Print
 كارته‌كانی‌ ده‌ست شه‌قام
Monday, February 28, 2011
لاله‌ فه‌ره‌یدون

ئه‌گه‌ر 25/7 به‌سه‌ره‌تای‌ وه‌رچه‌رخانێكی‌ مێژویی‌ له‌ مێژوی‌ نوێی‌ گه‌لی‌ كوردستاندا ده‌ستنیشان بكه‌ین، ده‌بێت ئه‌و راستیه‌ بزانین كه‌ ئه‌و گۆڕانه‌ی‌ كه‌ له‌ دۆخی‌ چه‌قبه‌ستوی‌ سیاسی‌ كوردستاندا رویدا، یه‌كێك بو له‌ كارته‌ فشاره‌كانی‌ شه‌قامی‌ كوردی بۆ گۆڕینی‌ ئه‌و دۆخه‌ چه‌قبه‌ستوه‌، هه‌وڵی‌ ئه‌قڵانی‌ جه‌ماوه‌ری‌ كوردستان بو، كه‌ به‌ هۆیه‌وه‌ په‌یامێكی‌ رون و ئاشكرایدا به‌سه‌رانی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ كوردی‌، كه‌ چیتر قبوڵناكه‌ن ئه‌م بارودۆخه‌ به‌و شێوه‌یه‌ بگوزه‌رێ‌، چیتر سیاسه‌تی‌ نوخبه‌یه‌كی‌ لێوانلێو له‌ گه‌نده‌ڵی‌ قبوڵناكه‌ین، چیتر رازی‌ نابین ئێوه‌ شوان بن و ئێمه‌ش مێگه‌ل، چی تر رازی‌ نابین ئیحتیكاری‌ ژیانی‌ ئابوری‌ و سیاسی‌ و كۆمه‌ڵایه‌تی‌ ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ بكرێت، ناكرێت سه‌رانی‌ ئه‌م حیزبانه‌ تاسه‌ر ئێسقان شۆڕببنه‌وه‌ بۆ ناو هه‌ناوی‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ كوردی‌ و كۆنتڕۆڵی‌ هه‌مو كایه‌كانی‌ ژیانی‌ ئه‌م وڵاته‌ بكه‌ن.

بۆیه‌ وه‌كو كاردانه‌وه‌یه‌كی‌ لۆژیكی‌ كۆمه‌ڵانی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان، بۆ یه‌كه‌مجار له‌ مێژوی‌ بیست ساڵه‌ی‌ ئه‌زمونی‌ سیاسی‌ كوردستاندا شه‌قامی كوردی‌ جوڵا و یه‌كه‌م كارتی‌ فشاری‌ خۆی‌ به‌كارهێنا، ئه‌وه‌بو گروپێكی‌ ئۆپۆزسیۆنی‌ نارده‌ په‌رله‌مان تاكو چیتر سیاسه‌تی‌ تاكڕه‌وانه‌ و پشتگوێخستن له‌م ده‌ڤه‌ره‌ درێژه‌ نه‌كێشێت، له‌مپه‌ڕێك بێت بۆ به‌ره‌و هه‌ڵدێر بردنی‌ ئه‌زمونی‌ خۆبه‌ڕێوه‌بردنی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان.

