Print
 پسپۆڕێكی‌ سیاسی‌: وه‌ڵامنه‌دانه‌وه‌ی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم بۆ داواكاریی‌ خۆپیشانده‌ران، بارودۆخی‌ هه‌رێم وه‌ك میسر و تونس لێ ده‌كات
Monday, February 28, 2011

(سبه‌ی‌):
پسپۆڕێكی‌ سیاسی‌ و ئاگادار له‌ بواری‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ته‌ئكیدیكرده‌وه‌ كه‌ له‌ حاڵه‌تێكدا گه‌ر حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان وه‌ڵامی‌ داخوازییه‌كانی‌ خۆپیشانده‌رانی‌ نه‌دایه‌وه‌، ئه‌وا بارودۆخی‌ هه‌رێم هه‌مان شێوازی‌ بارودۆخی‌ میسر و تونس به‌خۆوه‌ ده‌بینێت.
له‌لێدوانێكیدا بۆ (سبه‌ی‌)، واسق هاشمی‌ پسپۆڕی‌ سیاسی‌ رونیكرده‌وه‌: دو حیزبه‌ باڵاده‌سته‌كه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌ستیان به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدا گرتوه‌ و ئازادی‌ راده‌ربڕینی سیاسیی هاوبه‌شیان له‌ پرۆسه‌ی‌ سیاسیدا سنوردار كردوه‌ و له‌ رێگای‌ چه‌ندین داوای‌ یاساییه‌وه‌ به‌بڕی‌ قه‌ره‌بوی‌ خه‌یاڵیی‌ زه‌به‌لاح فشاری‌ خستوه‌ته‌ سه‌ر رۆژنامه‌نوسان كه‌ ئه‌مه‌ش له‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ پرۆسه‌ی‌ دیموكراتیدا نیه‌.
رونیشیكرده‌وه‌ كه‌ له‌ ئێستادا هاوڵاتیانی‌ نیشتمانی‌ عه‌ره‌بی‌ و وڵاتانی‌ دیكه‌ی‌ ناوچه‌كه‌، چونه‌ته‌ حاڵه‌تێكی‌ شۆڕشگێڕییه‌وه‌ له‌دژی‌ ئه‌و حكومه‌ته‌ دیكتاتۆرانه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتیان قۆرخ كردوه‌.
وتیشی‌: ئه‌گه‌ر بارودۆخی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌م شێوه‌یه‌ی‌ ئێستا به‌رده‌وام بێت و وه‌ڵامی‌ داخوازیی‌ خۆپیشانده‌ران نه‌درێته‌وه‌، ئه‌وا ئه‌و حاڵه‌ته‌ی‌ له‌ تونس و میسر رویدا له‌ هه‌رێمیش روده‌دات.

عه‌لی‌ ناجی‌

Sbeiy.com © 2007