Print
 سه‌نته‌ری‌ میترۆ له‌ 17ی‌ شوباته‌وه‌ ده‌ستدرێژی‌ و هێرش بۆ سه‌ر رۆژنامه‌نوسان و ده‌زگاكانی‌ راگه‌یاندنى خسته‌ڕو
Sunday, February 20, 2011

(سبه‌ی‌):
سه‌نته‌ری‌ میترۆ له‌ راگه‌یاندنێكدا سه‌رجه‌م ئه‌و ده‌ستدرێژی‌ و هێرشانه‌ی‌ له‌ 17ی‌ شوباته‌وه‌ كراونه‌ته‌ سه‌ر رۆژنامه‌نوسان و ده‌زگاكانی‌ راگه‌یاند تۆماركردوه‌و له‌ راگه‌یاندنه‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌ ده‌یان حاڵه‌تی هێرش و لێدان و برینداركردن تۆماركراوه‌.

ده‌قی راگه‌یاندنه‌كه‌:

سه‌نته‌ری میترۆ بۆ داكۆكیكردن له‌ رۆژنامه‌نوسان به‌ توندی سوتاندنی ئۆفیسه‌كانی ته‌له‌فزیۆنی نالیا سه‌ركۆنه‌ ده‌كات و داوای ده‌ستبه‌جێ كۆتاییهێنان به‌ هێرشكردنه‌ سه‌ر رۆژنامه‌نوسان ده‌كات.
كاتژمێر 2:30 شه‌وی (شه‌ممه‌) له‌سه‌ر (یه‌كشه‌ممه‌)، نزیكه‌ی 50 چه‌كدار هه‌ڵیانكوتایه‌ سه‌ر كه‌ناڵی ئاسمانی نالیا، كه‌ له‌لایه‌ن كۆمپانیای نالیاوه‌ به‌رێوه‌ده‌برێت. چه‌كداره‌كان ته‌قه‌یان كردوه‌ له‌ ئامێره‌كانی په‌خش و پاشان ئاگریان له‌ ته‌واوی بینا سێ قاتییه‌كه‌ به‌رداوه‌. یه‌كێك له‌ پاسه‌وانه‌كانی ته‌له‌فزیۆنه‌كان برینداربوه‌. رۆژێك پێش روداوه‌كه‌، توانا عوسمان، به‌رێوه‌به‌ری كه‌ناڵه‌كه‌ به‌ سه‌نته‌ری میترۆی راگه‌یاند كه‌ فشاریان له‌سه‌ربوه‌ بۆ وه‌ستاندنی په‌خشی كه‌ناڵه‌كه‌.
له‌مباره‌یه‌وه‌ سه‌نته‌ری میترۆ رایگه‌یاند، "ئه‌مڕۆ رۆژێكی ره‌شه‌ له‌ مێژوی رۆژنامه‌گه‌ری كوردیدا. ئه‌م تاوانه‌ دژی هاوكارانمان له‌ ته‌له‌فزیۆنی نالیا سه‌ركۆنه‌ده‌كه‌ین. دیاره‌ ئه‌م كاره‌ دڕندانه‌یه‌ به‌ به‌رنامه‌بوه‌ چونكه‌ پێشتر كه‌ناڵه‌كه‌ روبه‌ڕوی هه‌ڕه‌شه‌و فشاربوه‌ته‌وه‌ بۆ وه‌ستاندنی په‌خش و چه‌كداره‌كانیش پاش ئه‌وه‌ی به‌ گولله‌ ئامێره‌كانی په‌خشیان شكاندوه‌ ئاگریان له‌ ته‌واوی بیناكه‌ به‌رداوه‌. پێویسته‌ لیژنه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ پێكبهێنرێت بۆ لێكۆڵینه‌وه‌و شه‌فانه‌ كاربكات و تۆمه‌تباران روبه‌ڕوی دادگابكرێنه‌وه‌."
