وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده
پێشنیاركراوی كۆنگره‌ی په‌روه‌رده‌یی كه له رۆژانی 22 – 24 ئایاری 2007 له هه‌ولێری پایته‌خت به‌سترا
كورته‌ی پرۆژه‌كه:
ئه‌م پرۆژه‌یه پێكهاتووه له:
1- پێشه‌كی: باس له به‌ها بنه‌ماییه‌كانی قوتابخانه ده‌كات.
2- ئامانجه‌كان: ئه‌و ئامانجانه‌ی كه چاوه‌ڕوانكراون، له ئه‌نجامی به پراكتیكردنی گۆڕانكارییه‌كان، به دهستبهێنرێن.
3- هۆكاره‌كان: به وردی باس له‌و هۆكارانه ده‌كرێت كه وایكردووه گۆڕانكارییه‌كانی سیستمی په‌روه‌رده و فێركردن پێوستییه‌كی هه‌نوكه‌یی ئه‌مڕۆی خوێندن بێت له‌كوردستاندا.
4- ریفۆڕم و گۆرانكارییه بنه‌ره‌تییه‌كان: ئه‌م به‌شه باس له ریفۆڕم و گۆڕانكارییه بنه‌ره‌تی و پێویستییه‌كانی ناو سیستمی په‌روه‌رده و فێركردن ده‌كات.
5- هه‌ڵسه‌نگاندن و به‌دواچوون.
6- كۆتایی
پڕۆژه‌ی گۆڕینی سیستمی په‌روه‌رده و فێركردن
پێشه‌كی:
سه‌رده‌می گلۆبالیزم و ته‌كنیكی نوێ پێویستی به سیستمی په‌روه‌رده‌ی نوێ هه‌یه، به‌رهه‌می سیستمه‌كه نه‌وه‌یه‌كی بروابه‌خۆ بوو، دیموكرات، دڵسۆز به خاكی كوردستان و ده‌روون ته‌ندروسته.
پرنسیپه دیموكراتییه‌كانی ناو قوتابخانه توانای تاكه كه‌س له‌نێو پۆلدا له‌به‌رچاو ده‌گرێت، به شێوه‌یه‌ك كه نه‌ك هه‌ر مامۆستا چالاك و قوتابیانیش پاسیڤ بن، به‌ڵكو توانا و ئاستی جیاوازی گه‌شه‌ی قوتابیان و خوێندكاران له‌به‌رچاو بگرێت و خوێندن و وانه وتنه‌وه له پۆلدا به پێی ئه‌و توانایانه رێكبخرێت بۆ ئه‌وه‌ی منداڵانی كوردستان ئه‌و سالانه‌ی ته‌مه‌نیان به سوودترین شێوه به‌كاربهێنن.
له سیستمی نوێی فێركاریدا كچ و كوڕ هاونرخ و یه‌كسانن له هه‌موو ماف و ئه‌ركێكدا، پرس و كێشه‌ی ژنان و ئافره‌تان به راشكاوی باسی لێده‌كرێت و هۆكار و ئه‌نجامی ئه‌و دیارده تاڵانه‌ی مافی ژیان له كچان و ژنانی كوردستان ده‌سێنێت، ده‌خرێته به‌ر رۆشنایی زانست.
سیستمی فێركاری له كوردستان، پشتبهسته به پرنسیپه دیموكراتییه‌كان، خوێندن و په‌روه‌رده له قوتابخانه‌كانی كوردستاندا ده‌بێت به شێوه‌یه‌ك پێڕهوبكرێت كه به‌ها بنه‌ماییه‌كانی قوتابخانه ببێته به‌ها به‌رزه‌كانی قوتابی و خوێندكار، تا بتوانن به شێوه‌یه‌كی سه‌ربه‌ست و له‌ژێر به‌رپرسیاریدا به‌شداری له ژیانی كۆمه‌ڵدا بكه‌ن.
خۆشه‌ویستی بۆ خاك و نیشتمان و په‌روه‌رده‌كردنی منداڵانی كوردستان به گیانی نیشتمانپه‌روه‌رێتی ده‌بێت له هه‌موو پله‌كاندا په‌یامێكی زۆر گرنگی قوتابخانه بێت.
به‌ها بنه‌ماییه‌كانی قوتابخانه بریتین له به‌رز راگرتنی ژیانی مرۆڤ، یه‌كسانی ژن و پیاو، سه‌ربه‌ستی تاكه‌كه‌س، به‌رابه‌ری نرخی مرۆڤ و پشتگیری ئه‌وانه‌ی پێویستیان به یارمه‌تی هه‌یه، رێزگرتنی یاسا، دڵفراوانی، لێبوردن و به‌رپرسیاریی ئه‌و پرنسیپانه‌ن كه قوتابخانه قوتابی پێ په‌روه‌رده ده‌كات.
هیچ جۆره سه‌ركوتكردن و بێزاركردنێكی قوتابی و خوێندكار، فیزیكی یا ده‌روونی، له‌ناو سیستمی فێركاری كوردستاندا رێگای پێ‌نادرێت و له‌كاتی سه‌رهه‌ڵدانیدا قوتابخانه له بنبڕكردنی به‌رپرسیاره.
سیستمی په‌روه‌رده له‌كوردستاندا سیستمێكی كراوه و شه‌فافه، رێگاده‌دات به هه‌بوونی بیروبۆچوونی جیاواز و قوتابی په‌روه‌رده ده‌كات كه خاوه‌ن هه‌ڵوێست بێت، هه‌ست به به‌رپرسیاری و به‌شداری له ژیانی كۆمه‌ڵدا بكات، كاری قوتابخانه به‌خشینی دڵخوشییه له خوێندن و له كاردا به قوتابی.
سیستمی په‌روه‌رده رێز له هه‌موو تاكی قوتابی ده‌گرێت و خوێندنه‌كه ده‌گونجێنێت له‌گه‌ڵ ئاست و پێویستی قوتابیاندا، قوتابی ناوه‌نده و هه‌موو سیستمه‌كه له پێناوی گه‌یاندنی به‌ها به‌رزه‌كان و زانست به قوتابی كار ده‌كات.
