خالد رەنجدەر
شەڕی درێژخایەنی براكوژی تەنھا كاریگەری لەسەر یەكێتی نیشتمانی كوردستان نەبو، بەڵكو پارتی دیموكراتی كوردستانیشی گرتبوەوە، ئەگەر رێكەوتننامە ستراتیژیەكەی نێوان پارتی و یەكێتی نەبوایە گەڕانەوەی پارتی بۆ ناوچەی سلێمانی ھێندە ئاسان نەدەبو، من پێموایە سەكردایەتی پارتی و كادر و ئەندام و لایەنگرەكانی پارتی ئەو راستیەیان لا ئاشكرایە و ناتوانن نكولی لێبكەن.
لە كاتێكدا پارتی دیموكراتی كوردستان لە ساڵانی نەوەتەكاندا ھەمو داھاتی خاڵی گومرگی ئیبراھم خەلیلی بۆ خۆی دەبرد، خەڵكی سلێمانی بۆ دابین كردنی شیری منداڵە ساواكانیان و دەفتەر و پێنوسی قوتابیەكانیان دەرگا و پەنجەرەی ماڵەكانیان دەفرۆشت و لەجێی ئەوان باتانیان پێوە دەكرد، ھەر لەو ساڵە پڕ نەھامەتیانەدا خەڵكی شاری سلێمانی لیژنەیەكیان پێكھێنا و چونە لای پارتی و پێشنیاریان كرد كە پشكی خەڵكی سلێمانی لە گومرگی ئیبراھیم خەلیل لە رێی خەڵكی سلێمانی خۆیەوە خەرج بكرێت بۆیان، پارتی ئەو كاتە بیانوی ئەوەبو كە ئەو پارەیە دەچێتە گیرفانی یەكێتیەوە و دەدرێت بە چەك و ئەوانی پێدەكوژرێت، پارتی دوای ئەوەش ھەر لەسەر ھەڵوێستی دڵ رەقانەی خۆی سور بو و ئاوڕی لە خەڵكی سلێمانی نەدایەوە.
بۆ پاراستنی ئەزمونەكەی كوردستان و دوای رێكەوتننامەكەی نێوان پارتی و یەكێتی، خەڵكی شاری سلێمانی كاردانەوەیان نەبو بەرامبەر شەكانەوەی ئاڵا زەردەكەی پارتی لە ئاسمانی شارەكەیاندا، بۆیە دەبێ پارتی ئەو پرسیارە لە خۆی بكات كە بۆچی ئێستا خەڵكی سلێمانی بارەگای پارتیان لە ناوچەكەیاندا ناوێت، بە پارتی دەڵێن: بای بای.
كەس لە دڵی گران نابێت ئەگەر بڵێم شۆڕشی مەلا مستەفای بارزانی بە ھەوڵ و خوێنی خەڵكی سلێمانی دەستی پێكرد و بەردەوام بو، تەنانەت لە ساڵی 1974دا لاوانی سلێمانی و ھێزەكانی سلێمانی لە گەروی عومەر ئاغا و دیانە بۆ بەرگری لە بارەگاكانی شۆڕش و سەركردایەتی شۆڕش لە گەڵاڵە و چۆمان و حاجی ئۆمەران كە مسعود بارزانیش لەوێ بەرپرسی پاراستن بو، ئێشكیان دەگرت و خوێنی خۆیان دەبەخشی.
خەڵكی سلێمانی شایەنی بایكۆتی پارتی ساڵانی نەوەتەكان و گولەبارانكردنی حەڤدەی شوبات ئەمساڵ نەبون، ھەڵوێستی پارتی زۆر ناسك بو لە سلێمانی و دەبو ئەگەر بارەگای لقی چواریش بسوتایە و تاڵان بكرایە دەستیان لە ھاوڵاتیان نەكردایەوەتە، لە دەرگای پشتەوە چۆڵیان بكردایە. ئەو كاتە ھەر خەڵكی شاری سلێمانی ھێرش كردنە سەر بارەگاكەیان شەرمەزار دەكرد، پارتیش زیاتر جێی خۆی لە دڵی خەڵكیدا دەكردەوە، یان دەبو كارمەندەكانی لقی چوار داوایان لە خۆپیشاندەران بكردایە كە چەند كەسێكیان وەك نوێنەر بچونایەتە بارەگاكە و گفتوگۆیان لەگەڵدا بكردنایە نەك بە گولە وەڵامیان بدەنەوە، منداڵێكی وەك رێژوان عەلی شەھید بكەن و دەیانی تریش بریندار بكەن.
