Print
 لەودیوی بەرد و فیشەکەوە: کام ململانێ و چۆن؟
Monday, February 21, 2011

مەریوان وریا قانیع  
   من باوەڕێکی تەواوم بەوەیە کە یەکێک لە شوێنە گرنگ و راستەقینەکانی پیادەکردنی سیاسەت شەقامە، ئەو فەزا گشتییەیە کە لەناو شارەکاندا ئامادەیە. بەڵام ئەو شێوازە لە سیاسەت سیاسەتێکی مەدەنییە، ھەڵگری زمان و دید و دونیابینی و ئەخلاقێکی تەواو جیاوازە لەوەی لە دونیای ئێمەدا باڵادەستە. من دەزانم دەسەڵات دەیەوێت ئەم شەپۆلە لە ناڕەزایی بکاتە شەپۆلێکی توندوتیژ، ئەوە راست نییە ئەوان دژ بە بەکارھێنانی توندوتیژین، ئەوان دەیەوێت توڕەبونەکان بگۆڕن بۆ رق، بۆ بوغزی سیاسی و ئەخلاقی. گرەوی سەرەکی ئەم بزوتنەوە ناڕازییە لەوەدایە نەبێتە بزوتنەوەیەکی توندوتیژ و بتوانێت رق و توڕەبونەکانی بگۆڕێت بە خۆشەویستی، خۆشەویستی ژیان و خۆشەویستی ئینسان و خۆشەویستی نیشتیمان. بەبۆچونی من دەسەڵاتداران تەنھا کاتێک دەتوانن ئەم ململانێ نوێییە ببنەوە کە بزوتنەوەکە بکەنە بزوتنەوەیەکی توندوتیژ، کە گەنجانی وڵات ناچارکەن لەباتی ئەوەی بیربکەنەوە و ھێمنبن، وایان لێبکەن بقیژێنن و توندوتیژبن.

گەنجانی توڕەی وڵات، چەکی بزوتنەوە سیاسییە نوێییەکان توندوتیژی نییە، بەڵکو کاری مەدەنی رێکخراوە، زۆر زۆر گرنگە ئەم ململانێ گرنگە نەبێتە ململانێی نێوان و بەرد و فیشەک، ململانێی نێوان پۆلیس و گەنجان لەسەر شەقامەکان، بەڵکو ببێتە ململانێی نێوان دو دونیابینی جیاواز و دو تێگەیشتنی جیاواز بۆ کۆمەڵگا و ئینسان و سیاسەت. ئەمەش ناکرێت گەر خۆپیشاندەران بەوەوە خەریکبکرێن خەریکی شەڕە بەرد بن لەگەڵ پۆلیس و ئاسایشدا. بەڵکو بەوە دەبێت ئەخلاقێکی ئینسانی و سیاسی نوێ، زمان و کرداری نوێ دابھێنین، گەنجانی وڵات دەبێت بە زمانی مۆسیقا و ھونەر و رێز لە سیاسەت بدوێن. لەباتی رق، خۆشەویستی و لەباتی پەلاماردان، ئامێزکردنەوە و باوەشکردن بەیەکدا بھێننەکایەوە. ئەم نەوەیە پێویستی بەوەیە سیاسەت و دۆستایەتی زۆر بە توندی بەیەکەوە گرێبدات، بە سیاسەت روکارێکی ئینسانی ببەخشێت و کۆتایی بەو تێگەیشتنە ترسناکە بھێنێت کە سیاسەت بە دوژمنایەتی یەکساندەکات. ئەم نەوەیە دەبێت ئەو راستییە سادەیە باش بزانن کە دەسەڵات تەنھا زمانی تەقە و توندوتیژی دەزانێت، زۆر گرنگە ئەم شەپۆلی ناڕەزاییە بەو زمانە قسەنەکات.

من رام وایە ئەم بزوتنەوەی ناڕەزاییە نابێت بوەستێت و بکوژێتەوە، بەڵام ھاوکات دەبێت رێک و عەقڵانی بکرێت، شێوازی کارکردن و ناڕەزایی دەربڕینەکانی بگۆڕێت، چۆنیەتی ئامادەبونی لەسەر شەقام و لەناو فەزای گشتیدا دەسکاریبکات، پەیوەندی لەگەڵ پۆلیس و ھێزە ئەمنییەکاندا بگۆڕێت، نەبێتە رێگر لەبەردەم کار و ژیانی ئاسایی کۆمەڵگدا. بەکورتی ئەم بزوتنەوەیە دەبێت بە زمانی تێکەڵکردنی سیاسەت بە شیعر قسەبکات، نەک بەو زمانەی کە دەسەڵاتداران لەھەموان باشتری دەزانن: زمانی توندوتیژی...
 

Sbeiy.com © 2007