ئه‌ركی قوتابخانه گه‌یاندنی زانسته به قوتابی، په‌روه‌رده كردن و ئاماده كردنی قوتابییه به پشتیوانی دایك و باوك بۆ ژیانی گه‌وره ساڵی بۆ ئه‌وه‌ی به شێوه‌یه‌كی سه‌ربه‌ست له‌ژێر به‌رپرسیاریدا به‌شداریی كاریگه‌ر له ژیانی كۆمه‌ڵدا بكات.
خوێندن و په‌روه‌رده بریتییه له گه‌یاندنی زانست، كلتور، زمان و به‌ها بنهماییهكانه له‌نه‌وه‌یه‌كه‌وه بۆ نه‌وه‌یه‌كی تر، قوتابخانه له گه‌یاندنی به‌رپرسیارێتی دا هاوكار و پشتگیری ماڵه‌وه‌یه.
قوتابخانه ده‌رگای بیركردنه‌وه، داهێنان و ده‌ستپێشخه‌ری بۆ قوتابی ئاوه‌ڵا ده‌كات و بواری ژیانێكی سه‌ربه‌خۆی بۆ دهردهخسێنێت.
زانست واته ئاشنا بوون به راستییه‌كان، وه‌رگرتنی زانیاری، تێگه‌یشتن و توانای چاره‌سه‌ركردنی گرفته، نه‌ك دهرخكردن (له‌به‌ركردن)، وانه وتنه‌وه هه‌موو شێوه‌كانی كاری ته‌نیاو گروپ و پرۆژه ده‌گرێته‌وه، قوتابی به‌شدارێكی چالاكه، مامۆستاش به‌ڕێوه‌به‌ری گه‌یاندنی زانسته.
ئه‌زموونه‌كان پێوه‌ری كۆنتروَڵكردن نین، به‌ڵكو یه‌كێكن له پێوه‌ره‌كانی هه‌ڵسه‌نگاندن و بهدواچووندا له پێناوی گه‌یاندنی قوتابی به ئامانجه‌كانی.
هۆكاره‌كانی گۆڕینی سیستمی په‌روه‌رده و فێركردن
1- رێژه‌ی به‌رزی نه‌خوێنده‌وار له كۆمه‌ڵگای كوردستاندا.
2- شه‌ش ساڵی خوێندنی ئیلزامی كه‌مه بۆ ئه‌وه‌ی ئاماده‌ی منداڵان و گه‌نجان بۆ كۆمه‌ڵگای سه‌رده‌م بكات.
3- وازهێنانی قوتابی به خوێندن، یه‌كێك له‌و هۆكارانه‌ی كه قوتابی واز له خوێندن ده‌هێنێت، سه‌رنه‌كه‌وتن و ده‌رنه‌چوونه له پۆلی شه‌شی سه‌ره‌تاییدا.
4- پێویستی بوونی ژینگه‌یه‌كی دیموكرات له‌ناو قوتابخانه‌كاندا.
5- ئاستی نزمی رێژه‌ی ده‌رچوون له پۆله‌كانی شه‌شی سه‌ره‌تایی، سێی ناوه‌ندی شه‌شی ئاماده‌یی.
6- ئاستی نزمی خوێندن و توانا له چاو پێویستی بازاڕی كاری نوێ‌دا.
7- خوێندن له كوردستان زۆر تیۆرییه و دووره له پراكتیكی كار و پێویستییه‌كانی كۆمه‌ڵه‌وه.
ئامانجه‌كانی گۆڕینی سیستمی په‌روه‌رده و فێركردن
1- بنبڕكردنی یا كه‌مكردنه‌وه‌ی وازهێنان له خوێندن
ئاشكرایه كه وازهێنان له خوێندن له كوردستان، له قۆناغی شه‌شی سه‌ره‌تایی بۆ یه‌كی ناوه‌ندی بۆته كێشه‌یه‌كی گه‌وره و ساڵانه ژماره‌یه‌كی زۆر منداڵانی ته‌مه‌ن 12-13 ساڵ واز له خوێندن ده‌هێنن و ده‌كه‌ونه بازاری كاره‌وه، گرنگترین ئامانجی گۆڕینی سیستمی په‌روه‌رده و فێركردن له‌ئه‌مڕۆدا كه‌مكردنه‌وه یا بنبركردنی وازهێنانه له خوێندن.
2- یاسای كاری نێوده‌وڵه‌تی
له وڵاته دیموكراتییه‌كانی جیهاندا یاسای كاری نێوده‌وڵه‌تی رێگا نادات كه منداڵ له ته‌مه‌نێكی كه‌مدا بكه‌وێته بازاڕی كاره‌وه و كاربكات، به ئیلزامیكردنی خوێندن بۆ (9) نۆ ساڵ واده‌كات كه منداڵ له ته‌مه‌نێكی كه‌مدا نه‌كه‌وێته ناو بازاری كاره‌وه، به‌م گۆڕانكارییانه كوردستان نزیكده‌بێته‌وه له یاسای كاری نێو ده‌وڵه‌تی دیموكراتییه‌وه و دوورده‌كه‌وێته‌وه له به‌كارهێنانی منداڵ له بازاری كاردا.
3- به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی توانای كادرانی په‌روه‌ده‌یی له‌كوردستاندا :
كاركردن له بواری په‌روه‌رده و فێركردندا پێویستی به كارمه‌ندی په‌روه‌رده‌یی ئاستبه‌رز و به توانا هه‌یه، سیستمی فێركاری سیستمێكه هه‌رده‌م له گۆڕانكاری و به‌ره‌وپێشه‌وه چووندایه، هه‌ربۆیه ده‌بێت ئاستی زانستی و زانیاری كادره‌كان له‌پێشكه‌وتندا بێت و بوار بڕه‌خسێنێت به بواری پێشكه‌وتن و به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی مامۆستایان‌دا.