له‌ رۆژی سه‌رهه‌ڵدانی خۆپیشاندانه‌كانی سلێمانییه‌وه‌ له‌ 17ی شوبات، هه‌تا ئه‌مڕۆ سه‌نته‌ری میترۆ بۆ داكۆكیكردن له‌ رۆژنامه‌نوسان ده‌یان حاڵه‌تی برینداركردن و ده‌ستگیركردن و لێدان و رێگریكردن و شكاندنی كامێراو ده‌سبه‌سه‌رداگرتنی كه‌لوپه‌لی رۆژنامه‌وانیدا تۆماركردوه‌.
رۆژی 17ی شوبات، كارمه‌ندانی رۆژنامه‌ی هاوڵاتی بینای رۆژنامه‌كه‌یان چۆڵكرد پاش ئه‌وه‌ی ستافه‌كه‌ چه‌ندین هه‌ڕه‌شه‌یان لێكرا. شوان موحه‌مه‌د، سه‌رنوسه‌ری رۆژنامه‌ی ئاوێنه‌، وتی كه‌ كۆمه‌ڵێك چه‌كدار چه‌ندین جنێویان ئاراسته‌كردوه‌.
رۆژی 17ی شوبات له‌كاتی خۆپیشاندانه‌كه‌ی به‌رده‌م لقی چواری پارتی دیموكراتی كوردستاندا، هێمن عه‌بدوله‌تیف، په‌یامنێری ماڵپه‌ری هه‌واڵی ده‌ستورو ئاری محمد نوری په‌یامنێری ئاژانسی وێنه‌ی میترۆگرافی برینداربون كاتێ كه‌ پاسه‌وانانی باره‌گاكه‌ ته‌قه‌یان له‌ خۆپشانده‌رانكرد.
له‌ هه‌مان خۆپیشانداندا، كۆمه‌ڵی چه‌كداری ده‌مامك كه‌وتنه‌ لێدانی ره‌حمان غه‌ریب، رێكخه‌ری سه‌نته‌ری میترۆو په‌یامنێری ئاژانسی هه‌واڵی سۆمه‌رییه‌نیوز.
هه‌مان شه‌و، كاتژمێر 10، نامۆ نامیق، ده‌رهێنه‌ر له‌ كه‌ناڵی KNN  و هاوكارێكی ده‌ستگیركراون. دواتر هاوكاره‌كه‌ی كه‌ ناوی هه‌ژاره‌ ئازادكراوه‌، به‌ڵام به‌پێی زانیارییه‌كانی سه‌نته‌ری میترۆ تائێستا نامۆ ئازادنه‌كراوه‌.
له‌ هه‌مان رۆژدا، به‌پێی وته‌ی كارمه‌ندانی كه‌ناڵه‌كه‌، و له‌ شاری هه‌ولێر، هێزێك په‌لاماری په‌خشی KNN و رادیۆی گۆڕانیان له‌ هه‌ولێرداو په‌خشی ئه‌و دو كه‌ناڵه‌یان راگرت. هه‌روه‌ها كارمه‌ندان وتیان كه‌ ئه‌و هێزانه‌ نه‌یانیشهێشتوه‌ په‌یامنێری KNN وێنه‌ی باره‌گا سوتاوه‌كه‌یان بگرن.
له‌ هه‌مان رۆژدا چه‌ندین رۆژنامه‌نوسی تر پێشێلكارییان به‌رامبه‌ر ئه‌نجامدرا، ئه‌مه‌ ناوی ئه‌و رۆژنامه‌نوسانه‌یه‌ كه‌ په‌یوه‌ندیان به‌ سه‌نته‌ری میترۆوه‌ كردوه‌ بۆ تۆماركردنی پێشێلكارییه‌كان:

