Print
 هه‌ولێر؛ ده‌زگا ئه‌منییه‌كان چی‌ ده‌كه‌ن؟
Thursday, March 3, 2011

عەباس دەرگەڵەیی – هه‌ولێر
رۆژنامەنوسێك كە لەبەردەم بازاڕی نیشتمان وەستابو، لە رێگەی تەلەفۆنەوە پێیوتم: «ئەگەر كەسێك هەبێت سەرپەرشتی خەڵكی بكات، ئەوا ئەو كۆبونەوە جەماوەرییەی لە دوای نوێژی هەینییەوە لەبەردەم قەڵات و لە پاركی شار دروست بوە، دەبێتە خۆپیشاندان.
ئەو رۆژنامەنوسە، بەهۆی بارودۆخی ئەمنییەوە، داوای كرد كە ناوی نەهێنرێت و باسی لەوە كرد: «كەسێك نییە خۆی بكات بە خاوەنی ئەو كۆبونەوە جەماوەرییە، بۆیە پێناچێت خۆپیشاندانی وەك ئەوەی سلێمانی، لە هەولێر ئەنجام بدرێت».  

پەڕینەوەی خۆپیشاندانەكان
رۆژی (17)ی شوبات، رۆژێكی خوێناوی بو بۆ خەڵكی سلێمانی، كاتێك پاسەوانەكانی لقی(4)ی پارتی دیموكراتی كوردستان تەقەیان لەو خۆپیشاندەرانە كرد كە بەردیان لەبارەگاكەیان دەگرت، بەم هۆیەشەوە هەر ئەو رۆژە هاوڵاتییەك كوژرا و(57)ی دیكەش برینداربون، بەڵام ئەم روداوە خۆپیشاندانەكانی رانەگرت و لەشار و شارۆچكەكانی كوردستان خۆپیشاندانەكان فراوانتر بون و لەئەنجامیشدا(7) خۆپیشاندەریش بونە قوربانی.

دواتریش رۆژانی (23و24)ی شوبات، چەندین بەیاننامە بەناوی (خوێندكارانی زانكۆی سەڵاحەدین، رێكخراوە مەدەنییەكان، رۆژنامەنوسان و رۆشنبیران، گروپی سەردەشت عوسمان، شۆڕشی نێرگز، خۆپیشاندەرانی خۆڕسك، گەنجانی سەرشەقام) بڵاوكرانەوە.
بەیاننامەیەكیان كە لەلایەن كۆمەڵێك رۆژنامەنوس و خوێندكاری زانكۆوە ئیمزاكرابو، ئاراستەی پەرلەمانی كوردستان كرابو، داوای ئەوەیان دەكرد كە لێكۆڵینەوە لەو دەستدرێژییانە بكرێت كە لقی چواری پارتی لە سلێمانی كردبوی بۆ سەر خۆپیشاندەران.
ئەو كەسانەی كە بەیاننامەكهیان ئیمزاكردبو، هەڕەشەی ئەوەیان دەكرد، ئەگەر پەرلەمان هەنگاوی خێرا بۆ جێبەجێكردنی داواكارییەكانیان نەنێت، ئەوا خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن.

بەرزان عەلی حەمە، كە یەكێك بو لەو رۆژنامەنوسانەی بەشداریی نوسینی بەیاننامەكەی كردبو، بە (رۆژنامە)ی راگەیاند: «دوای بڵاوكردنەوەی بەیاننامەكە، بۆ شەوەكەی بەتەلەفۆن پەیوەندییان پێوە كردم و هەڕەشەیان لێكردم كە نابێت كاری وابكەم».

ئەو گەنجە رۆژنامەنوسە، وتی: «دوای ئەوەی جنێوبارانیان كردم، پێیانوتم، بەشەق رەوانەی بەردەركی سەرای سلێمانیت دەكەین و نیشانت دەدەین كە ئێرە هەولێرە و سلێمانی نییە».

ئەو رۆژنامەنوسە، دوای ئەوەی ئەو شەوە لەلایەن چەند پەرلەمانتارێكی لیستی گۆڕانەوە پەنادەدرێت، بۆ بەیانییەكەی بەناچاریی هەولێر جێدەهێڵێت و رو لە سلێمانی دەكات.