4- پێویستی كۆمه‌ڵی سه‌رده‌م:
كۆمه‌ڵ و بازاڕی سه‌رده‌م پێویستی به مرۆڤی به توانا و خوێنده‌وار هه‌یه، خوێندن تا پۆلی شه‌شی سه‌ره‌تایی پێویستییه‌كانی بازاڕی كاری كۆمپیوته‌ر و ئه‌له‌كترۆنیك و گلوبالیزم پڕ ناكاته‌وه، هه‌ر بۆیه گرنگه كه خوێندنی سه‌ره‌تایی 9 ساڵی ئیلزامی بێت.
5- ئه‌و به‌هایانه‌ی كه منداڵانی 12-15 ساڵ پێویسته پێی په‌روه‌رده بكرێن:
یه‌كێك له گرنگترین كات، بۆ وه‌رگرتنی به‌ها و دروستبوونی كه‌سایه‌تی له ته‌مه‌نی مرۆڤدا، ته‌مه‌نی 12-15 ساڵییه، بۆ ئه‌وه‌ی منداڵانی كوردستان ببنه ئه‌ندامی بڕوابه‌خۆ بوون، داهێنه‌ر، به توانا‌و خاوه‌ن بیروبۆچوون و پرنسیپی به‌رزی مرۆڤایه‌تی، ده‌بێت له كه‌شێكی وادا په‌ره‌وه‌رده بكرێن كه بڕوامان به سه‌روه‌ری یاسا و خۆشه‌ویستی وڵات و یه‌كسانی ژن و پیاو هه‌بێت، ئه‌م به‌هایانه‌ش له قوتابخانه‌دا ده‌گه‌یه‌نرێت، نه‌ك له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان.
6- به پراكتیككردنی خوێندنی سه‌ره‌تایی و ئاماده‌یی و نزیككردنه‌وه‌ی له بازاڕی كار و خوێندنی باڵا:
یه‌كێك له ئامانجه‌كانی گۆڕانكارییه‌كان بریتییه له به پراكتیككردنی خوێندن و وانه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی قوتابی و خوێندكار زانیاری و زانست به شێوه‌ی پراكتیكیش وه‌ربگرن نه‌ك هه‌ر به ته‌نها به تێوری بیزانن.
ڕیفۆرم و گۆڕانكارییه بنه‌ڕه‌تییه‌كان:
له‌به‌ر رۆشنایی به‌ها بنه‌ماییه‌كانی قوتابخانه، ئامانج و هۆكاره‌كانی گۆڕینی سیستمی په‌روه‌رده و فێركردن، به‌شداربووان له كۆنگره‌ی په‌روه‌رده له رۆژانی 22-24 مانگی پێنجی ساڵی 2007 دا له سه‌ر ئه‌م گۆڕانكارییه (ریفۆرمه) بنه‌ره‌تییانه رێككه‌وتن:
یه‌كه‌م/قوناغی سه‌ره‌تایی:
1- نۆ ساڵی خوێندنی ئیلزامی:
واته قۆناغی ناوه‌ندی نامێنێت و قۆناغی سه‌ره‌تایی ده‌گۆڕێت بۆ قۆناغی (9)نۆ ساڵی بنه‌ڕه‌تی پابه‌ندبوون (ئیلزامی) له ساڵی خوێندنی 2007/2008 ده‌ستپێده‌كات بۆ ئه‌و قوتابییانه‌ی كه پایزی 2007 ده‌چنه پۆلی شه‌ش و ساڵێكی تر تاقیكردنه‌وه‌ی شه‌شی به كالۆری ناده‌ن، له ساڵی خوێندنی 2008-2009 ده‌چنه پۆلی حه‌وت، بڕوانامه‌ی شه‌ش نامێنێت بۆ ئه‌و قوتابییانه‌ی كه له ساڵی خوێندنی 2007/2008 له پۆلی شه‌شن.
به پێی یاسا بڕیار ده‌درێت كه هه‌موو منداڵێكی كوردستان ده‌بێت نۆ ساڵ بخوێنێت.
خوێندنه‌كه، له پۆلی یه‌ك بۆ پۆلی نۆ ده‌بێت له‌ژێر لێكۆڵینه‌وه و لێپرسینه‌وه و به‌دواداچووندا بێت، به‌م كاره بازدانی دراماتیكی و گه‌وره له شه‌شی سه‌ره‌تاییه‌وه بۆ یه‌كی ناوه‌ندی نامێنێت ئه‌م بازدانه دراماتیكییه گه‌وره‌یه یه‌كێكه له هۆكاره‌كانی وازهێنان له خوێندن، هه‌نگاوه‌كه زۆر گه‌وره‌یه به لای منداڵانی ته‌مه‌ن دوانزه و سیانزه ساڵییه‌وه، ئه‌مڕۆ دیواری نێوان خوێندنی سه‌ره‌تایی و خوێندنی ناوه‌ندی زۆر به‌رزه، بۆ زۆر قوتابی سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر ئه‌و دیواره‌دا كارێكی ئاسته‌نگه.
خوێندنی بنه‌ڕه‌تی ده‌بێته (9)نۆساڵ و قوتابخانه‌كانی كوردستانیش له پۆلی یه‌كه‌وه تا پۆلی نۆیان ده‌بێت، زۆر گرنگه كه منداڵه‌كان، له پۆلی یه‌كه‌وه تا پۆلی سێی بنه‌ڕه‌تی به پێی توانا یه‌ك یان چه‌ند مامۆستایه‌كی كه‌م زۆربه‌ی زۆری وانه‌كانیان پێبڵێنه‌وه، ئه‌مه دڵنیاییه‌كی زۆر لای منداڵان دروستده‌كات، له‌هه‌مانكاتدا ئه‌ركی مامۆستا ئاسانده‌كات، به‌و شێوه‌یه‌ی كه خوێندنه‌كه پچرپچر ناكات، به‌ڵكۆ هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه منداڵ سوود و قازانجی خوێندن ده‌بینێت و لای خۆشه‌ویست ده‌بێت، نه‌مانی قۆناغی ناوه‌ندی و بوونی یه‌ك تا نۆی بنه‌ڕه‌تی دڵنیایی لای قوتابیان دروستده‌كات.
