Print
 شه‌ڕی‌ ساردی‌ نێوان شه‌هرستانی‌ ‌و حكومه‌تی‌ هه‌رێم
Sunday, December 2, 2007

راپۆرت: ئه‌له‌ند مه‌حوی‌

لێدوانه‌ تونده‌كانی‌ حسێن شه‌هرستانی‌ وه‌زیری‌ نه‌وتی‌ عێراقی‌ بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ ئه‌و گرێبه‌سته‌ نه‌وتییانه‌ی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌گه‌ڵ‌ كۆمپانیا بیانییه‌كان ئه‌نجامی‌ داوه‌ نێچیرڤان بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانی‌ ناچاركرد هه‌ڕه‌شه‌ی‌ بێده‌سه‌ڵاتی‌ شه‌هرستانی‌ له‌ ئاست ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ روونبكاته‌وه‌
پاش په‌سه‌ندكردنی‌ یاسای‌ نه‌وت ‌و گازی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌مانگی‌ ئابی‌ رابردوودا له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی‌ كوردستانه‌وه‌، حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان نزیكه‌ی‌ (15) گرێبه‌ستی‌ نه‌وتی‌ له‌گه‌ڵ‌ چه‌ندین كۆمپانیای‌ ئه‌مریكی‌، كه‌نه‌دی‌، نه‌رویجی‌، توركی‌، فه‌ڕه‌نسی‌ ئیمزاكردووه‌‌و ئه‌م گرێبه‌ستانه‌ش حكومه‌تی‌ عێراقی‌ توڕه‌كردووه‌ به‌وه‌ی‌ كه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم په‌له‌ده‌كات له‌ ئیمزاكردنی‌ گرێبه‌ست، به‌پاساوی‌ ئه‌وه‌ی‌ «ئه‌نجامدانی‌ گرێبه‌ستی‌ نه‌وت له‌ گه‌ڵ‌ كۆمپانیای‌ بیانی‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ ئه‌ودا نییه‌».
حوسه‌ین شه‌هرستانی‌، وه‌زیری‌ نه‌وتی‌ عێراق له‌میانی‌ به‌شداریكردنی‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كانی‌ رێكخراوی‌ (ئۆپیك) رایگه‌یاند: هه‌ر كۆمپانیایه‌ك به‌بێ‌ ره‌زامه‌ندی‌ حكومه‌تی‌ عێراق گرێبه‌ستی‌ نه‌وتی‌ مۆربكات رێگای‌ كاركردنی‌ له‌ عێراق له‌ داهاتوودا لێ‌ قه‌ده‌غه‌ده‌كرێت. هۆشیاریشیدا كه‌ عێراق رێگا نادات ئه‌و كۆمپانیایانه‌ نه‌وتی‌ ده‌رهێنراوی‌ ئه‌و بیره‌ نه‌وتییانه‌ به‌رنه‌ ده‌ره‌وه‌، ئه‌و چه‌ند لێدوانه‌ توندانه‌ی‌ وه‌زیری‌ نه‌وتی‌ عێراقی‌ له‌ دووهه‌فته‌ی‌ رابردوودا، به‌و مه‌به‌سته‌یه‌ كه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ناچاربكات ده‌سه‌ڵاتی‌ لێدانی‌ بیره‌نه‌وت له‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا له‌حكومه‌تی‌ هه‌رێم بستێنێته‌وه‌و بۆ ئیمزاكردنی‌ ئه‌و گرێبه‌ستانه‌ هه‌رێم بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ به‌غدا.
له‌به‌رپه‌رچدانه‌وه‌یه‌كیشدا رۆژی‌ یه‌كشه‌ممه‌ نێچیرڤان بارزانی‌ ـ سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ لێدوانێكیدا، رایگه‌یاند: كه‌ ده‌مه‌وێت زۆر به‌ روونی بڵێم (حوسێن شه‌هرستانی) وه‌زیری نه‌وتی عێراق، ناتوانێت یه‌ك گرێبه‌ستی نه‌وتیش هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌، بارزانی‌ وتیشی‌: «حكومه‌تی هه‌رێمی هیچ به‌هایه‌ك بۆ لێدوانه‌كانی (شه‌هرستانی) دانانێت».
