Print
 پارتی‌و هێنانی هێز بۆ سلێمانی
Monday, February 28, 2011
هه‌ورامان وریا قانع

هێنانی ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ی هێز بۆ شاری سلێمانی كه‌ به‌پێی هه‌ندێ سه‌رچاوه‌ نزیكه‌ی سێ هه‌زار چه‌كداره‌ ‌و له‌ زێره‌ڤانی ‌و ئاسایشی پارتی ‌و پاراستن پێكهاتون، له‌یه‌ككاتدا هه‌ڵگری چه‌ندین مه‌سج ‌و مانایه‌ كه‌ ده‌كرێ هه‌ندێكیان له‌م سێ خاڵه‌ی خواره‌وه‌دا كورت بكه‌مه‌وه‌.

یه‌كه‌م: بۆ شكاندنی هه‌یبه‌ت ‌و شكۆی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستانه‌ كه‌ فه‌رمانڕه‌وایی شاره‌كه‌ به‌ده‌ست ئه‌وه‌وه‌یه‌. پارتی له‌م هێنانی هێزه‌دا به‌ یه‌كێتی ده‌ڵێ تۆ كه‌ نه‌توانی له‌ناوجه‌رگه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌تدا پارێزگاری له‌ باره‌گایه‌كی ئێمه‌ بكه‌یت، ئه‌وا ئێمه‌ خۆمان ده‌توانین ‌و پێویستمان به‌ تۆ نییه‌. ئێمه‌ بۆ به‌رگریكردن له‌ كادرانمان له‌ هه‌ر شوێن ‌و جێگایه‌كدابێت، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له‌ قوڵایی قه‌ڵه‌مڕه‌وی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی تۆشدابێت، هێز ده‌نێرین ‌و پارێزگارییان لێده‌كه‌ین. تۆ ئه‌گه‌ر له‌ناوچه‌كانی خۆتدا ئه‌من ‌و ئاسایشی پارتی دیموكراتی كوردستانت پێ ناپارێزرێت، ئه‌وا ئێمه‌ به‌ مه‌چه‌ك ‌و بازوی هێزه‌كانی خۆمان ئه‌و كاره‌ ده‌كه‌ین. ئه‌مه‌ش جۆرێك له‌ رێزنه‌گرتن‌و تاڕاده‌یه‌ك سوكایه‌تیه‌كی ناڕاسته‌وخۆیه‌ به‌و هێزه‌ سه‌ربازیانه‌ی ناو سلێمانی كه‌ ئه‌من ‌و ئاسایشی شاره‌كه‌یان له‌ ئه‌ستۆدایه‌.

دوه‌م: پارتی به‌م هه‌نگاوه‌ی ده‌یه‌وێ ئه‌وه‌ به‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ‌و سه‌ركردایه‌تی ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌ بڵێت: له‌هه‌ر شوێنێك بێت ده‌ستی ده‌گاتێ ‌و ده‌توانێ له‌ڕێگه‌ی هێزه‌وه‌ په‌لاماری بدات یاخود فشاری مه‌ترسیداری بخاته‌سه‌ر. ده‌یه‌وێت راسته‌وخۆ پێی بڵێت له‌ سنوری ئه‌م شاره‌دا گه‌مارۆیده‌دا ‌و لێناگه‌ڕێت چیتر په‌لبهاوێت ‌و ئه‌گه‌ر پێویستیشیكرد هێز به‌كارده‌هێنێت. ئه‌م مه‌سجه‌ی پارتی زۆر رون ‌و ئاشكرایه‌ ‌و ده‌مێكه‌ پارتی به‌نیازی ئه‌وه‌یه‌ هێز ‌و جه‌به‌روتی خۆی هه‌م پیشانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ‌و هه‌م پیشانی خه‌ڵكی سلێمانی بدات ‌و به‌رده‌وام به‌شوێن روداوێكدا ده‌گه‌ڕا كه‌ تێیدا بتوانێت نمایشێكی سه‌ربازی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی بكات. ده‌مێكه‌ پارتی له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی سنوری ده‌سه‌ڵاتی خۆی، شانۆیه‌كی عه‌سكه‌رتاری نمایشبكات ‌و بینه‌ره‌كانی ئه‌و هاوڵاتیانه‌بن كه‌ به‌ جۆرێك له‌ جۆره‌كان ئاشنایه‌تیه‌كی باشیان له‌گه‌ڵ ده‌نگ ‌و ره‌نگی ئه‌ودا نییه‌.

