Print
 گروپی‌ زانكۆ: هێزه‌ ئه‌منییه‌کان له‌به‌رده‌م هه‌ڵوێستێكی‌ مێژوییدان و خۆتان تێوه‌نه‌گلێنن له‌ به‌رپرسیارێتی‌ له‌به‌رده‌م گه‌ل و خودا
Tuesday, February 22, 2011

(سبه‌ی):

به‌یاننامه‌ی‌ سێیه‌می‌ گروپی‌ زانكۆ

هاووڵاتیان و ویژدانزیندووانی‌ كوردستان، له‌ سه‌روبه‌ندی‌ خۆپیشاندانی‌ خه‌ڵكی‌ شاری‌ سلێمانی‌ و ده‌وروبه‌ری‌ ئه‌و ڕووداوانه‌ی‌ رۆژانه‌ به‌ به‌رچاوی‌ خۆمانه‌وه‌ رووده‌ده‌ن، به‌ پێویستمانزانی‌ سێ‌ په‌یام ئاراسته‌ی‌ سێ‌ لایه‌نی‌ گرنگی‌ ناو رووداوه‌كانی‌ سلێمانی‌‌و هه‌رێمی‌ كوردستان بكه‌ین.
1ـ  بۆ ده‌زگا ئه‌منییه‌كان (پۆلیس، ئاسایش و هێزی‌ پێشمه‌رگه‌):
ئێوه‌ له‌به‌رده‌م هه‌ڵوێستێكی‌ مێژووییدان، كه‌ ژماره‌یه‌ك له‌ كه‌سوكار و برا و هاووڵاتیانی‌ خۆتان، له‌ پێناوی‌ چه‌ند داواكارییه‌كی‌ ره‌وادا رژاونه‌ته‌ سه‌ر شه‌قام، داواكارین لێتان به‌وپه‌ڕی‌ به‌رپرسیارێتییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ بكه‌ن، تا ئه‌وپه‌ڕی‌ سنوور خۆتان له‌ ئازاردان و ڕشتنی‌ خوێنی‌ پاكی‌ گه‌نجانی‌ وڵات بپارێزن و خۆتان تێوه‌نه‌گلێنن له‌ به‌رپرسیارێتی‌ له‌به‌رده‌م گه‌ل و خودا دا. داواكارین به‌وپه‌ڕی‌ سه‌ربه‌خۆییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ خۆپیشانده‌ران بكه‌ن‌و بیریشتان نه‌چێت ئێوه‌ش كوڕی‌ ئه‌م میلله‌ته‌ن، ئه‌وانه‌ی‌ له‌سه‌ر شه‌قامن، برای‌ ئێوه‌ن.

2ـ بۆ ده‌سه‌ڵاتی‌ سیاسیی‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان:
پێویسته‌ له‌سه‌رتان به‌وپه‌ڕی‌ هۆشیارییه‌وه‌ گوێ‌ له‌ داواكارییه‌كانی‌ ئه‌و خۆپیشانده‌رانه‌ بگرن و له‌ زووترین كاتدا وه‌ڵامی‌ ئه‌و داواكارییانه‌ بدرێته‌وه‌‌و له‌ ئێستادا ده‌ست بكرێت به‌ كاری‌ جددیی‌ بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی‌ گه‌نده‌ڵی‌ و واڵاكردنی‌ ده‌ستی‌ یاسا و دوورخستنه‌وه‌ی‌ حزب، چونكه‌ ئه‌زموونی‌ وڵاتانی‌ دیكه‌ ئه‌وه‌ی‌ سه‌لماندووه‌، له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامبوونی‌ ئه‌م خۆپیشاندانانه‌ رووبه‌ره‌كه‌ی‌ فراوانتر ده‌بێت، ئاستی‌ داواكارییه‌كانیش به‌رزتر ده‌بنه‌وه‌ كه‌ ره‌نگه‌ دۆخێك رووبدات كه‌ له‌ ده‌ستی‌ ئێوه‌ش و كه‌سانی‌ دیكه‌ش ده‌ربچێت، به‌ پێچه‌وانه‌ی‌ ئه‌مه‌وه‌ هه‌ر دڵۆپێك خوێن له‌م وڵاته‌دا برژێت ئێوه‌ به‌رپرسیار ده‌بن.

3ـ بۆ جه‌ماوه‌ر و گه‌نجانی‌ دڵسۆزی‌ میلله‌ته‌كه‌مان:
سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ وه‌كو خوێندكارانی‌ زانكۆ پشتگیریی‌ خۆمان بۆتان دووباره‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌ و ده‌ستی‌ یه‌كه‌ به‌ یه‌كه‌تان ده‌گوشین، به‌ڵام تكاتان لێده‌كه‌ین به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك خۆتان به‌دوور بگرن له‌ كاری‌ توندوتیژیی‌ و سووربن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ هه‌ر كارێك ده‌كه‌ن مه‌ده‌نیانه‌ بێت و رووی‌ گه‌ش و ره‌وای‌ داواكارییه‌كانتان بپارێزن، بیانوو مه‌ده‌ن به‌ده‌ست ئه‌وانه‌ی‌ ده‌یانه‌وێت ئه‌م هه‌وڵه‌تان بشێوێنن و توندوتیژیتان به‌رانبه‌ر به‌كاربهێنن، پێتان راده‌گه‌یه‌نین كه‌ ئاماده‌ین له‌ پێشه‌نگی‌ ئه‌م جووڵانه‌وه‌ مه‌ده‌نییه‌ بین تا به‌ده‌ستهێنانی‌ ئامانجه‌كان.
سه‌ركه‌وتن بۆ ئیراده‌ی‌ گه‌له‌...
22/2/2011

Sbeiy.com © 2007