گروپی سەردەشت عوسمان، لەبەیاننامەكەیاندا كە رۆژی(24/2) بڵاویانكردوەتەوە، داوایان لە قوتابیانی زانكۆی سەڵاحەدین كردبو كە «رۆژی هەینی بەبێ گوێدانە دەوامی زانكۆ و بڵاوەپێكردنی هێزەكانی ئاسایشی پارتی لەنێو خۆپیشاندەران و رێنوێنیكردنیان بۆ دامركاندنەوەی ئەو شۆڕشەی كە دروست بوە، ئەمە گەورەترین هەلە بۆ گەڕاندنەوەی مافە زەوتكراوەكانی هەولێر و گەڕاندنەوەی ئەو موڵك و ماڵ و سەروەت و سامانەی كە لە رێگەی زەوییەكانی ئەم شارە وەدەستیان هێناوە».   

گەمارۆدانی هەولێر
ئەو بەیاننامە و ئامادەكارییانەی بۆ خۆپیشاندان لەهەولێر دەكرا، وەكو بۆمب دەنگ و سەدای لای پارتی دیموكراتی كوردستان دایەوە، بەوهۆیەشەوە دەسەڵات لەو پارێزگایە لە كەمترین كاتدا دەستیكرد بە بڵاوكردنەوەی هێز و هەڵمەتی گرتنی چالاكوانانی كۆمەڵگەی مەدەنیو رۆژنامەنوسان و لایەنگرانی پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان.

رۆژی (24/2)، بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ باری نائاسایی لە شاری هەولێر راگەیەنرا و لەگەڵ داخستنی دەوامی زانكۆ و پەیمانگاكان، هێزێكی زۆری چەكدار لەكوچە و كۆڵانەكاندا بڵاوكرانەوە و سەرجەم دەروازەكانی شاریش بە روی هاوڵاتییاندا داخراون.

هەر دوای ئامادەكارییەكانیش بۆ خۆپیشاندان لەهەولێر، حیزبی دەسەڵاتدار، بەزۆر دوكان و بازاڕەكانی بە هاوڵاتییان داخستوە و دەستیكردوە بەدابەشكردنی دەمانچە بەسەر ئەندام و لایەنگرەكانی خۆیدا و سەرەڕای هێنانی هێزێكی زۆر بۆ ناو شاری هەولێر، پارتی دەستیكردوە بە رەشبگیریی و رفاندنی هاوڵاتییان، تادوێنێش(7) هاوڵاتی دانیشتوی ئەو شارە بێسەروشوێن كرابون، که یه‌کێک له‌وانه (د.پشتیوان عەبدوڵا)ی چالاكوانی مەدەنی و دانیشتوی ئوسترالیا بو، دوای گەڕانەوەی بۆ هەولێر، لەلایەن لایەنێكی ئەمنییەوە لە هەولێر رفێنراوە.  

لەمبارەیەوە موحسین عەبدوڵای برای(د.پشتیوان عەبدوڵا) بە سایتی (سبەی) راگەیاند: «د.پشتیوانی برام، ماوه‌ی هەفتەیەكە گەڕاوەتەوە بۆ هەولێر و دوای چونەدەرەوەی لەماڵ، دیارنەماوە»، وتیشی: «پێدەچێت براكەمان لەلایەن پاراستنی پارتییەوە رفێنرابێت، تائێستا هیچ زانیارییەكمان نییە كە بۆ كوێیان بردوە و چی بەسەرهاتوە».

هاوكات، چەندین كەسی تر لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیركرابون، بەهۆی ئەوەی كۆبونەوەیان لەنێوان خۆیاندا كردوە و هێزەكانی ئاسایش و زێرەڤانیش بە جلی مەدەنییەوە لەناوشاری هەولێردا سوڕاونەته‌وە.

شایەدحاڵێك كە نەیویست ناوی خۆی ئاشكرا بكات، رایگەیاند: «لەبەردەم بازاڕی نیشتمانی شاری هەولێر، بە (20) چەكداری هێزەكانی زێرەڤانی و ئاسایش بەجلی مەدەنییەوە، لە هاوڵاتییەكیان دا و بەسەختیی برینداریان كردوە».  

