Print
 رۆژنامه‌ی روداو: دوای‌ سوتاندنی‌ ته‌له‌ڤزیۆنی‌ نالیا 6 كه‌سی‌ سوتاو له‌ سلێمانییه‌وه‌ هێنرانه‌ ئێمرجنسی‌ هه‌ولێر
Monday, February 21, 2011
(سبه‌ی):
پاش سوتاندنی‌ ته‌له‌ڤزیۆنی‌ نالیا NRT له‌ كاتژمێر 2:30 خوله‌كی‌ شه‌وی‌ 20/2/2011 له‌ سلێمانی‌، به‌ره‌به‌یانی‌ دوێنێ‌ (یه‌کشه‌ممه‌) 6 كه‌سی‌ سوتاو به‌ ئۆتۆمبێلی‌ فریاگوزاری‌ له‌ سلێمانیه‌وه‌ گوستراونه‌ته‌وه‌ نه‌خۆشخانه‌ی‌ ئێمرجنسی‌ له‌ هه‌ولێر، باری‌ ته‌ندروستی‌ دو له‌و سوتاوانه‌ش ناجێگیره‌ و ئه‌مڕۆ ده‌نێردرێنه‌ توركیا.
به‌پێی‌ زانیارییه‌كانی‌ رۆژنامه‌ی (روداو)، ئه‌و 6 كه‌سه‌ له‌ نێو بینایه‌كدا سوتاون، به‌ڵام هیچ سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ فه‌رمی‌ ئه‌وه‌ی‌ پشتڕاست نه‌كردوه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌وانه‌ له‌ كاتی‌ هێرشكردنه‌ سه‌ر بینای‌ ته‌له‌ڤزیۆنی‌ نالیا سوتابن.
سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ نه‌خۆشخانه‌ی‌ ئێمرجنسی‌ به‌ (روداو)ی‌ راگه‌یاند "سه‌عات 8ی‌ به‌یانی‌ رۆژی‌ 20/2/2011 چه‌ند ئۆتۆمبێلێكی‌ فریاكه‌وتن له‌ سلێمانی‌ 6كه‌سی‌ سوتاویان بۆ نه‌خۆشخانه‌ی‌ ئێمرجنسی‌ شاری‌ هه‌ولێر گواستوه‌ته‌وه‌، كه‌ دو له‌و سوتاوانه‌ جلی‌ سه‌ربازییان له‌ به‌ردابو، به‌هۆی‌ رێژه‌ی‌ سوتانه‌كه‌یان یه‌كسه‌ر براون بۆ هۆڵی‌ نه‌شته‌رگه‌ری‌".
رۆژنامه‌که‌ ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شکردوه‌، كه‌ دو ئۆتۆمبێلی‌ جۆری‌ لاندكرۆزه‌ر، كه‌ تابلۆی‌ سلێمانییان پێوه‌بوه‌ یاوه‌ری‌ ئه‌و سوتاوانه‌ بون، یه‌كێك له‌وانه‌ی‌ كه‌ له‌ ناو دو ئۆتۆمبێله‌كه‌دا بو، كه‌ نه‌یویست ناوی‌ بڵاوبكرێته‌وه‌، گوتی‌ "ئه‌وانه‌ به‌ سۆپا سوتاون، ئه‌ویش له‌ ئه‌نجامی‌ هه‌ڵه‌ به‌كارهێنان بوه‌ له‌ ژێر زه‌میندا، خه‌ریكی‌ یاریكردن بون".
سه‌رباره‌ت به‌ ناسنامه‌ی‌ سوتاوه‌كانیش وتی‌ "هه‌ندێك له‌وانه‌ كارمه‌ندی‌ ده‌زگای‌ زانیاری یه‌كێتین".
هاوکات دكتۆر ره‌وه‌ند حه‌وێزی‌ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ نه‌خۆشخانه‌ی‌ ئێمرجنسی بۆ رۆژنامه‌ی (روداو) رایگه‌یاندوه‌: "من هیچ زانیاریم له‌سه‌ر ئه‌و 6 كه‌سه‌ نییه‌".
توانا عوسمان، به‌ڕێوه‌به‌ری‌ ته‌له‌ڤزیۆنی‌ نالیا، له‌ پرێس كۆنفرانسێكدا رایگه‌یاند كه‌ ئه‌و به‌ڵگانه‌ی‌ له‌به‌ر ده‌ستی ئه‌واندان زۆر رونن و پێویست به‌ لیژنه‌ی‌ لێكۆڵینه‌وه‌ ناكات، وتیشی‌: پێكهێنانی‌ لیژنه‌ بۆ په‌رده‌پۆشكردنی‌ روداوه‌كه‌یه‌".
ته‌له‌ڤزیۆنه‌كه‌ له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا كه‌ چه‌ند سه‌عاتێک پاش روداوه‌كه‌ به‌ زمانی‌ ئینگلیزی‌ بڵاویكرده‌وه‌ ده‌ڵێ‌ "یه‌كێك له‌ چه‌كداره‌كان كه‌ بریندارببو، به‌پێ له‌ گوندی‌ ئه‌ڵمانی‌ ده‌رچون و به‌ره‌و گردی‌ ده‌باشان رۆیشتون و خه‌تی‌ خوێنی‌ له‌ پاش خۆی‌ به‌جێهێشتوه،‌ كه‌ به‌ره‌و گردی‌ ده‌باشان ده‌ڕوات، ئه‌وه‌ش ئه‌و شوێنه‌یه‌ كه‌ ماڵی‌ مام جه‌لالی‌ لێیه‌ له‌ سلێمانی‌".
Sbeiy.com © 2007