|
هه‌ولێر: مامۆستایانی زانكۆ پێیان وایه دیموكراسی نه‌گه‌یشتوه‌ته ئه‌و ئاسته‌ی پێشتر باسی لێوه ده‌كرا |
Tuesday, February 22, 2011 |
(سبه‌ی):
مامۆستایانی زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین له‌شاری هه‌ولێر ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن كه هێزه چه‌كداره‌كان له‌هه‌رێمی كوردستان به‌شێوه‌یه‌كی نیشتمانیانه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئێستای هه‌رێم ناكه‌ن، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ش ده‌رده‌خه‌ن كه له‌هه‌رێمی كوردستان هێزی چه‌كدار بێلایه‌ن نیه.
زوبێر ره‌سوڵ، مامۆستای زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین له‌شاری هه‌ولێر، به(سبه‌ی) راگه‌یاند: ئه‌و روداوانه‌ی كه له‌ماوه‌ی رابرودا له‌هه‌رێمی كوردستان رویدا ده‌ریخست كه ئاستی گه‌شه‌كردنی دیموكراسی له‌هه‌رێمی كوردستان نه‌گه‌یشتۆته ئه‌و ئاسته‌ی پێشتر باسی لێوه ده‌كرا، پێویسته پێداچونه‌وه بكرێت به‌ته‌واوی بواره‌كانی دیموكراسی و كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نیدا.
وتیشی: ئه‌م ڕوداوانه ده‌ریانخست كه كێشه و تێنه‌گیشتن هه‌یه له‌نێوان ده‌سه‌ڵات و كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی، چونكه ئه‌گه‌ر كێشه نه‌بوایه ده‌سه‌ڵات ده‌یتوانی به‌ئاسانی داواكاری هاوڵاتیان وه‌ربگرێت.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد كه تاوه‌كو ئێستاش كاریگه‌ری دوئیداره‌یی به‌سه‌ر بارودۆخی هه‌رێمی كوردستاندا زاڵه، چونكه خه‌ڵكی سلێمانی داوایانكرد هێزی زێره‌ڤانی بكشێته‌وه له‌شاره‌كه‌یان، له‌كاتێكدا ئه‌م هێزانه به‌حساب حكومین، ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌ر ده‌خات كه ئه‌م هێزانه حكومی نین و كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیش به‌م چاوه سه‌یریان ده‌كات.
هاوكات، ئیبراهیم محه‌مه‌د مامۆستای زانسته سیاسیه‌كانی زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه، خۆپیشاندان مافی هه‌مو هاوڵاتیه‌كه، هیچ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی دیموكراسی رێگه له‌خۆپیشاندان ناگرێت.
ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ڕو، نابێت ده‌سه‌ڵات به‌شێوه‌یه‌كی نامۆدێرنانه و ناسه‌رده‌میانه وه‌ڵامی خۆپیشانده‌ران بداته‌وه، وه‌كو ئه‌م خۆپیشاندانانه‌ی به‌م دواییه‌ی شاری سلێمانی.
ده‌رباره‌ی سوتاندنی باره‌گاكانی گۆڕان به به‌رچاوی هێزه‌كانی ئاسایش و پۆلیس، ئه‌و چاودێره سیاسیه ئاماژه به‌وه‌شده‌كات، سوتانی باره‌گاكانی گۆڕان هه‌مو هێزه‌كان ده‌خاته ژێر پرسیاره‌وه، به‌وه‌ی كه به‌شێوه‌یه‌كی نیشتمانیانه مامه‌ڵه ناكه‌ن، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ش ده‌رده‌خات له هه‌رێمی كوردستان هێزی چه‌كدار بێ لایه‌ن نیه.
|
|
|