مه‌رجنییه پۆلی یه‌كه‌م تا پۆلی نۆ له هه‌ر هه‌مان قوتابخانه دابن، ده‌كرێت هه‌ندێ قوتابخانه له پۆلی 1 – 9 ی هه‌بێت، یان هه‌ندێك قوتابخانه پۆلی 1 – 3 له قوتابخانه‌یه‌ك و 4 – 6 له قوتابخانه‌یه‌ك و 7 – 9 له قوتابخانه‌یه‌كی تر، بینا گرنگ نییه و بڕیارده‌ر نییه، به‌ڵكو سیستمه‌كه بڕیارده‌ره كه 1 تا 9 یه‌و ئیلزامیییه.
2- دیارده‌ی مانه‌وه له پۆله‌كانی یه‌ك تا سێی بنه‌ڕه‌تی نامێنێت:
پۆله‌كانی قوتابخانه‌ی بنه‌ڕه‌تی گرنگییه‌كی گه‌وره‌ی له ژیانی منداڵاندا هه‌یه و كاریگه‌رییه‌كی راسته‌وخۆ له‌سه‌ر ژیانی گه‌وره ساڵی به‌جێده‌هێڵێت.
هاوكات له‌گه‌ڵ په‌روه‌رده‌كردنی منداڵان له پۆله‌كانی سه‌ره‌تای قۆناغی بنه‌ڕه‌تیدا له‌سه‌ر بناغه‌ی به‌ها بنه‌ماییه‌كان، منداڵان فێری خوێندنه‌وه و نووسین و ژماردنیش ده‌بن، ئه‌مه‌ش یه‌كێكه له گه‌وره‌ترین هه‌نگاو له ژیانی مرۆڤدا. له كوردستان منداڵان له ته‌مه‌نی شه‌ش ساڵیدا ده‌ست به قوتابخانه ده‌كه‌ن، له پۆلی یه‌كه‌م و دووه‌م و سێیه‌می بنه‌ڕه‌تیدا ده‌رنه‌چوون نامێنێت، ئه‌مه‌ش هه‌نگاوێكی زۆر گرنگه بۆ ئه‌وه‌ی منداڵان ئاره‌زوویان له خوێندن دانه‌بڕێت و زیاتر بڕوا و متمانه‌یان لادروستببێت، هاوكات له بری نمره‌دانان، له ساڵی خوێندنه‌كه‌دا دووجار به‌ته‌نیا مامۆستای به‌رپرسی پۆل (مێنتور) له‌گه‌ڵ منداڵه‌كه و دایك و باوكی منداڵه‌كه‌دا، له‌ژێر ناوی دیداری گه‌شه‌دا كۆده‌بێته‌وه، پێش ئه‌م دیدارانه ده‌بێت مامۆستای به‌رپرس زانیاری ته‌واوی ده‌رباره‌ی ئاستی زانستی قوتابییه‌كه له‌و مامۆستایانه‌ی تر كه قوتابییه‌كه هه‌یه‌تی له وانه‌كانی تردا كۆكردبێته‌وه.
قوتابخانه ساڵی دووجار دیداری گه‌شه، به ئاماده‌بوونی مامۆستای به‌رپرسی پۆل له‌گه‌ڵ قوتابی و دایك و باوكی‌دا، جارێك له نیوه‌ی یه‌كه‌می ساڵی خوێندن و جاری دووه‌میش نیوه‌ی دووه‌می ساڵی خوێندن رێكده‌خات.
ئه‌ركی مامۆستای به‌رپرسی پۆل (مێنتور):
- پشت گیریكردن و یارمه‌تیدانی قوتابی له‌خوێندندا.
- په‌یوه‌ندیكردن به دایك و باوكی قوتابییه‌وه هه‌فته‌ی جارێك له‌ڕێگای نامه‌ی هه‌فتانه‌وه.
- په‌یوه‌ندیكردن به دایك و باوكی قوتابییه‌وه ئه‌گه‌ر گرفتێك یا كێشه‌یه‌ك هه‌بوو.
- ئاگاداركردنی دایك و باوك له ئه‌نجامه‌كانی خوێندنی قوتابی.
- بینینی دایك و باوكی قوتابی له دیداری گه‌شه‌كردندا.
ئه‌گه‌ر له‌پۆلێكدا زانرا كه چه‌ند منداڵێك پێویستیان به یارمه‌تی زیاتر هه‌یه، ده‌بێت یارمه‌تییان بۆ ته‌رخانبكرێت له‌كاتی ده‌وامی ساڵدا، نه‌ك به دانانی مۆركی ته‌مه‌ڵی به ناوچه‌وانیانه‌وه و سزایان بدرێت، ئه‌م دیارده‌یه له‌كوردستاندا كاریگه‌ری بۆ سه‌ر پرۆسه‌ی فێركاری و وازهێنان له خوێندن هه‌یه، هه‌ڵسه‌نگاندن و به دوا داچوون له‌لایه‌ن مامۆستایان جێگای نمره دانان ده‌گرێته‌وه.
3- تاقیكردنه‌وه‌ی نیوه‌ی ساڵ له قوَناغی بنه‌ڕه‌تیدا نامینێت.
4- تاقیكردنه‌وه‌ی به‌كالۆری پۆلی شه‌شی بنه‌ڕه‌تی نامێنێت:
چونكه تاقیكردنه‌وه‌ی به‌كالۆری له پۆلی شه‌شی بنه‌ڕه‌تی بۆ منداڵی دوانزه ساڵ زۆر كارێكی ئاسته‌نگه له‌ڕووی ده‌روونییه‌وه، له ئه‌مڕۆی كوردستاندا ژماره‌یه‌كی زۆر قوتابی له پۆلی شه‌شدا واز له قوتابخانه ده‌هێنن، به نه‌مانی تاقیكردنه‌وه‌ی به‌كالۆری دیواری ترس و دڵه راوكێی منداڵیش به‌رامبه‌ر قوتابخانه و خوێندن ده‌ڕوخێت و وازهێنان له خوێندن و نه‌خوێنده‌واری كه‌مده‌بێته‌وه.
