Print
 به‌ڕێوه‌به‌ری که‌ناڵی(NRT): هێرشی چه‌کداره‌کان به‌رنامه‌ داڕێژراو بوه‌و پێویسته‌ حکومه‌ت ئه‌نجامده‌رانی ئاشکرا بکات
Sunday, February 20, 2011

(سبه‌ی):
سه‌عات (2)ی نیوه‌شه‌وی رابوردو ده‌یان چه‌کدار هه‌ڵیانکوتایه‌ سه‌ر باره‌گای که‌ناڵی(NRT) له‌گوندی ئه‌ڵمانی نزیک ده‌باشان له‌سلێمانی و به‌ڕێوه‌به‌ری که‌ناڵه‌که‌ش ده‌ڵێت؛ به‌رنامه‌ داڕێژراو بوه‌.
دوای سوتاندنی باره‌گای که‌ناڵه‌که‌یان له‌لایه‌ن هێزێکی چه‌کداره‌وه‌، توانا عوسمان، به‌ڕێوه‌به‌ری که‌ناڵی ئاسمانی (NRT) له‌کۆنگره‌یه‌کی رۆژنامه‌وانیدا چۆنێتی روداوه‌که‌ی باسکردو رایگه‌یاند: روداوه‌که‌مان به‌ تۆمارکراوی لایه‌، که‌ هێزێکی زۆری چه‌کدار که‌ ژماره‌یان نزیکه‌ی 50 چه‌کدار ده‌بون به‌ جلوبه‌رگی سه‌ربازییه‌وه‌، به‌ شێوه‌یه‌کی به‌رنامه‌ داڕێژراو  هێرشیان کردوه‌ته‌ سه‌ر باره‌گای که‌ناڵه‌که‌مان و سه‌رجه‌م ئامێر و که‌لوپه‌ل و بیناکه‌یان سوتاندوه‌.
وتیشی: له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی پاسه‌وانێکی بیناکه‌مان بریندارکراوه‌، هاوکات چه‌کداره‌کان پێش ئه‌نجامدانی هێرشه‌که‌و سوتاندنی بیناکه‌مان، ئامێری په‌یوه‌ندی و په‌خشی که‌ناڵه‌که‌یان پچڕاندوه‌.
ده‌رباره‌ی لیژنه‌ی لێکۆڵینه‌وه‌ی پارێزگاش، توانا عوسمان وتی: "ئێمه‌ ئه‌و لیژنه‌یه‌ ره‌تده‌که‌ینه‌وه‌، چونکه‌ به‌ڵگه‌کانی ئێمه‌ زۆر له‌وه‌ ئاشکرا تره‌ که‌ له‌لایه‌ن لیژنه‌یه‌کی پارێزگاوه‌ به‌دواداچونی بۆ بکرێت، چونکه‌ دۆسیه‌که‌ی ئێمه‌ زۆر له‌وه‌ گه‌وره‌تره‌و ئه‌مه‌ یاریکردنی ئه‌وانه‌ به‌ کات".
ناوبراو هێماشی بۆ ئه‌وه‌کرد، ئێمه‌ ئه‌زمونمان زۆره‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و لیژنانه‌داو ده‌ستی ده‌ستیمان پێده‌کرێت و دۆسیه‌کان ناگه‌یه‌نرێت به‌ ئه‌نجام، هه‌روه‌ها یاده‌وه‌ریی خراپمان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ لیژنه‌کانی لێکۆڵینه‌وه‌دا، بۆ ئه‌مه‌ش لیژنه‌ی لێکۆڵینه‌وه‌ی روداوه‌کانی رابردو، باشترین نمونه‌ن که‌ زۆربه‌یان تاوه‌کو ئێستا بێ ئه‌نجام ماونه‌ته‌وه‌.
ئه‌وه‌شی وت، که‌ له‌و هێرشه‌ی کراوه‌ته‌ سه‌ریان نزیکه‌ی 9 ملیۆن دۆلار زیانی مادی به‌ر که‌ناڵه‌که‌ که‌وتوه‌و پێویستیشه‌ حکومه‌تی هه‌رێم قه‌ره‌بومان بکاته‌وه‌.
به‌ڕێوه‌به‌ری که‌ناڵی(NRT) ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، ئێمه‌ چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ ده‌که‌ین، حکومه‌تی هه‌رێم داوای ئه‌و به‌ڵگانه‌مان لێبکات و له‌کاتێکی دیاریکراودا، ئه‌و لایه‌نه‌ی له‌پشت ئه‌م کاره‌وه‌ بون ئاشکرای بکه‌ن و به‌سزایان بگه‌یه‌نن.

Sbeiy.com © 2007