دیمانه: شه‌هرام عه‌بدوڵا
عه‌لی كه‌ریمی نووسه‌ر و چالاكی سیاسیی كوردستانی ئێران ده‌ڵێت: حیزبی كوردی به لاساییكردنه‌وه‌ی ئه‌زموونی یه‌كێتیی سۆڤیه‌تی پێشوو بنیاتنراوه‌و ئه‌مه‌ش وایكردووه، نووكی هه‌ره‌م له‌سه‌ركردایه‌تی حیزبه‌كاندا دروست بكرێت‌و ئه‌م نوكی هه‌ره‌مه ته‌نیا جێگه‌ی یه‌ك كه‌س ده‌بێته واته سه‌رۆك، كه به‌داخه‌وه حیزبه‌كانی ئێمه به چهپو به راستیانه‌وه له‌و چه‌شنه‌ن، ئه‌مجۆره له حیزبایه‌تی له دنیادا رۆژ به رۆژ رووی له كزی كردووه‌و سه‌ركه‌وتنێكی ئه‌وتۆی له رووی سه‌ركردایه‌تیی كۆمه‌ڵگه‌وه به خۆیه‌وه نه‌دیوه.
له‌دیمانه‌یه‌كدا كه‌ریمی وتیشی: حیزبی كوردی نه‌یتوانیوه له مێژووی 70- 80 ساڵه‌ی خۆیدا ئێستاشی له‌گه‌ڵ بێت بزووتنه‌وه‌ی كورد به ئاراسته‌یه‌كی مه‌عقولی نه‌ته‌وه‌ییدا به‌رێت.
ئه‌مه ده‌قی دیمانه‌كه‌یه:
سبه‌ی: پێكهاته‌و قه‌واره‌ی حیزبیی ئێستای حیزبه‌كانی خۆرهه‌ڵاتی كوردستان چۆن لێكده‌ده‌نه‌وه؟
عه‌لی كه‌ریمی: ئێمه له سه‌رده‌می ستالین‌دا فێری حیزبایه‌تی بووین، له ده‌ستپێكی شه‌ڕی سارد له قۆناغی جیهانی دوو جه‌مسه‌ریدا، شێوه‌ی حیزبایه‌تیی ئێمه له خۆرئاواوه نه‌هاتووه، وڵاتێكی وه‌كو هیندستان كه كۆڵۆنی به‌ریتانیا بوو شێوه‌ی حیزبایه‌تی له خۆرئاواوه وه‌رگرت، به‌ڵام ئێمه له سۆڤیه‌تمان وه‌رگرت ئه‌ویش له سه‌رده‌می ستالین‌دا، ئه‌و شێوه حیزبایه‌تییه نوكی هه‌ره‌مه‌كه‌ی یه‌كجار تیژه، ئه‌م نوكی هه‌ره‌مه ته‌نیا جێگه‌ی یه‌ك كه‌س ده‌بێته واته سه‌رۆك، كه به‌داخه‌وه حیزبه‌كانی ئێمه به چهپو به راستیانه‌وه له‌و چه‌شنه‌ن، ئه‌مجۆره له حیزبایه‌تی له دنیادا رۆژ به رۆژ رووی له كزی كردووه‌و سه‌ركه‌وتنێكی ئه‌وتۆی له رووی سه‌ركردایه‌تیی كۆمه‌ڵگه‌وه به خۆیه‌وه نه‌دیوه، گرنگترین نموونه‌شی خودی حیزبه دایكه‌كه بوو، واته حیزبی كۆمۆنیستی سۆڤیه‌ت كه رووخا‌و وازی له دنیای سیاسه‌ت هێنا، به‌ڵام به‌داخه‌وه ئێمه به زۆر هۆوه تا ئێستاش ئه‌م جه‌نازه‌یه به‌دوای خۆماندا راده‌كێشین.