5- له بڕی تاقیكردنه‌وه‌ی به‌كالۆری له پۆلی شه‌شدا:
تاقیكردنه‌وه‌ی میللی له پۆلی پێنجی بنه‌ڕه‌تی، له زمانی كوردی، ماتماتیك و زمانی ئینگلیزی و بابه‌ته‌كانی تر كه پێویستن جێگای تاقیكردنه‌وه‌ی به‌كالۆری پۆلی شه‌ش ده‌گرێته‌وه، (بڕوانه هاوپێچه‌ی ژماره یه‌ك: له بری تاقیكردنه‌وه‌ی به‌كالۆری پۆلی شه‌ش).
مه‌به‌ست له نووسینی تاقیكردنه‌وه‌ی میللی له پۆلی پێنجی بنه‌ڕه‌تیدا، زوو ده‌رك كردنه به ئاستی تێگه‌یشتن و زانینی منداڵان، چونكه تا زووتر قوتابخانه ده‌رك به‌و كۆسپ و ته‌گه‌رانه بكات كه له به‌رده‌م گه‌شه‌كردنی منداڵاندان، چاره‌سه‌ركردنیان ئاسانتره، ئه‌م ئه‌نجامه‌ش وه‌ك پێوه‌رێك بۆ به‌راورد له نێوانی قوتابخانه‌كانی كوردستاندا به‌كارده‌هێنرێت. ئه‌نجامی تاقیكردنه‌وه‌ی میللی وه‌كو ئه‌نجامی یه‌ك له‌تاقیكردنه‌وه مانگانهییهكانی وه‌رزی دووه‌م ده‌بێت له ته‌واوی بابه‌ته‌كانی خۆیدا یارمه‌تیده‌رێكه بۆ مامۆستا، له هه‌ڵسه‌نگاندنی ئاستی زانیاری و زانستی قوتابییه‌كاندا، قوتابی به‌كۆی ئه‌نجامی گشتیی هه‌موو تاقیكردنه‌وه‌كان، به تاقیكردنه‌وه‌ی میللیشه‌وه ئه‌نجامی كۆتایی وه‌رده‌گرێت، ده‌بێت له هه‌موو كوردستاندا یه‌ك تاقیكردنه‌وه‌ی میللی هه‌بێت، ئه‌ویش له سه‌ر ئاستی په‌روه‌رده‌ی قه‌زاكان بێت واباشتره:-
أ- تاقیكردنه‌وه‌كه بكه‌وێته سێ رۆژی هه‌فته‌ی یه‌كه‌می مانگی نیسانی هه‌موو ساڵێكی خوێندن.
ب- پرسیاره‌كانی تاقیكردنه‌وه‌ی میللی له سه‌ر ئاستی په‌روه‌رده‌ی قه‌زاكان به لیژنه ده‌بێت.
ج- پشكنینی تێنووسه ئه‌زموونییه‌كان له‌لایه‌ن هه‌مان مامۆستای بابه‌تی قوتابخانه ده‌بێت وه‌كو یه‌كێك له ئه‌ركه په‌روه‌رده‌ییه‌كانی سه‌رشانی مامۆستا.
به‌نه‌مانی تاقیكردنه‌وه‌ی به‌كالۆری پۆلی شه‌ش بڕوانامه‌ی قۆناغی سه‌ره‌تایی نامێنێت.
سیستمی به‌كالۆری له پۆلی شه‌شدا، له‌كاتێكدا كه ته‌مه‌نی منداڵان له دوانزه ساڵ تێپه‌ڕ ناكات، خه‌ونێكی ترسناكه و دنیای بێگه‌رد و ساكاری منداڵییان ده‌شێوێنێت.
ئه‌و بڕوانامه و زانیارییانه‌ی كه منداڵێكی ته‌مه‌ن دوانزده ساڵ هه‌یه‌تی هه‌رگیز مه‌رجه‌كانی بازاڕی كاری ئه‌مڕۆ پڕناكاته‌وه، هه‌ر بۆیه بڕوانامه‌ی قۆناغی سه‌ره‌تایی كێشی خۆی له‌ده‌ستداوه و مانه‌وه‌ی سوود به دواڕۆژی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان و بازاڕی كار ناگه‌یه‌نێت.
6- ئه‌زموونه‌كانی پۆله‌كانی حه‌وته‌م و هه‌شته‌م و نۆیه‌م به‌م شێوه‌یه ده‌بێت:
* ڕێژه‌ی نمره‌ی پۆلی حه‌وت 15% وه‌رده‌گیرێت.
* ڕێژه‌ی نمره‌ی پۆلی هه‌شته‌م 15% وه‌رده‌گیرێت.
* ڕێژه‌ی نمره‌ی پۆلی نۆیه‌م 70% وه‌رده‌گیرێت.
ساڵی خوێندنی 2007 / 2008 ته‌نها پۆلی حه‌وت ده‌گرێته‌وه.
هه‌ژماركردنی ئه‌م رێژانه بۆ ده‌رچوون له قۆناغی بنه‌ڕه‌تیدا:
أ- كێبڕكێیه بۆ وه‌رگرتنی له قۆناغی ئاماده‌ییدا.
ب- هه‌ر قوتابییه‌ك رێژه‌ی له 60% به ده‌ست نه‌هێنێت مافی وه‌رگرتنی نابێت له قۆناغی ئاماده‌یی (ئه‌كادیمی) زانستی و وێژه‌ییدا، به‌ڵام ده‌توانێت درێژه به خوێندن بدات له ئاماده‌ییه پیشه‌ییه‌كاندا.
