Print
 د.شاهۆ سه‌عید: حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی‌ هه‌رێم به‌ ئاشكرا پێیان وتین كه‌ هیچ پرۆژه‌یه‌كیان پێ نیه‌ بۆ چاكسازی‌ له‌ كوردستان
Monday, February 21, 2011
(سبه‌ی‌):
پێشنیوه‌ڕۆی‌ ئه‌مڕۆ (دوشه‌ممه‌) نوێنه‌رانی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان و پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان و بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان و یه‌كگرتوی‌ ئیسلامی‌ كوردستان و كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ كوردستان، بۆ تاوتوێكردنی‌ بارودۆخی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌گشتی‌ و سلێمانی‌ به‌تایبه‌تی‌، له‌ باره‌گای‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران كۆبونه‌وه‌.
دواتریش له‌ كۆنگره‌یه‌كی‌ رۆژنامه‌وانیدا دكتۆر به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی‌ كورستان رایگه‌یاند: كۆبونه‌وه‌كه‌ سه‌ره‌تایه‌كی‌ باشه‌ بۆ ده‌ستپێكردنی‌ گفتوگۆیه‌كی‌ نیشتمانی‌.
وتیشی‌: له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان پێداگری‌ كردوه‌ له‌سه‌ر به‌یاننامه‌ 7 حاڵییه‌كه‌ی‌ كه‌ له‌ 29/1دا رایگه‌یاندوه‌.
دكتۆر شاهۆ سه‌عید هه‌ڵسوڕاوی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان و ئه‌ندامی‌ به‌شداربوی‌ وه‌فدی‌ گۆڕان له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌ی‌ ئه‌مڕۆی‌ حیزبه‌كان له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم رایگه‌یاند: بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان هه‌رگیز بنه‌مای‌ دیالۆگی‌ ره‌ت نه‌كردۆته‌وه‌، بۆیه‌ له‌و سۆنگه‌یه‌وه‌ به‌شداری‌ كۆبونه‌وه‌كه‌مان كرد كه‌ تێیدا دو ته‌وه‌ری‌ سه‌ره‌كی‌ باسكران، ته‌وه‌ری‌ یه‌كه‌میان په‌یوه‌ندیدار بو به‌و شه‌پۆلی‌ ناڕه‌زاییه‌ی‌ كه‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌كی‌ به‌رفراوانی‌ كوردستانی‌ گرتوه‌ته‌وه‌، له‌ ته‌وه‌ری‌ دوه‌میشدا باس له‌و قه‌یرانه‌ سیاسییه‌ كرا كه‌ بۆته‌ هۆی‌ ئه‌و شه‌پۆلی‌ ناڕه‌زاییه‌.
وتیشی‌: ئێمه‌ له‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان ته‌ئكیدمان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌وه‌ی‌ ئێستا له‌ كوردستان روده‌دات ئه‌نجامه‌، هۆكاره‌كه‌شی‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و قه‌یرانه‌ سیاسییه‌ی‌ كه‌ چه‌ندین ساڵه‌ كه‌ڵه‌كه‌ بوه‌ و چه‌ندین جاره‌ ئێمه‌ له‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان پرۆژه‌مان پێشكه‌ش كردوه‌ بۆ چاره‌سركردنی‌، ته‌نانه‌ت ئێمه‌ له‌ مانگی‌ 8ی‌ ساڵی‌ رابردودا پڕۆژه‌ی‌ چاكسازیی‌ ریشه‌ییمان بۆ سیسته‌می‌ سیاسی‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا خسته‌ڕو، هه‌روه‌كو چۆن كاتی‌ خۆشی‌ له‌ 25/7ی‌ ساڵی‌ 2009دا  په‌یامی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕانمان پێشكه‌ش كرد بۆ چاكسازی‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان.
