Print
 یه‌كێتی‌ ئه‌ندازیاران: به‌كارهێنانی‌ چه‌ك وگوله‌ مه‌حكوم و ئیدانه‌ ده‌كه‌ین
Monday, February 28, 2011

(سبه‌ی‌):
                                   
(به‌ڵێ‌، بۆ پشتگیری‌ له‌ داوا ره‌واكانی‌ جه‌ماوه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی‌ هێمنانه‌، نا، بۆ به‌كارهێنانی‌ توندتیژی‌)

لای‌ هه‌موان ئاشكرایه‌ دیارده‌كانی‌ گه‌نده‌ڵی‌ و بێكاری‌ و ناعه‌داله‌تی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ و به‌ هه‌ده‌ردانی‌ سه‌روه‌ت و سامانی‌ میلله‌ت و هه‌وڵدان بۆ به‌رته‌سككردنه‌وه‌ی‌ پانتایی‌ دیموكراسیه‌ت و ئازادیه‌كان.. هۆكاری‌ سه‌ره‌كی‌ بون بۆ ته‌قینه‌وه‌و هه‌ڵایسانی‌ خۆپیشاندان و ناڕه‌زایی ده‌ربڕینی‌ جه‌ماوه‌ری‌ گه‌له‌كه‌مان له‌ شاری‌ سلێمانی‌ و شارو شارۆچكه‌كانی‌ تری‌ كوردستان، كه‌ له‌ 17/2/2011 دا به‌شێوه‌یه‌كی‌ هێمنانه‌ و یاساییانه‌ داواكاری‌ سه‌رجه‌م چین و توێژه‌كانیان به‌رزكردبوه‌وه‌.
به‌ڵام به‌داخ و كه‌سه‌رێكی‌ گه‌وره‌وه‌ له‌ به‌رامبه‌ر سه‌ره‌تایترین مافه‌كانی‌ مرۆڤدا له‌ ئازادی‌ راده‌بڕین و خۆپیشاندان و ناڕه‌زایی ئاشتیانه‌دا، به‌ ترساندن و ته‌قه‌ و گوله‌ وه‌ڵامی‌ شه‌قامی‌ ناڕه‌زای‌ خه‌ڵكیان دایه‌وه‌ و بوه‌ مایه‌ی‌ شه‌هیدكردن و برینداركردنی‌ ژماره‌یه‌ك له‌ گه‌نجان و لاوانی‌ خوێنگه‌رم و دڵسۆزی‌ شار سلێمانی‌ خۆشه‌ویست.
هه‌ر بۆیه‌ ئێمه‌ وه‌ك یه‌كێتی‌ ئه‌ندازیارانی‌ كوردستان و نماینده‌ی‌ توێژێكی‌ گرنگی‌ كۆمه‌ڵگاكه‌مان ده‌نگی‌ خۆمان و پشتگیری‌ ته‌واوی‌ خۆمان دوپات ده‌كه‌ینه‌وه‌ بۆ داواكاریه‌ ره‌واكانی‌ میلله‌ته‌كه‌مان به‌ مه‌رجێك به‌شێوه‌یه‌كی‌ هێمنانه‌ و شارستانیانه‌ بێت و دوربێت له‌ به‌كارهێنانی‌ توندوتیژی‌ و دیارده‌كانی‌ هه‌ڵكوتانه‌ سه‌ر باره‌گا حیزبی‌ و حكومیه‌كان و ماڵی‌ گشتی‌ هاوڵاتیان، له‌هه‌مان كاتیشدا به‌وپه‌ڕی توندیه‌وه‌ به‌كارهێنانی‌ چه‌ك وگوله‌ مه‌حكوم و ئیدانه‌ ده‌كه‌ین و ئه‌ركی‌ هه‌مو لایه‌كمانه‌ كه‌ رۆڵه‌كانمان فێری‌ رێزگرتنی‌ زیاتری‌ كۆمه‌ڵانی‌ خه‌ڵك و دڵسۆزی‌ نیشتمان بكه‌ین نه‌ك به‌توندوتیژی‌ و چه‌ك ئاشنایان بكه‌ین، چونكه‌ هه‌موان رۆڵه‌ی‌ ئه‌م گه‌له‌ین و كه‌سمان دوژمنی‌ یه‌كتری‌ نین.
له‌ كۆتاییدا داواكارین كه‌ یاسا سه‌روه‌ر بێت و بكوژان راده‌ستی‌ عه‌داله‌ت بكرێن و خوێنی‌ شه‌هید و برینداره‌كان به‌ فیڕۆ نه‌ڕوات و سه‌ری‌ رێز و نه‌وازشیش داده‌نه‌وێنین بۆ شه‌هیده‌ جوانه‌مه‌رگه‌كان و برینداره‌ سه‌ربه‌رزه‌كانمان.

 

Sbeiy.com © 2007