ كه‌ چه‌ندین ساڵه‌ كه‌ڵه‌كه‌ ده‌بێت‌و تا ئێستاش هیچ ئیراده‌یه‌كی‌ راستگۆیانه‌ له‌ئارادا نییه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌. ئێمه‌ هه‌مان هه‌ڵوێستی‌ خۆمان دووپاتده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ له‌ به‌یاننامه‌ی‌ رۆژی‌ 29/ 1/ 2011دا رامانگه‌یاندووه‌‌و ده‌شكرێ‌ هه‌موان پێكه‌وه‌ ده‌رگای‌ وتوێژێكی‌ نیشتمانی‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ واڵا بكه‌ین له‌پێناو گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ رێز‌و شكۆ بۆ داموده‌زگا نیشتمانییه‌كان له‌ سایه‌ی‌ سیستمێكی‌ په‌رله‌مانی‌ راسته‌قینه‌دا، له‌پێناو دامه‌زراندنی‌ حكومه‌تێكی‌ خزمه‌تگوزرادا كه‌ گوزارشت له‌ خواستی‌ خه‌ڵك بكات نه‌ك خواستی‌ ده‌سه‌ڵاتداران، له‌پێناو هێنانه‌كایه‌ی‌ هه‌رێمێكدا كه‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ یاسا له‌سه‌روو هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێكه‌وه‌ بێت، هه‌رێمێك كه‌ چه‌ك ته‌نها به‌ده‌ست هێزه‌ نیشتمانییه‌ یاساییه‌كانه‌وه‌ بێت بۆ پاراستنی‌ ئاسایشی‌ خه‌ڵك‌و پاراستنی‌ سه‌ر‌و سامانیان نه‌ك ئاسایشی‌ حزب‌و ده‌سه‌ڵاداران به‌ته‌نها. ئه‌م داواكارییانه‌ به‌ر له‌وه‌ی‌ داوای‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان بن داوای‌ ره‌وای‌ خه‌ڵكی‌ كوردستانه‌‌و بڕواشمان به‌ ئیراده‌ی‌ خه‌ڵك پته‌وه‌ كه‌ ده‌توانێ‌ به‌ شێوازی‌ مه‌ده‌نی‌‌و دیموكراتی‌، دوور له‌ توندوتیژی‌، خواست‌و ئیراده‌ی‌ خۆی‌ به‌رجه‌سته‌ بكات.

 

بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان

19/ 2/ 2011
 

Sbeiy.com © 2007