ج- له كاتی به‌ده‌ست نه‌هێنانی رێژه‌ی وه‌رگرتنی له ئاماده‌ییه ئه‌كادیمییه‌كاندا مافی هه‌یه ساڵی دواتر بۆ به‌رز كردنه‌وه‌ی رێژه‌كه‌ی به ژداری ئه‌زموونی ده‌ره‌كی بكات.
د- له پۆله‌كانی (چوار، پێنج، شه‌ش، حه‌وت، هه‌شت، نۆ) ده‌رنه‌چوون له خولی یه‌كه‌مدا نامێنێت.
دووه‌م: قۆناغی ئاماده‌یی:-
1- تاقیكردنه‌وه‌ی نیوه‌ی ساڵ له قوَناغی ئاماده‌یی نامینێت.
2- له قۆناغی ئاماده‌یی دا ده‌رنه‌چوون له خولی یه‌كه‌مدا نامێنێت.
3-پۆلی ده به سه‌ر ئه‌م لقانه‌ی خواره‌وه‌دا دابه‌شده‌بێت:
ا- زانستی گشتی
ب- وێژه‌یی گشتی
ج- پیشه‌یی
1- زانستی گشتی:
پۆلی ده‌ی زانستی گشتی ده‌ستنیشانكه‌ری ئاره‌زووه‌كانی قوتابییه له بواره زانستییه‌كاندا.
2- به‌شی وێژه‌یی:
پۆلی ده‌ی وێژه‌یی گشتی ده‌ستنیشانكه‌ری ئاره‌زووه‌كانی قوتابییه له بواری زانسته وێژهییهكاندا.
زمانی ئینگلیزی و كۆمپیوته‌ر له هه‌موو به‌شه‌كانی ئاماده‌ییدا به‌شێوه‌یه‌كی فراوان ده‌خوێندرێت.
ئه‌زموونه‌كانی پۆله‌كانی ئاماده‌یی، ده، یازده و دوازده به‌م شێوه‌یه ده‌بێت:
- رێژه‌ی نمره‌ی پۆلی ده له 10% وه‌رده‌گیرێت.
- رێژه‌ی نمره‌ی پۆلی یازده له 15% وه‌رده‌گیرێت.
- رێژه‌ی نمره‌ی ئه‌زموونه‌كانی وه‌زاری پۆلی دوازده له 75% وه‌رده‌گیرێت.
- ساڵی خوێندنی 2008 / 2009 پۆلی ده و یازده ده‌گرێته‌وه.
أ/ ئه‌گه‌ر قوتابی رێژه‌ی له 60% كه‌متر به‌ده‌ستبهێنێت، مافی وه‌رگرتنی نابێت له زانكۆكانی كوردستاندا.
ب/ قوتابی مافی هه‌یه بۆ زیادكردنی رێژه‌كه و وه‌رگرتنی له‌زانكۆدا، ساڵانی دواتر به‌شداری ئه‌زموونی ده‌ره‌كی بكات.
3- پیشه‌یی:
أ- تاقیكردنه‌وه‌ی نیوه‌ی ساڵ نامینێت.
ب- خوێندنی به‌شی پیشه‌ییش سێ ساڵه، پۆلی ده، یازده و دوازده.
ج- نموونه‌ی لقه‌كانی به‌شی پیشه‌یی:
- پیشه‌سازی
- كشتوكاڵ
- بازرگانی
به‌دواچوون و هه‌ڵسانگاندن:
پاش ساڵێك له پڕاكتیككردنی پڕۆژه‌ی گۆڕانی سیستمی په‌روه‌رده و فێركاری به‌دواچوونێكی هه‌مه لایه‌نه و هه‌ڵسه‌نگاندنێكی قووڵی هه‌موو پڕۆژه‌كه، له‌لایه‌ن پسپۆڕانی په‌روه‌رده‌ییه‌وه ده‌كرێت، بۆ ده‌ستنیشانكردنی.
1- ده‌رئه‌نجامه پۆزه‌تیڤ و به‌هێزه‌كانی پڕۆژه‌كه.
2- ده‌رئه‌نجامه لاوازه‌كانی پڕۆژه‌كه بۆ چاره‌سه‌ركردنیان.
3- به‌رده‌وامی و موتوربه‌كردنی پڕۆژه‌كه به گۆڕانكاری نوێی پێویست، بۆ به‌ره‌و پێشخستنی پرۆسه‌ی فێركاری كوردستان.
كۆتایی:
ئه‌مڕۆ كوردستان له به‌رده‌م گۆڕانكارییه‌كی گه‌وره‌دایه، هه‌نگاوی زۆر گه‌وره له بواره‌كانی دیموكراتی و ئاوه‌دانكردنه‌وه له‌لایه‌ن حكومه‌تی كوردستانه‌وه ده‌نرێت، به‌رده‌وامی ئه‌و هه‌نگاوانه پێویستی به گۆڕانكاریی بنه‌ڕه‌تی هه‌یه له سیستمی په‌روه‌رده و فێركردندان ئه‌م پڕۆژه‌یه هه‌نگاوێكی گرنگه بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی زانیاری و زانستی له‌كوردستاندا، له‌هه‌مانكاتدا رێخۆشكه‌ره له پێناوی به‌هێزكردنی پرۆسه‌ی دیموكراتی و پاراستنی مافی تاكه‌كه‌سدا، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌وه‌ی داهاتومان به زانست و ژیانێكی به‌خته‌وه‌ر و ئاسووده پڕچه‌ك بكه‌ین.
تاقیكردنه‌وه‌ی میللی له پۆلی پێنجی بنه‌ڕه‌تیدا، له زمانی كوردی، ماتماتیك و زمانی ئینگلیزی و بابه‌ته‌كانی تر كه پێویستن ده‌كرێت، تاقیكردنه‌وه‌كه له‌لایه‌ك و بۆ به‌راوردكردنی قوتابخانه‌كانی كوردستان و له‌لایه‌ك بۆ دڵنیابوون له‌وه‌ی كه قوتابی به ئامانجه‌كانی خوێندنی ئه‌و چه‌ند وانه‌یه گه‌یشتووه.
