Print
 فراکسیۆنی گۆڕان ده‌نگی به‌ به‌یاننامه‌ (17) خاڵییه‌که‌ی په‌رله‌مانی کوردستان نه‌دا
Monday, February 28, 2011

(سبه‌ی):
فراکسیۆنی گۆڕان ده‌نگی به‌ به‌یاننامه‌ 17 خاڵییه‌که‌ی په‌رله‌مانی کوردستان نه‌دا، که‌ سه‌باره‌ت به‌روداوه‌کانی ئه‌مدواییه‌ی هه‌رێمی کوردستان ده‌ریکردبو.
دوێنێ (چوارشه‌ممه‌) په‌رله‌مانی کوردستان کۆبونه‌وه‌یه‌کی نا ئاسایی سه‌باره‌ت به‌ روداوه‌کانی چه‌ند رۆژی رابوردوی هه‌رێمی کوردستان گرێداو دره‌نگانی شه‌وی رابوردوش به‌یاننامه‌یه‌کی (17)خاڵی ده‌رکرد.
له‌وباره‌یه‌وه‌ کاردۆ محه‌مه‌د، سه‌رۆکی فراکسیۆنی گۆڕان له‌په‌رله‌مانی کوردستان له‌لێدوانێکیدا بۆ (سبه‌ی) رایگه‌یاند: پاش داڕشتنی خاڵه‌کانی نێو به‌یاننامه‌که‌و پێش ئه‌وه‌ی رابگه‌یه‌نرێت، له‌گه‌ڵ سه‌رۆکایه‌تی په‌رله‌مان گفتوگۆمان کردو بۆمان ده‌رکه‌وت به‌بێ ئاگاداری ئێمه‌ هه‌ندێ خاڵ بۆ به‌یاننامه‌که‌ زیادکرابو، له‌هه‌مانکاتدا چه‌ند تێبینی و داواکارییه‌کیشمان هه‌بو له‌سه‌ر خاڵ و بڕگه‌کانی به‌یاننامه‌که‌.
وتیشی: پێش ئه‌وه‌ی به‌یاننامه‌که‌ رابگه‌یه‌نرێت، ئێمه‌ وتمان ده‌چینه‌وه‌ لای په‌رله‌مانتارانی خۆمان له‌فراکسیۆنی گۆڕان و قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌که‌ین و دواتر بڕیاری له‌سه‌ر ده‌ده‌ین، به‌ڵام بێ ئه‌وه‌ی گوێ له‌ داواکارییه‌کانمان بگیرێت، وتیان ته‌واو به‌یاننامه‌که‌ خوێندرایه‌وه‌، به‌بێ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ وه‌ک فراکسیۆنی گۆڕان ئیمزامان له‌سه‌ری کردبێت و رازی بوبین پێی.
سه‌رۆکی فراکسیۆنی گۆڕان ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، ئه‌م شێوازی کارکردنه‌ دوره‌ له‌بڕیاری په‌رله‌مانی و سه‌باره‌ت به‌ دۆخێکی وا هه‌ستیاری ئێستای هه‌رێمی کوردستان، جارێکی تر حسابی زۆرینه‌و که‌مینه‌ کرایه‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ به‌یاننامه‌که‌ هه‌ندێک خاڵی گرنگی تێدایه‌، به‌ڵام ئێمه‌ هه‌ندێک خاڵ و تێبینی دیکه‌مان هه‌بو که‌ بۆ دۆخێکی واهه‌ستیاری هه‌رێم گرنگ بون، به‌ڵام گوێمان لێنه‌گیرا، بۆیه‌ ئیمزامان له‌سه‌ری نه‌کرد.
‌لای خۆشیه‌وه‌، کوێستان محه‌مه‌د، ئه‌ندامی فراکسیۆنی گۆڕان له‌په‌رله‌مانی کوردستان رایگه‌یاند: ئه‌و خاڵانه‌ی ئێمه‌ داوامان کردبو له‌به‌یاننامه‌که‌دا له‌لایه‌ن سه‌رۆکایه‌تی په‌رله‌مانه‌وه‌ پشتگوێ خرابون، بۆیه‌ ئێمه‌ و ژماره‌یه‌ک په‌رله‌مانتاری دیکه‌ی ده‌نگمان پێنه‌داو ئیمزامان له‌سه‌ری نه‌کرد، چونکه‌ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌ بنه‌ڕه‌تیه‌كان ناكات.
هاوکات سه‌رۆکی فراکسیۆنی گۆڕان ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، که‌ له‌وباره‌یه‌وه‌ رونکردنه‌وه‌یه‌ک بڵاوده‌که‌نه‌وه‌.

Sbeiy.com © 2007