|
خوێندكارانی په‌یمانگای كۆمپیته‌ری سلێمانی ئیدانه‌ی ته‌قه‌کردن له خۆپیشانده‌ران ده‌که‌ن |
Monday, February 28, 2011 |
(سبه‌ی):
له‌درێژه‌ی ناڕه‌زاییه جه‌ماوه‌رییه‌کانی هاوڵاتیانی هه‌رێمی کوردستاندا، خوێندکارانی په‌یمانگای كۆمپیته‌ری سلێمانی پشتگیری خۆیان بۆ هاوڵاتیان دوپات کرده‌وه‌و هاوکات ئیدانه‌ی ته‌قه‌کردنیش له خۆپیشانده‌ران.
له راگه‌یه‌ندراوێکیشدا که وێنه‌یه‌کی ده‌ست (سبه‌ی) که‌وتوه، خوێندکارانی ئه‌و په‌یمانگایه، ئیدانه‌ی روداوه خوێناوییه‌که‌ی 17ی شوباتی سلێمانیان کرد‌و داوایان کرد، هێزه ئه‌منییه‌كان به فیشه‌ك وه‌ڵامی خۆپیشانده‌ران نه‌ده‌نه‌وه.
له‌به‌شێکی دیکه‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌که‌یاندا، خوێندکاران داوایان کردوه ئه‌و که‌سانه‌ی له‌باره‌گای لقی چواری پارتییه‌وه ته‌قه‌یان له خۆپیشانده‌ران کردوه ده‌ستگیر بکرێن و به‌سزای خۆیان بگه‌ن، دا‌واشیان کردوه جگه له هێزی پۆلیسی چالاكییه مه‌ده‌نیه‌كان، هیچ هێزێكی تر به‌کارنه‌هێنرێت.
دوابه‌دوای به‌یاننامه‌که‌ش، خوێندکاران بۆ پاڵپشتی کردنی خه‌ڵکی هه‌رێمی کوردستان هه‌وڵیاندا خۆپیشاندانێک له‌نێو په‌یمانگاکه ئه‌نجام بده‌ن، به‌ڵام له‌لایه‌ن راگری په‌یمانگاكه و هه‌ندێ له‌مامۆستایانه‌وه رێگریان لێكراو نه‌یانهێشت خۆپیشاندانه‌كه ئه‌نجام بدرێ.
له‌هه‌مانکاتدا خوێندكاران بڕیاریاندا خۆپیشاندانه‌كه‌یان بگوازنه‌وه بۆ مه‌یدانی ئازادی (به‌رده‌رکی سه‌را).
ئاکام ئه‌بوبه‌کر
|
|
|