Print
 پارتی بۆ؟
Monday, February 28, 2011
شوان حه‌مه

کۆی ئاماژه‌ی روداوه‌کانی چه‌ند رۆژی رابردو، له‌ خۆپیشاندانه‌وه‌ تا‌‌ ‌ته‌قه‌کردن‌ و خوێنڕشتن، پێمان ئه‌ڵێن‌ له‌ ئێستادا دو لایه‌نی سه‌ره‌کی له‌به‌رامبه‌ر یه‌کتردا وه‌ستاون. لایه‌نی یه‌که‌م‌ ئه‌و گه‌نجانه‌ن‌ که‌ نوێنه‌رایه‌تی نه‌وه‌یه‌کی فه‌رامۆشکراو ئه‌که‌ن، لایه‌نی دوه‌میش پارتییه‌ وه‌ک باڵاده‌ستترین حیزب له‌ کوردستان‌. ئایا بۆچی‌ له‌ ماوه‌یه‌کی کورتدا پارتی بو به‌ جه‌مسه‌ری سه‌ره‌کی دژه‌‌ خۆپیشانده‌ر؟ له‌ کاتێکدا به‌رپرسی پێشوی لقی چواری پارتی، ته‌نیا چه‌ند مانگێک له‌مه‌وبه‌ر له‌ دیدارێکی رۆژنامه‌ییدا رایگه‌یاند: "ئێمه‌ تائێستا له ‌سلێمانی‌ وه‌كو سه‌فاره‌تێك واین".! پرسیاری پارتی بۆ؟‌ پرسیارێکی سه‌رنجڕاکێش ‌و هه‌مانکات باڵکێشه‌! پرسیارێکه‌ خودی پارتی ‌و میدیا حیزبییه‌که‌ی‌ سه‌رسامکردوه‌! پرسیارێک تائێستا هیچ یه‌ک له‌ رۆشنبیر ‌و سیاسیه‌کانی پارتی نه‌یانتوانیوه‌‌‌ وه‌ڵامێکی دروستی بۆ بدۆزنه‌وه‌! بۆ هه‌ر چاودێرێک به‌ رونی ده‌رئه‌که‌وێت که‌ وشه‌ی "نازانم" ئه‌و وه‌ڵامه‌ هاوبه‌شه‌یه،‌ که‌ دواجار‌ میوانانی به‌رنامه یه‌ک ده‌نگ ‌و یه‌ک ره‌نگه‌کانی میدیای حیزب په‌نای بۆ ئه‌به‌ن! ئه‌و بێ وه‌ڵامییه‌ په‌شێوییه‌کی ئاشکرای له‌ خیتابی گشتی پارتیدا دروستکردوه‌. ره‌نگه‌ ناخۆشترین نوکته‌ی ئه‌م خیتابه‌ حیزبییه‌ له‌وه‌دا بێت‌ که‌ پارتی‌ خۆپێشانده‌ران به‌ "گێره‌شێوێنن ‌و تێکده‌ر و هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنراو" ناوئه‌بات‌، له‌ کاتێکدا به‌ قوربانیانیه‌کانی ناو خۆپیشانده‌ران ئه‌ڵێت: "شه‌هید"و هیوای چاکبونه‌وه‌ش بۆ برینداره‌کانی ئه‌خوازێت!

‌ هه‌ر ئه‌و په‌شێوییه‌ وای له‌ سه‌رکردایه‌تی سیاسی پارتی کردوه‌ لێدوانی جیاواز و دژبه‌یه‌ک بده‌ن. جارێک به‌ تۆمه‌تبارکردنی راسته‌وخۆی گۆڕان، جاریک به‌ پاشگه‌زبونه‌وه‌ له‌ تۆمه‌تبارکردنی گۆڕان، جارێک به‌ ره‌خنه‌گرتن له‌ داموده‌زگا ئه‌منیه‌کان وه‌ک ئاماژه‌یه‌ک بۆ یه‌کێتی،‌ جارێکیش به‌وه‌ی ده‌ستێکی شاراوه‌ له‌ پشتی "پیلانێکه‌وه‌یه‌.

بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاری پارتی بۆ؟ پێویسته‌ بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ رۆڵی پارتی‌ و کاریگه‌ری ئه‌و حیزبه‌ له‌سه‌ر ژیان ‌و گۆزه‌رانی خه‌ڵکی کوردستان به‌ گشتی ‌و نه‌وه‌ی‌ نوێ به‌تایبه‌تی.

ساڵانێکه‌ پارتی له‌سه‌ر مه‌ستییه‌کی قوڵ‌ و غرورێکی گه‌وره‌ و گوێپێنه‌دانێکی بێخه‌مدا ئه‌ژی. غرورێک وای له‌و حیزبه‌ کردوه‌ زۆربه‌ی توێژه‌ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانی کۆمه‌ڵگای کوردی له‌ خۆی بڕه‌نجێنێت‌. پرسی ده‌سه‌ڵات له‌ کوردستان که‌ پارتی تیایدا بێجگه‌ له‌ حیزب، پۆسته‌کانی سه‌رۆکی هه‌رێم‌ و سه‌رۆکی په‌رله‌مان ‌و تا ماوه‌یه‌کیش له‌مه‌وبه‌ر... بۆ ساڵانێکی زۆر پۆستی سه‌رۆکی حکومه‌تی هه‌بو، پرسێکی ته‌واو گرنگه‌، ئایا پارتی به‌و هه‌مو پۆسته‌ لوتکه‌ییه‌وه‌‌ تاچه‌ند توانیویه‌تی ته‌بایی ‌و هاوئاهه‌نگی ‌و به‌رده‌وامبون له‌گه‌ڵ رای گشتیدا دروستبکات‌؟‌ تا چه‌ند ئه‌و حیزبه‌ هه‌وڵیداوه‌ پردی لێکتێگه‌یشتن ‌و دیالۆگ له‌نێوان خۆیی ‌و نه‌وه‌ی نوێدا بونیاد بنێت‌؟ له‌ راستیدا ئه‌وکاته‌ی گه‌نجه‌ خۆپیشانده‌ره‌کان به‌ ده‌سه‌ڵاتی پارتی ئه‌ڵێن "بڕوخێ"‌و به‌ زێره‌ڤانی ئه‌ڵێن "بکشێوه‌‌" و داوای دادگاییکردنی به‌رپرسانی حیزبه‌که‌ ئه‌که‌ن، ئه‌یانه‌وێت ئه‌و راستییه‌مان بۆ ئاشکرا بکه‌ن که‌ سیاسه‌تی ئه‌و حیزبه‌ له‌به‌رامبه‌ر گه‌نجاندا تائێستا سیاسه‌تێکی فاشل بوه‌‌. که‌یسه‌کانی تیرۆرکردنی سۆرانی مامه‌ حه‌مه ‌و سه‌رده‌ست عوسمان‌، دادگاییکردنی رۆژنامه‌ و رۆژنامه‌نوسه‌ ئازاده‌کان، گوێنه‌گرتن له‌ رۆشنبیره‌ گه‌وره‌کانی نه‌ته‌وه‌که ‌و سوکایه‌تیکردن پێیان‌، تۆمه‌تبارکردنی گه‌نجان به‌نه‌بونی ئینتیمای نه‌ته‌وه‌یی‌، گرنگپیدان به‌ ناوچه‌یه‌ک له‌سه‌ر حسابی ناوچه‌یه‌کیتر، ئیفلیجکردنی په‌رله‌مان‌ و هه‌وڵدان بۆ کپکردنی ده‌نگی ئۆپۆزسیۆن له‌ هه‌ردو په‌رله‌مانی کوردستان‌ و عێراق‌‌، له‌ هه‌مو ئه‌مانه‌ش گرنگتر خه‌مساردی پارتی له‌ پرسی گه‌نده‌ڵی خۆگێلکردن له‌وه‌ی کوا و له‌ کوێ گه‌نده‌ڵی هه‌یه‌! هۆکاری گرنگ‌و گه‌وره‌ی دروستبونی ئه‌م دۆخه‌ی ئێستان که‌ بونه‌ته‌ هۆی به‌رفراوانبون ‌و چونه‌سه‌ری (هه‌ستی دژه‌ پارتی).

