توانا حه‌سه‌ن
هه‌تا ئێستا دیارترین روداوی 2011 ئه‌و جوڵانه‌وه جه‌ماوه‌رییه بهرفراوانهن كه روبه‌ری شه‌قامی شاره‌كان و به‌رده‌ركی كۆشكه‌كانی ده‌سه‌ڵاتیان گرتوه له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا. له تونسه‌وه ده‌ستی پێكردو، رژایه روباری نیله‌وه و به ته‌وژمێكی خێراش به ناوچه‌كه‌دا بڵاوده‌بێته‌وه. ئێستا شه‌قامه‌كانی كوردستان و كۆشكی ده‌سه‌ڵاتی كوردی بونه‌ته وێنه و فۆرمێكی ئه‌و جوڵانه‌وانه. له 17ی شوبات جوڵانه‌وه‌كه به خۆپیشاندانێكی ئاسایی به‌شێك له خه‌ڵكی سلێمانی ده‌ستی پێكرد، به‌ڵام كۆمه‌ڵێك روداو و كاروكاردانهوهی ره‌سمی و سیاسی و جه‌ماوه‌ری و ئیعلامی به‌دوای خۆیدا هێنا كه به‌راستی مایه‌ی ئه‌وه‌ن بكرێنه پرسیار و هه‌ڵوه‌سته‌ی زۆر جدییان له‌سه‌ر بكرێت.
چی روده‌دات؟
ره‌نگه ده‌سه‌ڵاتی سیاسی كوردی، به یه‌كێتی و پارتیشه‌وه، نه‌یانه‌وێت یان نه‌توانن ئه‌م خۆپیشاندانانه وه‌كو شه‌پۆلێكی ناڕه‌زایی كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی بێ ئایدیۆلۆژیا ببینن و نه‌شتوانن وه‌كو جوڵانه‌وه‌یه‌كی عه‌داله‌تخواز مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكه‌ن، بۆیه دوباره‌و ده‌باره له‌چوارچێوه‌ی ده‌ستی ده‌ره‌كی و ده‌ستی ئۆپۆزسیۆن و به ده‌سته‌واژه‌گه‌لێكی وه‌كو هه‌راوهوریا و ئاژاوه‌گێری و پیلانگێڕی وه‌سفی ده‌كه‌ن. جێگای خۆشحاڵییه كه ره‌نگه كه‌وتبینه قۆناغێكه‌وه زۆر پێویستیمان به لێكدانه‌وه‌ی ئه‌وه نه‌بێت كه بۆچی ده‌سه‌ڵات نایه‌وێت یان ناتوانێت دیارده و روداوه‌كان به روتی و له سیاقه كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه‌كه‌ی خۆیاندا ببینێت، به‌ڵام ته‌نانه‌ت له سه‌روبه‌ندی شۆڕش و جوڵانه‌وه یهكلایكهرهوهكانیشدا زۆر گرنگه ده‌سه‌ڵات به ئاگابهێنرێتهوه له ناو وشوناس و وه‌سفی ئه‌وه‌ی كه روده‌دات لانیكه‌م له پێناوی سه‌رخستنی شۆڕش به كه‌مترین تێچو. له‌و سۆنگه‌یه‌وه هه‌وڵ ئه‌ده‌ین به كه‌مترین وشه پێناسه‌ی شكاندنی شوشه‌كانی لقی 4 و روداوه‌كانی دوای ئه‌وه بۆ خۆمان و ئنجا بۆ ده‌سه‌ڵاتیش بكه‌ین.
له رواڵه‌تدا ئه‌وه‌ی ده‌یبینین خۆپیشاندانه، به‌ڵام له بنه‌ڕه‌تدا بریتییه له شۆڕشێكی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی بێ ئایدیۆلۆژی كه له ده‌رئه‌نجامی كه‌ڵه‌كه‌بونی به‌رده‌وامی فۆرمه جیاوازه‌كانی سته‌مكاری و نادادپه‌روه‌ری له كوردستاندا دروست بوه. ئه‌م شۆڕشه بێ ئایدیۆلۆژیایه، چونكه هه‌ڵگری دروشمی ئایدیۆلۆژی نییه. ئه‌وانه‌ی له مه‌وله‌وی ئاگر ئه‌كه‌نه‌وه چه‌پ نین و له دژی