سبه‌ی: ده‌وری ئۆرگانه جۆراوجۆره حیزبییه‌كان له‌و چه‌شنه پێكهاته حیزبییه‌دا چۆن پێناسه ده‌كه‌ن، بۆ نموونه هێزی چه‌كداریی؟
عه‌لی كه‌ریمی: ئه‌مشێوه حیزبایه‌تییه پێكهاته‌كه‌ی هه‌ره‌مییه، هه‌موو قاته‌كانی ئه‌م هه‌ره‌مه به ڕیز له خواره‌وه بۆ سه‌ره‌وه له خزمه‌ت قاته‌كانی سه‌رووی خۆیانه‌وه‌ن تا ده‌گاته سهرۆكو به‌و شێوه‌یه هه‌موو له خزمه‌تی سهرۆكدان، ئه‌وه گرنگ نییه كه كێ سه‌رۆكه، گرنگ ئه‌وه‌یه كه میكانیزمه‌كه ئه‌وه ده‌خوازێت، به‌م پێیه هه‌موو ئۆرگانه‌كانی حیزب به‌پێچه‌وانه‌ی حیزبه سیاسییه مۆدێرنه خۆرئاواییه‌كان، له خزمه‌تی نوكی ئه‌م ههرهمهدان، جا هه‌ر كه‌س سه‌رۆك بێت هه‌موو میلیشیاو هێزه چه‌كداره‌كه‌ی به هی خۆی دهزانێتو خۆی به كاریان ده‌هێنێت بۆ هه‌ر مه‌به‌ستێك كه پێی خۆش بێت، هه‌ر به‌هۆی ئه‌وه‌وه بووه كه حیزبی كوردی نه‌یتوانیوه له مێژووی 70- 80 ساڵه‌ی خۆیدا ئێستاشی له‌گه‌ڵ بێت بزووتنه‌وه‌ی كورد به ئاراسته‌یه‌كی مه‌عقولی نه‌ته‌وه‌ییدا به‌رێت، پێش ئه‌م مێژووه‌ش سه‌رۆك عه‌شیره‌ته‌كان به هێزه چهكدارهكهیانهوه كه له خزمه‌تی خۆیاندا بووه، توانیویانه ره‌وایه‌تی به خۆیان بده‌ن، ئێستاش به‌شێكی زۆری فه‌رهه‌نگی حیزبایه‌تیی ئێمه ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر فه‌رهه‌نگه عهشیرهتییهكه، كه هه‌ریه‌كه‌و بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیی خۆی له په‌رده‌ی كوردایه‌تیدا كۆمه‌ڵێك چه‌كداری له خۆی كۆده‌كرده‌وه، خۆ ئه‌و سه‌ركرده نه‌ریتیانه بۆ ئه‌وه‌یان نه‌بووه كه كۆمه‌ڵانی هه‌ژارو زه‌حمه‌تكێشی كوردستان له‌ژێر زوڵمی عوسمانی‌و سه‌فه‌وی رزگاربكه‌ن، خۆیان جێ پێیان لێژ بووه‌و له‌گه‌ڵ سوڵتانێكی عوسمانی یان سه‌فه‌ویدا تووشی ناكۆكی بوون، هاتوون تفاقی خه‌ڵكه‌كه‌یان به شه‌ڕی چه‌كداریی داوه‌و رهوایهتیشیان به كێشه شه‌خسییه‌كه‌ی خۆیان داوه، ئینجا جاڕیانداوه كه به‌ڵێ ئه‌وه ئێمه ته‌حه‌دای عه‌جه‌مان قبوڵ ناكه‌ین‌و له شاخ ده‌ده‌ین، راستییه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه كه سه‌ركرده یان سه‌رۆك عه‌شیره‌ته‌كه شه‌ڕی له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیی خۆی كردووه، ده‌نا كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك زۆر له مێژهوهو له‌لایه‌ن تورك‌و عه‌جه‌مه‌وه ته‌حه‌داو زوڵم‌و زۆریان لێده‌كرا، كه هاتینه قۆناغی حیزبایه‌تیی سیاسیش هه‌ر ئه‌م عهقڵییهتهمان تێدا بوو، له مێژووی 70– 80 ساڵی رابردوودا كام حیزب‌و سه‌ركرده‌ی سیاسی ده‌بینیت به‌بێ چهكو بۆ خۆی بووبێته كاریزما، واته به‌پێچه‌وانه‌وه‌و به هێزی عهقڵو لۆژیك‌و قه‌ڵه‌م بووبێته كاریزما، له مێژووی وڵاتانی دیكه‌دا سه‌ركرده‌ی له‌و چه‌شنه‌مان هه‌یه، بۆ نموونه گاندی كه هه‌موو كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی له‌پشت