پشكۆ ناكام
بڕواناكەم كەس هەبێت لە هەرێم ئاگاداری گەندەڵی و تێوەگلانی گەورە بەرپرسانی (جوت حیزب) نەبێت لە گەندەڵی و گەندەڵچییەكان، خەڵكی داماوە هەر لە بەخەبەربونیانەوە تا نوستن و زۆرجاریش لە خەویشدا تێكەڵ بە گەندەڵی بون، كە خەو بە بەرپرسێكی گەندەڵ ببینی خەوەكەشت لێ حەرام دەبێت، كەچی تازە بە تازە سەرۆكی هەرێم دەڵێت: (ئەی من بۆ گەندەڵیی نابینم! توخوا كێ (گەندەڵ)ی بینی ئاگادارم بكاتەوە)، لەوەش دەچێت گەندەڵیی تەبیعەتی جنۆكەی هەبێت، هەمو كەس باسی دەكات و خۆشی دیارنییە، هەر بۆیە ئەو زاتەش نایبینێت!.
جا چی بكەین باشە بۆ ئەوەی گەندەڵی بدۆزینەوە؟ خۆ ئایەتێكیش نییە باس لە گەندەڵیی بكات وەك ئەوەی باس لە جنۆكە دەكات، تا ترسەكەمانی پێبشكێنین... دەوترێت كە بڵێیت؛ (بسم اللە) جنۆكە دەترسێت و خۆی ون دەكات، چی بدۆزینەوە بیڵێین؛ بۆ راونانی گەندەڵی؟!، یاخود وەك ئەمهریكای زەمانی (كاوبۆی) كە بەدوای تاوانبارێكدا بگەڕانایە، ئەفیشێكیان دروست دەكرد و دەیاننوسی (wanted) واتە داواكراوە، تۆ بڵێی هەرێم و سەرۆكەكەی نەتوانن ئەفیشێك، پۆستەرێك دروستبكەن و بە گەورەیی لێی بنوسن (داواكراوە)، بەڵام لێرەدا گرفت رەسمەكەیە، كام رەسم دروست بكەن بۆ ناسینەوەی گەندەڵی لەسەر ئەفیشەكە، تا جەنابی سەرۆك بزانێت كێیە و گەر سوتفەی كرد بە (زێرەڤانی) بیدا بە گرت، دەكرێت رەسمی هەرچی دەستڕۆشتوەكانی (جوت حیزب) هەیە تێكەڵی بكەیت و چی لێ دەرچو، ئەوە رەسمی گەندەڵی خۆیەتی و با لەسەر ئەفیشەكە چاپ بكرێت، گەر «گەندەڵی» ئەوەندە بچوكە سەرۆكی هەرێم نەیبینێ، ئەوا دابەشكردنی (میكرۆسكۆپ) بەسەر هەمو هاوڵاتییان چارەسەرێكی خراپ نییە و ناوبنرێت (گەندەڵی سكۆپ) هەركەسێك شتی لێ دۆزییەوە ئاگاداری «دژە تیرۆر» بكات!، چونكە گەندەڵی لە خانەی «تیرۆرە»، ئەگەر ئەو هێزە مەشغوڵی راونانی خۆپیشاندەرەكان نەبێت، یان هەر حیزبییەك دامەزرا سوێند و تەڵاقی بدەن كە گەندەڵی نەكات، هەرچەندە ئێستا سوێند و وعود (كەمالیاتە)...
دەشكرێت لە هەرێم رۆژێك بكرێت بە (پشوی گشتی) و هەریەك لە شوێنی خۆیەوە بە گەندەڵی سكۆپ و كۆنترۆڵی تەلەفزیۆنەكانیان بەدوای گەندەڵیدا بگەڕێن... كە (مار) بە قسەی خۆش لە كونەكەی بێتە دەرەوە، بڕواناكەم بە هەمو (نوكتە)ی (دنیا) گەندەڵی خۆی بە ئاسانی پیشان بدات، چونكە هەر ماڵە بەرپرسێك دە پانزە ماری خۆحەشاردراوی گەندەڵی تیایە، من لەگەڵ ئەوەدا نیم كە (خەڵات)ی (پارە) دابنرێت بۆ ئەوانەی یارمەتی سەرۆك! دەدەن لە دۆزینەوەی گەندەڵی، چونكە نیوەی بودجەكەی هەرێم بەشی ناكات! با هەمومان یەك دەست و دو چاو بگەڕێین بەدوای جنۆكەی ئـــەزمـــونـــەكەمان، كە (گەندەڵی)یه...