راسته‌كان هاتبنه سه‌رجاده، ئه‌وانه‌ی له‌به‌رده‌می لقی 4 شوشه‌ی بیناكه‌یان شكاند نه‌هاتبون بۆ جیهاد له‌پێناوی سه‌رخستنی ئاڵای ئیسلام له دژی عه‌لمانیه‌ت، ئه‌وانه‌ی له شه‌قامی سالم سنگیان به گوللـه‌وه ئه‌نا هاواری كوردایه‌تیان نه‌ئه‌كرد له دژی باڵاده‌ستی نه‌ته‌وه‌یه‌كی تر، ئه‌وانه‌ی له له‌نده‌ن له به‌رده‌می نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێم مانیان گرتوه له خواردن سه‌نگه‌ری سه‌رمایه‌دارییان نه‌گرتوه له‌به‌رامبه‌ر ئیشتراكیهتدا، به‌ڵكو تاكه چه‌ترێك كه ئه‌كرێت لافیته‌ی هه‌مو خۆپیشانده‌رانی له‌ژێردا كۆبكرێته‌وه ره‌نگه بریتی بێت له "عه‌داله‌ت". له‌م جوڵانه‌وه‌یه‌دا هیچ رێبازێكی ئایدیۆلۆژی و ته‌نانه‌ت هیچ حیزبێكی سیاسیش وه‌كو تاكه ئامراز و هۆكاری گه‌یشتن به عه‌داله‌ت ته‌ماشای ناكرێت، ئه‌م جوڵانه‌وه‌یه، وه‌كو ئایدیۆلۆژیاكان به یۆتۆپیای دروستكردنی به‌هه‌شتێكی ئاینده‌یی ده‌ست پێناكات، به‌ڵكو به نه‌هێشتنی ره‌مزه حازرهكانی سته‌مكاری هاتۆته سه‌ر جاده. له‌ڕاستیدا ئه‌و خاڵی بونه له ئایدیۆلۆژیایه بریتییه له خاڵی به‌هێزی ئه‌م شۆڕشه. لێره‌وه ئه‌م شه‌پۆلی ناڕه‌زاییانه ته‌نها و ته‌نها بریتین له شۆڕشی عه‌داله‌ت، كه بێگومان هه‌ردو فۆرمی ئازادی بۆ ژیانێكی شكۆمه‌ندانه و ئازادبون له پێداویستیه‌كان و له سته‌مكاری ئه‌گرێته‌وه.
بێ ئایدیۆلۆژی بونی ئه‌م شۆڕشانه ئه‌و په‌یامه به ده‌سه‌ڵات ئه‌دات، كه بێده‌نگكردنی گه‌نجه‌كان چیتر به كۆبونه‌وه‌ی بێ به‌رهه‌می حیزبه ئایدیۆلۆژیه به‌شدار و نه‌یاره‌كانی حكومه‌ت كۆتایی نایه‌ت. مادام وزه‌ی راسته‌قینه‌ی به‌ردهاوێژ و شوشه شكێن و خێمه هه‌ڵده‌ر و گوڵ بهخشهرهوهكان بریتییه له عه‌داله‌ت، ده‌بێ ده‌سه‌ڵات له‌وه تێ بگات كه چیتر كۆبونه‌وه‌ی ئه‌منی و زمانی سه‌ربازی و میدیای چه‌واشه‌كار ناتوانێت گه‌نجانی شار وقوتابیانی زانكۆ بكات. ئه‌گه‌ر ته‌نها ئه‌گه‌رێك له به‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتدا مابێت بۆ چاره‌سه‌ری ریشه‌یی ئه‌و قه‌یرانه‌ی كه بیست ساڵه له‌سه‌ری ئه‌ژیێت و ئێستا به‌هۆی ئه‌م شۆڕشه‌وه ئه‌یه‌وێت لێی ده‌رباز بێت، ئه‌وا بریتییه له مامه‌ڵكردن له‌گه‌ڵ ئه‌م خۆپیشاندانانه‌دا له چوارچێوه‌ی شۆڕشی عه‌داله‌تدا. ئه‌مه‌ش ته‌نها دو رێگا بۆ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ئه‌هێڵێته‌وه یان (1)وازهێنان له هه‌مو فۆرمه‌كانی سته‌مكاری یاخود (2)وازهێنان له ده‌سه‌ڵات. گومانم هه‌یه یه‌كێتی و پارتی توانای ئه‌نجامدانی یه‌كه‌م و ئیراده‌ی ئیختیاری دوه‌میان هه‌بێت.
