(سبهی):
ئەی گەلی ستەمدیدەو خۆڕاگری کوردستان
ئێمەی دەستەیەکی نووسەرو ڕۆشنیرو هونەرمەندی کوردی ڕەوەند لە وڵاتی کەنەدا ئەوپەڕی تووڕەییو ناڕەزایی خۆمان دەردەبڕین بەرامبەر بە دەسەڵاتدارانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مۆڵەتدان بە چەکدارانی ڕێکخراوە سیاسیەکانی کورسستان بۆ گولەبارانکردنی خۆپیشاندەرانی تووڕەو جەماوەری سڤیلی بێچەكو بێلایەن.
بەپێی هەموو پێوەرە ئەخلاقیو دابو نەریتە سیاسیە شارستانیەکانی ئەم سەردەمە، پاراستنی گیانی مرۆڤو مافەکانیو هەروەها دابینکردنی خزمەتگوزاریو پێویستیەکانی هاوڵاتیان ئەرکی ئەخلاقی هەموو دەسەڵاتێکە کە خۆی لە چوارچێوەی سیستەمە دیموکراتەکاندا دەخوێنێتەوە. بەڵام بەداخەوە دەسەڵاتە سیاسیە بەڕواڵەت دیموکراسیەکەی هەرێمی کوردستان لەم چەند ڕۆژانەی ڕابردوودا، ئەو ڕووپۆشە شەرعیەتەی لە ڕووی خۆ داماڵیەوە کە لە هەڵبژاردنەکانی ٢٥ی گەلاوێژی ساڵی ٢٠٠٩دا بەدەستی هێنابوو.
کوشتنو بریندارکردنی خۆپیشاندەرانی دەنگدەری کورد لە ژێر هەر پاساوێك بێت، ئاژاوەگێڕی بێت یان بشێوی ئاسایشی، بەبێ حوکمی دادو یاسا، تاوانێکە دەرهەق بە مرۆڤایەتیو مافە شەرعییە پارێزراوەکانی سەرجەم دەنگدەرانی کوردستان. هەنگاوی ڕاستو ڕەوانیش بۆ شووشتنەوەی ئەم تاوانە قێزەونە لەم خاڵانەی خوارەوە دەستپێدەکات:
١. دەستلەکارکشانەوەی دەستبەجێی سەرۆکی هەرێمو سەرۆکی حکومەتی هەرێمو سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان.
٢. ئەگەر ئەم هەنگاوەی سەرەوە لە بەرژەوەندی هەنوکەیی نەتەوەییدا نەبێت، ئەوا وەزیری ناوخۆو سەرجەم بەرپرسانی ئاسایشی پارێزگای سلێمانیو سەرجەم بەرپرسانی لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری سلێمانی لە ماوەی هەفتاو دوو کاتژمێردا بدرێنە دادگاو بە سزای خۆیان بگەن.
٣. کەسانی سەربە ڕێکخراوە تێرۆریستو سیخوڕانی وڵاتانی ناوچەکەی لێدەرچێت، نابێ کەس لەو خۆپیشاندەرانە دەستگیر بکرێنو ئەوانەشی گیراون دەستبەجێ ئازاد بکرێن بەبێ مەرجو پاوانی یاسایی.
٤. دوورخستنەوەی هێزە چەکدارە حزبیەکان لە شارو شارۆچکەکانی هەرێم.
٥. قەدەغەکردنی دەستێوەردانی حیزبی لە کاروباری دامەزراوە حکومیەکانو قەدەغەکردنی تەخشاندنەوەی پارەی گەل بەسەر حیزبو ڕێکخراوە سیاسیەکاندا.
٦. گەڕانەوەی سەرجەم موڵگە گشتیەکانو خۆماڵیکردنی هەموو کومپانیا بەرهەمهێنەرە حیزبیەکان.
٧. مۆڵەت وەرگرتنەوە لە میدیاکانی سێبەرو ڕاگرتنی هێڕشەکانی دەسەڵات بۆ سەر لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆنو کەسایەتیو میدیای بێلایەن.
٨. ئاشکراکردنی دزو گەندەڵکارانو دادگایی کردنیان.
