Print
 بریاری كۆتایی دانیشتنی نائاسایی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ربا‌ره‌ی رووداوه‌ نه‌خوازراوه‌كانی هه‌رێم
Monday, February 28, 2011

     
 23-شباط-2011 11:06:00
بڕیارپشت به‌ستن به‌ بڕگه‌ى (1) ى مادده‌ى 56 له‌ یاساى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان ژماره‌ (1) ى ساڵى 1992 ى هه‌موار كراو، په‌رله‌مانى كوردستان له‌ دانیشتنى نا ئاسایی ژماره‌ 1ى رۆژى 23/2/2011 ى خۆى دا، كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ به‌رچاوخستن و گفتوگۆكردن و لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ خۆپیشاندانه‌كانى پارێزگاى سلێمانى و ئه‌و داواكارى و ده‌رهاویشتانه‌ى كه‌ له‌ئه‌نجامى خۆپیشانه‌كان دا كه‌وتۆته‌وه‌ له‌ ته‌قه‌كردن و شه‌هید و برینداربوونى خۆپیشانده‌ران و  هێزه‌كانى ناوخۆ و سوتاندنى باره‌گا و هه‌ندێ له‌ ده‌زگاكانى راگه‌یاندن، له‌گه‌ڵ داواكارى خۆپیشانده‌ران دا، ئه‌م بڕیارانه‌ى ده‌ركرد:

 1.       ئیدانه‌ و ته‌حریم و ته‌جریمكردنى توندوتیژى و ته‌قه‌كردن له‌هاووڵاتیان و هه‌ڵكوتانه‌ سه‌ر باره‌گا فه‌رمیه‌كان و حزبیه‌كان و زیانگه‌یاندن به‌ماڵى گشتى و تایبه‌ت له‌هه‌ر لایه‌كه‌وه‌.

2.       كشانه‌وه‌ى ده‌ست به‌جێیى سه‌رجه‌م هێزه‌ جووڵه‌پێكراوه‌كان، كه‌ به‌ هۆى رووداوه‌كانى رۆژى 17/2/2011 جوڵه‌یان پێكراوه‌ بۆ گشت شاره‌كانى هه‌رێمى كوردستان به‌گشتى و شارى سلێمانى به‌ تایبه‌تى و گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ باره‌گاكانیان.

3.       ئازادكردنى سه‌رجه‌م ئه‌وانه‌ى به‌ هۆكارى به‌شداربوون له‌ خۆپیشاندان ده‌ستگیركراون، ئه‌وانه‌ش تاوانیان كردوه‌، راده‌ستى ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى و پۆلیس بكرێن.

4.       حكومه‌ت به‌گوێره‌ى یاسا، قه‌ره‌بووى ماددى و مه‌عنه‌وى سه‌رجه‌م ئه‌و كه‌س و لایه‌ن و ده‌زگا و هێزانه‌ بكات كه‌ به‌ هۆى په‌لامار و توند و تیژیه‌وه‌ زه‌ره‌رمه‌ندبوون،به‌گوێره‌ى یاسا. 

5.       پاراستن و رێكخستنى خۆپیشانده‌ران، ته‌نها به‌ هێزه‌كانى پۆلیسى ناوخۆ و پۆلیسى چالاكیه‌ مه‌ده‌نیه‌كان بسپێردرێت، شوناس (ناو، باج، شوێنى كار) ى هێزه‌ پارێزگاره‌كان ئاشكرا بێت و نه‌هێڵدرێت هیچ كه‌سێك به‌ ده‌مامك و ئوتومبیلى جام ره‌ش هاتوچۆ بكات. 

6.       هێزى پێشمه‌رگه‌ى كوردستان له‌ هه‌موو جۆره‌ ململانێیه‌كى سیاسیی ناوخۆیى به‌دووربێ و ئه‌ركى نیشتمانیى خۆى وه‌ك هێزێكى نیشتمانى و پاراستنى ده‌سكه‌وته‌كانى خه‌ڵكى كوردستان جێبه‌جێ بكات.

7.       پێویسته‌ لیژنه‌ى باڵاى لێكۆڵینه‌وه‌، كه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ پێكهاتووه‌، له‌لایه‌ن ئه‌ندامێكى دادگاى ته‌مییزه‌وه‌ سه‌رۆكایه‌تى بكرێت و ئه‌ندامه‌كانى كه‌سانى شاره‌زا و بێ لایه‌ن بن و به‌ زووترین كات ئه‌نجامه‌كه‌ى بخه‌نه‌ به‌رده‌م راى گشتى.