بەپێی زانیارییەكانی (رۆژنامە)، لەو هەڵمەتەدا كە ئاسایش و زێرەڤانی لەهەولێر بۆ دەستگیركردنی هاوڵاتییان دەستیانپێكردبو، هەریەكە لە (شوان سدیق، رۆژنامەنوسی گۆڤاری سڤیل، خالید شینە حەسەن (هه‌ڵسوڕاوی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان)، ئیسماعیل عەبدولڕەحمان، شێرزاد ئەبوبەكر، ئیبراهیم عەلی بادینی و شیروان ئازاد كە لە رێكخراوێکی ئەمه‌ریكی كاری دەكرد)، لەلایەن چەند چەكدارێكەوە كە بەشێكیان ئۆتۆمبێلی جام رەش و بێ تابلۆیان پێبوە، رفێنراون و تائێستاش چارەنوسی زۆربەیان نادیارە.

لەوبارەیەوە كاروان ساڵح، ئەندامی لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجومەنە خۆجێیەكانی پەرلەمانی كوردستان بە(رۆژنامە)ی راگەیاند: رۆژی هەینی شاری هەولێر كەوتە بەر شاڵاوی هێرشكردنە سەر هاوڵاتییان كە كۆمەڵێك هاوڵاتی تا دوێنێ بێسەروشوێنن».

دەربارەی سۆراغی ئەو كەسە بێسەروشوێنانەش وتی: «پەیوەندیمان بە ئاسایشی هەولێرەوە كردوە، بێئاگایی خۆیان دەربڕیوە و پۆلیسیش بێئاگایی خۆیان نیشانداوە، بەڵام لەڕێگەی لیژنەكەمانەوە پەیوەندیمان كرد بە بەڕێز سەرۆكی حكومەتی هەرێمەوە بۆ ئەوەی‌ بێتە ناو كێشەكەوە».
دژ بەو هەڵسوكەوتانەش  ئەبوبەكر جەمال، كە هاوڵاتییەكی تەمەن(66) ساڵی شاری هەولێرە، هەوڵی خۆسوتاندن دەدات، بەڵام لەلایەن دەزگا ئەمنییەكانەوە پەلامار دەدرێت و پەلبەستی دەكەن، تاوەكو ئێستا بێسەروشوێنە.  

سەفینی مەلا قەرە، هەڵسوڕاوی بزوتنەوەی گۆڕان لە هەولێر، بە (رۆژنامە)ی راگەیاند: لەو رۆژەی كە بڕیاربو هاوڵاتییانی هەولێر خۆپیشاندان ئەنجام بدەن، ژمارەیەكی زۆری خەڵك لەلایەن هێزەكانی ئاسایش و پۆلیسی هەولێرەوە دەستگیركراون، كە هەندێكیان لە كاتێكدا دەستگیركراون كە سەرقاڵی ژیانی رۆژانەی خۆیان بون».

داخستنی زانكۆی سەڵاحەدین
رۆژی پێنجشەممەی رابردو (24/2)، رێكخراوی یەكێتیی قوتابییانی كوردستان كە رێكخراوێكی تایبەت بەخوێندكارانی پارتییە، بێگوێدانە سەرۆكایەتیی زانكۆ، بڕیاریدا كە خوێندن لەسەرتاسەری زانكۆی سەڵاحەدیندا تا رۆژی (1)ی نیسان رابگیرێت.

ئەو رێكخراوەی پارتی لە رێگە ئەندامەكانییەوە خوێندكارانی دەرەوەی شاری هەولێری ئاگاداركردەوە، كە دەبێت بەزوترین كات شاری هەولێر جێبهێڵن و خوێندكارانیش بە ناچاریی سەرەڕای بونی تاقیكردنەوە لە هەندێك لە بەشەكانیاندا، بەرەو شارەكانی خۆیان گەڕانەوە.

قوتابییانی زانكۆی سەڵاحەدین لەبەیاننامەیەكیاندا كە رۆژی (25/2) بڵاویانكردەوە، وێڕای پاڵپشتیكردنی خۆپیشاندەرانی شاری سلێمانی، پەیامی خۆشیان بە رێكخراوی قوتابییانی پارتی رادەگەیەنن و دەڵێن: «بەداخستنی دەرگاكانی مەعریفە بەسەرمان و داخستنی دەرگای زانكۆ و بەشە ناوخۆییەكان لەسەرمان، ساردمان ناكەنەوە لە داواكارییە رەواكانی گەلەكەمان و گەنجانی توڕە لەم دەسەڵاتە گەندەڵە».