دكتۆر شاهۆ سه‌عید وتیشی‌: دوپاتمان كرده‌وه‌ بۆ لایه‌نه‌كان كه‌ زۆر گرنگه‌ ده‌سه‌ڵات خه‌ڵك رازی‌ بكات به‌رله‌وه‌ی‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان رازی‌ بكات، وه‌ زۆر گرنگه‌ ده‌سه‌ڵات گوێ‌ له‌ رای‌ شه‌قام بگرێت، به‌رله‌وه‌ی‌ گوێ‌ له‌ حیزبه‌ سیاسییه‌كان بگرێت و به‌رله‌وه‌ی‌ بیه‌وێت حیزبه‌ سیاسییه‌كان رازی‌ بكات، ئێمه‌ لای‌ خۆمانه‌وه‌ وه‌كو بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان رامانگه‌یاند كه‌ كێشه‌كه‌مان كێشه‌ی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان نیه‌ به‌ ته‌نها، به‌ڵكو داواكاریه‌كانمان داواكاری‌ خه‌ڵكه‌، وه‌ زۆر گرنگه‌ هاوكات له‌گه‌ڵ داواكاریی‌ خه‌ڵكدا گوێ‌ له‌ داواكاری‌ حیزبه‌ سیاسییه‌كانیش بگیرێت، ئێمه‌ له‌و روانگه‌یه‌وه‌ پڕۆژه‌ 7 خاڵییه‌كه‌ی‌ خۆمان دوپات كرده‌وه‌ و باسمان له‌وه‌ كرد كه‌ زۆر گرنگه‌ ئه‌م حكومه‌ته‌ی‌ ئێستای‌ هه‌رێمی‌ كوردستان كه‌ به‌بڕوای‌ ئێمه‌ شكستی‌ هێناوه‌، ده‌ستله‌كاربكێشێته‌وه‌ و حكومه‌تێكی‌ كاتیی‌ ئینتیقالی‌ دابمه‌زرێت كه‌ زه‌مینه‌ خۆش بكات بۆ ئه‌نجامدانی‌ هه‌ڵبژادنێكی‌ بێگه‌رد و هه‌ڵبژاردنێكی‌ دورله‌ ته‌زویر و هه‌روه‌ها ئه‌و حكومه‌ته‌ له‌ماوه‌ی‌ 3 مانگدا سه‌رله‌نوێ‌ هێزه‌ چه‌كداره‌كانی‌ وه‌ك ئاسایش و پۆلیس پێشمه‌رگه‌ و زانیاری‌ و پاراستن هه‌موی‌ بكات به‌ نیشتمانی‌ و رێكی‌ بخات، پێشمان وایه‌ رێكخستنه‌وه‌ و به‌نیشتیمانیكردن و به‌پیشه‌ییكردنی‌ ئه‌و هێزانه‌ له‌رێگه‌ی‌ دو ئه‌ركه‌وه‌ ده‌بێت، ئه‌ركی‌ یه‌كه‌م ئه‌وه‌یه‌ كه‌ وه‌زیفه‌ی‌ ئه‌و هێزانه‌ بگۆڕین، له‌ وه‌زیفه‌ی‌ به‌رگریكردن له‌ ئه‌منی‌ حیزبه‌وه‌ بۆ به‌رگیكردن له‌ ئه‌منی‌ نیشتمانی‌ و هاوڵاتیان، خاڵی‌ دوه‌مسش په‌یوه‌ندی‌ به‌وه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ و سه‌رپه‌رشتی‌ ئه‌و هێزانه‌ ده‌كه‌ن، خه‌ڵكی‌ سه‌ربه‌خۆ و یاسایی‌ و پیشه‌یی‌ بن نه‌ك خه‌ڵكی‌ حیزبی‌ بن، ئه‌م حكومه‌ته‌ ئینتیقالییه‌ ئه‌گه‌ر بتوانێت داموده‌زگای‌ وا دروست بكات، ئه‌و كاته‌ ده‌كرێت به‌شداری‌ هه‌ڵبژاردنێكی‌ بێخه‌وش بكات.
وتیشی‌: له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا باسمان له‌وه‌ كرد كه‌ زۆر گرنگه‌ له‌ماوه‌یه‌كی‌ زه‌مه‌نی‌ كورتدا رێكبكه‌وین له‌سه‌ر داڕشتنه‌وه‌ی‌ ده‌ستوری‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌گوێره‌ی‌ سه‌قفێكی‌ زه‌مه‌نی‌ دیاریكراو و رێكبكه‌وین له‌سه‌ر هه‌مواركردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و یاسایانه‌ی‌ كه‌ تێپه‌ڕێنراون به‌ مه‌نتیقی‌ زۆرینه‌ و كه‌مینه‌ و كاریگه‌رییان له‌سه‌ر سیسته‌می‌ سیاسی‌ هه‌یه‌ و هه‌مو ئه‌و موڵك و ماڵه‌ گشتییانه‌ی‌ كه‌ له‌لایه‌ن حیزبه‌وه‌ یاخود له‌لایه‌ن ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ نزیك حیزبه‌وه‌ ده‌ستیان به‌سه‌ردا گیراوه‌، یاخود به‌ نرخی‌ ره‌مزی‌ پێیان فرۆشراوه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ موڵك و ماڵی‌ گشتی‌ ته‌نانه‌ت موڵك و ماڵه‌ تایبه‌تییه‌كانیش.