په‌یوه‌ست به خۆپیشانده‌رانیشه‌وه، بێ ئایدیۆلۆژی بونی جوڵانه‌وه‌كه، به‌هیچ جۆرێك مانای ئه‌وه نییه كه ئه‌م خۆپیشاندانه ئه‌جێندایه‌كی نییه. وابزانم له‌وه بوینه‌وه كه بۆ ئه‌وه‌ی بزوتنهوهیكی كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌جێندای هه‌بێت پێویست به‌وه نه‌كات سه‌ر به ره‌وتێكی ئایدیۆلۆژی بێت. ناونان و وه‌سفكردنی جوڵانه‌وه‌كه به هه‌ڵگری ئاڵای عه‌داله‌ت خۆی له خۆیدا ئیقراركردنه به دانانی سنورێكی دیاری كراوی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و كولتوری و ئه‌خلاقی بۆ جوڵانه‌وه‌كه. به‌ڵام ئه‌م ناونانه سه‌ره‌تایه‌كه بۆ خۆڕێكخستنی جوڵانه‌وه‌كه له پێناوی به‌رده‌وام بون و گه‌یشتن به ئامانجه راسته‌قینه‌كه‌ی. رێكخستن به‌مانای خستنه‌گه‌ڕی ئه‌جێندایه‌ك كه تیایدا ئامانجی سه‌ره‌كی خۆپیشاندانه‌كه له داواكاری و لافیته‌ی خۆپیشانده‌ران و رێگا و میكانیزمی درێژه‌پێدانی جوڵانه‌وه‌كه‌دا ره‌نگ بداته‌وه. زۆر گرنگه ئه‌جێندایه‌ك شه‌ونخونی و برسێتی مانگرتویهكی له‌نده‌ن و خوێنی لاوێكی سه‌ر شه‌قامی سالم و گرتنی خۆپیشانده‌رێكی كه‌لار بكاته سه‌رچاوه‌ی وزه‌ی پێویست بۆ درێژه‌دان به خۆپیشاندانه‌كان. وا پێده‌چێت كه خاڵێكی تری به‌هێزی ئه‌م جوڵانه‌وه بێ ئایدیۆلۆژیانه ئه‌وه‌بێت كه ئه‌جێنداكه له‌ناو خودی پرۆسه‌كه‌دا به‌ره‌و خۆداڕشتن بڕوات و هه‌ڵقوڵاوی ناو روداو و گۆرانكاری و كار‌و كاردانه‌وه‌كانی خۆپیشاندانه‌كانه‌وه بێت. كاتێك گه‌نجه‌كانی سه‌را به دروشمی ئازادی ده‌ستیان پێ كرد، ره‌نگه پێشبینی ئه‌وه‌یان نه‌كردبێت كه وه‌ده‌رنانی هێزی زێره‌ڤانی و ته‌واوی باره‌گا و چه‌كداری حیزبه‌كان له شار ئه‌بێته به‌شێك له ئه‌جێندای رۆژه‌كانی داهاتو. سه‌ره‌ڕای ئه‌و خۆرسكیهش له هاتنی خاڵی ئهجێنداكاندا، زۆر گرنگه به‌رپرسیاریه‌تی و رۆڵی پێشڕه‌وانی خۆپیشانده‌ریش نادیده نه‌گیرێت. جوانترین سیمای ئه‌م خۆپیشاندانه‌ش كه بێ ئایدیۆلۆژی بونه‌كه‌ی تۆختر كرده‌وه بریتی بو له ریزبه‌ستنی به‌رده‌وامی جه‌سته‌یی و مه‌عنه‌ویی روناكبیران به‌ده‌وری خۆپیشانده‌راندا.
دوا خاڵی گرنگ له‌سه‌ر جوڵانه‌وه‌كه پێده‌چێت ئه‌و داواكارییه رادیكاڵه بێت كه له گۆڕانی سیستمه‌كه و ته‌نانه‌ت له‌سه‌ركارلابردنی ره‌مزه‌كانی و داماڵینی هه‌مو هێزێكی دارایی و ئیداری و سه‌ربازی ناڕه‌وای حیزبه سیاسیه باڵاده‌سته‌كاندا خۆی ده‌بینێته‌وه. ئایا داوای بێدهسهڵاتكردنی ده‌سه‌ڵاتێكی ههلًبژێردراو ره‌وایه‌تی هه‌یه؟ ئه‌مه ئه‌و پرسیاره‌یه كه ناڕاسته‌وخۆ و راسته‌وخۆ روبه‌ڕوی خۆپیشانده‌ران ده‌كرێته‌وه.
دو پرسیار له‌سه‌ر شه‌رعیه‌تی ده‌سه‌ڵاتی كوردی
ئایا ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له كوردستان شه‌رعییه‌تی هه‌یه؟ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره له دو پرسیاری تردایه ئه‌وانیش "چۆنیه‌تی گرتنه‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵات" و "چۆنیه‌تی به‌كارهێنانی ده‌سه‌ڵات"ه. كاتێك ده‌سه‌ڵاتی كوردی شه‌رعیه‌تی هه‌یه كه (1) ئه‌م ده‌سه‌ڵاته سه‌ره‌تا به پرۆسه‌ی دیموكراسی هاتبێته سه‌ر حوكم و (2) له حوكمڕانیدا له رێڕه‌وی دیموكراسی لاینهدابێت به‌ره‌و خراپ به‌كارهێنانی ده‌سه‌ڵات، به ئه‌ندازه‌یه‌ك كه مه‌ترسی راسته‌قینه‌ی دروست كردبێت له‌سه‌ر به‌رجه‌سته‌بونی عه‌داله‌ت و پاراستنی ماف و برژه‌وه‌ندی تاكه‌كان.
له‌دوای هه‌ڵبژاردنه‌كانی كوردستان هه‌میشه یه‌كێتی و پارتی ئه‌وه دوپات ئه‌كه‌نه‌وه كه ئه‌وان به ده‌نگی خه‌ڵك هاتونه‌ته سه‌ر حوكم و ئه‌وه‌ش ره‌وایه‌تی موماره‌سه‌كردنی ده‌سه‌ڵاتی داونێ، بۆیه نه خۆپیشانده‌ران و نه ده‌نگه سیاسییه نه‌یاره‌كانیش بۆیان نییه تانه له ره‌وابونی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یان بگرن و داوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی حكومه‌ت و په‌رله‌مانه‌كه‌یان بكه‌ن. ئه‌گه‌ر چاوی پرسیار و ره‌خنه‌ی خۆمان كه‌مێك لاواز بكه‌ین له ئاست شێوازی گرتنه‌ده‌ست و درێژه‌پێدانی ده‌سه‌ڵاتی یه‌كێتی و پارتی، ره‌نگه ئه‌و هه‌ڵبژاردنانه‌ی باسی ئه‌كه‌ن جۆرێك له شفاعه‌ت بۆ ده‌سه‌ڵاتی كوردی بكات له‌سه‌ر ره‌وابونی پرۆسه‌ی چونه ناو په‌رله‌مان و پێكهێنانی حكومه‌ت، به‌ڵام ئه‌وه ته‌نها مه‌رجی یه‌كه‌می شهرعیهتبونی ده‌سه‌ڵاته.
ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردن به ته‌نها قابیلی ئه‌وه بێت كه شه‌رعیه‌ت بدات به ده‌سه‌ڵات، ئه‌وا هه‌م بۆینباخ درێژه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی كوردی خاوه‌نی ده‌سه‌ڵاتی ره‌وان، هه‌میش دواهه‌مین فیرعه‌ونه موبارهكهكهی میسر غه‌درێكی گه‌وره‌ی لێكرا له كاتێكدا به هه‌ڵبژاردن بوبوه‌وه به سه‌رۆك و به‌ڵام خۆپیشانده‌ران هه‌م بینای حیزبه‌كه‌یان سوتاند و هه‌میش ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یان مۆمیا كرد له مۆزه‌خانه‌كانی میسردا.
به‌ڕاستی كێشه‌ی گه‌وره‌ی شه‌رعیه‌تی ده‌سه‌ڵاتی كوردی له‌گه‌ڵ مه‌رجی دوه‌مدایه كه بریتییه له پاراستنی شه‌رعیه‌تی ده‌سه‌ڵات له‌ڕێگای پابه‌ندبون به بنه‌ما سه‌ره‌كیه‌كانی دیموكراسیه‌تی راسته‌قینه و خراپ به‌كارنه‌هێنانی ده‌سه‌ڵاته‌وه. هه‌ر بونی ئه‌م مهرجهشه كه دیموكراسیه‌تی راسته‌قینه و شێوێنراو له‌یه‌كدی جیاده‌كاته‌وه. یه‌كێتی و پارتی له هه‌ڵه‌یه‌كی زۆر گه‌وره‌دان كاتێك ناتوانن یان نایانه‌وێت جیاوازی بكه‌ن له نێوان دیموكراسی راسته‌قینه و كۆلكه دیموكراسیدا. له‌گه‌ڵ رێزم بۆ مه‌لاكان و دیموكراسی خوازه‌كانیش، له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راستدا هه‌ڵبژاردن بۆ دیموكراسی وه‌كو جبه ومێزهری كۆلكه مه‌لاكانی لێهاتوه. چۆن جبه ومێزهری بێ ئیجازه و بێ عیلم كۆلكه مه‌لا ئه‌كاته مه‌خسه‌ره‌ی مهجالیسه فیقهی و عیلمیه‌كان، به‌هه‌مان شێوه‌ش هه‌ڵبژاردنی بێ پێشزهمینه و پشت نهبهستو به بنه‌ماكانی لیبرالیه‌ت و عه‌داله‌ت، ئه‌م ئه‌زمونانه‌ی كردوه به كۆلكه دیموكراسیه‌تێكی پڕ مه‌خسه‌ره.
هه‌ڵبژاردن ته‌نها رێكاری و رواڵه‌تی دیموكراسییه. ره‌نگه دیموكراسی به‌بێ هه‌ڵبژاردن مومكین نه‌بێت، به‌ڵام هه‌ڵبژاردن ته‌نها پێوه‌ر نییه بۆ دیموكراسی، به‌ڵكو یه‌كێكه له ده‌یان پێوه‌ری رواڵه‌تی و جه‌وهه‌ری تر كه له رێگایانه‌وه دیموكراسی راسته‌قینه به‌رجه‌سته ده‌بێت. نه‌ك ئه‌م هه‌ڵبژاردنانه‌ی لای خۆمان، به‌ڵكو باشترین و پاكترین هه‌ڵبژاردنیش غه‌یری ئاڵوگۆڕی ئاشتیانه‌ی ده‌سه‌ڵات ناتوانێت ئیزافه‌ی گه‌وره‌تر بخاته سه‌ر دیموكراسی. ئاڵوگۆڕی ده‌سه‌ڵاتیش به ته‌نها به‌س نییه بۆ دیموكراسی، به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر ته‌نها ببێته هۆی ده‌ستاو ده‌ستكردنی ده‌سه‌ڵات له‌نێوان چه‌ند هێزێكی سیاسی نامه‌ده‌نی و نادیموكراسدا. له ئێران و فه‌له‌ستین و وڵاته هاوشێوه‌كانیان و ته‌نانه‌ت عێراقه‌كه‌ی خۆشمان‌دا، پێموانییه هه‌ڵبژاردن توانیبێتی نمونه‌یه‌كی مرۆڤدۆست و عه‌داله‌تخوازی سیاسی ئه‌وتۆی پێشكه‌ش كردبین كه بتوانین بیخه‌ینه چوارچێوه‌ی دیموكراسیه‌تی راسته‌قینه‌وه. پرسیاره گه‌وره‌كانی دیموكراسیبون زۆربه‌یان پرسیاری دوای هه‌ڵبژاردنه‌كان.
ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی كوردی له دادگای شهرعیهتبوندا لێی ده‌رناچێت ره‌نگه بریتی نه‌بێت له پرسیاری رواڵه‌تی چۆنیه‌تی گرتنه‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵات، به‌ڵام بێگومان بریتییه له پرسیاری جه‌وهه‌ری چۆنیه‌تی به‌كارهێنانی ده‌سه‌ڵات.
ده‌سه‌ڵات شه‌رمه باسی شه‌رعیه‌ت بكات له كاتێكدا به بیست ساڵ جه‌وهه‌ریترین وه‌زیفه‌ی خۆی پێ جێبه‌جێ ناكرێت، كه بریتییه له داڕشتنی ده‌ستورێك. ئه‌م ده‌سه‌ڵاته له‌وێدا دۆڕا كه یاسا بۆ شوێنی جگهرهخواردنی هاوڵاتیان دائه‌نێت، به‌ڵام له‌ولاوه به‌ندێكی ده‌ستوری دانه‌ناوه بۆ پرسیاركردن له داهاتی وڵات. شكستی گه‌وره‌ی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته په‌رده‌پۆش ناكرێت كاتێك حیزب و ره‌مزه‌كانی به‌رپرسی حه‌قیقی هێزه چه‌كداره‌كان بن. ره‌وایه‌تی گوێڕایه‌ڵی كردنی هێزێكی چه‌كدار له كوێدایه، له كاتێكدا ئه‌م هێزه به بڕیاری كه‌سێكی حیزبی له هه‌ولێره‌وه بێ گه‌مارۆی به‌شێكی شاری سلێمانی بدات و سه‌رۆكی حكومه‌ته‌كه‌ش نه ئاگای له كارێكی له‌و شێوه‌یه بێت و نه توانای راسته‌قینه‌ی گێڕانه‌وه‌ی هێزه‌كه‌شی هه‌بێت. ئه‌م ده‌سه‌ڵاته كاتێك ره‌وایه‌تی نه‌ما كه ئه‌ندام په‌رله‌مانی وڵاته‌كه‌ی به‌قه‌ده‌ر ژمێریاری كه‌سه یه‌كه‌مه‌كانی یه‌كێتی وپارتی ئاگاداری داهاتی وڵات و چه‌ندیه‌تی و چۆنیه‌تی ناردنه ده‌ره‌وه‌ی نه‌وت و سه‌رفكردنی ئه‌و پاره خه‌یاڵییه نه‌بن كه ساڵانێكه له عێراقه‌وه دێت بۆ كوردستان و له‌سه‌رچاوه‌كانی تری كوردستانیشه‌وه ئه‌ڕژێته گیرفانی حیزبه‌كانه‌وه.
ئه‌مانه و سه‌دان نمونه‌ی تر سه‌رچاوه‌ی ئه‌و هۆشیاری و توڕهییهن كه ئه‌مڕۆ شه‌قامی شڵه‌ژاندوه به ئاڕاسته‌ی بێده‌سه‌ڵاتكردن و له ده‌سه‌ڵات داماڵینی ده‌ستی یه‌كێتی و پارتی. وابزانم كه‌م كه‌سیش هه‌یه ئه‌و مافه به‌خۆی بدات كه به‌بێ دانانی سه‌د پرسیار له‌سه‌ر شه‌رعیه‌تی شێوازه‌كانی موماره‌سه‌كردنی ده‌سه‌ڵات بتوانێت ته‌نها یه‌ك پرسیاریش دروست بكات له‌سه‌ر شه‌رعیه‌تی شێوازه‌كانی موماره‌سه‌كردنی ئازادی له‌لایه‌ن خۆپیشانده‌رانه‌وه.
توندوتیژی له موماره‌سه‌كردنی ئازادی و زه‌بروزه‌نگ له موماره‌سه‌كردنی ده‌سه‌ڵاتدا
یه‌كێك له‌و دیاردانه‌ی كه له خۆپیشاندانه‌كاندا رویدا و پێویسته بكرێته پرسیاری جدی بریتییه له به‌كارهێنانی توندوتیژی له لایه‌ن خۆپیشانده‌رانه‌وه و به‌كارهێنانی زه‌بروزه‌نگ له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه. خراپترین ناونیشان كه شایسته‌ی حاڵه‌تی یه‌كه‌م بێت ره‌نگه بریتی بێت له "خراپ موماره‌سه‌كردنی ئازادی"، له‌به‌رامبه‌ریشدا ره‌نگه سوكترین ناونیشان كه بگونجێت بۆ حاڵه‌تی دوه‌م بریتی بێت له "خراپ موماره‌سه‌كردنی ده‌سه‌ڵات".