لەهەمانكاتیشدا قوتابییانی زانكۆی سەڵاحەدین، داوادەكەن كە هەرچی زوە وەزیری خوێندنی باڵا وەكو هەڵوێستی بەردەوامی ئیجرائاتی پێویست لەگەڵ سەرۆكی زانكۆی سەڵاحەدین و گشت راگری كۆلێژەكان و سكرتێری ئەو رێكخراوە حیزبییە بكات لە رێككەوتنی ژێربەژێریان لەگەڵ رێكخراوی قوتابییانی پارتی لە بێبەشكردنمان لە خوێندن و مەعریفە، هەرچی زوشە رێكخراوی قوتابییانی پارتی و هاوشێوەكانی لەناو حەرەمی زانكۆ فڕێبدرێنە دەرەوە هاوشێوەی زانكۆی سلێمانی».  

لەوبارەیەوە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، رایگەیاند: ئەوان بڕیاری راگرتنی دەوامیان نەداوە و سەرۆكایەتیی زانكۆی سەڵاحەدینیش دوپاتیكردەوە كە ئەوانیش ئاگاداری راگرتنی خوێندن نین و دەوامی ئاسایی لە هەمو ناوەندەكانی خوێندندا بەردەوام دەبێت.

لە روی كردارییەوە لە زانكۆی سەڵاحەدین، سەرەڕای راگەیەنراوەكانی وەزارەت و سەرۆكایەتیی زانكۆش، خوێندنی تێدا راگیراوە، تا دوێنێش لەهەولێر رێگە نەدراوە قوتابییان بچنەوە ناو حەرەمی كۆلێژ و زانكۆ و پەیمانگاكانیان.

ئازاد قەزاز، كە یەكێكە لەو رۆشنبیرانەی لەوڵاتی هۆڵەنداوە پشتیوانی خۆپیشاندانی كردوە و بەوهۆیەی پێشتر مامۆستای فەلسەفە و دەرونناسی بوە لەزانكۆی سەڵاحەدین، لەنامەیەكدا بۆ مامۆستایان و قوتابییانی ئەو زانكۆیە، داوایان لێدەكات كە زانكۆ لەچنگی حیزب دەربهێنن و بیگه‌ڕێننەوە بۆ باوەشی زانست.

قەزاز، لە نامەكەیدا دەڵێت: فورسەتە ئه‌مڕۆكە ئەو زانكۆیەی كە لەلایەن حیزبەوە زەوتكراوە، بیدەنەوە دەست زانست و ئازادی بكەن و تكام وایە، چیتر لە ژێرفشاری دەسەڵات، با زانست نەبێتە قوربانی سیاسەت.

لای خۆشیانەوە، گروپی سەردەشت عوسمان لەبەیاننامەیەكی تریاندا كە لەبارەی داخستنی زانكۆی سەڵاحەدینەوە بڵاویانكردوەتەوە، ئاماژە بەوەدەكەن كە یەكێتیی قوتابییانی سەر بە پارتی، هەڕەشە لە خوێندكارێكی زانكۆ دەكەن بەهۆی ئەوەی بەشداریكردوە لە دەركردنی بەیاننامەیەكدا، كە تێیدا ئیدانەی تەقەكردنی هێزە ئەمنییەكانی كردوە لە خۆپیشاندەرانی سلێمانی.

پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان، مەترسییان لەسەرە
لە رۆژی پێنجشەممەی رابردوەوە، هێزەكانی ئاسایش و زێرەڤانی بەشێوەیەكی چڕوپڕ بە بازاڕ و شوێنە گشتییەكانی هەولێردا بڵاوەیان كردوە، پاسەوانیان بەدەوروبەری بارەگا حیزبییەكاندا زۆر لە كاتی ئاسایی زیاتر كردوە، ئەو كارەش گومان و دڵەڕاوكێی لای دانیشتوانی شاری هەولێر دروستكردوە، بەتایبەتی لای بازرگانەكان و خاوەن كارەكان و هێزه ئۆپۆزسیۆنه‌کان.

