Print
 كه‌ركوك و ده‌وروبه‌ری‌؛ خۆپیشاندانه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌كان ده‌ستیانپێكرد
Tuesday, March 1, 2011
سبه‌ی:
به‌شێوه‌یه‌كی جیاجیا، خۆپیشاندانه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌كه‌ی‌ ئه‌مڕۆی‌ عێراق، له‌ شاری‌ كه‌ركوك و قه‌زاو ناحیه‌كانی ده‌ستیانپێكردوه‌و له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا له‌ به‌رده‌م بینای پارێزگاری كه‌ركوك كۆمه‌ڵێك كه‌س كۆبونه‌ته‌وه‌و به‌شێوه‌یه‌كی هێمنانه‌ داوای‌ نان و ئازادی و هه‌لی كار و خزمه‌تگوزاریه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان ژیان ده‌كه‌ن.
 له‌لایه‌ن خۆشیانه‌وه‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان رێوشوێنی توندویان گرتوه‌ته‌وه‌به‌ر له‌ ناو خۆپیشاندانه‌كه‌دا.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ له‌ گۆڕه‌پانی ئاهه‌نگه‌كان له‌ كه‌ركوك، خۆپیشاندانێكی دیكه‌ به‌ڕێوه‌ده‌برێت كه‌ زۆربه‌یان دانیشتوانی‌ عه‌ره‌بی‌ شاری‌ كه‌ركوكن و  جگه‌ له‌ داوای‌ خزمه‌تگوزاری، داوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ماده‌ی 140یش ده‌كه‌ن.
له‌ هه‌مانكاتدا له‌ قه‌زای حه‌ویجه‌ تا ئێستا خۆپیشاندانه‌كان به‌رده‌وامیان هه‌یه‌و به‌پێی‌ دوا ئاماری‌ قوربانیه‌كانیش، 3 كه‌س كوژراوه‌و 22 كه‌سی دیكه‌ش برینداربون.
له‌لایه‌ن خۆپیشانده‌رانیشه‌وه‌ بینای ئه‌نجومه‌نی قه‌زاكه‌و بینای رگه‌زنامه‌و باری شارستانی سوتێندراوه‌و هه‌وڵی ئه‌وه‌ش ده‌درێت بینای پۆلیس و قایمقامیه‌تیش بسوتێنن.
به‌پێی‌ راگه‌یاندنی پۆلیس، خۆپیشانده‌رانی قه‌زای‌ حه‌ویجه‌ ده‌یانه‌وێت بێنه‌ ناو شاری كه‌ركوكه‌وه‌.
له‌ ناحیه‌ی سلێمان به‌گی سه‌ر به‌ قه‌زای‌ دوز خورماتوش، سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ خۆپیشاندان ده‌ستیپێكردوه‌و شه‌ڕ و پێكدادان له‌ نێوان هێزه‌ ئه‌منیه‌كان و خۆپیشانده‌راندا رویداوه‌و به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ تا ئێستا 6 كه‌س برینداره‌.
ئارام جه‌مال
Sbeiy.com © 2007