Print
 گروپی‌ زانكۆی سلێمانی: له‌ئاست كه‌موكورتی‌‌و بێدادی‌‌ سیستمی‌ سیاسیی‌‌و ئیداری‌ هه‌رێم بێده‌نگ نابین
Tuesday, February 22, 2011


(سبه‌ی):

په‌یامی‌ رۆژنامه‌وانی‌ گروپی‌ زانكۆ

له‌پێش هه‌موو شتێكدا چونكه‌ كوردم
چۆله‌كه‌ی‌ ناو هه‌زاران داوی‌ وردم
ده‌مانه‌وێت له‌رێی‌ ئه‌م شعره‌ ناوازه‌ی‌ گۆران-ه‌وه‌، ئه‌و په‌یامه‌ بگه‌یه‌نین، گه‌نجان‌و خوێندكارانی‌ هه‌ڵوێست زیندووی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ته‌واو ئاگان له‌وه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان گرێكوێره‌كه‌یه‌كی‌ نه‌كراوه‌‌و هاوكێشه‌یه‌كی‌ سیاسیی‌ ئاڵۆزی‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕسته‌.
ئه‌زانین میلله‌تێكی‌ بێ‌ ده‌وڵه‌تین، واته‌ گیانێكی‌ بێ‌ رۆحین، به‌ڵام هه‌رگیز نامانه‌وێت ئه‌و دۆخه‌ بكه‌ینه‌ پاساوێك تا له‌ئاست كه‌موكورتی‌‌و ناڕێكی‌‌و بێدادی‌‌و ناپلانی‌ له‌سیستمی‌ سیاسیی‌‌و ئیداری‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بێده‌نگ بین.
بێده‌نگ نابین چونكه‌ چاومان له‌ئاینده‌ی‌ وڵاته‌كه‌مانه‌، بێده‌نگ نابین، چونكه‌ ده‌مانه‌وێت ئاینده‌یه‌كی‌ جوانتر دروستبكه‌ین، بێده‌نگ نابین چونكه‌ ئه‌م هه‌رێمه‌ ته‌سلیمی‌ خه‌ڵكی‌ چه‌كبه‌ده‌ست ناكه‌ین.
ده‌وڵه‌تی‌ نه‌ته‌وه‌ به‌ ئیشكردن به‌پرانسیپی‌ جیاكردنه‌وه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاته‌كان دروستده‌كرێت، ده‌وڵه‌تی‌ نه‌ته‌وه‌ به‌كۆتایهێنانی‌ هه‌ژموونی‌ حیزب له‌ناو دامه‌زراوه‌ ده‌وڵه‌تییه‌كان بونیاد ده‌نرێت. ده‌وڵه‌تی‌ نه‌ته‌وه‌ به‌دروستكردنی‌ سوپایه‌كی‌ نیشمانی‌ دروستده‌كرێت كه‌ به‌رگری‌ له‌خه‌ڵك بكات، نه‌ك به‌پاره‌ی‌ گشتی‌ ببێته‌ چه‌تری‌ پاراستنی‌ حیزب‌و گروپێك. ده‌وڵه‌تی‌ نه‌ته‌وه‌ به‌دامه‌زراوه‌ییكردنی‌ دامه‌زراوه‌كان بونیاده‌نرێت. ده‌وڵه‌تی‌ نه‌ته‌وه‌ به‌چاندنی‌ هه‌ستی‌ نیشتمانی‌ چه‌كه‌ره‌ ده‌كات، نه‌ك توانه‌وه‌ی‌ هه‌موومان له‌ناو بۆته‌ی‌ حیزبێك‌و چه‌ند حیزبێكدا.
كاتیه‌تی‌ په‌نجه‌ له‌سه‌ر برینه‌كان دابنێین، كاتیه‌تی‌ شه‌قامی‌ توڕه‌ی‌ گه‌نجان راسته‌وخۆ رووبه‌ڕووی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ حوكمڕانی‌ هه‌رێم بكه‌ینه‌وه‌، كاتیه‌تی‌ داوای‌ ده‌ستبه‌جێ‌ چاكسازی‌ به‌په‌له‌ بكه‌ین.