• بڕیار نامق‌و تیشكۆ سدیق، په‌یامنێرو وێنه‌گری كه‌ناڵی ئاسمانی KNN له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵێ چه‌كداری لقی چوار كامێركه‌یان لێده‌سه‌ندراو دواتر درایه‌وه‌.
• هونه‌ر جه‌مال، په‌یامنێری كه‌ناڵی ئاسمانی KNN له‌به‌رده‌م لقی چواری پارتی هێرشیكرایه‌سه‌ر.
• بیلال محمد، په‌یامنێری رادیۆی نه‌وا، وتی له‌ لایه‌ن چوار چه‌كداره‌وه‌ به‌ زۆر كامێراكه‌ی لێسه‌ندراوه‌و پاشان بۆی گه‌ڕێنراوه‌ته‌وه‌.
• سامان مه‌جید، وێنه‌گری كه‌ناڵی ئاسمانی گه‌لی كوردستان، وتی كه‌ له‌ لایه‌ن چه‌كداره‌كانی لقی چواری پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه‌ بۆ ماوه‌یكی كاتی ده‌ستگیركراوه‌و و لێیدراوه‌.
• بوار جه‌لال، په‌یامنێری كه‌ناڵی ئاسمانی گه‌لی كوردستان، وتی كه‌ چه‌ند چه‌كدارێك رێگرییان لێكردوه‌ روماڵی خۆپیشاندانه‌كان بكات.
• هه‌رێز جه‌مال، په‌یامنێری رۆژنامه‌ی ئاسۆ، وتی كه‌ كۆمه‌ڵێك چه‌كدرا هه‌وڵیانداوه‌ ده‌ستبه‌سه‌ر كامێراكه‌یدا بگرن.
• رۆژنامه‌نوسان مه‌حمود كه‌مال‌و هاوڕێ قادر وتیان كه‌ له‌لایه‌ن هێزه‌كانی ناوخۆوه‌ هێرشیانكراوه‌ته‌سه‌ر.
• بیِستون موحه‌مه‌د، په‌یامنێری رادیۆی گۆڕان، وتی كه‌ له‌لایه‌ن چه‌ند چه‌كدارێكی پارتی دیموكراته‌وه‌ هێرشكراوه‌ته‌سه‌ری و ئازاردراوه‌.
• شێركۆ ساڵه‌یی، په‌یامنێری CNN عه‌ره‌بی، وتی كه‌ له‌ لایه‌ن چه‌ند كه‌سێكه‌وه‌ هێرشكراوه‌ته‌سه‌ری و كامێراو لاپتۆپه‌كه‌ی بردراون.
• سامان كه‌ریم، په‌یامنێری كه‌ناڵی سپێده‌، وتی كه‌ له‌لایه‌ن چه‌ند چه‌كدارێكه‌وه‌ رێگری لێكراوه‌ له‌ روماڵكردنی خۆپیشاندانه‌كان.
• كه‌مال نوری، په‌یامنێری كه‌ناڵی سه‌حه‌ر‌و رادیۆی كوردی تاران، وتی كه‌ هێزه‌كانی ئاسایش رێگرییان لێكردوه‌ له‌ روماڵكردنی خۆپیشاندانه‌كان.
• خالید حسین، په‌یامنێری كه‌ناڵی ئاسمانی كوردستان، وتی كه‌ كۆمه‌لێك خۆپیشانده‌ر هێرشیانكردوته‌سه‌ری.
• عه‌دنان ئه‌حمه‌د، په‌یامنێری كه‌ناڵی عێراقییه‌، وتی كه‌ كۆمه‌لێك چه‌كدار رێگرییان لێكردوه‌ وێنه‌ ده‌وروبه‌ری لقی چواری پارتی دیموكرات بگرێت.
• رێباز یونس، نه‌به‌ز موحه‌مه‌د شوكور، سۆران حه‌مه‌كه‌ریم، دانا عه‌بدولخالق، وێنه‌گران و په‌یامنێرانی كه‌ناڵی ئاسمانی زاگرۆس وتیان كه‌ هه‌ندێكیان به‌ به‌ردی خۆپیشانده‌ران برینداربون و چه‌ند كامێرایه‌كیشیان زیانیان پێگه‌یشتوه‌.
• مه‌ریوان عه‌لی، یادگار نه‌وزاد، خالید ئه‌شكه‌نه‌یی، تیمی كه‌ناڵی ئاسمانی كوردستان و یاریده‌ده‌ری میدیایی سه‌ركۆ كه‌مال، وتیان به‌ به‌ردی خۆپیشانده‌ران ئازاریان پێگه‌یشتوه‌.