بوو، تۆ له یه‌ك دۆكۆمێنتدا دوو چه‌كداری له‌پشته‌وه نا‌بینیت، به‌ڵام ئاخۆ سه‌ركرده‌كانی ئێمه له ئێستادا ده‌وێرن به‌بێ كه‌متر له پازده- بیست لانكرۆزهرهوه كه لوله‌ی چه‌كه‌كانیان له پهنجهرهكانیهوه هاتووه‌ته ده‌ر، بێنه ناو كۆمه‌ڵگه‌وه، ئه‌وان ره‌وایه‌تیی خۆیان له‌و هێزه چه‌كدارانه‌وه وه‌رده‌گرن، ئێمه نه‌مانتوانی ماندێلا دروستبكه‌ین، كه له زیندان هاته ده‌ر، چوو له سه‌ر به‌ڕه‌ی ئه‌فریقییه‌كان چوارمه‌شقی دانیشت، چونكه په‌یامێكی سیاسی پێ‌بوو، په‌یامێكی روون‌و ئاشكرا كه هیچ پێویستی به چه‌ك نه‌بوو، په‌یامی ئێمه ئاشكرا نییه، بۆخۆشمان نازانین ستراتیژمان چییه، ده‌بێت ره‌وایه‌تی بۆ بدۆزینه‌وه، ره‌وایه‌تی چییه؟ هێزی چه‌كدار!! ئێمه له زۆربه‌ی وڵاته پێشكه‌وتووه‌كانی دنیادا، نه‌ك هێزی چه‌كدار، ته‌نانه‌ت نابینین كه بڵێن ئه‌مه رۆژنامه‌ی تایبه‌تی فڵان یان فیسار حیزبه، یان تهلهفزیۆنو هه‌ر كه‌ره‌سته‌یه‌كی دیكه‌ی راگه‌یاندن، چونكه راگه‌یاندن سه‌ربه‌خۆیی خۆی وه‌رگرتووه، هۆكاره‌كه‌شی ئه‌وه‌یه كه له‌ناو ئه‌و حیزبه سیاسییانه‌دا ده‌سه‌ڵات هه‌وسار كراوه، ئه‌وان له‌دوای كێشمه‌كێش‌و شهڕگهلێكی گه‌وره‌ی مێژوویی گه‌یشتنه ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی كه چۆن ده‌سه‌ڵات پێناسه بكه‌ن، بۆیه فۆرمۆلێكیان بۆ ده‌سه‌ڵات دۆزییه‌وه‌و یارمه‌تی كردن سیستمێك دابمه‌زرێنن كه ئه‌وه ساڵانێكی زۆره هه‌موو كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی خۆیان له سایه‌یدا ده‌حه‌سێنه‌وه‌و ده‌توانن له هه‌موو سامان‌و ده‌ستكه‌وته‌كانی كۆمه‌ڵگه به‌شێوه‌یه‌كی دادپه‌روه‌رانه كه‌ڵك وه‌ربگرن، ئێستا گه‌وره‌ترین ئۆرگان كه بووه‌ته به‌ڵای گیانمان هێزی میلیشای حیزبییه، من له‌وه ناگه‌م چۆن ده‌كرێت دوو لایه‌ن كه هه‌ردووكیان چه‌ند هه‌زار هێزی چه‌كداریان لهپیشتهوهیه، بێن پێكه‌وه مفاوه‌زه بكه‌ن، هیچ لۆژیكێك ناتوانێت ئه‌وه بسه‌لمێنێت، مفاوهزهش بكه‌ن به پشتبه‌ستن به هێزی چه‌كدار هه‌وڵده‌ده‌ن داواكانی خۆیان بسه‌پێنن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هیچ لایه‌نێك هێزی چهكدارو میلیشیای نه‌بێت، هه‌وڵده‌ده‌ن قورسایی خۆیان له رێگه‌ی به‌رنامه‌ی سیاسیانه‌وه بسه‌لمێنن، كه له پرۆسه‌ی ده‌نگداندا ده‌رده‌كه‌وێت، لای ئێمه ئه‌گه‌ر لایه‌نێك له هه‌ڵبژاردندا رێژه‌یه‌كی كه‌م له ده‌نگه‌كان به‌ده‌ست بهێنیت، چونكه هێزی چه‌كداری له‌پشته‌وه‌یه، كهمینهبوونی خۆی قبوڵ ناكات‌و پرۆسه دیموكراتیكهكه دهشێوینێتو ملنادات، من پێموایه تا ئه‌و كاته‌ی كه هه‌ر حیزبه‌و هێزی چه‌كداری خۆی ههبێتو هێزی چه‌كدار له هێزی سیاسی به‌ته‌واوه‌تی جیانه‌كرێته‌وه، ناتوانین به‌شێوه‌یه‌كی شارستانی‌و دیموكراتیك له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیی نه‌ته‌وه‌ی كورد پێكه‌وه دیالۆگ بكه‌ین.
