Print
 هه‌ر په‌رله‌مانتارێكی‌ عێراق 180 هێنده‌ی‌ مووچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رێك وه‌رده‌گرێت
Monday, July 7, 2008
راپۆرتی: سیروان ره‌شید

هه‌رئه‌وه‌نده‌ی‌ 22ی‌ مانگ هات، وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ له‌ ناوچه‌ی‌ ساڵحیه‌ی‌ به‌غدا پڕده‌بێت له‌ ئه‌ندام په‌رله‌مان، ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ تاكه‌ خاڵی‌ هاوبه‌شیان ئه‌و جانتا تایبه‌ته‌ی ده‌ستیانه‌ كه‌ هه‌ندێكیان خۆیان‌و هه‌ندێكیشیان پاسه‌وانه‌كانیان هه‌ڵیانگرتووه‌، جانتاكان خاڵین، به‌ڵام دوای‌ كه‌متر له‌ سه‌عاتێك (25.000.000) بیستوپێنج ملیۆن دینار مووچه‌ی‌ مانگانه‌یانی‌ تێده‌چێت.

ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ كه‌ به‌شێكیان كوردن، هه‌ندێكیان ته‌نها ئه‌و رۆژه‌ بیریان ده‌كه‌وێته‌وه‌ په‌رله‌مانتارن، كه‌ هاتوون مووچه‌كه‌یان ، له‌ بانقی‌ ره‌شید له‌نێو وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ عێراق وه‌ربگرن.

هه‌ندێك له‌ چاودێرانی‌ سیاسی‌‌و هاووڵاتییانی‌ كوردستانیش ره‌خنه‌ له‌ ئه‌دای‌ نوێنه‌رانی‌ كورد له‌ په‌رله‌مانی‌ عێراقی‌ ده‌گرن كه‌ له‌ ماوه‌ی‌ سێ‌ ساڵی‌ رابردوودا ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ سه‌رنجڕاكێش سوودمه‌ندبوون له‌ ده‌ستكه‌وتێكی‌ زۆری‌ مادی‌و مه‌عنه‌وی‌، به‌ڵام ئه‌دای‌ په‌رله‌مانتاریان لاواز بووه‌‌و له‌ئاستی‌ ده‌ستكه‌وته‌ شه‌خسییه‌كانیاندا نه‌بووه‌.

ئه‌و مووچه‌یه‌ی‌ مانگانه‌ هه‌ر ئه‌ندام په‌رله‌مانێكی‌ عێراق وه‌ریده‌گرێت، بریتییه‌ له‌ (10.000.000) ده‌ ملیۆن دینار وه‌ك مووچه‌ی‌ په‌رله‌مانتاری‌‌و بڕی‌ (15.000.000) پانزه‌ ملیۆن دیناریش وه‌ك مووچه‌ی‌ 30 پاسه‌وان بۆ پارێزگاریی‌ لایه‌نی‌ ئه‌منیی‌ خۆیان، به‌ڵام به‌پێی‌ ئه‌و زانیارییانه‌ی‌ په‌رله‌مانتارێكی‌ لیستی‌ هاوپه‌یمانی بۆ رۆژنامه‌ی‌ ئاشكراكرد، له‌ ئێستادا زیاتر له‌ 35 ئه‌ندامی‌ لیستی‌ هاوپه‌یمانی‌‌و یه‌كگرتووی‌ ئیسلامی‌ هیچ پاسه‌وانێكیان نییه‌‌و سه‌رباری‌ مووچه‌كه‌ی‌ خۆیان مانگانه‌ 15 ملیۆن دیناری‌ مووچه‌ی‌ ئه‌و 30 پاسه‌وانه‌ بۆ خۆیان وه‌رده‌گرن، ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی‌ لیستی‌ هاوپه‌یمانی‌ كه‌ له‌به‌ر هۆكاری‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ نه‌یویست له‌م راپۆرته‌دا ئاماژه‌ به‌ناوه‌كه‌ی‌ بدرێت، زانیاریی‌ زیاتری‌ ئاشكراكردو وتی‌: "جگه‌ له‌و مووچه‌ زۆره‌ هه‌ر ئه‌ندامانێكی‌ په‌رله‌مان (90.000.000) نه‌وه‌د ملیۆن دیناری‌ دیكه‌یان له‌ ماوه‌ی‌ رابردوودا بۆ كڕینی‌ ئۆتۆمبیل‌و پێداویستی‌ دیكه‌ دراوه‌تێ‌، سه‌رباری‌ دابینكردنی‌ شوقه‌ی‌ نیشته‌جێبوون له‌ناو په‌رله‌ماندا".