هه‌ڵبه‌ت موماره‌سه‌كردنی ئازادی وه‌كو رێسایه‌كی گشتی خۆی له خۆیدا مافێكی سروشتی و نكۆڵی لێنه‌كراوی مرۆڤه، و پێده‌چێت ته‌نها یه‌ك سنوری ره‌واشی هه‌بێت ئه‌ویش بریتییه له پاراستنی مافی ئه‌وانیتر له كۆمه‌ڵگادا. به‌ڵام موماره‌سه‌كردنی ده‌سه‌ڵات خۆی له خۆیدا كارێكی ناڕه‌وایه، ته‌نها وته‌نها كاتێك ره‌وایه‌تی وه‌رده‌گرێت كه ئیراده‌ی دهسهڵاتبهسهردا مومارهسهكراوهكانی له‌سه‌ر بێت، یان به‌كاربهێنرێت بۆ دورخستنه‌وه‌ی ئازار له ئه‌وانی تر، دیاره ئه‌میش دوای هاتنه‌دی چه‌ند مه‌رجێكی تر كه جۆن ستیوارت میل له كتێبی "ده‌رباره‌ی ئازادی" دا خستونیهتهڕو.
ئه‌گه‌ر خۆپیشاندان بۆ هاوڵاتیان موماره‌سه‌ی ئازادی بێت، ئه‌وا به‌كارهێنانی توندوتیژی و شكاندنی شوشه‌ی بیناكان و سوتاندنی ماڵ وموڵكی گشتی بریتین له خراپ به‌كارهێنانی ئازادی له‌لایه‌ن خۆپیشانده‌رانه‌وه. خۆ ئه‌گه‌ر ده‌ركردنی رێسا‌و یاسا و سهرافهتكردنی داهات و سه‌روه‌تی وڵات و به‌ڕێوه‌بردنی كاروباری وڵات و به‌ده‌سته‌وه‌گرتنی چه‌ك به جلی ره‌سمییه‌وه بریتی بێت له موماره‌سه‌كردنی ده‌سه‌ڵات، ئه‌وا ده‌ركردنی یاسای ناڕه‌وا و به‌هه‌ده‌ردانی داهاتی وڵات و به‌لاڕێدا بردنی كاروباری وڵات و به‌كارهێنانی چه‌ك له غه‌یری جێگا و كات و بارودۆخی دیاری كراوی خۆیدا بریتین له خراپ موماره‌سه‌كردنی ده‌سه‌ڵات.
ره‌نگه ئاشكرابێت كه مه‌ترسی خراپ موماره‌سه‌كردن و ئیستیغلالكردن و به‌لاڕێدابردنی ده‌سه‌ڵات جا چ له‌لایه‌ن تاكه‌كه‌س، بنه‌ماڵه، حیزب یان حكومه‌ته‌وه بێت زۆر گه‌وره‌تره له مه‌ترسی خراپ به‌كارهێنانی ئازادی جا چ له‌لایه‌ن تاكه‌كه‌س، رۆژنامه‌نوس یان گروپێكی مه‌ده‌نییه‌وه بێت. هۆكاره‌كه‌ش ئه‌وه‌یه كه له موماره‌سه‌كردنی ماف‌دا جوگرافیای ره‌وای ئه‌نجامدانی كار وچالاكی و ده‌ربڕین بریتییه له جوگرافیا و جه‌سته‌ی خودی مومارهسهكهری مافه‌كه، به‌ڵام له موماره‌سه‌كردنی ده‌سه‌ڵاتدا جوگرافیای ئه‌نجامدانی كار و چالاكی بریتییه له جه‌سته‌ی ماف و ئازادییه‌كانی ئه‌وانیتر. به‌شێكی مه‌ترسییه‌كه‌ش له‌و ره‌وایه‌تی و كه‌ره‌سته و ئامرازانه‌وه دێت كه مومارهسهكهری ده‌سه‌ڵات خاوه‌نیه‌تی و ئه‌توانێت به هۆیانه‌وه ببێته سوڵتانی سه‌ر جه‌سته‌ی مافه‌كانی ئه‌وانی تر.
ئه‌گه‌ر بكرێت به سێ وشه شاهۆكاری پشت مێژوی كۆن و هاوچه‌رخی خوێناویی مرۆڤایه‌تی لێك بدرێته‌وه، ره‌نگه ئه‌و سێ وشه‌یه بریتی بن له "خراپ به‌كارهێنانی ده‌سه‌ڵات". ده‌ستی قورس و خوێناویی ئیمپراتۆره‌كان و به‌شێك له خه‌لیفه‌كان و شه‌ڕكه‌ره‌كانی دو جه‌نگه جیهانیه‌كه و سه‌دام حوسه‌ینی كۆنه ستهمكارمان هیچ نه‌بون جگه له چه‌ند نمونه‌یه‌كی دوباره بوه‌وه‌ی خراپ موماره‌سه‌كردنی ده‌سه‌ڵات له چه‌ند قۆناغێكی جیا و به ئه‌ندازه و ته‌كنیكی جیاواز. هه‌ر ئه‌وه‌شه وای كردوه كه پرسیاری ده‌سه‌ڵات هه‌میشه و به‌رده‌وام پرسیارێكی جه‌وهه‌ری فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی و فكری یاسایی بوبێت. ئامانجی زۆربه‌ی ئه‌و تیۆریانه‌ش كه له‌وباره‌وه خراونه‌ته‌ڕو بریتی بوه له پاراستنی مرۆڤ به ته‌واوی مافه‌كانیه‌وه، به‌تایبه‌تیش ئازادییه‌كانی، له خراپ موماره‌سه‌كردنی ده‌سه‌ڵات. خاڵێكیش كه ته‌واوی تیۆریه‌كان له‌سه‌ری كۆكن ئه‌وه‌یه كه هه‌ركاتێك ده‌سه‌ڵات خراپ مومارهسهكرا، ئه‌وا شه‌رعییه‌تی خۆی له ده‌ست ئه‌دات و هاوڵاتیانیش مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه كه كاریگه‌رترین رێگا بگرنه به‌ر بۆ گۆڕینی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته.