هاوڵاتییەكی شاری هەولێر كە نەیویست ناوی بهێنرێت، بۆ (رۆژنامە) وتی: «بەچاوی خۆم بینیومە كە زۆرێك لە بازرگانەكان بە ئۆتۆمبێلی و بارهەڵگری بچوك، شتومەكی كۆگا و دوكانەكانیان لە بازاڕەوە بۆ شوێنی تر گواستوەتەوە».
ئەو رێوشوێنە ئەمنییەی لەناو هەولێردا گیراوەتەبەر، چەندین شێوازی هەیە، لەوانە؛ كۆكردنەوەی زانیاریی لەسەر ئەندام و لایەنگرانی حیزبە ئۆپۆزسیۆنەكان، بەتایبەتی لایەنگرانی بزوتنەوەی گۆڕان.

بە گوێرەی سەرچاوە ئاگادارەكان، لەوەتەی خۆپیشاندانەكان لە سلێمانی دەستیان پێكردوە، لە هەولێر، پارتی لە رێگەی موختاری گەڕەكەكانەوە كەوتوەتە كۆكردنەوەی زانیاریی لەسەر لایەنگرانی بزوتنەوەی گۆڕان.

بەگوێرەی قسەی شایەدحاڵێك كە ماڵەكەی دراوسێی بارەگای مەكتەبی سیاسیی یەكگرتوی ئیسلامیی كوردستانە لەهەولێر، لە شەوی هەینیدا هێزێكی زێرەڤانی دەوری بارەگای یەكگرتوی ئیسلامییان تەنیوە.

لێپرسراوان هۆكاری ناردنی ئەو هێزەیان بۆ لای بارەگای یەكگرتو، بۆ ئەوە گەڕاندبوەوە كە مەترسی لەسەر بارەگاكە هەیە و ئەوان چون تا بیپارێزن.   

لەبەرامبەردا مەكتەبی سیاسیی یەكگرتوی ئیسلامیی كوردستان، رۆژی (26/2) لەبەیاننامەیەكدا ئاشكرای كرد: «بەداخەوە، چەند رۆژێكە جەنگێكی دەرونیی بەرامبەر حیزبمان دەكرێت و هەندێك پڕوپاگەندە بڵاودەكرێتەوە و هەڕەشە لەگیانی كادیر و هەڵكوتانە سەر بارەگا و دەزگاكانمان دەكرێت، ئێمە رایدەگەیەنین، بەم رەفتارە ناشارستانی و تێكدەرانەیە، یەكگرتو ناچێتە ژێر فشاری هیچ لایەنێك و ستراتیژی ئیسڵاحییانەی خۆی ناگۆڕێت».

لەو بەیاننامەیەدا، مەكتەبی سیاسیی یەكگرتوی ئیسلامیی كوردستان، ئەركی پاراستنی گیانی كادیر و بارەگا و دەزگاكانیان دەخاتە ئەستۆی لایەنی دەسەڵات.

ئەمە جگە لەوەی كە پێشتریش بارەگاكانی بزوتنەوەی گۆڕان لەچەندین ناوچەی سنوری پارتی بەبەرچاوی هێزە ئەمنییەكانەوە سوتێنراون و بارەگاكانی كۆمەڵی ئیسلامیش وەك بارەگاكانی یەكگرتو، لە رۆژی شەممەی رابردودا لەلایەن هێزەكانی زێرەڤانییەوە دەورە دراون.

بۆچی رۆژی هەینی، خۆپیشاندان نەكرا؟
هەندێك سەرچاوە، بۆ (رۆژنامە) باسیان لەوە كرد كە پارتی لە رێگەی دەزگاكانی خۆیەوە، شەوی هەینی، سەرجەم مەلای ئەو مزگەوتانەی كە نوێژی هەینیان تێدا دەكرێت، ئاگادار كردبو كە بەخەڵكی بڵێن: خۆپیشاندان نەكەن و خۆپیشاندان وەكو دیاردەیەكی خراپ بۆ نوێژخوێنان باس بكەن.  

ئەوەی پارتی چاوەڕوانی دەكرد، وادەرچو، لە زۆربەی مزگەوتەكانەوە داوا لە خەڵكی كرا كە خۆپیشاندان ئەنجام نەدەن و بەو هۆیەشەوە ژمارەیەكی زۆر لەوانەی كە ئەگەری بەشداریكردنیان لە خۆپیشانداندا هەبو، لەبری ئەوەی بەرەو قەڵات و پاركی شار بچن بۆ خۆپیشاندان، چونەوە بۆ ماڵەكانی خۆیان.

