Print
 سلێمانی؛ (4) که‌س له‌ به‌شداربوانی خۆپیشاندانه‌ جه‌ماوه‌رییه‌که‌ی مه‌یدانی ئازادی بێسه‌روشوێنکراون
Thursday, March 3, 2011
(سبه‌ی):
پاش ئه‌وه‌ی دوێنێ (هه‌ینی) به‌شدارییان له‌ خۆپیشاندانه‌ جه‌ماوه‌رییه‌که‌ی مه‌یدانی ئازادی شاری سلێمانیدا کرد، 4 که‌س له‌ خۆپیشانده‌ران بێسه‌روشوێن کراون.
سۆران بابان، برای یه‌کێک له‌ بێسه‌روشوێنکراوه‌کان به‌ (سبه‌ی) راگه‌یاند: دوێنێ (هه‌ینی) پاش کۆتایی هاتنی خۆپیشاندانه‌ جه‌ماوه‌رییه‌که‌ی مه‌یدانی ئازادی سلێمانی، هه‌ر یه‌که‌ له‌ نه‌وزاد بابان، شاخه‌وان ناسیح، خالید مه‌جید و موئه‌یه‌د ئه‌حمه‌د بێسه‌روشوێنکراون.
وتیشی: ئه‌و هاوڵاتیانه‌ی ده‌ستگیرکراون تاوه‌کو سه‌عات 5ی ئێواره‌ی دوێنێ به‌شدارییان له‌ خۆپیشاندانه‌که‌دا کردوه‌و یه‌کێکیش بون له‌ به‌شداربوانی که‌مپینی داکۆکیکردن له‌مافی خه‌ڵک.
سۆران ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، ئه‌وان دڵنیان که‌ له‌لایه‌ن هێزێکی ئه‌منییه‌وه‌ ئه‌و که‌سانه‌ رفێندراون، وتیشی: "سه‌ردانی لایه‌نی به‌رپرس و ده‌زگاکانی پۆلیس و ئاسایشمان کردوه‌، به‌ڵام هیچ که‌سێک زانیاریمان پێناده‌ن و تاکو ئێستا هیچ سۆراغێکیان نییه‌".
ئه‌وه‌ش پێچه‌وانه‌ی بڕیاره‌کانی په‌رله‌مانی کوردستانه‌، که‌ له‌دانیشتتنی نائاسایی رۆژی (چوارشه‌ممه‌)ی رابوردوداو له‌به‌یاننامه‌یه‌کی 17 خاڵیدا رایگه‌یاندبو، نابێت هیچ که‌س و خۆپیشانده‌رێک بێ فه‌رمانی دادوه‌ر ده‌ستگیر بکرێت.
Sbeiy.com © 2007