لێدوانه‌كانی‌ وه‌زیری‌ نه‌وت‌و هه‌ندێك له‌ به‌رپرسانی‌ دیكه‌ی‌ به‌غدا، به‌ بیانووی‌ ئه‌وه‌یه‌‌ كه‌ تا ئێستا یاسای‌ نه‌وت‌و گاز له‌ په‌رله‌مانی‌ عێراقدا په‌سند نه‌كراوه‌، له‌كاتێكدا حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان 15 گرێبه‌ستی‌ له‌گه‌ڵ‌ 20 كۆمپانیای‌ وه‌به‌رهێنانی‌ نه‌وتدا ئیمزاكردووه‌،
دكتۆر بایه‌زید حه‌سه‌ن ـ ئه‌ندامی‌  لیژنه‌ی‌ نه‌وت‌و گازی‌ پارله‌مانی‌ عێراق، له‌باره‌ی‌ دوا كه‌وتنی‌ په‌سه‌ندكردنی‌ پڕۆژه‌یاسای‌ نه‌وت‌و گازی‌ عێراقه‌وه‌ به‌ رۆژنامه‌ی‌ راگه‌یاند ره‌شنووسێكی‌ پڕۆژه‌ یاسای‌ نه‌وت‌و گازی‌ عێراق هه‌بوو كه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم‌و حكومه‌تی‌ ناوه‌ند ئیمزایان له‌سه‌ر كردبوو، به‌ڵام دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ «چووه‌ ئه‌نجومه‌نی‌ شورای‌ ده‌وڵه‌ت ده‌ستكاری‌ كراوه‌، به‌شێوه‌یك كه‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ هه‌رێمی‌ تێدا كه‌مكراوه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ ئێمه‌ش رامانگرتووه‌ تا ئه‌و كاته‌ی‌ كه‌ ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ ده‌هێنرێت كه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ئیمزای‌ له‌سه‌ر كردووه‌».
وتیشی‌: «كه‌ به‌پێی‌ ده‌ستووری‌ عێراق‌و به‌پێی‌ هه‌ردوو ماده‌ی‌ 111و 112 گرێبه‌سته‌ نه‌وتییه‌كانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان یاساییه‌‌و هه‌رێمی‌ كوردستانیش به‌شێكه‌ له‌ عێراق‌و داهاتی‌ ئه‌و گرێبه‌ستانه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ مه‌ركه‌ز‌و پاشان به‌پێی‌ رێژه‌ی‌ دانیشتووان دابه‌شده‌كرێت».
ماده‌ی‌ (111) ده‌ستوری‌ عێراق ده‌ڵێت: «نه‌وت‌و گاز موڵكی‌ هه‌موو گه‌لی‌ عێراق له‌ هه‌موو پارێزگا‌و هه‌رێمه‌كاندا»‌و ماده‌ی‌ (112)ش ده‌ڵێت: «حكومه‌تی‌ فیدڕاڵی‌ هه‌ڵده‌ستێت به‌ به‌ڕێوه‌بردنی‌ نه‌وت‌و گازی‌ ده‌رهێنراو له‌ چاڵه‌ نه‌وتییه‌كاندا به‌هاوبه‌شی‌ له‌گه‌ڵ‌ پارێزگا‌و هه‌رێمه‌كاندا‌و به‌رهه‌مه‌كه‌ی‌ به‌یه‌كسانی‌ دابه‌شده‌كرێت به‌سه‌ر سه‌رجه‌م دانیشتووانی‌ وڵاتدا، له‌گه‌ڵ‌ ده‌ستنیشانكردنی‌ پشكێك بۆ ئه‌و هه‌رێمانه‌ی‌ زیانبار بوون بۆ كاتێكی‌ دیاریكراو» هه‌روه‌ها له‌ به‌ندی‌ دووی‌ هه‌مان ماده‌دا هاتووه‌ كه‌ حكومه‌تی‌ فیدڕاڵی‌‌و حكومه‌تی‌ هه‌رێمه‌كان‌و پارێزگاكان هه‌ڵده‌ستن به‌ ده‌رهێنانی‌ نه‌وت‌و گاز به‌نه‌خشه‌یه‌كی‌ ستراتیژییانه‌ بۆ گه‌شه‌پێدانی‌ وڵات‌و قازانجی‌ گه‌لی‌ عێراق به‌ پێشكه‌وتووترین رێگا ده‌رده‌هێنرێت‌و ده‌خرێته‌ بازاڕه‌كانی‌ عێراقه‌وه‌».