مه‌خابن چی رویدا؟ ئه‌وه‌ی‌ رویدا جگه‌ له‌ بێمنه‌تی‌ و بێباكی‌ ده‌سه‌ڵات له‌و دۆخه‌ نوێیه‌ی كه‌ له‌ په‌رله‌ماندا هاتۆته‌كایه‌وه‌ هیچی‌ ترمان بۆ به‌یان ناكات، بگره‌ ئاڕاسته‌ی‌ بیركردنه‌وه‌ی‌ ده‌سه‌ڵات به‌ره‌و ئه‌و ئاڕاسته‌یه‌ رۆیشت، كه‌ بیر له‌ به‌ یاسایی‌ كردنی‌ ئیحتیكاری‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ سیاسی‌ و ئابوری‌ هه‌مو كایه‌كانی‌ تری‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ كوردی‌ بكات، ئه‌ویش به‌ ده‌ركردنی‌ چه‌ند یاسایه‌ك كه‌ هه‌م به‌رته‌سككردنه‌وه‌ی ئازادی‌ له‌ كوردستان فه‌راهه‌ن ده‌كات، هه‌م گره‌نتی‌ مانه‌وه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ خۆی‌ ده‌كات بۆ ماوه‌یه‌كی‌ زۆر درێژ تر، ئه‌وه‌ بو كه‌ یاسای‌ خۆپیشاندانیان تێپه‌ڕاند و له‌ هه‌وڵدابون بۆ تێپه‌ڕاندنی‌ یاسای‌ دامه‌زراندنی‌ ده‌سته‌ی‌ گشتی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، كه‌ ئه‌مه‌ی‌ دواییان به‌هۆی‌ چه‌ند بارودۆخێكه‌وه‌ وه‌ستێنراوه‌، جگه‌ له‌وه‌ گوێنه‌دان به‌داخوازیه‌كانی‌ ئۆپۆزسیۆن له‌ په‌رله‌مان و كۆسپ خستنه‌به‌ر هه‌مو ئه‌و پێشنیار و داخوازیانه‌، كه‌ ئه‌م گروپه‌ له‌ په‌رله‌مان پێشكه‌ش به‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ په‌رله‌مانیان ئه‌كرد، تا وای‌ لێهات ئۆپۆزسیۆنیان له‌ بازنه‌یه‌كی‌ ته‌سكدا گه‌مارۆداو نه‌ مێزكوتان و نه‌ هوتاف كێشانی‌ ئۆپۆزسیۆن رێی‌ له‌ تێپه‌ڕاندنی‌ ئه‌و پڕۆژه‌ یاساییانه‌دا ده‌گرت، كه‌ زۆر به‌سه‌قه‌تی‌ ده‌چنه‌ بواری‌ جێبه‌جێ‌ كردنه‌وه‌ و ده‌بن به‌ یاسا.

ئه‌مه‌ وایكرد كه‌ تاڕاده‌یه‌كی‌ زۆر شه‌قامی‌ كوردی بێ ئومێد بێت، له‌وه‌ی‌ كه‌ بتوانرێ‌ له‌ رێگه‌ی‌ ئۆپۆزسیۆنه‌وه‌ گۆڕانكاری‌ بنه‌ڕه‌تی‌ له‌م دۆخه‌ چه‌ق به‌ستوه‌ی‌ كوردستاندا روبدات، نه‌ده‌كرا له‌وه‌ زیاتر چاوه‌ڕوانی‌ بكرێت، ناكرێت له‌وه‌ زیاتر ده‌سه‌ڵات خۆی‌ له‌ داواكاریه‌كانی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان بدزێته‌وه‌ و درێژه‌ به‌و دۆخه‌ بدات، سه‌رئه‌نجام شه‌قامی‌ كوردی‌ كارتی‌ فشاری‌ دوه‌می‌ به‌كارهێنا، كارتی‌ رژانه‌ سه‌ر شه‌قاماكان و راسته‌وخۆ داواكارییه‌كانی‌ به‌ره‌و روی‌ ده‌سه‌ڵات بكاته‌وه‌، كه‌ به‌ڕای من ئه‌گه‌ر هێزه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كان له‌به‌ر هه‌ر هۆكارێك بێت، ناتوانن هێنده‌ی‌ شه‌قام داواكارییه‌كانیان ئازایان و بێ شه‌رم كردن به‌ره‌وڕوی‌ ده‌سه‌ڵات بكه‌نه‌وه‌، چیتر رێگه‌ به‌ ده‌سه‌ڵات نه‌ده‌ن به‌ ئاره‌زوی‌ خۆی‌ له‌ژێر هه‌ر په‌رده‌ و بیانویه‌كدا بێت، خۆ له‌م داواكاریانه‌ بدزنه‌وه‌، چونكه‌ هه‌رخۆدزینه‌وه‌یه‌ك له‌م داواكاریانه‌ و گوێندان به‌خواستی‌ ره‌وای‌ كۆمه‌ڵانی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان و به‌ زه‌ره‌ری‌ راسته‌وخۆی‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ كوردستان ده‌شكێته‌وه‌، چونكه‌ شه‌قام خاوه‌نی‌ بڕیاری‌ كۆتایی ده‌بێت له‌م گه‌مه‌یه‌دا و دڵنیاش بن شه‌قام كارتی‌ زۆری‌ له‌ به‌رده‌ستدایه‌ بۆ به‌كارهێنانی‌، كه‌ ئه‌گه‌ر بێت و به‌كاریهێنا ده‌سه‌ڵات ده‌خاته‌ حاڵه‌تێكه‌وه‌، كه‌ هیچ كه‌س حه‌سودی‌ پێنابات.

 

 

Sbeiy.com © 2007