سبه‌ی: پێتانوایه بۆ ده‌ربازبوون له‌و حاڵه‌ته ده‌بێت چی بكرێت؟
عه‌لی كه‌ریمی: ئێستا ده‌رفه‌تێكی باشه بۆ ئه‌وه‌ی كه حیزبه‌كانی كوردستانی خۆرهه‌ڵات بێن له رووی دڵسۆزییه‌وه خۆیان چه‌ك بكهنو سوپایه‌كی رزگاریخوازی نه‌ته‌وه‌یی دابمه‌زرێنن، كه له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی هیچ حیزب‌و رێكخراوێكدا نه‌بێت، هێزێك كه پێكهاتبێت له كچ‌و كوڕه‌كانی كوردستان‌و ته‌نهاو ته‌نها بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی گه‌لی كوردستان كاربكات، ته‌نها باسكی سه‌ربازیی كوردستان بێت‌و به‌بێ جیاوازیی حیزبی‌و سیاسی هه‌وڵبدات بۆ پاككردنه‌وه‌ی سوپا‌و به‌كرێگیراوانی كۆماری ئیسلامی له خۆرهه‌ڵاتی كوردستان، مه‌جال به هیچ حیزب‌و گروپێك نه‌دات كه كێشه ناوخۆییه‌كان به چهكو ته‌قه‌كردن یه‌كلابكه‌نه‌وه، ببێته زامنی ئۆقرهییو ئاسایشی كوردستان‌و هه‌موو تاكێكی كورد له‌سه‌ر خاكی كوردستان، رێگه نه‌دات هیچ حیزب‌و گروپێك میلیشیاو پێشمه‌رگه‌ی تایبه‌ت به خۆیان هه‌بێت، سوپایه‌كی ئاوا له‌دوای رزگاربوونی كوردستان ده‌بێته زامنی به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنی ئازاد‌و بێ فێڵ له سه‌رتاسه‌ری شار‌و گونده‌كان ده‌توانێت به گژ سه‌رهه‌ڵدانی هه‌ر چه‌شنه دیكتاتۆرییهكدا بچێته‌وه‌و ته‌نهاو ته‌نها ملكه‌چی بڕیاره‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان بێت، به ره‌چاوكردنی كۆمه‌ڵێك خاڵی له‌م چه‌شنه ده‌كرێت له‌سه‌ر پێكهێنانی سوپایه‌كی ئاوا رێك بكه‌وین.