ئه‌و پێشێلكارییانه‌ی كه‌ رۆژی 18ی شوبات دژ به‌ رۆژنامه‌نوسان ئه‌نجامدراون:

• لوتفی دۆسكی، په‌یامنێری كه‌ناڵی ئاسمانی KNN له‌ دهۆك، وتی كه‌ له‌كاتی گه‌مارۆدانی باره‌گای بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ دهۆك هێزێكی چه‌كدار رێگه‌یان نه‌داوه‌ وێنه‌ی باره‌گا گه‌مارۆدراوه‌كه‌ بگرێت.
• هاوكار محمد، محمد مسته‌فا، مه‌ریوان حه‌سه‌ن، تیمێكی كه‌ناڵی نالیا، وتیان كه‌ هێزێكی چالاكییه‌ مه‌ده‌نییه‌كان رێگه‌یاننه‌داوه‌ روماڵی خۆپیشاندانه‌كان بكه‌ن.
• ئاراس عوسمان كاروان سالار، په‌یامنێرو سه‌نوسه‌ری رۆژنامه‌ی چه‌تر، وتیان كۆمه‌لێك چه‌كدار له‌به‌رده‌م لقی چواری پارتی دیموكراتدا رایانگرتون و ناچاریانكردون هه‌مو وێنه‌كانی ناو كامێراكانیان بسڕنه‌وه‌.
• ئاڵا له‌تیف و ئارا ئیبراهیم، په‌یامنێرانی رۆژنامه‌ی هاوڵاتی، وتیان رێگه‌یان پێنه‌دراوه‌ له‌به‌رده‌م نه‌خۆشخانه‌ی فریاكه‌وتنی سلێمانی روماڵی روداوه‌كان بكه‌ن.

ئه‌و پێشێلكارییانه‌ی كه‌ رۆژی 19ی شوبات دژ به‌ رۆژنامه‌نوسان ئه‌نجامدراون:

• ئارا ئیبراهیم، په‌یامنێرانی رۆژنامه‌ی هاوڵاتی، وتی له‌ گه‌ره‌كی كانێسكان هێزه‌كانی پاراستنی چالاكی مه‌ده‌نی هێرشیانكرده‌ سه‌ر ئارا ئیبراهیم و به‌ دار له‌ ده‌ست و قاچیان داوه‌و رێگه‌یان لێگرتوه‌ وێنه‌بگرێت.
• كاوه‌ ئه‌حمه‌د و رێگا ئه‌حمه‌د،په‌یامنێرانی كه‌ناڵی ئاسمانی نالیا، وتیان كه‌ له‌ شه‌قامی مامۆستایان له‌ گه‌ره‌كی كانیسكانی شاری سلێمانی هێزه‌كانی پاراستنی چالاكی مه‌ده‌نی هێرشیانكردوه‌ته‌سه‌ریان.
• ئاراس موحه‌مه‌د، ئه‌ندامی ده‌سته‌ی نوسه‌رانی گۆڤاری ئاراسته‌‌و په‌یامنێری ردایۆی ده‌نگ له‌ كه‌لار، وتی هێزه‌كانی ئاسیاش داویانه‌ته‌به‌ر ده‌ستڕێژی گولله‌و كامێراو باجه‌كه‌یان بردوه‌ دواتر بۆی گه‌ڕێندراوه‌ته‌وه‌.
• هه‌ردی سه‌لامی، په‌یامنێری كه‌ناڵی گه‌لی كوردستان، له‌گه‌ڕه‌گی كانێسكان قاچی برینداربوه‌ له‌ ئه‌نجامی به‌ركه‌وتنی به‌رده‌وه‌.
• وریا ئه‌حمه‌د، په‌یامنێری كه‌ناڵی ئاسمانی په‌یام، وتی كه‌ له‌ شه‌قامی مامۆستایان له‌ گه‌ره‌كی كانیسكانی شاری سلێمانی هێزه‌كانی پاراستنی چالاكی مه‌ده‌نی هێرشیانكردوه‌ته‌سه‌ری و به‌ دار له‌ده‌ست و قاچیان داوه‌.
سه‌نته‌ری میترۆ بۆ داكۆكیكردن له‌ رۆژنامه‌نوسان، رێكخراوێكی سه‌ربه‌خۆیه‌ بۆ به‌رگری له‌ رۆژنامه‌نوسان و مافه‌كانیان. ئه‌م رێكخراوه‌،له‌ هه‌رێمی كوردستان، نوێنه‌رایه‌تی روانگه‌ی ئازادییه‌ رۆژنامه‌نوسییه‌كان (JFO) ده‌كات كه‌ نوسینگه‌ی سه‌ره‌كی له‌ به‌غدایه‌.

Sbeiy.com © 2007