له‌باره‌ی‌ گه‌یشتن به‌ جۆره‌ لێكگه‌یشتنێك و هاوڕایی‌ له‌نێوان به‌شداربونی‌ كۆبونه‌وه‌كه‌ بۆ ئه‌نجامدانی‌ دانیشتنی‌ دیكه‌، دكتۆر شاهۆ وتی‌: له‌ راستیدا جۆرێك له‌ لێكتێنه‌گه‌یشتن هه‌بو، چونكه‌ ئێمه‌ پێمان وتن ئه‌وه‌ی‌ كه‌ ئێستا له‌ كوردستاندا رو ده‌دات ئه‌نجامه‌ و پێمان وایه‌ ده‌بێت چاره‌سه‌ری‌ هۆكاره‌كان بكه‌ین، چاره‌سه‌ری‌ هۆكاره‌كان په‌یوه‌ندی‌ به‌ چاره‌سه‌ری‌ ئه‌و قه‌یرانه‌ سیاسییه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ ئێستا له‌ كوردستاندا هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر گه‌نده‌ڵیمان چاره‌سه‌ر كرد ئه‌و كاته‌ ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی‌ خه‌ڵكیش نامێنێت، به‌ڵام تێبینی‌ ئه‌وه‌مان كرد كه‌ لایه‌نی‌ به‌رامبه‌ر به‌تایبه‌تی‌ هه‌ردو حیزبی‌ ده‌سه‌ڵاتدار به‌لایانه‌وه‌ گرنگه‌ بارودۆخی‌ ئێستا چاره‌سه‌ر بكرێت، پێمان وتن كه‌ ئێمه‌ هاتوین كۆبونه‌وه‌یه‌كی‌ سیاسی‌ ده‌كه‌ین نه‌ك كۆبونه‌وه‌یه‌كی‌ ئه‌منی‌، چونكه‌ ئێمه‌ كه‌سمان ئه‌فسه‌ری‌ ئه‌منی‌ و ژه‌نه‌راڵ نین، ئێمه‌ نوێنه‌ری‌ كۆمه‌ڵێك هێزی‌ سیاسین ده‌بێت رێككه‌وتنی‌ سیاسی‌ بكه‌ین، ئه‌وه‌ی‌ كه‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌ مه‌سه‌له‌ی‌ ئه‌منییه‌وه‌ هه‌یه‌ به‌ پله‌ی‌ یه‌كه‌م ئه‌ركی‌ حكومه‌ته‌ و ئه‌ركی‌ ده‌سه‌ڵاته‌ كه‌ گیانی‌ خۆپیشانده‌ران بپارێزێت و گوێ له‌ داواكارییه‌كانیان بگرێت.
له‌باره‌ی‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ ئایا له‌سه‌ر هیچ واده‌یه‌ك رێككه‌وتن بۆ ئه‌نجامدانی‌ كۆبونه‌وه‌ی‌ دیكه‌ی‌ له‌مجۆره‌، شاهۆ سه‌عید وتی‌: نه‌خێر له‌سه‌ر هیچ واده‌یه‌ك رێكنه‌كه‌وتوین بۆ ئه‌نجامدانی‌ هیچ كۆبونه‌وه‌یه‌كی‌ تری‌ له‌م جۆره‌ی‌ ئه‌مڕۆ، ئێمه‌ داوامن لێكردن وتمان چۆن ئێمه‌ له‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان پرۆژه‌ی‌ خۆمان هه‌یه‌ بۆ چاكسازی‌، ئێوه‌ش وه‌كو هێزی‌ سیاسی‌ ده‌كرێت پرۆژه‌ی‌ سیاسی‌ خۆتان هه‌بێت، به‌ڵام زۆر به‌ رونی‌ پێیان وتین كه‌ ئه‌وان هیچ پرۆژه‌یه‌كیان پێ نیه‌ بۆ چاكسازی‌ له‌ كوردستاندا ته‌نانه‌ت سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت وتی‌ ره‌نگه‌ تا 6 مانگ تا ساڵێكی‌ تریش هیچ هه‌نگاوێكی‌ جددی‌ نه‌نرێت به‌ره‌و چاكسازی‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا.
Sbeiy.com © 2007