سبه‌ی: سوپایه‌كی ئه‌وتۆ بودجه‌ی ده‌وێت، چهكو پێداویستی لۆجستیكی ده‌وێت، فه‌رمانده‌و ژه‌نه‌راڵی به توانای ده‌وێت كه بتوانێت دیسیپلینی پێبدات، له‌م قۆناغه‌دا كه خۆرهه‌ڵاتی كوردستان دهوڵهتو په‌رله‌مانێكی نییه، ئه‌و سوپایه چۆن ده‌توانێت سه‌ربه‌خۆ بێت‌و له‌ژێر كاریگه‌ریی حیزبه‌كاندا نه‌بێت، ئه‌و بودجه‌و توانایانه له كوێ‌و به چ شێوه‌یه‌ك دابین بكات كه سه‌ربه‌خۆییه‌كه‌ی خه‌وشه‌دار نه‌بێت؟
عه‌لی كه‌ریمی: ئه‌وه راسته، به‌ڵام ئه‌مه تا ئێستا فیكره‌یه‌كه بۆ به‌رگرتن له روودانی ئه‌و كاره‌ساتانه‌ی كه به هۆی میلیشای حیزبییه‌وه به‌سه‌ر حیزبه‌كان‌و نهتهوهكهشدا دێن، بۆ نموونه وه‌كو سه‌رهه‌ڵدانی شه‌ڕی ناوخۆ له هه‌رێمی كوردستان، باشه ئاخۆ ئێمه وه‌كو حیزبه‌كانی خۆرهه‌ڵات ناتوانین به‌و قه‌ناعه‌ته بگه‌ین كه ئێمه‌ش نهتهوهیهكینو له كۆمه‌ڵێك خاڵی سه‌ره‌كیدا هاوبهشینو پێویسته له‌پێناویاندا له ته‌ما چه‌كدارییه‌كانی خۆمان كه‌م بكه‌ینه‌وه، لێره‌وه‌یه كه ده‌بێت بگه‌ڕێین بۆ میكانیزمێك كه حیزبه سیاسییه‌كان له‌سه‌ری رێك بكه‌ون، به‌شێوه‌یه‌ك كه ئه‌و سوپایه سه‌ربه‌خۆیی ته‌واوی ههبێتو نه‌كه‌وێته خزمه‌ت به‌رژه‌وه‌ندیی لایه‌نێكی دیاریكراوه‌وه، ئێمه ئێستا له تاراوگه‌و له قۆناغی شۆڕشداین، دیاره له قۆناغێكی ئه‌وتۆدا ئه‌و سوپا توكمه‌و مۆدێرنه‌مان نابێت، هێزی پارتیزانمان ده‌بێت، كه حیزبه‌كان تا ئێستا توانیویانه رایبگرنو به‌ڕێوه‌ی به‌رن، بۆ ئه‌وه‌ش كه‌ره‌سته‌و ئه‌زموونمان زۆره‌و له ساڵی 79وه شه‌ڕی پارتیزانی ده‌كه‌ین، به‌ڵام قسه‌كه له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه كه ئێمه چ میكانیزمێك دهدۆزینهوهو چ ئهگریمێنتێك له‌نێوان حیزبه سیاسییه‌كاندا مۆر‌و ئیمزا ده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ی كه ئه‌م سوپایه سه‌ربه‌خۆ بێت، پێموایه ئه‌گه‌ر حیزبه‌كان خاوه‌نی ئه‌م ستراتیژه نه‌ته‌وه‌ییه بن، گه‌شتن به‌و ئهگریمێنته ئاسانه.