ئامانج و چۆنێتی كاركردن له چه‌ند وانه‌ی سه‌ره‌كیدا، زمانی كوردی، ماتماتیك و زمانی ئینگلیزی، و له پۆلی پێنج دا، وه‌ك نموونه:
* زمانی كوردی:
زمان یه‌كێكه له بنه‌ماكانی بوونی نه‌ته‌وه، زمانی زگماك هۆیه‌كه بۆ پێشكه‌وتنی پێناسه‌ی خودی مرۆڤـ و پێشكه‌وتنی توانای فێربوون، هه‌روه‌ها كلیلێكه بۆ كردنه‌وه‌ی كلتووری باو و باپیران و ئه‌ده‌ب و كلتووری نه‌ته‌وه‌یی، زمانی زگماك بناغه‌یه‌كه بۆ فێربوون و پێشكه‌وتنی زمانی دیكه و كه‌سایه‌تی و بیری تاكه‌كه‌س، زمانی كوردی ریخۆشكه‌ره بۆ هێنان و به‌ده‌ستهێنانی زانیاری له هه‌موو وانه‌كانی تردا، به‌توانایی له زمانی كوردیدا ئاسانكاری له وانه‌كانی تردا به‌ده‌ستده‌هێنێت.
ئامانجی خوێندنی زمانی كوردی له پۆلی پێنجه‌مدا ده‌بێت:
قوتابی به باشی بتوانێت بخوێنێته‌وه، هه‌م به بێده‌نگی هه‌م به ده‌نگی به‌رز.
قوتابی له په‌یامی تێكست و چیرۆك، له ئه‌ده‌بی منداڵاندا تێبگات.
قوتابی بتوانێت تێكستی جیاواز له‌و بوارانه‌ی كه كاری تێدا ده‌كات بنووسێت.
قوتابی توانای گێڕانه‌وه و باسكردنی ئه‌و تێكست و چیرۆكانه‌ی هه‌بێت كه ده‌یخوێنێته‌وه.
قوتابی بتوانێت ئه‌و ده‌ستوورو یاسا سه‌ره‌تاییانه‌ی كه له زمانی نووسین دا به‌كارده‌هێنرێت، به‌كاربهێنێت.
قوتابی بتوانێت فه‌رهه‌نگی زمان به‌كاربهێنێت.
بۆ گه‌یاندن به‌م ئامانجانه:
چۆنێتی كاركردن له وانه‌ی كوردیدا:
دیاره هه‌ر مامۆستایه‌ك شێوه‌یه‌كی تایبه‌تی بۆ كاركردن هه‌یه، به‌ڵام گرنگترین شێواز له كاتی وتنه‌وه‌ی هه‌ر وانه‌یه‌كدا په‌یڕه‌وبكرێت، ده‌بێت هه‌موو قوتابیه‌ك له‌پۆله‌كه‌دا هه‌ستبكات كه مامۆستاكه‌ی گرنگی پێده‌دات و ده‌یبینێت.
خوێندنه‌وه و تێگه‌یشتن:
هه‌ر له سه‌ره‌تای ساڵه‌وه، هه‌موو رۆژێك وه‌ك ئه‌ركی ماڵه‌وه، منداڵان به لایه‌نی كه‌مه‌وه 15 خولهك بخوێننه‌وه، گرنگه كه له كاتی خوێندنه‌وه‌دا یه‌كێكی گه‌وره (دایك یا باوك) گوێ له منداڵه‌كه بگرێتن (ده‌كرێت له سه‌ره‌تای ساڵدا مامۆستا له‌گه‌ڵ منداڵه‌كاندا سه‌ردانی كتێبخانه‌ی گشتی بكه‌ن و هه‌ر قوتابییه‌ی كتێبێك هه‌ڵبژێرێت و وه‌ریبگرێت)، زۆر گرنگه كه هه‌ر له‌منداڵییه‌وه ئاره‌زووی خوێندنه‌وه له لای منداڵان دروستبكرێت، ئه‌مه‌ش به خوێندنه‌وه دروستده‌بێت، گرنگه ئه‌و چیرۆك و كتێبانه‌ی كه بۆ منداڵان هه‌ڵده‌بژێرێن، له جیهانی خۆیانه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتبێت.
بواردان به منداڵان بۆ ئه‌وه‌ی بیروبۆچوونی خۆیان (بۆ نموونه ئه‌و كتێبانه‌ی كه ده‌یخوێننه‌وه)، بۆ هاوپۆله‌كانیان باسبكه‌ن.
هه‌موو رۆژێك، 15 خوله‌كی دوا وانه‌ی ئه‌و رۆژه به‌كاربهێنرێت بۆ خوێندنه‌وه (چیرۆك، به‌سه‌رهات...) له‌لایه‌ن مامۆستاوه به ده‌نگی به‌رز.
نووسین
راهێنانی قوتابییان بۆ نووسینی بابه‌تی جیاواز، ده‌بێت مامۆستا بابه‌تی تایبه‌تی ده‌ستنیشانبكات بۆ نووسین هه‌روه‌ها بواریش بدرێت به قوتابییه‌كان خۆیان له‌سه‌ر بابه‌تێكی تایبه‌تی بنووسن.
قوتابیان رابهێنرێن كه فه‌رهه‌نگ به‌كاربهێنن، زۆر گرنگه كه له‌پۆله‌كه‌دا چه‌ند فه‌رهه‌نگێك هه‌بێت، (فه‌رهه‌نگی كوردی - كوردی)، به‌كارهێنانی فه‌رهه‌نگ هه‌م بۆ نووسینی وشه‌یه‌ك به راستی، هه‌م بۆ لێكدانه‌وه‌ی مانای وشه‌یه‌كیش.