په‌رله‌مان كه‌ باڵاترین ده‌سه‌ڵاتی‌ قانونی‌‌و چاودێرییه‌، ئه‌ندامه‌كانی‌ به‌وپێیه‌ی‌ حه‌سانه‌یان هه‌یه‌، تاكه‌ كه‌سن كه‌ به‌پێی‌ یاسا هیچ هێزو ده‌سه‌ڵاتێك ناتوانێت‌و بۆی‌ نییه‌ (حه‌پسیان بكات، مووچه‌كه‌یان ببڕێت، پۆسته‌كه‌یان لێوه‌ربگیرێته‌وه‌).

 ئه‌ندامانی‌ په‌رله‌مان به‌وپێیه‌ی‌ كۆمه‌ڵێك ئیلتیزاماتی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌‌و سیاسییان هه‌یه‌‌و لێپرسینه‌وه‌ له‌ وه‌زیرو به‌رپرسانی‌ حكومه‌ت ده‌كه‌ن، پێویسته‌ مووچه‌كه‌یان له‌ئاستێكدا بێت كه‌ ئیحتیاجی‌ ده‌ستی‌ وه‌زیر‌و به‌رپرسان نه‌بن، له‌كاتی‌ لێپرسینه‌وه‌ له‌ كه‌مته‌رخه‌مییه‌كانی‌ حكومه‌ت.

 له‌ ئێستادا مووچه‌ی‌ مانگانه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رێكی‌ خاوه‌ن بڕوانامه‌ی‌ دیبلۆم ته‌نها ( 157000) سه‌دو په‌نجاوحه‌وت هه‌زار دیناره‌، به‌ڵام ئه‌و مووچه‌یه‌ی‌ په‌رله‌مانتاران وه‌ریده‌گرن زیاتر له‌ 180 جار هێنده‌ی‌ مووچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رێكی‌ ئاساییه‌، هه‌ندێك له‌  په‌رله‌مانتارانیش دان به‌وه‌دا ده‌نێن كه‌ ئه‌و مووچه‌یه‌ی‌ وه‌ریده‌گرن به‌ به‌راورد به‌ مووچه‌ی‌ هاووڵاتییان گه‌لێك زۆره‌.

مه‌حمود عوسمان په‌رله‌مانتاری‌ سه‌ربه‌خۆی‌ لیستی‌ هاوپه‌یمانی‌ كوردستان، وتی‌: "ده‌مێكه‌ له‌ په‌رله‌مان داوامكردووه‌ مووچه‌كه‌مان زۆره‌‌و  پێویسته‌ كه‌مبكرێته‌وه‌، چونكه‌ ئێمه‌ نوێنه‌ری‌ خه‌ڵكین‌و ده‌مانه‌وێت ئیش بۆ خه‌ڵك بكه‌ین، له‌كاتێكدا خه‌ڵك حاڵی‌ خراپه‌و ده‌بێت په‌رله‌مانتار بڕوای‌ خه‌ڵك له‌ده‌ست نه‌دات".
كورد 58 نوێنه‌ری‌ له‌ كۆی‌ 275 كورسی‌ له‌ په‌رله‌مانی‌ عێراقدا هه‌یه‌، كه‌ 53یان وه‌ك نوێنه‌ری‌ لیستی‌ هاوپه‌یمانی‌ كوردستانی‌‌و 5ی‌ دیكه‌شیان وه‌ك نوێنه‌ری‌ لیستی‌ یه‌كگرتووی‌ ئیسلامی‌ كوردستانن، ته‌واوی‌ ئه‌م نوێنه‌رانه‌ له‌لایه‌ن حیزبه‌كانی‌ كوردستانه‌وه‌ ده‌ستنیشانكراون، كه‌فائه‌تی‌ شه‌خسی‌ له‌ ده‌ستنیشانكردنی‌ ئه‌نداماندا نه‌بووه‌ته‌ پێوه‌ری‌ یه‌كه‌م‌و كۆمه‌ڵێك ئیعتیباراتی‌ وه‌ك ئیستیحقاقاتی‌ شۆڕش‌و حیزبیبوون‌و به‌رژه‌وه‌ندیی‌ شه‌خسی‌ رۆڵیان له‌ دانانی‌ ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كاندا هه‌بووه‌. 