سبه‌ی: ئایا له قۆناغی ئێستادا هیچ ده‌رفه‌ت یان نیشانه‌یه‌ك له حیزبه‌كانی خۆرهه‌ڵاتدا به‌دی ده‌كه‌ن كه بۆ پێكهێنانی سوپا یان هێزێكی پارتیزانی سه‌ربه‌خۆ هاوكاربن؟
عه‌لی كه‌ریمی: راستییه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه كه ئه‌وان به هه‌موو سه‌ركرده‌كانه‌وه، له ئاستی ئه‌و به‌رپرسیارێتییه مێژووییه‌دا نین كه مێژوو له‌سه‌ر شانی داناون، له‌و سێ- چوار حیزبه‌دا هه‌موو جۆر كۆمیته ناوهندییهكمان هه‌یه، ئه‌گه‌ر بێین حسابی بكه‌ین له‌وانه‌یه 120- 30 كه‌س ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تیمان هه‌بێت، تۆ بڵێی ئێمه له ئۆردوگادا 120 سه‌ركرده‌مان بۆچی بێت؟ باشه كێ پاسه‌وانیی ئه‌وانه ده‌كات؟ من گومانم هه‌یه له‌وه‌ی كه ئه‌وه‌نده‌شمان پێشمه‌رگه هه‌بێت؟ ئێمه ده‌بێت دان به‌وه‌دا بنێین به‌شی هه‌ره زۆری ئه‌و سهركردایهتییهمان له ئاستی ئه‌و به‌رپرسیارێتییه‌دا نییه كه مێژوو له‌سه‌ر شانی داناوه، ئێمه بمانهوێتو نه‌مانه‌وێت له‌سه‌ر خاكی هه‌رێم په‌نابه‌رو میوانینو ده‌بێت حورمه‌تی ئه‌و میوانییو په‌نابه‌رییه‌ی خۆمان رابگرین، چۆن هه‌روا له‌سه‌ر شتێكی زۆر بچووك له‌و بارودۆخه‌داو یه‌كسه‌ر بێ ئه‌ملاو ئه‌ولا كردن بڕیاری ئینشیعاب ده‌ده‌یت، به‌هه‌رحاڵ من له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌شدا ده‌ڵێم له‌م حاڵه‌ته‌دا كه لاوازین ره‌نگه مه‌جال بۆ لێك نزیكبوونه‌وه له‌و رووه‌وه زیاتر بێت، به‌ڵام ئه‌مه دیالۆگێكی زۆر زۆر به‌هێزی ده‌وێت، هه‌وڵی به‌رده‌وامی رووناكبیران‌و رۆژنامه‌نووسانی ده‌وێت، كه راستییه‌كان بیربهێننهوهو جه‌ختیان له‌سه‌ر بكه‌نه‌وه، زۆر به باشی تێ‌یان بگه‌یه‌نن كه ئیدی ئه‌و قۆناغه به‌سه‌ر چووه كه دوو برا له خێزانێكدا له‌سه‌ر ئه‌وان به‌شه‌ڕ بێن‌و له دژی یه‌كتر تاو بده‌نه چه‌ك، یان دایك‌و باوكه‌كان كچ‌و كوڕه‌كانیان بنێرن كه وه‌ك میلیشیا له خزمه‌تی هه‌ره‌مه حیزبییه‌كه‌ی ئه‌واندا بن، خه‌ڵك بۆیه منداڵه‌كه‌ی ده‌نێرێته پێشمه‌رگایه‌تی بۆ ئه‌وه‌ی له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندیی نه‌ته‌وه‌كه‌ی‌و له دژی داگیركه‌ر گیانی خۆی به‌خت بكات، نه‌ك ببێته چه‌كداری فڵان‌و فیسار سهرۆكو پارێزه‌ری سه‌ره‌ڕۆیی‌و به‌رژه‌وه‌ندییه شه‌خسییه‌كانی ئه‌وان بێت.
سبه‌ی: له نوخبه‌و رۆژنامهنووسو به گشتی له شه‌قامی خۆرهه‌ڵاتی كوردستاندا ئه‌و هه‌ژموونه به‌دی ده‌كه‌ن كه له‌و رووه‌وه‌و له پێكهاتنی هێزێكی ئه‌وتۆدا كاریگه‌ر بێت؟