بۆ ئه‌وه‌ی مناڵه‌كان هه‌ر له‌منداڵییه‌وه فێربن له‌به‌رده‌م گروپی گه‌وره‌دا قسه بكه‌ن یا پڕۆژه پێشكه‌شبكه‌ن و هه‌ستی بڕوا به‌خۆبوونیان لا دروستببێت، گرنگه له‌سه‌ره‌تاوه به پڕۆژه كار بكه‌ن، بۆنموونه له پۆلی پێنج‌دا وڵاتێك له كیشوه‌ری ئه‌وروپا هه‌ڵبژێرن به‌شێوه‌ی پڕۆژه كاری له‌سه‌ر بكه‌ن، له كاری پڕۆژه‌دا ده‌توانرێت چه‌ند وانه‌یه‌ك پێكه‌وه هاوكار بن، بۆ نموونه جوگرافیا، كوردی، ماتماتیك، وه‌رزش، ئینگلیزی، مێژوو. لێره‌دا مامۆستای هه‌ر وانه‌یه‌ك له‌به‌ر رۆشنایی ئامانجه‌كانی ئه‌و وانه‌یه ده‌توانێت پلانێك بۆ ئه‌و كاره بنووسێت.
* وانه‌ی ماتماتیك:
ئامانجی وانه‌ی ماتماتیك له پۆلی پێنج‌دا ده‌بێت:
(واته له كۆتایی پۆلی پێنج‌دا پێویسته قوتابی له‌م بابه‌تانه‌دا زانیاری به‌ده‌ستهێنابێت):
- قوتابی له واتای ژماره و ژماره‌كان تێبگات.
- قوتابی ده‌بێت بتوانێت له‌مێشكیدا بژمێرێت و به نووسینیش شێوازی ژماردن بتوانێت.
- قوتابی له ژماره‌ی ئاسان به‌شێوه‌ی كه‌رت تێبگات.
- قوتابی له ژماره‌ی ئاسان به‌شێوه‌ی كه‌رتی ده‌یی تێبگات.
- قوتابی توانای شیكاركردنی كێشه و گرفتی ماتماتیكی به‌شێوه‌ی جیاواز هه‌بێت.
- قوتابی توانای به‌كارهێنانی ئامێری بژمێره هه‌بێت و تێگه‌یشتنی به‌رامبه‌ری هه‌بێت.
- قوتابی توانای به‌راوردكردن و پێوانی درێژی و رووبه‌ری به نزیكه‌یی هه‌بێت.
- قوتابی توانای به‌كارهێنانی نه‌خشه و وێنه‌ی له‌كاتی شیكاركردنی پرسی ماتماتیكی دا هه‌بێت.
- قوتابی توانای به‌راوردكردن و پێوانی قه‌باره، گۆشه و كێشی هه‌بێت.
- قوتابی تێگه‌یشتنی بۆ شوێن و كات و شێوه ئه‌ندازه‌ییه‌كان هه‌بێت.
به‌كارهێنانی زمانی ماتماتیك، هێمای ماتماتیك و بڕوابوون به توانای خۆی ئاره‌زووی فێربوون و به‌رپرسیارێتی به‌رامبه‌ر خۆفێربوون، ده‌بێت یه‌كێك بێت له ئامانجه گرنگه‌كانی خوێندنی وانه‌ی ماتماتیك له هه‌موو پله‌كاندا.
* وانه‌ی ئینگلیزی:
توانای قسه‌كردن له زمانی ئینگلیزی‌دا له رۆژگاری ئه‌مڕۆدا زۆر گرنگه.
ئامانجی خوێندنی زمانی ئینگلیزی له پۆلی پێنجه‌مدا ده‌بێت.
- قوتابی له ده‌سته‌واژه‌ی ئاسان له زمانی قسه‌كردندا تێبگات.
- قوتابی بتوانێت به‌شێوه‌یه‌كی ئاسان ئاخافتن بكات.
- قوتابی بتوانێت تێكستی ئاسان بخوێنێته‌وه و تێبگات كه باسی چی ده‌كات.
- قوتابی زانیاری له‌سه‌ر بابه‌تێكی وڵاتێك كه به ئینگلیزی قسه ده‌كه‌ن، هه‌بێت بۆ گه‌یاندن به‌م ئامانجانه.
چۆنێتی كاركردن له زمانی ئینگلیزی‌دا:
له‌كاتی هه‌موو بابه‌تێكی (تێكستێكی) نوێ‌دا مامۆستا تێكسته‌كه بخوێنێته‌وه، 10 تا 15 وشه‌ی نوێ له‌و تێكسته ده‌ربهێنیت و له‌سه‌ر ته‌خته بینووسێت له‌گه‌ڵ ماناكه‌ی به كوردی. قوتابییه‌كانیش ئه‌و وشانه له ده‌فته‌ری تایبه‌ت به وشه‌ی ئینگلیزی بنووسن دیاره به ماناكه‌یه‌وه، وه‌ك ئه‌ركی ماڵه‌وه بۆ وانه‌ی داهاتوو ده‌بێت قوتابییه‌كان بزانن وشه‌كه چۆن ده‌نووسرێت و ماناشی چییه، لێره‌دا مامۆستا ده‌توانێت وشه‌كه به كوردی بڵێت و منداڵه‌كان به ئینگلیزی بینووسن.
خوێندنه‌وه‌ی وانه‌كه له‌لایه‌ن قوتابییه‌كه‌وه به ده‌نگی به‌رز، وه‌رگێڕانی وانه‌كه به كوردی، لێره‌دا چه‌ند قوتابییه‌ك ده‌توانێت به‌شدار بێت، هه‌ر قوتابییه‌ك رسته‌یه‌ك یا دوو رسته وه‌رگێڕێت بۆ كوردی.
پرسیاركردن له‌لایه‌ن مامۆستاوه به زمانی ئینگلیزی له‌سه‌ر وانه‌كه وه‌ڵامدانه‌وه‌ی له‌لایه‌ن قوتابییه‌كانه‌وه هه‌ر به ئینگلیزی.
كار كردن له پڕۆژه‌یه‌كدا كه له وانه‌ی كوردیدا باسكراوه، لێره‌دا ده‌توانرێت له‌گه‌ڵ وانه‌ی زمانی ئینگلیزی هاوكاریبكرێت.