حه‌زێكی دێرنی پارتی هه‌یه‌ بۆ خۆده‌رخستنی له‌ناو كوچه‌ ‌و كۆڵان ‌و شه‌قامه‌كانی سلێمانیدا، له‌مێژه‌ ئاواتی ئه‌وه‌یه‌ قافڵه‌ی ئۆتۆمۆبیله‌ سه‌ربازییه‌كانی له‌ تاسڵوجه‌وه‌ بێن به‌مدیودا ‌و له‌شاڕێی سالم ‌و سه‌هۆڵه‌كه‌ بوه‌ستن‌و تاڕاده‌یه‌ك ترس ‌و دڵه‌ڕاوكه‌ له‌ناخی دانیشتوانی شاره‌كه‌دا بچێنن. له‌مێژه‌ خه‌ون به‌وه‌وه‌ده‌بینێ به‌و جبه‌خانه‌ گه‌وره‌یه‌وه‌ خۆی بكات به‌ ناوچه‌ی سه‌وز ‌و شوێنی سه‌ره‌كی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، تاكو بۆیان بسه‌لمێنێت له‌هه‌رئان ‌و ساتێكدا بێت، ده‌توانێ به‌ئاسانی بگاته‌ سه‌ریان ‌و له‌به‌رده‌میاندا راوه‌ستێت.

پارتی له‌ زوه‌وه‌ ئاره‌زویه‌كی گه‌وره‌ی هه‌یه‌ بۆ پیشاندانی كۆماندۆ ‌و زێره‌ڤانی ‌و هه‌مه‌ره‌كانی دور له‌ دهۆك ‌و هه‌ولێر، دور له‌ ناوچه‌ی زه‌رد ‌و قه‌ڵه‌مڕه‌وی خۆی. پارتی هه‌ستده‌كات ‌و ته‌واو له‌وه‌ دڵنیایه‌ له‌ ناوچه‌ی بادینان ‌و له‌ پایته‌ختی هه‌رێم، پێویستی به‌و نمایشه‌ سه‌ربازییه‌ ‌و به‌و خۆده‌رخستنه‌ گه‌وره‌ ‌و به‌رفراوانه‌ نییه‌. پێویستی به‌ جوڵاندنی وه‌ك ده‌ڵێن لیوایه‌ك له‌ هێزی پڕچه‌ك ‌و تۆكمه‌ نییه‌، به‌ڵام له‌ ده‌ڤه‌ری سلێمانی ‌و له‌ناو جه‌رگه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ‌و ده‌سه‌ڵاتی یه‌كێتیدا، زۆر پێویستی به‌و هێز جوڵانه‌ ‌و به‌و خۆده‌رخستن ‌و نمایشه‌یه‌. عه‌یامێكه‌ ده‌یه‌وێت له‌و رێگه‌یه‌وه‌ بڵێ من حیزبی سه‌رتاسه‌ری كوردستانم ‌و له‌ هه‌ر بسته‌ خاكێكی ئه‌م هه‌رێمه‌دا، گه‌ر بمه‌وێت سوپا ‌و هێزی خۆم جێگیرده‌كه‌م. به‌ڵام كێشه‌ی هه‌ره‌ سه‌ره‌كی ئه‌وه‌یه‌ پارتی ناتوانێت ئه‌و حه‌ز‌و خه‌ونه‌ دێرینه‌ی، به‌شێوه‌یه‌كی ئاشتیانه‌ ‌و بێ شه‌ڕ‌وپه‌لاماردان، له‌م شاره‌دا به‌دیبێنێت. ئه‌م پارته‌ له‌ دوای راپه‌ڕینه‌وه‌ تائێستا، ته‌نها دوجار توانیویه‌تی هێزی سه‌ربازی ‌و جبه‌خانه‌كه‌ی له‌م شاره‌دا پیشانبدات، ته‌نها دوجار ئه‌و شانۆ عه‌سكه‌رتاریه‌ی خۆی نمایشكردوه‌، یه‌كه‌میان له‌ كاره‌ساتی 31 ئاب ‌و دوه‌میان له‌ دوای 17/2 بو. هه‌ردو جاره‌كه‌ش به‌ڕژانی خوێن ‌و به‌ كوشتن ‌و برینداربونی ده‌یان ‌و سه‌دان هاوڵاتی كۆتاییهاتوه‌. له‌ هه‌ردوجاره‌كه‌دا چه‌ندین خه‌ڵكی بێتاوان بونه‌ته‌ قوربانی ‌و ماڵوێران ‌و كاولكاری گه‌وره‌ ‌و مه‌ترسیداری به‌دوایخۆیدا هێناوه‌. به‌مانایه‌كیتر هه‌مو هاتنێكی سه‌ربازیانه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان ‌و هه‌مو خۆنمایشكردنێكی هێزه‌كانی بۆ سلێمانی، به‌ كاره‌ساتی گه‌وره‌ ‌و تراژیدیای خوێناوی كۆتاییپێهاتوه‌.

