|
سه‌رچاوه‌یه‌ک: هێزه‌که‌ی پارتی نهکشاوهتهوهو له(ئه‌کادیمیای پۆلیس) جێگیر کراون |
Sunday, February 20, 2011 |
(سبه‌ی):
له‌کاتێکدا وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێم رایده‌گه‌یه‌نێت هێزه‌که‌ی پارتی له شاری سلێمانی ده‌کشێنه‌وه، به‌ڵام له ئێستادا ئه‌و هێزه له (مه‌عه‌سکه‌ر سه‌لام) جێگیر کراون.
له‌وباره‌یه‌وه سه‌رچاوه‌یه‌ک که نه‌یویست ناوی ئاشکرابکرێت به (سبه‌ی)ی راگه‌یاند: ئه‌و هه‌واڵانه‌ی باس له کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی پارتی ده‌که‌ن ناڕاستن و له‌ئێستادا ئه‌و هێزه‌ی پارتی له نزیک شاری سلێمانی و له ئه‌کادیمیای پۆلیس له (مه‌عه‌سکه‌ر سه‌لام) کۆکراونه‌ته‌وه‌و جێگیر کراون، هیچ ئاماژه‌یه‌کی به‌جێهێشتنیان پێوه دیار نییه.
سه‌رچاوه‌که زانیاری زیاتری له‌وباره‌یه‌وه ئاشکراکردو وتیشی: له‌ئێستادا ده‌روازه‌ی که‌ڵه‌وانانی مه‌عه‌سکه‌ر سه‌لام راده‌ستی پارتی کراوه‌و ته‌نها هێزه‌که‌ی پارتی بۆیان هه‌یه هاتوچۆی پێدا بکه‌ن.
هاوکات ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شکرد، هێزه‌که‌ی پارتی ژماره‌یه‌کی زۆرن و 15 ئۆتۆمبێلی فریاکه‌وتن و 60 ئۆتۆمبێلی هه‌مه‌ری سه‌ربازی و ژماره‌یه‌ک (ناقیله) و که‌ره‌سته‌ی دیکه‌ی سه‌ربازییان پێیه.
ئه‌وه‌ش له‌کاتێکدایه که سه‌عات 02:00ی پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ (یه‌کشه‌ممه) جه‌عفه‌ر مسته‌فا، وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له کۆنگره‌یه‌کی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاندبو، ئه‌مڕۆ هێزه‌که‌ی پارتی له‌شاری سلێمانی ده‌کشێنه‌وه. |
|
|