وێنه‌یه‌ك كه له‌م خۆپیشاندانه‌دا ده‌سه‌ڵات جارێكی تر و له فۆرمێكی خوێناویدا پیشانی ئێمه‌ی دایه‌وه بریتی بو له خراپ به‌كارهێنانی ده‌سه‌ڵات به ئه‌ندازه‌یه‌ك كه هه‌مو سنورێكی مۆراڵی تێپه‌ڕاند. یه‌كێك له فۆرمه‌كانی خراپ به‌كارهێنانی ده‌سه‌ڵات بریتییه له ره‌چاونه‌كردنی رێژه‌گه‌ری و ئه‌ندازه‌گیری له چهندییهت و چۆنیه‌تی موماره‌سه‌كردنی ده‌سه‌ڵاتدا. ئه‌مه به‌مانای فه‌رامۆش كردنی بنه‌مای جێبه‌جێ كردنی ئه‌ركه‌كان و به‌ده‌ستهێنانی ئامانجه‌كان به كه‌مترین تێچو، به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌و تێچوه بریتی بو له ماف و ئازادییه‌كان. جیاوازیه‌كی گه‌وره‌ی سیستمی سته‌مكاری و دیموكراسی ئه‌وه‌یه كه سته‌مكاری ئه‌م لۆژیكه فه‌رامۆش ئه‌كات، سته‌مكار بۆ لێكردنه‌وه‌ی سێوی سه‌ر په‌لی به‌رزی دارێك سوك و ئاسان داره‌كه له بنه‌وه ئه‌بڕێته‌وه، بۆ دۆزینه‌وه و سزادانی ئیسلامیه‌كی تیرۆریستی ناوشار ئاماده‌یه سه‌د گه‌نجی گومانلێكراوی ئیسلامی ئه‌شكه‌نجه بدات، بۆ پاراستنی سومعه‌ی نه‌بوی حیزبێك یان شوشه‌ی بینایه‌ك له به‌ردبارانی چه‌ند خۆپیشانده‌رێك ئاماده‌یه خوێنی زیاتر له 130 كه‌س بڕێژێت.
ره‌وانه‌كردنی هێزی زێره‌ڤانی بۆ سه‌ر شاری سلێمانی و ئه‌و لۆژیكه‌ی كه پارتی ئه‌ڵێت: "هه‌رچی ده‌ست بۆ باره‌گاكانمان به‌رێت ده‌ستی له بنه‌وه ئه‌بڕین" هیچ نییه جگه له‌و فۆرمه گه‌مژانه و بێباكانه‌ی سته‌مكاری كه ساڵانێكه زه‌بروزه‌نگی كردۆته وێنه‌یه‌كی ناسه‌ره‌وه‌ی موماره‌سه‌ی ده‌سه‌ڵات له كوردستاندا. دیاره مه‌ترسیترین فۆرمی خراپ به‌كارهێنانی ده‌سه‌ڵات بریتییه له زه‌بروزه‌نگ. كاره‌سات ئه‌وه‌شه كه مومارهسهكهرانی زه‌بروزه‌نگی سیاسی به ئاشكرا‌و له‌سه‌ر میدیاكان چاوقایمانه پاساو بۆ رشتنی خوێن ئه‌هێننه‌وه. ته‌واوی ئه‌و پاساوانهش جگه له روخساری خێڵه‌كیانه و ستهمكاریانه و نادیموكراسیانهی ئه‌و هێزانه هیچی ترمان پیشان ناده‌ن، چونكه له دیموكراسیدا ره‌نگه هاوڵاتیان له‌وپه‌ڕی ناچاریدا و له سنورێكی زۆر به‌رته‌سكدا مافی ئه‌وه‌یان پێ بدرێت په‌نا بۆ توندوتیژی به‌رن له به‌رامبه‌ر سته‌می ده‌سه‌ڵاتدا، به‌ڵام هه‌رگیزاو هه‌رگیز ده‌سه‌ڵات مافی ئه‌وه‌ی پێ‌نادرێت بكه‌وێته زه‌بروزه‌نگی سیاسی و سوركردنی شه‌قامه‌كانی شار به خوێنی هاوڵاتیان.