دەسەڵاتدارانی كوردستان فێری ئەوە نەبون كە رەخنە لە خۆیان و سیاسەتیان بگیرێت چ جای ئەوەی بچنە سەر بارەگاكانیان، من نازانم ئەم دەسەڵاتەی كوردستان بۆ ھێندە خۆی بەپیرۆز دەزانێت، لە گەڵ ئەو ھەمو گەندەڵی و ناعەدالەتیەدا ھێشتا دەبێ میللەت دەستیان بۆ بە سنگەوە بگرێت؟!
بەڕاستی جێی نیگەرانیە لەم سەردەمی پێشكەوتنی تەكنۆلۆژیایەدا كە كامێرەی رۆژنامەوانەكان وردەكاری روداوەكان دەگەیەنن بە رای گشتی، سەركردایەتی پارتی بێن و تێكەولێكە بە زانیاریەكان بكەن و ھەوڵ بدەن راستیەكان ئاواژو بكەنەوە.
پاسەوانەكانی بارەگای لقی چوار تەقەیان لە خەڵكی مەدەنی كردوە و شەھید و برینداریان لێخستون، لەبری ئەوەی داوای لێبوردن بكەن و ھەر خۆیان ئەو كەسانە بدەنە دادگا، فازیل میرانی ھەڕەشە دەكات و دەڵێ: بێرێزی لەگەڵ مەقەڕاتی ئێمە گران رادەوەستێ و ئێمە شكات لەو خەڵكانە دەكەین كە داوای مۆڵەتی خۆپیشاندانیان كردوە، ھەروەھا نێچیروان بارزانی دەڵێ: ئێمە زوڵممان لێكراوە.
جێی داخە كە دوای نزیكەی پەنجاوپێنج ساڵ لە دروست بونی لەناو میللەتێكی ستەمدیدەدا پارتێك تازە بە تازە روی تفەنگی بكاتە ئەو میللەتە و رۆڵەكانی شەھید و بریندار بكات، لەم سەردەمی ئازادی و شارستانێتیەدا بەو چاوە سەیری میللەت بكات كە سەردەمی خێڵایەتیە و بە سوڵحی عەشایەری لەگەڵ بنەماڵەی كوژراوەكە و دانی خەرجی چاكبونەوەی بریندارەكان دۆسیەی مەسەلەكە دابخات.
من پێموایە ھەر سیناریۆیەك كە پارتی خۆی دروستی بكات یان بە حكومەتی ھەرێمی دروست بكات بە قازانجی ئەو نایەتەوە و زیاتر خەڵكی كورد توڕە دەكات، تائێستاش خەڵكانێك ھەن وەك كەسایەتییەكی نەتەوەیی سەیری مەلا مستەفای بارزانی دەكەن، دەبو پارتی كارێكی وا نەكات كە ببێتە مایەی بێزاریی خەڵكی و ئەگەری ئەوەی لێبكەوێتەوە كە ناوی مەلا مستەفای باوكیان لە بیروھزری خۆیان دەركەن.
من زۆرم پێ سەیرە كە دیكتاتۆری تونس و میسر كەوتن و سەرۆكی لیبیا و یەمەن و بەحرەین و جەزایریش وا بەڕێوەن كەچی دەسەڵاتەكەی كوردستان پەند وەرناگرێت و بە رابوردوی خۆیدا ناچێتەوە، پەنجەی ھەڕەشەی ھەر بە ئاسمانەوەیە.