میران محه‌مه‌د
ئه‌نجامدانی دیالۆگ به هه‌ر دیوێكدا بێت، به رێكه‌وتن یان رێنه‌كه‌وتنی لایه‌نه‌كان، مایه‌ی دڵخۆشیه، هێماو سه‌ره‌تای گرتنه‌به‌ری ئاڕاسته لۆژیك و شارستانیه گونجاوهكانه به‌ره‌و خوێندنه‌وه‌ی بهرامبهرو گوێ له‌یه‌كگرتن. هه‌نگاو نانه به‌رو ره‌واندنه‌وه‌ی ته‌نگژه‌كان و هێورو ئارامكردنه‌وه‌ی هه‌رێم و ده‌ربازبونی ئاشتیانه‌یه له‌و قه‌یرانه چه‌قبه‌ستوانه‌ی ساڵانێكه هاوڵاتیان له‌ژێریاندا ده‌ناڵینن. به‌ته‌نگه‌وه‌هاتن و دڵدانه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ره و ده‌سپێكی هه‌وڵی تیماری ئه‌و گازنده و ناڕه‌زاییه مهزنانهیانه كه پشوی پێیان بڕیوه و بونه‌ته هۆی هه‌ڵپژان و ته‌قینه‌وه‌یان به روی دهسهڵاتدارانێكدا كه ده‌یان ساڵ بو خه‌ویان به هاتنه‌سه‌ر تهختیانهوه ده‌بینی! كه‌چی مه‌خابن كارێكیان پێیانكرد، هه‌نوكه خۆزگه به راماڵینیان ده‌خوازن!
هه‌رچه‌نده گه‌لێ تێبینی له سه‌ر دانیشتن و بڕیاره‌كان هه‌یه، كه گرنگترینیان:ـ
1ـ بڕیاڕنهدانی ده‌سبه‌جێ به ده‌ستگیركردنی بكوژان و به‌رپرسه‌كانیان و راده‌ست نه‌كردنیان به دادگا!
2ـ به‌شداری پێنه‌كردن و گوێنه‌گرتن له نوێنه‌رانی راسته‌قینه‌ی خۆپیشانده‌ران له دانیشتن و گفتوگۆكاندا.
3ـ بڕیاری قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌ی زیانلێكه‌وتوان له لایه‌ن حكومه‌ته‌وه و له‌سه‌ر بودجه‌ی خه‌ڵكی هه‌رێم ده‌بێت، نه‌ك له‌سه‌ر بودجه‌ی قه‌به‌ی دزراوی ئه‌و حیزب و لایه‌نانه‌ی كه ئه‌ندام و هه‌ودار و چه‌كداره‌كانیان ئه‌و زه‌ره‌ر و زیانانه‌یان گه‌یاندوه و به‌ر ده‌وام لێره‌و له‌وێ ده‌یگه‌یه‌نن.
به‌هه‌ر حاڵ ئاواته‌خوازی سه‌ركه‌وتنی ئه‌و هه‌وڵانه‌ین. وه‌لێ ئه‌و رێ و شوێنانه‌ی هێزه‌كانی ده‌سه‌ڵات ده‌یگرنه‌به‌ر له‌پێناو سڕكردنی خه‌ڵكی و كپكردنی ده‌نگه‌كان و دابڕینی شا‌و شاروچكه‌كانی هه‌رێم له یه‌كتر، بۆنی خێری لێنایه‌ت و ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت كه هێشتا ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم له نامه‌كه‌ی جه‌ماوه‌ری خرۆشاو تێگهشتبێتن، وه‌یان ئه‌سڵه‌ن ههرنهیانهوێت تێی بگه‌ن، ده‌نا بۆ وا خه‌م ساردن له ئاستی روداوه‌كاندا.
بۆ پێیان ده‌كرێت و كاتیان هه‌یه به باڵه‌خانه‌یه‌ك ئه‌زمونی به‌ناو شوڕشگێڕی و سیاسیه‌وه به‌هه‌ڵه‌داوان یه‌كه‌م و تاكه‌كه‌س بن له‌م جیهانه‌دا بۆ ده‌ربڕینی هه‌ست و سۆز و پاڵپشتیكردنیان له حوسنی نا موباره‌ك دژی ویست و خواستی رۆڵه‌كانی گه‌لی میسر! له‌كاتێكدا ئاغاكانی حوسنی و هاوپه‌یمان و دۆسته نزیك و داروده‌سته‌كه‌ی پشتیان تێكرد و بایاندایه‌وه به لای كۆمه‌ڵانی راپه‌ڕیودا! ره‌نگه هه‌میشه هه‌ر ئه‌مه حاڵی سه‌رانی كورد بوبێت له هه‌ڵسه‌نگاندن و لێكدانه‌وه و چاوهڕوانیهكانیاندا له‌ئاست گۆڕانكاریه ستراتیجیه سیاسیه گرنگه‌كانی جیهان و ناوچه‌كه‌دا، بۆیه تائێستا هیچامان به هیچ نه‌گه‌یشتوه و له ئاشبهتاڵێكهوه بۆ یهكێكیتر بهڕێیانكردوین!
