Print
 دەسەڵاتی ترسنۆك
Wednesday, March 2, 2011



رەزا جەبار
یەكێك لە نیشانەو خاسیەتەكانی دەسەڵاتی دیكتاتۆر، ترسنۆكییە، ترسنۆكی بەو مانایە نا، گەر هاوڵاتی، یان ئۆپۆزسیۆن رەخنەیەكی جدیی خستەڕو، ئیدی ئەو لەترساندا بێدەنگ بێتو قبوڵی هەمو بەرنامە و پرۆژە و رەخنەیەك بكات، بە پێچەوانەوە دەسەڵاتی دیكتاتۆریی ترسەكەی بە جۆرێكە هەركەس فزەی لێوە بێت، ئەو زمانی دەبڕێت، هەركەس دەنگ بەرز بكاتەوە، ئەو خەڵتانی خوێنی دەكات، هەركەس لە ریتمی ئەو ژیانە دەربچێت كە ئەو دروستی كردوە، ئەو وەك ئەوەی شەرعیەتی لە ئاسمانەوە وەرگرتبێت فەتوای سیاسی دەردەكات و دەیكات بە دوژمنی هەموان و بەخیانەتكردن مەحكومی دەكات.

ترسنۆكی سیفەتێكی بەردەوامی دیكتاتۆرەكانە، نەخۆشییەكی دەرونییە بەردەوام لەگەڵیاندا دەژی و تا كۆتایی ژیانیان لەكۆڵیان نابێتەوە، گەر بپرسین ئەم ترسەی دیكتاتۆر بۆچی؟ ئەوا وەڵامەكەی لە كردەوەكانی سەركردەی دیكتاتۆر و دامودەزگاكانی سیستمی دیكتاتۆرییەوە سەرچاوەكەی وەردەگرین.

سەركردەی دیكتاتۆر و دەسەڵاتەكەی بەهۆی دروستكردنی ژیانی جیاوازی كۆمەڵایەتی هاوڵاتییان مەحكوم دەكەن بە دۆزەخێك بە ناوی ژیانەوە، بە بێگومان قبوڵیان نییەو ئەو جۆرە ژیانەیان ناوێت، هەروەك لەو رێگەیەوە دنیایەك دێننە بەرهەم چەمكێك بە ناوی «یەكسانی»، نەك لە ژیانی هاوڵاتییاندا بە گشتی بونی نییە، بگرە لە ژیانی هەمو ئەوانەشدا بونی نییە، كە بەشێكن لە دەسەڵات، واتە یەكسانی لەنێو نوخبەی دەسەڵاتداری دیكتاتۆریشدا ئامادەیی نییە! لە لایەكی دیكەوە دیكتاتۆرییەت بڕوای بە یاساگەلێك هەیە، لەبری ئەوەی بە یاسا ماف بۆ خاوەن مافەكان دیاری بكات، بەڵكو بە یاسا ماف وەردەگرێتەوە، ئیدی ئەو مافە، هەرجۆرێك لە جۆرەكانی مافی مرۆڤ بێت، یەكێكی دیكە لە خاسیەتەكانی دەسەڵاتی دیكتاتۆری گەندەڵییە، بەڵام دەبێت ئەوە بڵێین؛ گەندەڵی لە سیستمی دیكتاتۆریدا جیاوازییەكەی لەگەڵ سیستمەكانی دیكەی حوكومڕانی ئەوەیە، لە لای دەسەڵاتی دیكتاتۆر گەندەڵی و بردنی سەروەت و سامانی گشتی بە بەرچاوی هەموانەوەیە و بە ئاشكرا گەندەڵی دەكرێت، بە جۆرێك خودی دەسەڵاتەكە دەیدركێنێ و دەڵێت: «راست دەكەن، ئێمە گەندەڵین». ئەمە جگە لە دەیان خاسیەتی دیكەی دەسەڵاتی دیكتاتۆری و سیستمە دیكتاتۆرەكان.

هەر بۆیە ناوماننا دەسەڵاتی ترسنۆك، چونكە خودی دەسەڵاتەكە لە هاوڵاتییان باشتر دەزانێت رۆژانە چ غەدرێكی گەورە ئەنجام دەدات، خۆی باش دەزانێت چ دنیایەكی پڕ لە جیاوازی دروستكردوە، هەر دەسەڵات خۆی باش دەزانێت لە ئەنجامی كردەوەكانییەوە چ كارەساتێكی خوڵقاندوە، بە چەشنێك خۆخواردنەوەی هاوڵاتییان وا دەكات رۆژێك ئەو دەسەڵاتە روبەڕوی لابردن و پاشان دادگایكردن بكاتەوە، ئینجا داوای ژیانێك بكات كە شایستەی مرۆڤبونی بێت، ئەو ترسەی خستمانە تەنیشت دەسەڵاتەوە ئا لەم ساتەوەختەدا دروست دەبێت كە مرۆڤ ئیتر قبوڵی شكاندنی كەرامەتی مرۆڤبونی ناكات. بە پێچەوانەشەوە لە لای دەسەڵاتی دیموكراتی، بەردەوام لەبری ترس بوێری بونی هەیە، تا ئەو رادەیه‌ی ئەوانەی دەسەڵاتدارن، گەر كێشەیەك لە جۆری بەڕێوەبردنیاندا هەبێت و ببێتە هۆكاری توڕەبونی هاوڵاتییان، دیسان بوێرن و ناترسن، چونكە لە لوتكەی كاردانەوەیاندا هاوڵاتییان داوای دەستلەكاركێشانەوەی دەسەڵات دەكەن، بێگومان دەسەڵاتیش لەگەڵ داوایەكی لەوجۆرەدا كێشەی نییە، چونكە لە بنەمادا كورسی دەسەڵات تاپۆی كەس نییه‌.

Sbeiy.com © 2007