عه‌لی كه‌ریمی: هیچ دیارده‌یه‌كی سیاسیی یان كۆمه‌ڵایه‌تی له خۆوه دروست نابێت، ده‌بێت خۆمان كاری بۆ بكه‌ین، نه‌ته‌وه‌ی ئێمه بێبه‌ش نییه له نوخبه‌و رووناكبیری سیاسی‌و رۆژنامه‌نووسی سه‌ربه‌خۆ له ده‌ره‌وه‌ی حیزبه‌كان، به‌ڵام حه‌قیقه‌تێك هه‌یه ئێمه وه‌كو نه‌ته‌وه‌یه‌كی به‌شخوراو كه ئه‌و كاره‌ساته‌مان به‌سه‌ر هاتووه، كاری كه‌ممان كردووه، ده‌مانه‌وێت به‌بێ كار‌و هه‌وڵدان بگه‌ینه ئه‌و ئامانجانه‌ی كه ئاواتی هه‌موومانه، شتی وا نابێت، ئێستا بۆ نموونه فیكره‌ی پێكهێنانی ئه‌و سوپایه‌ی باسمان كرد، خه‌ڵك خوویان به‌وه گرتووه كه به‌ڵێ هێزی پێشمه‌رگه‌ی دیموكرات‌و كۆمه‌ڵه‌مان هه‌یه‌و بژی بژی هێزی پێشمه‌رگه، به‌ڵام تا ئێستا كار بۆ ئه‌وه نه‌كراوه كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك تێبگه‌یه‌نرێن كه پێشمه‌رگه بۆ حیزب نه‌نێرن، ئهركو ئامانجی پێشمه‌رگه‌یان بۆ روون نه‌كراوه‌ته‌وه، ئه‌وه نییه شه‌ڕی یه‌كتری به كچ‌و كوڕی ئه‌وان دهكهنو له ئه‌نجامی ئه‌و هێزی پێشمه‌رگه‌یه‌ی بۆیان دروستكردوون ئینشیعاب ده‌كه‌ن، ئایا كارمان كردووه بۆ ئه‌وه‌ی كه پێشمه‌رگه ده‌بێت ته‌نهاو ته‌نها له‌پێناوی پێكهێنانی حكومه‌تی كوردستاندا شه‌ڕ بكات، كه‌واته ده‌بێت خۆمان كاری بۆ بكه‌ین، كه كارمان بۆ كرد ده‌بێته هه‌ژموون، تۆ كه قسه‌ی باشت كرد كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكیش به‌ره‌و پیرته‌وه دێن، كه كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك به‌و قه‌ناعه‌ته گه‌یشتن به‌دڵنیاییه‌وه ده‌بنه باسكی فشار‌و زه‌خت بۆ سه‌ر حیزبه‌كان‌و ئه‌وه‌ش كه ده‌مانه‌وێت پێك دێت، به‌ڵام ئایا به‌بێ كاركردن هیچ دهستكهوتێكمان ده‌بێت، ئێستا كۆماری ئیسلامی تاكتیكی گۆڕیوه له‌جیاتی ئه‌وه‌ی كه بێت له كۆڵان‌و شه‌قامه‌كانی هه‌رێمی كوردستاندا ته‌قه‌ت لێبكاتو بتكوژێت، حیزبه‌كه‌ت پارچه پارچه ده‌كات، ته‌شه‌نه ده‌كاته ناو حیزبهكهتهوه، سه‌ركردایه‌تی ئاگای له هیچ نییه له مه‌كته‌بی سیاسی دانیشتوون قسه له‌سه‌ر چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌و ناكۆكییه‌كانیان ده‌كه‌ن، له خواره‌وه‌و له‌ناو مقهڕێكدا چه‌كدارێك به‌ناوی یه‌كێك له سه‌ركرده‌كانه‌وه كێشه‌یه‌ك دروستدهكاتو ده‌ستده‌كات به ته‌قه‌كردن، تا ده‌گاته‌وه لای سه‌ركرده‌كان تازه خۆ شه‌ڕه‌كه كراوه‌و دره‌نگ بووه، كۆماری ئیسلامی‌و ئه‌و كه‌سانه‌ی دژ به شۆڕشی خۆرهه‌ڵاتن ئه‌و كاره ده‌كه‌ن، ده‌ی ئه‌و ده‌روازه گه‌وره‌یه‌ی كه له هه‌موو حیزبه‌كاندا ئاوه‌ڵایه‌و سه‌دان وشتری به باره‌وه پێدا ده‌چێته ژوور، ده‌روازه‌ی پێشمه‌رگایه‌تییه، ئه‌و ده‌روازه‌یه ده‌بێت دابخرێت، بۆ ئه‌وه‌ی رێگه‌ی ئه‌و تهشهنهكردنهش بگیرێت، كه تۆ سوپای سه‌ربه‌خۆت پێكهێناو میكانیزمێكی شیاوت بۆ دۆزییه‌وه ئۆتۆماتیكی ئه‌و رێگه‌یه‌ش ده‌گیرێت.