له‌م لاشه‌وه، تا ئه‌م ساته‌شی له‌گه‌ڵدابێت، نه‌ك ته‌نها بێ‌زیان نه‌یهێناوه بێنه‌وه ناویان، به‌ڵكو ته‌نانه‌ت لێدوانێكی راسته‌وخۆشیان ئاڕاسته‌ی خۆپیشانده‌رانی گه‌له‌كه‌یان به خه‌یاڵیشدا نه‌هاتوه!
سه‌ركرده‌یه‌ك له كۆنگره‌ی گشتی حیزبه‌كه‌یدا له جیاتی شانازی، ئهلحوكم لله، ناڵێین به گه‌له‌كه‌یه‌وه، به‌ڵكو به سه‌دان هه‌زار (به‌وته‌ی خۆیان) ئه‌ندام و لایه‌نگر و چه‌كدارانی حیزبه‌كه‌یه‌وه نه‌كات و خۆی به هه‌زار زه‌لامی خێزانه‌كه‌یه‌وه هه‌ڵبكێشێت! یان بۆ وه‌رگرتنی گلۆره شوشه‌یه‌ك له‌م كاته ناسك و دژوار و ناهه‌موار و به خوێن سوركراوه‌ی وڵاته‌كه‌ی به‌ره‌و ئیتالیا به‌جێ بهێڵێت، ده‌شێت چاوه‌ڕێی گۆڕان و چاكسازیان لێبكرێت؟
وه‌ها ده‌سه‌ڵاتدارانێك معجیزهیان ده‌وێت به ئاسانی له برجه عاجیهكانیان بێنه خواره‌وه و گوێ بۆ داوای ره‌وای كوڕ و كچی توڕه و دڵگه‌رمی هه‌ژار و چه‌وساوه‌ی گه‌له‌كه‌یان شلبكه‌ن.
به‌ڕێزان ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم، دواكه‌وتن، چه‌واشه‌كاری، چاوبزكردنهوه و هه‌ڕه‌شه و به‌كارهێنانی هێز و خۆێنڕشتن بێ سوده و دادتان نادات و پتر له‌به‌رچاوان ره‌شتان ده‌كات و به‌ره‌و كۆتایه‌كی تاڵتان ده‌بات! تا نوزهیهكی هه‌ستی لێبوردن لێتان له دڵی سافی هاوڵاتیاندا ماوه و لێشاوی بێزاریی و توڕه‌یی خۆپیشانده‌ران چه‌شنی بن عه‌لی و موباره‌ك رای نهماڵیون، سوار كه‌شتی گه‌له‌كه‌تان بن، كه لاوانی خوێنگه‌رم و راپه‌ڕی و كه‌شتیه‌وانی ده‌كه‌ن. خۆتان و گه‌له‌كه‌تان به‌كه‌مترین خه‌ساره‌ت له‌و تۆفانه بپارێزن كه به‌ره‌و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ئاڕاستهكراوه، هه‌وڵه‌كانتان بخه‌نه‌گه‌ڕ بۆ دابینكردنی نیشتمانێكی باوه‌ڕپێكراو بۆ گه‌له‌كه‌تان له نه‌خشه‌ی داهاتوی ناوچه‌كه‌دا و له خه‌ونی شاعرانهوه بیكه‌ن به واقع. ده‌نا هاكا كه‌شتیه‌كه سه‌ر ئاو كه‌وت و به‌جێیهێشتن و ته‌نها حه‌سره‌ت و په‌شیمانی بۆ به‌جێهێشتن. ئاواته‌خوازم نامهكهتان پێگه‌یشتبێت. خۆزگه خۆتان ده‌كرده پیری ئاخر خێر، نه‌ك پیری ئاخر شه‌ڕ.
نه‌مری بۆ گیانی سه‌رجه‌م شه‌هیدان، به تایبه‌تی شه‌هیدانی خۆپیشاندانه‌كانی ئاشتی و ئازادی و یه‌كسانی شاره‌كه‌ی هه‌ڵمه‌ت و قوربانی و سه‌رجه‌م شار و شارۆچكه‌كانی هه‌رێم كه هێدی هێدی ده‌خرۆشێن و ده‌ڕژێنه گۆڕه‌پانه‌كانی ئازداییهوه. ئازیزان ده‌نگی ئێوه ده‌نگی هه‌مو كوردێكی به ئه‌مه‌كه له‌هه‌ر كونجێكی ئه‌م سه‌ر زه‌مینه‌دا. به هێمنی و به ئاشتی خوازانه روبه‌ڕوی گه‌نده‌ڵان ببنه‌وه، له خۆپیشاندانهكانتاندا به‌رده‌وامبن، نه سرهون تا چۆكیان پێداده‌ده‌ن و ده‌گه‌ن به سه‌رجه‌م داوا ره‌واكانتان.