٩. قەدەغەکردنی قۆڕغکاری دەسەڵات لەلایەن ئەندامانی بنەماڵە سیاسیەکانو پەیرەوکردنی یاسای لێکنەدانی بەرژەوەندیەکان لە کارگێڕاندنی پۆستە باڵاکاندا.
١٠. دامەزراندنی خێرای دەرچووانی زانکۆو کۆلێژەکانو ڕەخساندنی هەلی کاری گەنجاو بۆ دەرچووانی پەیمانگاو ئامادەییەکان.
١١. دابینکردنی خزمەتگوزاریە بیستو چوار کاتژمێریەکان وەك ئاوو کارەباو پێداویستە تەندروستیەکان.
١٢. پەلکێشکردنی سەرۆك جاشە تاوانبارەکان بۆ دادگا پەیوەندارەکانو دامەزراندنی کۆمسیۆنی ڕاستیو ئاشتەوایی بۆ چارەسەرکردنی نەهامەتیەکانی جاشایەتیو بەعسێتیو شەرەکانی براکوژی.
ئەگەر دەسەڵات خێرا کار بۆ جێبەجێکردنی ئەم داوایانە نەکات، ئەوا خۆپیشاندانەکان بەردەوام دەبنو ئەگەری مانگرتنی مەدەنیشی بەدواوە دێت بە مەبەستی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانو لابردنی سەرۆکی هەرێم بە هەڵبژاردنی پێشوەخت. گەر بەرپرسانی دەسەڵات ڕاست دەکەنو خەمخۆری دەسکەوتەکانی گەلو نیشتیمانو نەتەوەی کوردن، با لە ئاستی بەرزی ئەخلاقی سیاسیدا بنو ئەم هەلەش لەدەست نەدەن. ئەگینا، فرمێسک ڕێژی تیمساح ئاسایان بۆ کوردایەتیو جوینەوەی بنێشتە خۆشەی تەخوینکردنی نەیارانیان لە پەشیمانی خۆیان بەولاوە هیچ دەرئەنجامێکی تری نابێو بەڵکو هەلی گەورەش دێتە ئاراوە بۆ ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی کوردستان کە بەلای زۆربەی سەرکردەی تەقلیدیەکانی کوردەوە بە مەرامی دوور خایەنو خەوی شاعیرانە پێناسە کراوە.
دە با بەس بێ کورد کوژیو نەمێنێ دیاردەی گەندەڵیو دەسەڵاتی بنەماڵەیی.. بژی کوردو کوردستان.
دەستەیەك لە نووسەرو ڕۆشنبیرو هونەرمەندانی کورد لە کەنەدا
ئیمزاکان:
1. سەعید کاکەیی/ نووسەرو دانوستکاری نێودەوڵەتی
2. نەژاد سێوەیلی / شاعیرو نووسەر
3. جەلال نەبەز / شاعیرو نووسەر
4. گۆران عبداللە / نووسەر
5. عادل ئەحمەد / هەڵسوڕاوی سیاسی
6. سەعید فەهەد / هەڵسوڕاوی سیاسی
7. چرۆ ئیسماعیل / ئەکرانبێژو پێشمەرگەی دێرین
8. هێمن ڕەئووف/ شاعیرو نووسەر
9. عپمان عەلی / ڕۆژنامەنووس
10. بادینان کاکەیی / ئەندازیار
11. دارای موحامی / پاڕێزەر
12. چەمەن حەمە عەلی / ڕۆشنبیر
13. جەمال مەحمود ئەمین / ڕۆشنبیر
14. عەلی مەحەمەد کەریم / چالاکوانی سیاسی
15. سەرکەوت نامیق / هونەرمەد
16. کەمال جەلال / شانۆکار
17. شیلان جەبار / شێوەکار
18. ئەیاد سەعید / خوێندکار
19. شنە ڕانیە / خوێندکار
20. سۆران قادر ئەحمەد / پێشمەرگەی دێرین (ی.ن.ك)
21. چیا مەحمود مەحەمەد / خوێندکار
22. ئازاد کۆ / مایکرۆبایۆلۆجیست
23. ئاراز عەبدوللە / کاسبکار
24. هۆگر سدیق / کاسبکار
25. دارین ئیسماعیل / کاسبکار