Print
 (ئاژاوه‌گێڕه‌كان) كێ نیین؟
Monday, February 28, 2011
رێبوار حه‌مه‌ تۆفیق

له‌ زانستی تاواندا، هه‌ر تاوانێك كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ مرۆڤه‌وه‌ هه‌بێت، به‌ته‌نها هه‌ڵگری یه‌ك ته‌فسیر و یه‌ك خوێندنه‌وه‌ی دیاریكراو نییه‌ و ده‌كرێت له‌ چه‌ندان ره‌هه‌ندی جیاوازه‌وه‌ سه‌یری ئه‌و تاوانه‌ بكرێت. ئه‌گه‌ر كه‌ڵكی خوێندنه‌وه‌ی جیاوازی روداوه‌كان، هۆكارێك بێت بۆ گه‌یشتن به‌ دروستترین بڕیاری دادپه‌روه‌رانه‌ به‌ سه‌ر تاوانباراندا، له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ باشترین رێگه‌یه‌ بۆئه‌وه‌ی به‌ یه‌ك ته‌فسیر و یه‌ك خوێندنه‌وه‌ی تاكه‌ كه‌سێك نه‌یه‌ت و روداوه‌كان كورت و بچوك بكاته‌وه‌ بۆ چه‌ند گوزارشتێك، كه‌ به‌ درێژایی دو ده‌یه‌ی پێشتر و به‌دیاریكراوتر له‌دوای شه‌ڕی ناوخۆوه‌ پێیان ئاشناین. په‌یوه‌ندی سه‌رۆك و ده‌سه‌ڵاتداران به‌ راگه‌یاندنه‌كانه‌وه‌ و هه‌ردولاشیان به‌ جه‌ماوه‌ره‌وه‌، له‌ زۆرترین نمونه‌ی پردی ته‌فسیری تاكڕه‌هه‌ندانه‌ و بوختان و ته‌نانه‌ت هه‌ندێك جاریش بڕیاردانی پێشوه‌ختدانه‌، وه‌ك له‌دوا نمونه‌ی ته‌فسیركردنی ده‌سه‌ڵات و راگه‌یاندنی حیزبی بۆ روداوی 17ی شوبباتدا بینیمان كه‌ به‌ (فیتنه‌ و ئاژاوه‌گێڕ) ئه‌و كه‌سانه‌یان ناساند كه‌ خۆپیشاندانیان ده‌كرد! قبوڵكردنی به‌شێكی زۆری ژێرخانی ئه‌م شێوه‌ بینینه‌ له‌ گوتاری سیاسی و كاری راگه‌یاندا، به‌ دیوه‌ خراپه‌كه‌یدا، بۆ ئه‌زمونی تاڵی جه‌ماوه‌ر له‌گه‌ڵ‌ ده‌سه‌ڵاتی به‌عس و به‌دیوه‌ باشه‌كه‌شیدا بۆ پێچه‌وانه‌ی هێنانه‌دی ئه‌و وێنانه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، كه‌ ده‌سه‌ڵاتی به‌عس نه‌یتوانی به‌رجه‌سته‌یان بكات. ئه‌زمونی دو ده‌یه‌ی پێشوتری ده‌سه‌ڵاتی كوردی، ئه‌وه‌ی ده‌رخست كه‌ نه‌ ه‌وه‌یه‌ كۆپی ده‌سه‌ڵاتی به‌عس بێت، نه‌ ئه‌وه‌شه‌ خه‌ونه‌كانی جه‌ماوه‌ر بێنێته‌دی، بۆیه‌ كاتێك ئه‌م دو ئه‌زمونه‌ له‌ خه‌ونی جه‌ماوه‌ردا به‌تاڵ‌ ده‌بنه‌وه‌، ئیتر په‌یوه‌ندی سه‌رۆك و راگه‌یاندن و جه‌ماوه‌ر پێده‌نێته‌ قۆناغێكه‌وه‌، كه‌ كه‌سیان ناتوانن ئه‌وی تریان به‌ئاسانی به‌و ئاقاره‌دا ببات كه‌ خۆی ده‌یه‌وێت.

