Print
 نه‌رویج؛ کۆبونه‌وه‌یه‌کی جه‌ماوه‌ری بۆ پشتگیریکردنی داواکارییه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان به‌ڕێوه‌چو
Monday, February 21, 2011

 (سبه‌ی):
دوێنێ (یه‌کژه‌ممه‌) ٢٠/٢/٢٠١١ سه‌عات دوی پاشنیوه‌ڕۆ له‌ هۆڵی SOS Rasisme له‌ شاری ئۆسلۆ، کۆبونه‌وه‌یه‌کی جه‌ماوه‌ری به‌ به‌شداری بەشێکی گەورە لە ره‌وه‌ندی کوردی لەنه‌رویج به‌ڕێوه‌چو.
له‌م کۆبونه‌وه‌یه‌دا پاش قسه‌وباسێکی چڕوپڕ له‌سه‌ر روداوه‌کانی ئێستای کوردستان و خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تیه‌کانی شاری سلێمانی، کە لە‌دژی ده‌سه‌ڵاتی گه‌نده‌ڵ و سه‌رکوتگه‌رانه‌ی کوردستان هەڵگیرساوە، جه‌ختکرا له‌سه‌ر هاوپشتی و هاوده‌ردی ره‌وه‌ندی کوردی له نەرویج‌ بۆ ناڕه‌زایه‌تیه‌کانی خه‌ڵكی کوردستان به‌دژی ده‌سه‌ڵاتدران و داموده‌زگاکانیان‌.
هه‌ر له‌م کۆبونه‌وه‌یه‌دا ئاماده‌بوان کۆمیته‌یه‌كیان دەستنیشانکرد بۆ به‌رگری له‌ ماف و داخوازیه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان و بڕیارە ئەو کۆمیتەیە، سه‌رپه‌رشتی زنجیره‌یه‌ك چالاکی جۆراوجۆر بکات به‌مه‌به‌ستی ده‌ربڕینی هاوپشتی و هاوده‌ردی کوردانی وڵاتی نه‌رویج بۆ خۆپیشاندانه‌کان و ناڕه‌زایه‌تیه‌کانی ناوه‌وه‌ی کوردستان.
کۆبوونه‌وه‌که‌ به یەکەم پلانی سەرەتایی و‌ راگه‌یاندنی کۆمیته‌یه‌ك به‌ناوی "کۆمیته‌ی پشتیوانی له‌ خواسته‌کانی خه‌ڵکی کوردستان/ نه‌رویج" بەئەنجام گەیشت.
جێی ئاماژه‌یه‌ جەماوەری ئامادەبو بە پشتیوانیەکی بەهێز و حەماسێکی نیشتمانپەروەرانەوە بەتەنگ بانگەشەکەوە هاتبون و ئامادەییان دەربڕی.

کۆمیته‌ی پشتیوانی له‌ خواسته‌کانی خه‌ڵکی کوردستان/ نه‌رویج
٢٠/٢/٢٠١١
ئۆسلۆ/ نه‌رویج
 

Sbeiy.com © 2007