شاره‌زایانی‌ بواری‌ وه‌به‌رهێنان پێیان وایه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی‌ كوردستان به‌نیازه‌ له‌ ماوه‌ی پێنج ساڵی‌ داهاتوودا به‌رهه‌می نه‌وت بگه‌یه‌نێته‌ ملیۆنێك به‌رمیل له‌رۆژێكدا، ئه‌گه‌ر ئه‌م كێشه‌یه‌ی‌ له‌گه‌ڵ‌ حكومه‌تی‌ مه‌ركه‌زیدا كاره‌كانی‌ رانه‌وه‌ستێنێت.
دكتۆر بایه‌زید رای‌ وایه‌: ئه‌گه‌ر یاسای‌ نه‌وت‌و گازی‌ عێراق له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه‌ په‌سه‌ند بكرێت، ئه‌وكاته‌ ئه‌م كێشه‌یه‌ی‌ نێوان هه‌رێم‌و ناوه‌ند له‌سه‌ر گرێبه‌ستی‌ نه‌وت چاره‌سه‌ر ده‌بێت.
كۆمپانیایی‌  (دی. ئێن. ئۆ)ی‌ نه‌رویجی‌ كه‌ له‌ ناوچه‌ی زاخۆ كارده‌كات‌و گه‌ڕانیان له‌ كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كاندا ته‌واو كردووه‌‌و له‌ قۆناغی گه‌شه‌پێداندان، هه‌رچه‌نده‌ به‌پێی‌ تازه‌ترین هه‌واڵ‌ دوای‌ وته‌كانی‌ شه‌هرستانی‌ له‌هه‌فته‌ی‌ رابردوودا، ئه‌و كۆمپانیایه‌ كاره‌كانی‌ راگرتووه‌، به‌ڵام جه‌مال عه‌بدوڵڵا وته‌بێژی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌و باره‌یه‌وه‌ به‌ رۆژنامه‌ی‌ راگه‌یاند: ئه‌و كۆمپانیایه‌ به‌ ره‌سمی‌ هیچ شتێكی‌ پێشكه‌شی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان نه‌كردووه‌، بۆ راگرتنی‌ كاره‌كانی‌.
هه‌روه‌ها پـێشـتریش وه‌زیری نه‌وتی عێراق گرێبه‌سـتێـكی پـێشـووی نه‌وتی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی به‌ نایاسایی‌ له‌قه‌مدا كه‌ له‌گه‌ڵ‌ كۆمپانیایه‌كی بیانی به‌ناوی هنت ئۆیل مۆری كردبوو.
به‌پێی‌ زانیاریه‌كانی‌ ڕۆژنامه‌ دوو له‌ گرێبه‌سته‌كانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم  كه‌ له‌ ناوچه‌ی‌ مه‌لا ئۆمه‌ر و شۆڕش ده‌كه‌ونه‌ پارێزگای هه‌ولێره‌وه‌ و دراون به‌ كۆمپانیایه‌كی ئه‌وروپی به‌ناوی‌ (Aktiengesellschaft).
هه‌روه‌ها گرێبه‌ستتێك له‌گه‌ڵ‌ كۆمپانیای گێمه‌یل ئینێرجی توركی- كه‌نه‌دی كراوه‌ كه‌ له‌ ته‌قته‌ق كارده‌كه‌ن‌و گه‌ڕان‌و پشكنینیان ته‌واو كردووه‌و ئێستا له‌ قۆناغی بیری هه‌ڵسه‌نگاندندان‌و وا چاوه‌ڕوان ده‌كرێـت دوو ساڵی ئاینده‌ بگاته‌ به‌رهه‌م.
هه‌روه‌ها كۆمپانیای پیره‌نگۆ كوردستان لینیتد فه‌ره‌نسیه‌‌و له‌ ناوچه‌ی ئامێدی كارده‌كات‌و تازه‌ گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵ كراوه‌.

،هه‌روه‌ها ناوچه‌ی‌ بجیل - ئاكرێ له‌ پارێزگای دهۆك دراوه‌ به‌ كۆمپانیای (Kalegran Limited)‌و گرێبه‌ستی‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تیش ئیمزاكردووه‌.