لەبەرامبەریشدا (68) زانای ئاینیی شاری هەولێر، گەیشتنە ئەو ئەنجامەی كە تەقەكردن بە روی خۆپیشاندەراندا حەرامە و نەهی كراوە و خۆپیشاندانیش مافێكی شەرعی و شتێكی باشە، لەم روەشەوە چەند فتوایەكیان دەركردوە.

لەناو ئەو فەتوایەی كە ئەو (68) زانا ئاینییە دەریانكردوە، تیایدا هاتوە: «لە روانگەی شەریعەتی خوای مەزنەوە، هەمو ستەملێكراو و مافخوراوێك، مافی خۆیەتی داوای مافەڕەواكانی خۆی بكات و هەوڵی لادانی ستەم بكات».

هەر لەو بەیاننامەیاندا، ئەو (68) زانا ئاینییەدا داوا لەئاسایش و پۆلیس و زێرەڤانی و سەرجەم دامودەزگاكانی حكومەت دەكەن، دەستیان بەخوێنی گەلەكەی خۆیان سورنەكەن و خۆیان دوچاری سزای خوا نەكەن.

رۆژی هەینی له سەعات (2)ی دوانیوەڕۆدا، وەكو سه‌عاتی سفر بۆ دەستپێكردنی خۆپیشاندانەكان دانرابو، بۆیە لەو كاتەدا سەرەڕای رێوشوێنە ئەمنییە توندوتۆڵەكەی پارتی و وتاری مەلای مزگەوتەكان، ژمارەیەكی بەرچاو لە خەڵكی لە دەوروبەری پاركی شار و لەسەر قەڵات كۆبونەوە.

یەكێك لەو رۆژنامەنوسانەی كە لەناو کۆبونه‌وه جه‌ماوه‌رییه‌که‌ی بازاڕی نیشتماندا بو، باسی لەوە كرد، خەڵكی خواخوایانە یەكێك هوتافێك یان دروشمێك بۆ دەستپێكردنی خۆپیشاندان بكێشێت، تا خۆپیشاندان ئەنجام بدرێت.

بەهۆی ترس و تۆقاندنەوە كەس نەیتوانی قسه بکات و خۆپیشاندان ئەنجام بدرێت، بەگوێرەی قسەی ئەوانەی كە لەو جێگەیەدا ئامادەبون، لە ماوەی چەند كاتژمێرێكدا، پارتی باودۆخەكەی بۆ بەرژەوەندیی خۆی هەڵگێڕایەوە، بەشێوەیەك ژمارەیەكی زۆری لایەنگرانی خۆی بە ئاڵای كوردستان و ئاڵای زەردی پارتییەوە هێنایە سەر قەڵات و ناو پاركی شار و كەوتنە هوتافكێشان و بەرزكردنەوەی دروشمی پاڵپشتی بۆ پارتی و سەرۆكی حیزبەكەیان.

لەو مەیدانەدا كە خەڵك چاوەڕوانی خۆپیشاندانێكی گەورەی دەكرد، گۆڕا بۆ مەیدانێكی زەرد و لایەنگرانی پارتی تا درەنگانێكی شەو لەوناوەدا مانەوە و بەسەر جادەكانیشدا بەئۆتۆمبێل و ئاڵای زەردەوە دەسوڕانەوە.

بە گوێرەی قسەی شایەدحاڵێك، هێزە ئەمنییەكانی پارتی لە كاتی كۆبونەوەی خەڵكی لەناو پاركی شاردا، چەندین كەسیان دەستگیركردوە كە گومانی ئەوەیان لێكردون، بەنیازی ئەنجامدانی خۆپیشاندانن. 