له‌ ئێستادا زۆرێك له‌ په‌رله‌مانتارانی‌ فراكسیۆنی‌ كوردی‌ له‌ په‌رله‌مانی‌ به‌غدا، سه‌رباری‌ كڵۆڵیان له‌ زمانی‌ عه‌ره‌بیدا، تێیاندایه‌ كه‌ تا ئێستا موداخه‌له‌یه‌كی‌ له‌ناو هۆڵی‌ په‌رله‌ماندا نه‌كردووه‌، جگه‌ له‌وه‌ی‌ چه‌ند په‌رله‌مانتارێك به‌هۆی‌ مونافه‌سه‌ی‌ حیزبیی‌ نێوان یه‌كێتی‌‌و پارتییه‌وه‌، له‌ هه‌ندێك لیژنه‌ی‌ په‌رله‌مان دانراون، كه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك پسپۆڕییان له‌وبواره‌دا نییه‌‌و هه‌ندێكیان دوای‌ دوو ساڵ‌ كاركردن داوایان له‌ فوئاد مه‌عسوم سه‌رۆكی‌ لیستی‌ هاوپه‌یمانی‌ كردووه‌ كه‌ ئیشه‌كه‌یان بۆ بگۆڕێت، كه‌ ناوی‌ ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ په‌رله‌مانتاره‌ لای‌ رۆژنامه‌ هه‌یه‌.   

 سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ باڵای‌ حیزبیی‌ كه‌ ئاگاداری‌ چۆنیه‌تی‌ كاندیدكردنی‌ ئه‌ندامه‌كانی‌ لیستی‌ هاوپه‌یمانی‌ كوردستان بووه‌، به‌ رۆژنامه‌ی‌ راگه‌یاند جگه‌ له‌ چه‌ند كه‌سێك كه‌ له‌لایه‌ن سه‌ركردایه‌تیی‌ ئه‌و دوو حیزبه‌وه‌ كاندیدو ته‌كلیفكراون بۆ پۆستی‌ ئه‌ندام په‌رله‌مانی‌ "كاتی‌ خۆی‌ سه‌رۆك‌و سكرتێری‌ پارتی‌‌و یه‌كێتی‌، ئه‌ندامانی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسییه‌كانیان سه‌رپشككردووه‌ كه‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌لای‌ خۆیه‌وه‌و به‌ ئاره‌زووی‌ شه‌خسیی‌ خۆی‌ ده‌توانێت كه‌سێك بۆ ئه‌ندامێتی‌ لیستی‌ هاوپه‌یمانی‌ دیاریی‌ بكات و زیاتر له‌ 30 ئه‌ندامی‌ لیسته‌كه‌ به‌ فه‌ردی‌ له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسیی پارتی‌‌و یه‌كێتییه‌وه‌ كراونه‌ته‌ ئه‌ندام په‌رله‌مان"، كه‌ وه‌ك ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ ئاگادارو باوه‌ڕپێكراوه‌ باسیكرد "پێده‌چێت به‌رژه‌وه‌ندیی‌ شه‌خسیش رۆڵی‌ له‌و كاندیدكردنه‌دا بینیبێت".

