Print
 وته‌ی‌ فراكسیۆنی‌ گۆڕان له‌ كۆبونه‌وه‌ی‌ نائاسایی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستاندا
Monday, February 28, 2011

(سبه‌ی):

وته‌ی‌ فراكسیۆنی‌ گۆڕان
له‌ كۆبوونه‌وه‌ی‌ نائاسایی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستاندا له‌ به‌رواری‌ 23/ 2/ 2011
ده‌رباره‌ی‌ روداوه‌كانی‌ حه‌وت رۆژی‌ رابردوی‌ كوردستان

به‌ڕێز سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان
به‌ڕێزان ئه‌ندامانی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان...
روداوه‌كانی‌ حه‌وت رۆژی‌ رابردوی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، ته‌قه‌كردنی‌ ره‌مه‌كی‌ له‌ خۆپیشانده‌رانی‌ بێدیفاع له‌ به‌رده‌م لقی‌ چواری‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان‌و چه‌ند گه‌ڕه‌ك‌و ناوچه‌یه‌كی‌ تری‌ شاری‌ سلێمانی‌، شه‌هیدكردن‌و برینداركردنی‌ ده‌یان هاوڵاتی‌ سڤیل، ره‌شبگیری‌‌و راوه‌دونان‌و بێسه‌ر‌وشوێن كردنی‌ هاوڵاتیان، داگیركردن‌و سوتاندن‌و تاڵانكردنی‌ باره‌گاكانی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان له‌ هه‌ولێر، دهۆك، قه‌زای‌ سۆران، بنه‌سڵاوه‌‌و شه‌قڵاوه‌، جوڵاندنی‌ هێزی‌ چه‌كدار به‌ره‌و شاری‌ سلێمانی‌‌و بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ ناشارستانی‌ له‌ سه‌ر رێگه‌‌وبان‌و له‌ چه‌ندین ناوچه‌ی‌ پڕ دانیشتواندا، داگیركردن‌و سوتاندنی‌ رادیۆ‌و ته‌له‌فزیۆنی‌ نالیا N.R.T به‌ زه‌بری‌ چه‌ك‌و برینداركردن‌و لێدان‌و ده‌ستدرێژیكردنه‌ سه‌ر رۆژنامه‌نوسان... زنجیره‌یه‌ك كاری‌ دڕندانه‌ بون كه‌ ویژدانی‌ هه‌مومانی‌ له‌ ناخه‌وه‌ هه‌ژاند‌و له‌كه‌یه‌كی‌ ره‌شی‌ خسته‌سه‌ر ئه‌زمونی‌ حوكمڕانی‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا.
فراكسیۆی‌ گۆڕان له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان له‌ كاتێكدا به‌توندی‌ ئیدانه‌ی‌ ئه‌و زنجیره‌ تاوان و هه‌مو توندوتیژیه‌ك ده‌كا، خۆپیشاندان به‌ مافێكی‌ بنچینه‌ی‌ هه‌مو هاوڵاتیك ده‌زانێ‌، به‌رپرسیارێتی‌ یه‌كه‌می‌ ئه‌م روداوانه‌، پێشهات‌و پاشهاته‌كانی‌، ده‌خاته‌ ئه‌ستۆی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان‌و ده‌زگا ئه‌منییه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان، كه‌ نه‌یانتوانی‌ گیانی‌ هاوڵاتیانی‌ كوردستان بپارێزێن، نه‌یانتوانی‌ به‌رگری‌ له‌ باره‌گای‌ هێزه‌ سیاسیه‌كان بكه‌ن‌و له‌ سوتان‌و تاڵانكردن بیانپارێزن، نه‌یانتوانی‌ وه‌ڵامێكی‌ رۆشنی‌ هاوڵاتیان بده‌نه‌وه‌ كه‌ ئایا ئه‌و هێزه‌ چه‌كدارانه‌ی‌ له‌ 17/2/2011وه‌ جوڵه‌یان پێكرا به‌ فه‌رمانی‌ كێ‌‌و به‌ چ مه‌به‌ستێك جوڵه‌یان پێكراوه‌؟ نه‌یانتوانی‌ به‌رگری‌ له‌ میدیا‌و ده‌نگی‌ ئازاد بكه‌ن‌و رۆژنامه‌نوس‌و كه‌ناڵه‌ ئه‌هلییه‌كان له‌ ده‌ستدرێژی‌ چه‌كدارنه‌‌و سوتاندن بپارێزن. به‌ڕای‌ ئێمه‌ ئه‌م شكسته‌ی‌ حكومه‌ت‌و ده‌زگا ئه‌منییه‌كان ده‌ره‌نجامی‌ شكستێكی‌ پێشوتری‌ حكومه‌ت‌و فه‌رمانڕه‌وایه‌تی‌ هه‌رێمه‌ به‌گشتی‌ له‌وه‌ی‌ كه‌ نه‌یتوانی‌ كۆتایی‌ به‌ دیارده‌ی‌ حزبی‌ چه‌كدار‌و حزبی‌ خاوه‌ن ده‌زگای‌ ئه‌منی‌ موخابه‌راتی‌ بێنێ‌‌و له‌بری‌ ئه‌وه‌ هێزی‌ چه‌كدار‌و ده‌زگای‌ ئه‌منی‌ نیشتمانی‌ دابمه‌زرێنی‌ كه‌ تاكه‌ وه‌لایان بۆ نیشتمان هه‌بێت نه‌ك بۆ حیزب‌و ده‌سه‌ڵاتداران.
ئێمه‌ بڕوامان وایه‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستانیش بێبه‌ری‌ نیه‌ له‌و به‌رپرسیارێتیه‌، چونكه‌ ده‌زگای‌ په‌رله‌مان نه‌یتوانیوه‌ حكومه‌ت ناچار بكا مه‌نزومه‌یه‌كی‌ ئه‌منی‌‌و به‌رگریی‌ نیشتمانی‌ ئه‌وتۆ دروست بكا كه‌ به‌بێ‌ مه‌رج ئازادییه‌كان‌و گیانی‌ هاوڵاتیان بپارێزی‌، ئه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌م كێماهییه‌ی‌ په‌رله‌مان به‌شێكه‌ له‌ قه‌یرانێكی‌ گه‌وره‌تر كه‌ په‌یوه‌ندیی‌ به‌ لاوازیی‌ رۆڵی‌ ره‌قابی‌‌و ته‌شریعیی‌ ئه‌م ده‌زگایه‌ی‌ ئێمه‌وه‌ هه‌یه‌.
بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ ئه‌م په‌ره‌سه‌ندنه‌ مه‌ترسیداره‌‌و ئه‌م شكسته‌ی‌ حكومه‌ت‌و په‌رله‌مان، ئێمه‌ له‌ فراكسیۆنی‌ گۆڕان پێشنیازی‌ دو چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ین:
چاره‌ی‌ یه‌كه‌م چاره‌یه‌كی‌ هه‌نوكه‌ییه‌ كه‌ قابیلی‌ دواخستن نییه‌ به‌وه‌ی‌ هه‌ر ئه‌مڕۆ په‌رله‌مانی‌ كوردستان بڕیارێك ده‌ربكات به‌:
1- كشاندنه‌وه‌ی‌ ده‌سبه‌جێی‌ هه‌مو ئه‌و هێزانه‌ی‌ كه‌ له‌ رۆژی‌ 17/ 2ه‌وه‌ جوڵه‌یان پێكراوه‌ بۆ باره‌گاكانیان.
2- راگرتنی‌ ده‌سبه‌جێی‌ راوه‌دونانی‌ هاوڵاتیان‌و ئازادكردن‌و ئاشكراكردنی‌ هه‌مو ئه‌وانه‌ی‌ زیندانی‌ یان بێسه‌ر‌و شوێنكراون.
3- دادگاییكردن‌و سزادانی‌ هه‌مو ئه‌و چه‌كدارانه‌ی‌ كه‌ ته‌قه‌یان له‌ هاوڵاتیان كردوه‌‌و شه‌هید‌و برینداریان كردون، هه‌روه‌ها ئه‌و به‌رپرس‌و فه‌رماندانه‌ی‌ فه‌رمانی‌ ته‌قه‌كردنیان داوه‌.
4- دادگاییكردن‌و سزادانی‌ هه‌مو ئه‌و چه‌كدار‌و فه‌رمانده‌‌و تۆمه‌تبارانه‌ی‌ كه‌ تێوه‌گلاون له‌ سوتاندن‌و ده‌ستدرێژیكردن بۆ سه‌ر كه‌ناڵی‌ ته‌له‌فزیۆنی‌ نالیا‌و باره‌گا حزبییه‌كان له‌ هه‌ر سێ‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌‌و هه‌ولێر‌و دهۆك.