 هه‌روه‌ها گروپی‌ كۆمپانیای‌ (ریلایه‌نسی‌ پیشه‌سازی‌) به‌ هاوبه‌شی‌ له‌گه‌ڵ كۆمپانیاكانی‌ رۆفی‌ و سارتادا دوو گرێبه‌ستی‌ به‌رهه‌مهێنان و دۆزینه‌وه‌ی‌ نه‌وتیان له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ئیمزاكردووه‌.
هه‌روه‌ها گرێبه‌ستێك له‌گه‌ڵ كۆمپانیای ویستلن زاگرۆس كه‌ كه‌نه‌دیه‌ كراوه‌و له‌ناوچه‌ی گه‌رمیان كارده‌كه‌ن، ئه‌وانیش ئێستا له‌ قۆناغی گه‌ڕانن‌و بڕیار وایه‌ ساڵی ئاینده‌ یه‌كه‌م بیری پشكنین لێبدن.
هه‌روه‌ها كۆمپانیای پێت بڕایم كه‌ دوو كۆمپانیای توركی‌و ئه‌مه‌ریكین گرێبه‌ستیان له‌گه‌ڵ كراوه‌ له‌ ناوچه‌ی بنه‌باوێن له‌ پارێزگای هه‌ولێر كارده‌كه‌ن‌و ئێستا له‌ قۆناغی سه‌ره‌تادان‌و خه‌ریكی پشكنینی ناوچه‌كه‌ن.
هه‌روه‌ها  گرێبه‌ستێكیش بۆ پاڵێوگه‌یه‌ك كراوه‌ كه‌ له‌ ناوچه‌ی ته‌قته‌ق كارده‌كات كه‌ هێشتا ئیمزا نه‌كراوه‌، به‌ڵام له‌ڕووی مه‌بده‌ئیه‌وه‌ گه‌یشتوینه‌ته‌ ڕێككه‌وتن، كه‌ ئه‌ویش هه‌ر له‌گه‌ڵ كۆمپانیای گێمه‌یێل ئینێرجی توركی- كه‌نه‌دی كراوه‌.
كۆمپانیای هه‌ره‌تچ ئینێرجی میدل لینیتد كه‌ كۆمپانیایه‌كی كه‌نه‌دیه‌ له‌ ناوچه‌ی سلێمانی كارده‌كات‌و تازه‌ گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵ ئیمزا كراوه‌.
هه‌روه‌ها كۆمپانیای هاندی ئه‌مه‌ریكی گرێبه‌ستێكی‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی‌ هه‌رێم ئیمزاكردووه‌ له‌ناوچه‌ی بادینان‌و ناوچه‌كانی سه‌ر به‌پارێزگای دهۆك‌و گرێبه‌سته‌كه‌شیان تازه‌یه‌.
حكومه‌تی هه‌رێمی‌ كوردستان پێداچوونه‌وه‌ی بۆ ئه‌و گرێبه‌ستانه‌ش كردووه‌ كه‌ به‌ر له‌ ده‌رچوونی یاسای نه‌وت‌و گازی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ئیمزا كراون، بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵ‌ یاساكه‌ بگونجێن.
ده‌سته‌ی‌ زانایانی‌ مسوڵمان له‌ عێراق  له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا كه‌ مانگی‌ هه‌شتی‌ ئه‌مساڵ‌ بڵاویانكرده‌وه‌ داوا له‌ كۆمپانیا بێگانه‌كان ده‌كات گرێبه‌ستی‌ نه‌وت له‌گه‌ڵ‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمدا نه‌به‌ستن.
 زانایانی‌ مسوڵمانان له‌ عێراق له‌و به‌یاننامه‌یه‌دا رایانگه‌یاند په‌رله‌مانی‌ كوردستان له‌ژێر كاریگه‌ری‌ سیاسییه‌كانیه‌وه‌ یاسای‌ نه‌وت‌و غازی‌ په‌سندكردووه‌ كه‌ رێگه‌ به‌دروستكردنی‌ كۆمپانیای‌ نه‌وتی‌ نیشتمانی‌ تایبه‌ت به‌خۆیان ده‌دات‌و هه‌روه‌ك رێگه‌شیداوه‌ ‌  گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ‌ كۆمپانیاكان ببه‌ستن».