تاوانی17ی شوببات، له‌ رێگه‌ی ته‌كنه‌لۆژیای مۆدێرنی بینیین و ئه‌و گرته‌ ڤیدیۆیانه‌وه‌ كه‌ له‌به‌رچاودان، رێگه‌ی بۆ حیكایه‌تخوانی حیزبی نه‌هێشته‌وه‌ كه‌ درێژه‌ به‌ حیكایه‌تی (چل توتی) بدات و بۆئه‌وه‌ی دڵی جه‌ماوه‌ر رازی بكات، چل رۆژ، چل حیكایه‌تی وه‌ك یه‌ك بگێڕێته‌وه‌! جه‌ماوه‌ر له‌گه‌ڵ‌ ده‌سه‌ڵاته‌كاندا، ئه‌وه‌نده‌ مۆدێلی سیاسی ئه‌زمون كردوه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵات نه‌توانێت به‌ ئاسانی و ته‌نها به‌ گێڕانه‌وه‌ی حیكایه‌ته‌كان خه‌ویان لێبخات. ئه‌مڕۆ جه‌ماوه‌ر دو به‌ره‌ی جیاواز و له‌هه‌مان كاتدا له‌یه‌ك جیانه‌كراوه‌شی له‌ پاڵ‌ حیزبه‌ مێژو درێژه‌كاندا پێكهێناوه‌، كه‌ بریتیین له‌ ده‌نگی خۆرسكانه‌ی جه‌ماوه‌ر و به‌ره‌ی سیاسی ئۆپۆزسیۆن. جیانه‌كردنه‌وه‌ی ئه‌م دو به‌ره‌یه‌ له‌یه‌كتری، هه‌مان ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ تاكڕه‌هه‌نده‌ هه‌ڵانه‌یه‌ كه‌ له‌ زمانی راگه‌یاندنی حیزبیدا هه‌یه‌ و تێكڕای ده‌نگی ئه‌م به‌ره‌یه‌ به‌ گێره‌شێوێن له‌ قه‌ڵه‌م ده‌دات. ئه‌وه‌ راسته‌ كۆی داواكارییه‌كانی ئه‌م دو به‌ره‌یه‌ له‌یه‌ك ده‌چن و زۆر له‌یه‌كتر نزیكن، به‌ڵام ئه‌مه‌ به‌ومانایه‌ نییه‌ كه‌ كتومت وه‌ك یه‌كن. به‌ بیرمانه‌ له‌ دوا هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستاندا، بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان توانی مۆدێلیێكی سیاسی نوێ‌ بهێنێته‌ ئاراوه‌ و ئه‌و بۆشاییه‌ له‌ بێمتمانه‌یی سیاسی پڕ بكاته‌وه‌ كه‌ لای به‌شێكی زۆری جه‌ماوه‌ر به‌ تایبه‌تی گه‌نجه‌كان هه‌بو. ئه‌مڕۆش به‌شێكی تری خۆرسكانه‌ی جه‌ماوه‌ر له‌سه‌ر شه‌قام هه‌یه‌، كه‌ ده‌یانه‌وێت ئه‌و بۆشاییه‌كی تری سیاسی پڕبكه‌نه‌وه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ‌ گۆڕانارییه‌كانی ناوچه‌كه‌دا هاتوه‌ته‌كایه‌وه‌، به‌هه‌ند وه‌رنه‌گرتنی قسه‌ و داواكانیان و كۆكردنه‌وه‌یان له‌ ده‌سته‌واژه‌ی فیتنه‌چی و ئاژاوه‌گێڕدا، هه‌ڵه‌یه‌كی مێژوی گه‌وره‌یه‌، چونكه‌ ئه‌وانه‌ی له‌سه‌ر شه‌قام كۆبونه‌ته‌وه‌، هه‌مویان له‌ به‌ره‌ی سیاسی ئۆپۆزسیۆن نین تا هه‌ردو حیزبی ده‌سه‌ڵات بتوانێت له‌ گفتوگۆیه‌كی حیزبیدا وابزانێت كۆتایی به‌ كۆبونه‌وه‌ و داواكارییه‌كان دێنن. هه‌روه‌ها هه‌ڵه‌یه‌ ئه‌گه‌ر به‌ره‌ی سیاسی ئۆپۆزسیۆنیش وابزانێت ئه‌وانه‌ی كه‌ كۆبونه‌ته‌وه‌، هه‌مو هه‌وادار و لایه‌نگری ئه‌وانن. ئه‌گه‌ر خاڵی سه‌ره‌كی له‌یه‌كچونی ئه‌م دوبه‌ره‌یه‌، بریتی بێت له‌ داڕمانی متمانه‌ و باوه‌ڕنه‌بون به‌ توانای چاكسازی هه‌ردو حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار، ئه‌وا خاڵی جیاوازیشیان له‌وه‌دایه‌ كه‌ هه‌ریه‌كه‌یان ئالییه‌تییه‌كی ئاڕاسته‌كردنی جیاوازیان هه‌یه‌ بۆ هێنانه‌دی ئه‌و ئامانجانه‌ی كه‌ هه‌ردولایان باوه‌ڕیان پێیه‌تی و ئیلهامیان له‌ روداوه‌كانی تونس و میسره‌وه‌ وه‌رگرتوه‌. باشترین به‌ڵگه‌ش بۆ كۆی ئه‌م قسانه‌ و دۆخه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئێستا وه‌ك چۆن له‌ هه‌ناوی داواكانی ئه‌م كۆبونه‌وه‌ جه‌ماوه‌رییه‌وه‌ چه‌ند گه‌نجێگی خوێن گه‌رم دێنه‌ سه‌ر شه‌قام به‌رد ده‌گرنه‌ باره‌گای حیزبی، به‌ هه‌مان شێوه‌ له‌ هه‌ناوی گه‌رموگوڕی هه‌مان كۆبونه‌وه‌ی جه‌ماوه‌رییه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌ ده‌یان ئه‌ندامی یه‌كێتی و پارتی دێنه‌ ناوه‌وه‌ و جوانترین نمونه‌ی خۆپیشاندان پێشكه‌ش ده‌كه‌ن.

كورتكردنه‌وه‌ی هه‌مو ره‌هه‌نده‌كانی17ی شوببات بۆ ده‌ستی فیتنه‌كار و ئاژاوه‌گێڕ، به‌ بچوك سه‌یركردنی كۆبونه‌وه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كان و نزیك نه‌بونه‌وه‌ له‌و خه‌ڵكه‌ی كه‌ ده‌ رۆژه‌ وه‌ڵامیان نادرێته‌وه‌، وه‌ك ئه‌و دروشمه‌ جێگه‌ی پێكه‌نینه‌ كه‌ ده‌وترا (تۆ بۆ هه‌مومانی و هه‌مومان بۆ تۆین)، چونكه‌ ئه‌مڕۆ ده‌ركه‌وت سه‌رۆك نه‌ك هه‌ر بۆ هه‌مومان نه‌بو، به‌ڵكو بۆ هه‌مو كه‌سوكاری قوربانییه‌كانی 17ی شوبباتش یه‌ك سه‌رۆك نه‌بو؟!

 

Sbeiy.com © 2007