8.       له‌مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ بارودۆخه‌كه‌دا، كه‌مته‌رخه‌مى له‌لایه‌ن دام و ده‌زگاكانى پۆلیس و ئاسایش دا هه‌بوه‌و دواى ئه‌نجامدانى لێكۆڵینه‌وه‌ ده‌بێ لایه‌نى كه‌مته‌رخه‌م ئیجرائاتى یاسایی له‌گه‌ڵ بكرێت، هه‌روه‌ها به‌رپرسى ده‌زگا ئه‌منیه‌كان ئه‌وانه‌ى  كه‌مته‌رخه‌میان نواندوه‌، به‌گوێره‌ى یاسا مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ بكرێ.

9.       نابێ به‌بێ بڕیارى دادگا هیچ خۆپیشانده‌رێك به‌هۆى به‌شداریكردنى له‌خۆپیشاندان ده‌ستگیر بكرێ.

10.   بڕیارى جوڵاندنى هێزى سه‌ربازى له‌ شارێكه‌وه‌ بۆ شارێكى تر نابێت ئه‌نجام بدرێ ته‌نها له‌حاڵه‌تى بوونى مه‌ترسیی ده‌ره‌كى نه‌بێت،

11.   ده‌ستبه‌جێ ئه‌نجام ده‌رانى سووتاندنى كه‌ناڵى نالیا، رادیۆ و ته‌له‌فزیۆنى گۆڕان، رێوشوێنى یاساییان له‌به‌رامبه‌ردا بگیرێته‌ به‌ر و بدرێنه‌ دادگا. 

12.   به‌مه‌به‌ستى چاكسازى ریشه‌یى و گشتیى له‌لایه‌ن فراكسیۆنه‌كان و لیژنه‌كانى ناو په‌رله‌مانه‌وه‌ به‌ هاوكارى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران و سوود وه‌رگرتن له‌ لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان و رێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵى مه‌ده‌نى و مامۆستایانى زانكۆ و پسپۆران و خه‌ڵكانى بێ لایه‌ن و دڵسۆز ئاماده‌و پێشكه‌ش به‌ په‌رله‌مان بكرێ بۆ گفتوگۆكردن و چاودێرى جێبه‌جێ كردنى به‌ زووترین كات.

13.   پێویسته‌ حكومه‌ت ده‌ست به‌جێ چه‌ندین بریارى گرنگ و به‌ په‌له‌ ده‌ربكات، كه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ باشتر كردنى بارى گوزه‌رانى خه‌ڵكى و به‌دیهێنانى دادپه‌روه‌رى كۆمه‌ڵایه‌تى و كرانه‌وه‌ى زیاترى فه‌زاى سیاسی و ئازادى.

14.   هه‌موو لایه‌ك هه‌وڵ بۆ هێوركردنه‌وه‌ى بارودۆخه‌كه‌ و راگرتنى هێرشی راگه‌یاندنى حزب و لایه‌نه‌كان بدات.

15.   بانگهێشتكردنى سه‌رۆكى حكومه‌ت و وه‌زیرى ناوخۆ و وه‌زیرى پێشمه‌رگه‌  بۆ په‌رله‌مان بۆ روونكردنه‌وه‌و لێپرسینه‌وه‌، به‌پێى رێككاره‌ یاساییه‌كان.

16.   زه‌مینه‌ سازكردن و پشتگیریكردنى ئه‌نجامدانى دیالۆگێكى نیشتمانى سیاسی له‌نێوان ئه‌و حزب و لایه‌نه‌ سیاسیانه‌ى نوێنه‌ریان له‌په‌رله‌مانى كوردستان هه‌یه‌، به‌مه‌به‌ستى هێنانه‌ ئاراى پێكه‌وه‌ سازانى یاسایی سیاسی بۆ هه‌مواركردنه‌وه‌ى ئه‌و یاسایانه‌ى كه‌ خاوه‌نى ره‌هه‌ندى سیاسیی و نیشتمانیان هه‌یه‌.

17.   پێكهێنانى لیژنه‌یه‌كى تایبه‌ت له‌نوێنه‌رى سه‌رجه‌م فراكسیۆنه‌كان له‌ په‌رله‌مانى كوردستان، به‌مه‌به‌ستى به‌ دواداچوون و گوێ گرتن له‌ داخوازى خۆپیشانده‌ران.

Sbeiy.com © 2007