به‌ڕێز سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان
به‌ڕێزان ئه‌ندامانی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان....
چاره‌ی‌ دوه‌م، كه‌ فراكسیۆنی‌ گۆڕان پێشنیازی‌ ده‌كات چاره‌یه‌كی‌ ریشه‌یی‌ ئه‌و قه‌یرانه‌ سیاسییه‌ كه‌ سه‌رچاوه‌ی‌ په‌ره‌سه‌ندنی‌ له‌مجۆره‌یه‌، به‌رپرسیاری‌ یه‌كه‌میش تیایدا په‌رله‌مان‌و حكومه‌تی‌ هه‌رێمه‌، ئه‌ویش له‌م خاڵانه‌دا به‌رجه‌سته‌ ده‌بێ‌:
1- سه‌ندنه‌وه‌ی‌ متمانه‌ له‌م كابینه‌یه‌ی‌ ئێستای‌ حكومه‌ت‌و پێكهێنانی‌ حكومه‌تێكی‌ ئینتقالیی‌ ته‌كنۆكرات كه‌ سه‌رپه‌رشتیی‌ هه‌ڵبژاردنێكی‌ پێشوه‌خت بكات.
2- ئه‌و حكومه‌ته‌ ئینتقالیه‌ ئه‌ركی‌ رێكخستنه‌وه‌‌و به‌نیشتمانیكردن‌و گۆڕینی‌ وه‌زیفه‌ی‌ هێزه‌ چه‌كداره‌كان‌و ده‌زگا موخابه‌راتیه‌كان جێبه‌جێ‌ بكا، واته‌ وه‌زیفه‌ی‌ (پێشمه‌رگه‌، پۆلیس، ئاسایش، هه‌ردو ده‌زگای‌ پاراستن‌و زانیاری‌) بگۆڕێ‌ له‌ وه‌زیفه‌ی‌ به‌رگریكردن له‌ ئه‌منی‌ حزبه‌وه‌ بۆ به‌رگریكردن له‌ ئه‌منی‌ نیشتمان‌و هاوڵاتیان. هه‌روه‌ها گۆڕینی‌ به‌ڕێوه‌به‌ر‌و به‌رپرسی‌ ئه‌و هێز‌و ده‌زگایانه‌ له‌ كه‌سی‌ حزبییه‌وه‌ بۆ كه‌سی‌ پیشه‌یی‌‌و بێلایه‌ن.
3- ئاشتبونه‌وه‌یه‌كی‌ گشتی‌ له‌نێوان ده‌سه‌ڵات‌و گه‌لدا، له‌ڕێی‌ گرێبه‌ستێكی‌ سیاسی‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌، كه‌ له‌ ده‌ستورێكی‌ دیموكراتی‌‌و هاوچه‌رخدا به‌رجه‌سته‌ ده‌بێت.
4- كۆتاییهێنان به‌ دیارده‌ی‌ گه‌نده‌ڵی‌‌و پاوانكردنی‌ موڵك‌و ماڵی‌ گشتی‌‌و تایبه‌ت له‌ رێگه‌ی‌ ده‌ركردنی‌ یاسایه‌كی‌ تایبه‌ته‌وه‌.
5- هه‌مواركردرنی‌ هه‌موو ئه‌و یاسایانه‌ی‌ كه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ سیستمی‌ سیاسییه‌وه‌ هه‌یه‌‌و دوور له‌ رێكه‌وتنی‌ نیشتمانی‌ تێپه‌ڕێندراوان، یان هه‌وڵ‌ له‌ ئارادایه‌ بۆ تێپه‌ڕاندنیان.
له‌ كۆتاییدا هیوادارین هه‌موان له‌ ئاست به‌رپرسیارێتی‌ قۆناغه‌كه‌دا بین‌و ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی‌ ئێمه‌ وه‌ك نه‌خشه‌ڕێی‌ چاره‌سه‌ركردنی‌ قه‌یرانی‌ سیاسیی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان لێكبده‌نه‌وه‌.
له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وپه‌ڕی‌ رێزماندا....

فراكسیۆنی‌ گۆڕان له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان
23/2/2011

Sbeiy.com © 2007