 به‌ دڵنیاییه‌وه‌ له‌ کاتی خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م نوسینه‌دا پرسیارێکی تر دێته‌ پێش سه‌باره‌ت به‌ جێگه‌ و رێگه‌ی یه‌کێتی له‌ هاوکێشه‌که‌دا؟ له‌ تێگه‌یشتنی گشتیدا یه‌کێتی هێزێکی پاشه‌کشه‌پێکراوی دوا هه‌ڵبژاردنه‌کانی په‌رله‌مانی کوردستانه‌، به‌تایبه‌ت له‌ سلێمانی که‌ ئه‌مڕۆ چاوگه‌ی ناڕه‌زایه‌تیه‌کانه‌. یه‌کێتی هێزێکی که‌م کارتی سیاسیه‌‌ و تاڕاده‌یه‌کی زۆریش گوێڕایه‌ڵی فشاره‌کانی پارتی هاوپه‌یمانه‌. ئه‌مه‌ بێجگه‌ له‌‌‌و هه‌واڵه‌ وه‌رزییانه‌ی لێره‌و له‌وێ باسی‌ بونی کێشه ‌و ناهاوڕایی نێوان کوتله‌کانی ناو ئه‌و حیزبه ئه‌که‌ن‌‌. هه‌ر بۆیه‌ به‌‌و‌ هه‌لومه‌رجه‌ی ئێستاوه چاوه‌ڕوانی کرده‌ی گۆڕینی گه‌وره‌ له‌ یه‌کێتی ناکرێت. هه‌مانکات ئاینده‌ی ئه‌و حیزبه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی داهاتودا تاڕاده‌یه‌کی زۆر نا دیاره‌. له‌م نێوه‌دا خاڵێکی جیاکاری که‌ بۆ یه‌کێتی حساب ئه‌کرێت که‌ به‌هه‌رحاڵ نیگه‌تیڤ نییه‌، ئه‌وه‌یه‌ که‌ له روداوه‌کانی ئه‌م دواییه‌دا یه‌کێتی وه‌ک پارتی گه‌نجانی شاری نه‌دا‌یه‌ به‌ر ده‌ستڕیژی بی که‌ی سی.

نه‌ ئه‌سته‌مه‌ نه‌ دره‌نگه‌‌ نه‌ شه‌رمه‌‌‌ بۆ پارتی، دان به‌ هه‌ڵه‌کانی خۆیدا بێنێت ‌و داوای لێبوردن له‌ گه‌نجانی هه‌رێمه‌که‌ بکات‌. به‌شێوه‌یه‌کی بنه‌ڕه‌تی به‌ سیاسه‌ته‌کانی رابردوی خۆیدا بچێته‌وه‌. له‌وه‌ تێبگات که‌ ئه‌م زه‌مه‌نه‌ به‌ هه‌مو ره‌هه‌نده‌کانییه‌وه‌ زه‌مه‌نێکی جیاوازو نوێیه.

به‌ دڵنیاییه‌وه‌ سبه‌ینێش دروشمی "بڕوخێ" له‌ نسیبی هه‌ر هێزێکی سیاسی تر ئه‌بێت، که ده‌سه‌ڵات بگرێته‌ ده‌ست ‌و هاوشێوه‌ و هاو ره‌فتار و هاودیده‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئێستای کوردستان بێت.

Sbeiy.com © 2007