هه‌روه‌ك هاتووشه‌ كه‌ سیاسییه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان مافی‌ ئه‌وه‌یان نییه‌ به‌ئاره‌زووی‌ خۆیان  سه‌روه‌تی‌ نه‌وتی‌ عێراقی‌ به‌كاربێنن، چونكه‌ نه‌وت له‌ هه‌ركوێی‌ عێراقدا بێت موڵكی‌ هه‌موو عێراقییه‌كانه‌ نه‌ك موڵكی‌ تایه‌فه‌یه‌ك یان نه‌ته‌وه‌یه‌ك یاخود گروپێكی‌ دیاریكراو.
كێشه‌كه‌ گه‌وره‌تر بوو دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ رۆژی‌ 20/11 عه‌بدولهادی‌ حه‌سانی‌ ـ جێگری‌ سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ نه‌وت‌و غاز له‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق له‌ لێدوانێكیدا به‌ئاژانسی‌ ده‌نگه‌كانی‌ عێراقی‌  راگه‌یاند كه‌ حكومه‌تی‌ ناوه‌ندی‌ ده‌توانێت له‌رێگه‌ی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ خۆی‌ له‌گه‌ڵ‌ وڵاتانی‌ دراوسێوه‌ نه‌هێڵێت حكومه‌تی‌ هه‌رێم نه‌وت بۆ ده‌ره‌وه‌ بنێرێت.
ناوبراو ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكردبوو كه‌ ئه‌و  قازانجه‌ی‌ كه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم داویه‌تی‌ به‌ كۆمپانیاكان خه‌یاڵییه‌ كه‌ له‌نێوان 15و 18% دایه‌‌و ئه‌گه‌ر ئه‌و گریبه‌ستانه‌ جێبه‌جێ‌ بكرێن ئه‌وا عێراق به‌ملیاره‌ها دۆلار زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بێت.
داواشی‌ له‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم كرد «به‌ بڕیاره‌كه‌ی‌ خۆیدا بچێته‌وه‌، چونكه‌ به‌پێی‌ ماده‌ی‌ 111ی‌ ده‌ستوری‌ عێراقی‌ سه‌روه‌تی‌ نه‌وت موڵكی‌ هه‌موو عێراقه‌‌و ده‌بێت به‌یه‌كسانی‌ دابه‌شبكرێت.
له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م قسانه‌دا له‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌نووسییه‌كه‌یدا سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وتی: «ئه‌و قسه‌یه‌ راست نییه‌‌و بابێن سه‌یری گرێبه‌سته‌كان بكه‌ن، به‌ڵام ئه‌وان له‌گه‌ڵ‌ ئێمه‌ دانانیشن، هه‌ربۆیه‌ له‌لای خۆیان ئه‌و جۆره‌ بۆچوونانه‌یان دروستكردووه‌.
نێچیرڤان بارزانی‌ ـ سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان باسی‌ له‌وه‌شكرد كه‌ ئێمه‌ ئه‌و گرێبه‌ستانه‌ی كه‌ بۆ ده‌رهێنانی نه‌وت له‌گه‌ڵ‌ كۆمپانیا بیانییه‌كان ئیمزامان كردووه‌، رێككه‌وتنمان هه‌یه‌ كه‌ به‌سه‌ر هه‌موو گه‌لی عێراق دابه‌شده‌كرێت‌و ته‌نیا 17% به‌ر هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌وێت.
كێشه‌ی‌ نێوان حكومه‌تی‌ مه‌ركه‌زی‌‌و حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌سه‌ر ئه‌و گرێبه‌سته‌ نه‌وتیانه‌ی‌ كه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم ئیمزای‌ كردووه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ مانگانه‌ به‌سه‌دان به‌رمیل نه‌وتی‌ عێراق به‌قاچاخ ده‌ڕواته‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ عێراق‌و‌ ده‌زگای‌ گشتیی‌ نه‌زاهه‌ش داوایه‌كی‌ ئاڕاسته‌ی‌ ده‌زگای‌ سه‌رۆكایه‌تیی‌ په‌رله‌مان كردووه‌ تا دانیشتنێكی‌ تایبه‌ت ته‌رخان بكات بۆ خستنه‌ رووی‌ ئه‌و زانیارییانه‌ی‌ ده‌زگا پێی‌ گه‌یشتووه‌‌و به‌ به‌ڵگه‌وه‌ ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنن كه‌ چه‌ند لایه‌نێك نه‌وتیان دزیوه‌.

 

 

 

Sbeiy.com © 2007