لەكاتژمێری سفردا، لەهەولێر خۆپیشاندان دەكرێت
ئەگەرچی بۆ دورخستنەوەی خۆپیشاندان لەهەولێر، پارتی شانبەشانی بڵاوەپێكردنی هێزە ئەمنیی و سەربازییەكانی، هەڕەشەیەكی زۆری لە ژمارەیەك لە رۆژنامەنوس، نوسەر و هەڵسوڕاوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی كردوە، تا خۆیان لە لێدوان و هاندانی خەڵكی بەدور بگرن، تەنانەت زۆرێك لەو كەسانە ناچار بون هەولێر بەجێبهێڵن و رو لە شاری سلێمانی بكەن، بەڵام هەندێك لایەن ئاماژە بەوەدەكەن كە لەكاتژمێری سفردا لەهەولێر خۆپیشاندان دەكەن.

گروپی خۆپیشاندەرانی خۆڕسك، لەدوەمین بەیاننامەیاندا كە رۆژی (26/2) بڵاویانكردوەتەوە، ئاماژە بەوەدەكەن: «سەرەڕای ئەو هەمو زەبر و زەنگ و چاوسوركردنەوانەی پیاوانی دەسەڵات بەجلی مەدەنی و رەسمییەوە، بەخۆشحاڵییەوە رۆژی هەینی ژمارەیەكی زۆری هاوڵاتییان و لاوانی هەولێر بەشداریی كۆبونەوەی جەماوەری بەردەم بازاڕی نیشتمانیان كرد، ئەمەش چاونەترسی و بوێریی لاوانی ئەو شارە قارەمانە دەردەخات، بەڵام بەداخەوە، هەر زو دەسەڵات ژمارەیەكی زۆری دەمانچە بەدەستی بەجلی مەدەنییەوە لەناو كۆبونەوەكە و بە ئۆتۆمبێله‌كانیان دەستیان كرد بە هوتافكێشان بەسەر حیزبدا، ئەمەش بوە هۆی رقێكی زۆر لەناو دڵی لاوە خوێنگەرمەكاندا».

خۆپیشاندەرانی خۆڕسك لەبەیاننامەكەیاندا، هاوڵاتییانی هەولێر دڵنیادەكەنەوە كە بە بەردەوامی رۆژانە كۆبونەوەی جەماوەریی لە بەردەم بازاڕی نیشتمان درێژە پێدەدەن و داواش لەسەرجەم خەڵكی شاری هەولێر دەكەن، رۆژانە بەوپەڕی پەرۆشییەوە بەشداریی بكەن و تا خۆپیشاندان وای لێدێت رێڕەوی خۆی وەردەگرێت.

لەلایەكی ترەوە، رێكخەرێكی خۆپیشاندانەكەی هەولێر، بەسایتی (سبەی)ی راگەیاند: «بۆیە خۆپیشاندانی هەینی دواخراوە، چونكە دڵنیابوین كە پارتی خوێن دەڕێژێت، بەڵام بڕیارمانداوە لە سەعاتی سفردا خۆپیشاندانی سەرتاسەریی لە هەولێر ئەنجام بدەین و بە هەزاران كەس بڕژێنینە سەر شەقامەكانی هەولێر».

هەمان سەرچاوە، وتیشی: «تا ئێستا بەپێی ئەو داتایانەی لای ئێمەیە، زیاتر لە (15000) كەس ئامادەیی خۆیان راگەیاندوە كە چارەنوسیان هەرچی بێت لەگەڵمان بڕژێنە سەر شەقامەكان و دژی ئەم بارودۆخە بەشداریی خۆپیشاندان بكەن».

هەر لەم روەوە، گروپی سەرشەقامی هەولێر كە گروپێكی نوێیە، رۆژی (26/2) لەبەیاننامەیەكدا، وێڕای داواكردنی چاكسازیی بنەڕەتیی، رایدەگەیەنن: «ئێمە وەكو كومەڵێك گەنجی شاری هەولێر، بە باوەڕێكی پتەو و متمانەیەكی بەهێزەوە، بە هەمو لایەك رادەگەیەنین كە بێدەنگ نابین لەسەر داواكانمان وەك شاری هەڵمەت و قوربانی، لەم رۆژانە و بەمنزیكانە لەپێناو ماف و ئازادیدا، لەپێناو شكاندنی دەرگای ترسێنەر و تۆقێنەرەكانی حكومڕانیی هەولێردا، خۆپشاندانێكی گەورە و جەماوەریی لە شاری قەڵا و منارە و شاری گەنجانی ئازا و دلێر ئەنجام دەدەین».

Sbeiy.com © 2007