لێره‌وه‌ واباشتره‌ ئه‌م حیزبه‌ كوردییه‌، لانی كه‌م له‌ ئێستادا ‌و تا چه‌ندین نه‌وه‌ی دیكه‌، واز له‌و خه‌ونه‌ دێرینه‌ی بێنێت، خه‌ونی هاتنی ئۆردوی بێشوماری بۆ سلێمانی، چونكه‌ هاتنی ئه‌و ئۆردوه‌ چه‌ند قه‌به‌ ‌و زلبێت، بارته‌قای ئه‌وه‌ش ئه‌و مه‌رگ ‌و خوێنه‌ی لێیده‌كه‌وێته‌وه‌ گه‌وره‌‌و زلتره‌. له‌ ئێستادا پارتی دیموكراتی كوردستان ئه‌و بون ‌و ئاماده‌ییه‌ی له‌ هه‌ولێر ‌و به‌تایبه‌تی له‌ ناوچه‌ی بادینان هه‌یه‌تی، مه‌حاڵه‌ بتوانێت له‌ ناوچه‌ی سلێمانیدا هه‌یبێت، ئه‌وه‌ راستییه‌كی تاڵه‌ بۆ پارتی، وه‌لێ ده‌بێ دانی پێدابنێت‌و بچێته‌ژێرباری، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی چیتر كوڕ و گه‌نجی ئه‌م ناوچه‌یه‌ نه‌بنه‌ قوربانی ‌و نه‌كه‌ونه‌ به‌ر ده‌ستڕێژی ته‌قه‌كردنه‌كان.

سێیه‌م: پارتی له‌ هێنانی ئه‌م هێزه‌ زه‌به‌لاحه‌یدا بۆ سلێمانی، ده‌یه‌وێ پێشوه‌خت ‌و به‌شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ ئه‌وه‌مان پێ بڵێ كه‌ هیچ كه‌س ‌و لایه‌نێك، به‌تایبه‌تی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، نه‌وێرن بیر له‌وه‌ بكه‌نه‌وه‌ له‌ ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی پارتیدا خۆپیشاندان سازبكه‌ن. واته‌ ئه‌م نمایشه‌ سه‌ربازییه‌ له‌ به‌شێكیدا مه‌سجێكه‌ بۆ خه‌ڵكی هه‌ولێر ‌و ناوچه‌كانی دیكه‌ی ژێر كۆنترۆڵی خۆی‌و پێیان ده‌ڵێ من ده‌توانم به‌زه‌بری هێز خۆپیشاندان نه‌ك له‌ پایته‌خت، به‌ڵكو له‌و شوێنه‌ی كه‌ بونی من ته‌نها بونێكی سیاسی ‌و مه‌عنه‌وییه‌، دامركێنم ‌و رێگری لێبكه‌م.

ئه‌م خاڵه‌یان ترساندنێكی پێشوه‌ختی خه‌ڵكی ناڕازیی ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی پارتییه‌. پارتی به‌م مه‌سجه‌ی به‌و هاوڵاتییه‌ ناڕازیانه‌ی شاره‌كانی ده‌ره‌وه‌ی سلێمانی ده‌ڵێ من گه‌ر بتوانم له‌ كه‌متر له‌ 24 كاتژمێردا ئه‌و هێزه‌ زه‌به‌لاحه‌ كۆبكه‌مه‌وه‌ ‌و بیگه‌یه‌نمه‌ سلێمانی ‌و نیشته‌جێیان بكه‌م ‌و بۆ هه‌مو ئه‌گه‌رێك ئاماده‌یان بكه‌م، ئیدی ئێوه‌ی ژێر قه‌ڵه‌مڕه‌وی خۆم، زۆر به‌ئاسانی ‌و ته‌نها به‌ هێزێكی بچكۆلانه‌، ده‌توانم له‌چاوتروكاندنێكدا بگه‌مه‌ سه‌رتان ‌و كۆنتڕۆڵتان بكه‌م ‌و لێنه‌گه‌ڕێم ئه‌وه‌ی له‌وێ رویدا هه‌رگیز لێره‌ روبدات. به‌مانایه‌كیتر ئه‌م به‌شه‌ی مه‌سجی هێنانی سوپا بۆ سلێمانی، بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌س نه‌وێرێت له‌ پایته‌خت ‌و شوێنه‌كانی دیكه‌ ته‌نانه‌ت بیر له‌ خۆپیشاندان ‌و ناڕه‌زایی ده‌ربڕینی له‌و شێوه‌یه‌ بكاته‌وه‌.

Sbeiy.com © 2007