Print
 پارێزگاری‌ سلێمانی‌ نامه‌ی‌ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ ده‌داته‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت
Monday, February 28, 2011
(سبه‌ی):‌
وه‌ك ناڕه‌زاییه‌ك به‌رامبه‌ر ئه‌و دۆخه‌ی‌ له‌سنوری‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ دروستبوه‌، پارێزگاری‌ شاره‌كه‌ ده‌ستله‌كارده‌كێشێته‌وه‌.
سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ ئاگادار له‌پارێزگاری‌ سلێمانی‌ به‌ (سبه‌ی)‌ راگه‌یاند دو رۆژ به‌ر له‌ئێستا به‌هرۆز محه‌مه‌د ساڵح_ی‌ پارێزگاری‌ سلێمانی‌ نامه‌ی‌ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی‌ پێشكه‌شی‌ د. به‌رهه‌م ساڵحی‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت كردوه‌.
سه‌رچاوه‌كه‌ "هۆكاری‌ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ی‌ پارێزگاری‌ سلێمانی‌ بۆ هێنانی‌ ئه‌و هێزه‌ زۆره‌ی‌ پارتی‌ بۆ سلێمانی‌ و دروستبونی‌ ئه‌و دۆخه‌ نا ئاساییه‌ی‌ له‌پارێزگاكه‌دا دروستكراوه،‌ گێڕایه‌وه‌".
به‌گوێره‌ی‌ زانیاریه‌كانی‌ ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌، سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت له‌م كاته‌دا ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ی‌ پارێزگاری‌ قبوڵنه‌كردوه‌.
لای خۆشیه‌وه‌ توانا عه‌لی سكرتێری‌ رۆژنامه‌وانی‌ پارێزگار بۆ (سبه‌ی) ره‌تیكرده‌وه‌ پارێزگاری‌ سلێمانی‌ ده‌ستله‌كاربكێشێته‌وه‌، ته‌ئكیدی‌ كرده‌وه‌ كه‌ به‌هیچ جۆرێك له‌ به‌رنامه‌ی‌دانییه‌ پارێزگار ده‌ستله‌كاربكێشێته‌وه‌.
جێی باسه‌، ساڵی رابردو ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ دانانی به‌هرۆز محه‌مه‌د ساڵح، پارێزگاری سلێمانیان ره‌تکرده‌وه‌، به‌وپێیه‌ی له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاوه‌ سه‌پێنراوه‌.
Sbeiy.com © 2007