سروشتی‌ گۆڕانكاری‌ وه‌هایه‌، روو له‌هه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌ك بكات به‌سروشتی‌ خۆی‌ سه‌رله‌نوێ‌ بونیادی‌ سیاسیی‌‌و ئابوری‌‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌ دێنێته‌وه‌ ژێر پرسیار‌و زه‌مینه‌سازی‌ بۆ له‌دایكبوونی‌ واقعێكی‌ تر ده‌كات.. ده‌وڵه‌ته‌ گرنگه‌كانی‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ڕاست له‌ناو شۆڕش‌و گۆڕانكارییه‌كی‌ گه‌وره‌یی‌ جه‌ماوه‌رییدان، سه‌ركه‌وتنی‌ گه‌نجانی‌ میسری‌ پشتئه‌ستور به‌ توڕاسی‌ فیرعه‌ونه‌كان نمونه‌یه‌كی‌ هێندن زیندووه‌ هیچ ده‌لاقه‌یه‌ك ناهێڵیته‌وه‌ بۆ هیچ ده‌سه‌ڵاتێك كه‌ پێیا وابێت بێ گوێدانه‌ داخوازییه‌كانی‌ خه‌ڵك، ده‌توانێت به‌رده‌وامی‌ به‌ژیانی‌ خۆیان بده‌ن.
باهۆزی‌ گۆڕان‌و ته‌وژمی‌ دروستبوونی‌ واقعی‌ نوێ‌‌و ژیانی‌ نوێ‌ رووی‌ له‌هه‌موو ده‌وڵه‌تانی‌ ناوچه‌كه‌ كردووه‌، له‌ناویدا هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ناو چه‌قی‌ گۆڕانكارییه‌كاندایه‌، به‌تایبه‌ت كه‌ ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی‌ رووبه‌ڕووی‌ ره‌خنه‌یه‌كی‌ فراوانی‌ جه‌ماوه‌ری‌ بۆته‌وه‌‌و خه‌ڵك داوای‌ پێداویستییه‌ بنه‌ڕه‌تیه‌كانی‌ ژیان‌و مافه‌ زۆر سه‌ره‌تاییه‌كانی‌ خۆیان ده‌كه‌ن.
له‌كاتێكدا شه‌پۆلی‌ نیگه‌رانییه‌كانی‌ خه‌ڵك كه‌م نییه‌، به‌ڵام واده‌زانین به‌مه‌رجی‌ گوێگرتن له‌داواكانی‌ خه‌ڵك‌و ده‌ستكردن به‌ چاكسازی‌‌و رێزگرتن له‌ئیراده‌ی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان، هێشتا تروسكایه‌ك بۆ مانه‌وه‌ی‌ ده‌سه‌ڵات ماوه‌.
رووداوه‌ خوێناوییه‌كه‌ی‌ 17ی‌ شوباتی‌ سلێمانی‌، پێیوتین كه‌لتوری‌ رژانی‌ خوێنی‌ كورد به‌ده‌ستی‌ كورد پێده‌چێت درێژ بكێشێت، پێده‌چێت هێشتا بڕیاربه‌ده‌ستانی‌ ئێمه‌ تێنه‌گه‌یشتبن له‌وه‌ی‌ له‌شه‌ڕی‌ براكوژیدا كه‌س براوه‌ نییه‌، به‌ڵكو هه‌موومان دۆڕاوین..
لێره‌وه‌ رایده‌گه‌یه‌نین: خوێندكارانی‌‌و گه‌نجانی‌ زانكۆی‌ سلێمانی‌ به‌چالاكی‌ مه‌ده‌نییه‌وه‌ دژی‌ هه‌ر جۆره‌ توندوتیژییه‌كن‌و داواده‌كه‌ن هه‌موو لایه‌ك به‌ به‌رپرسیارییه‌تیه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌ته‌ك ئه‌و دۆخه‌دا بكه‌ن، هاوكات شۆڕشی‌ خوێندكاری‌ خۆمان درێژ پێده‌ده‌ین تا ئه‌و كاته‌ی‌ داخوازییه‌كانی‌ خه‌ڵك جێبه‌جێده‌كرێت.

         گروپی‌ زانكۆ
            22ی‌ شوباتی‌ 2011
 

Sbeiy.com © 2007