بێگومان، چونكه فه‌رامۆشكردنی لۆژیكی "زۆرترین ئامانج و ده‌ستكه‌وت به كه‌مترین تێچو" به‌شێكه له خودی كولتوری سیاسی و ته‌نانه‌ت كۆمه‌ڵایه‌تیش له كوردستاندا، بۆیه ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه كه خۆپیشانده‌رانیش به‌ئاگا یان بێ‌ئاگا بچنه سه‌ر ئه‌و لۆژیكه یان ببرێنه سه‌ر ئه‌و لۆژیكه و رێگای ناپێویست و نه‌خوازراو و ته‌نانه‌ت ناڕه‌واش بگرنه به‌ر بۆ هێنانه‌دی خواسته ره‌واكانیان و ئه‌مه‌ش درێژه بكێشێت بۆ تێوه‌گلان له توندوتیژی له موماره‌سه‌كردنی ئازادی و خۆپیشاندانه‌كاندا. به‌ڵام زۆر گرنگه له خۆپیشاندانه‌كاندا ئه‌و بنه‌مایه فه‌رامۆش نه‌كرێت.
پێده‌چێت له‌م كاته‌دا گرتنه‌به‌ری كاریگه‌رترین سه‌نگه‌ری ئازادی له ده‌سه‌ڵات پێویست به‌وه نه‌كات، كه ئارامی ته‌واوی شار تێك بدرێت، بژێوی ژیانی ده‌ستگێڕه‌كانی شار بخرێته مه‌ترسییه‌وه، به‌رد بگیرێته برا وخوشكه ئاسایش و پۆلیسه‌كان، رێگاكانی هاتوچۆ به‌ته‌واوی په‌كیان بخرێت، مافی ئاسایش و ئارامی هاوشاریان ته‌واو نادیده بگیرێت و ماڵ وموڵكی ره‌وای تایبه‌ت و گشتی بخرێته به‌ر هێرش یان هه‌رچی یاساكانی په‌یوه‌سته به راگرتنی ئارامی و ئاسایشه‌وه شه‌قێكی مه‌ده‌نیانه‌یان تێ هه‌ڵبدرێت.
ئه‌مه هه‌رچه‌نده پشتگیرییه‌كی ته‌واوه بۆ پابه‌ندبون به مهدهنیبون و دوركه‌وتنه‌وه له توندوتیژی خۆپیشاندان، به‌ڵام نابێت والێك بدرێته‌وه كه نوسه‌ری ئه‌م بابه‌ته له‌گه‌ڵ پابه‌ندبونی ره‌های مۆراڵییه به بنه‌مای "پابه‌ندبون به یاسا" و "ناتوندوتیژی"ه‌وه‌یه. چونكه له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و بنه‌مایانه‌دا ئێمه دو بنه‌مای ترمان هه‌یه كه ئه‌وانیش "یاخیبونی مه‌ده‌نی" و "به‌كارهێنانی ناچاری و سنورداری توندوتیژی ره‌وا"یه. لێره‌دا نامه‌وێت بچمه سه‌ر ئه‌و دیالۆگه مۆراڵی و فه‌لسه‌فیه‌ی كه له ئارادان بۆ په‌نابردن بۆ ئه‌و دو بنه‌مایه وه‌كو دواهه‌مین ئامڕازی نه‌خوازراو له چوارچێوه‌ی ماف‌دا، به‌ڵام ئه‌بێ ده‌سه‌ڵات له‌وه تێ بگات ئه‌گه‌ر خۆپیشانده‌ران دڵنیا ببنه‌وه له‌وه‌ی كه گوڵ به‌خشینه‌وه‌ی به‌رده‌ركی سه‌را و مانگرتنه‌كه‌ی له‌نده‌ن و خێمه هه‌ڵدانه‌كه‌ی پاركی ئازادی و كۆبونه‌وه‌كانی زانكۆی سلێمانی بێ به‌رهه‌م و ناكاریگه‌رن، ئه‌وا خۆڕسكانه به‌ره‌و په‌نابردن بۆ به‌كارهێنانی رێگای كاریگه‌رتر هه‌نگاو ئه‌نێن كه دور نییه به سوتاندنی ئه‌و بینا حیزبیانه كۆتایی بێت كه به‌لای خۆپیشانده‌رانه‌وه ره‌مزی ده‌سه‌ڵاتێكی ناشه‌رعین له كوردستاندا. ئه‌و كاته‌ش هه‌رچه‌نده پاساو بۆ هێنانه‌وه و به‌ڕه‌وا زانین و نه‌زانینی توندوتیژی خۆپیشاندان هیچ له زیانی روداوه‌كان كه‌م و زیاد ناكات، به‌ڵام هه‌ر بۆ درێژه‌دان به دیالۆگێكی مۆراڵیش بێت، ئه‌توانرێت به‌شی ئه‌وه‌نده دیالۆگی فكری و بنه‌مای مۆراڵی و نمونه‌ی سیاسی بهێنرێنه‌وه كه كه‌مێك ره‌وایه‌تی ببه‌خشێت به توندوتیژی ناچارانه و سنورداری خۆپیشاندانه‌كان به مه‌رجێك كه ته‌نها له چوارچێوه‌ی شوشهشكاندندا بمێنێته‌وه و نه‌په‌ڕێته‌وه بۆ خوێنڕشتن.
*كاندیدی دكتۆرا له فه‌لسه‌فه‌ی یاسا، زانكۆی له‌نده‌ن-كیون ماری