 به‌رنامه‌ی‌ كاری‌ لیستی‌ هاوپه‌یمانی‌ كوردستان كه‌ نوێنه‌رایه‌تی‌ كورد له‌ په‌رله‌مانی‌ عێراقدا ده‌كات، له‌كاتی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا بریتی‌ بوو له‌ به‌رگریكردن له‌ مافه‌كانی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان‌و سه‌ندنی‌ به‌شه‌ بودجه‌ی‌ ساڵانه‌ی‌ هه‌رێم له‌ به‌غداو ده‌رچوونی‌ یاساو بڕیاره‌كان له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی‌ هه‌رێم‌و  چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی‌ وه‌ك ماده‌ی‌ 140و چه‌ند مافێكی‌ تر، هاشم جه‌باری‌، 41 ساڵ‌ كه‌ پیشه‌ی‌ ئه‌فسه‌ری‌ پۆلیسه‌ له‌ شاری‌ كه‌ركوك، (سه‌رباری‌ نرخاندنی‌ كاری‌ په‌رله‌مانتاره‌ كورده‌كان له‌ بارودۆخی‌ نائارامی‌ شاری‌ به‌غدا)، ره‌خنه‌ی‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌ نوێنه‌رانی‌ كورد گرت كه‌ پێویست بوو په‌رله‌مانتاره‌ كورده‌كان له‌په‌رله‌مانی‌ عێراقدا كێشه‌ی‌ كه‌ركوكیان یه‌كلایی‌ بكردایه‌ته‌وه‌.

هاشم ده‌ڵێت: "لیستی‌ هاوپه‌یمانی‌ خاڵی‌ سه‌ره‌كی‌ به‌رنامه‌ی‌ لیسته‌كه‌ی‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ كه‌ركوك بوو بۆ سه‌ر هه‌رێمی‌ كوردستان، به‌ڵام له‌ناو په‌رله‌ماندا كه‌مترین به‌رگرییان له‌و كێشه‌یه‌ كردووه‌‌و هه‌ڵوێستێكی‌ توندیان ده‌رنه‌بڕی‌‌و ئه‌و لیژنه‌یه‌ی‌ به‌ناوی‌ به‌دواداچوونی‌ 140 له‌ په‌رله‌مان هه‌بوو، زۆر ناچالاكه‌".
رێبین هه‌ردی‌، نووسه‌رو چاودێری‌ سیاسی‌، كه‌ هه‌ندێكجار له‌ شاشه‌ی‌ ته‌له‌فزیۆنه‌وه‌ راسته‌وخۆ ئاگاداری‌ گفتوگۆی‌ دانیشتنه‌كانی‌ په‌رله‌مانه‌، پێیوایه‌ كه‌ به‌شێكی‌ زۆری‌ ئه‌دای‌ خراپی‌ ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كانی‌ لیستی‌ هاوپه‌یمانی‌ كوردستان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌سه‌ر زمانی‌ عه‌ره‌بیدا زاڵنین ناتوانن به‌شێوه‌ی‌ پێرفێكت گوزارشت له‌ تێڕوانینی‌ خۆیان بكه‌ن، له‌كاتێكدا نه‌زانینی‌ زمان لای‌ هه‌ندێك له‌ په‌رله‌مانتارانی‌ لیستی‌ هاوپه‌یمانی‌ كوردستان وایكردووه‌ كه‌ زۆربه‌یان له‌كاتی‌ موناقه‌شه‌كردنی‌ یاساكاندا بێده‌نگ بن، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا راسته‌وخۆ یاخود ناڕاسته‌وخۆ هه‌ر بڕیارو یاسایه‌كی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق كاریگه‌ریی‌ له‌سه‌ر هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌بێت.

رێبین ده‌ڵێت: "ئه‌وه‌ی‌ جێگه‌ی‌ سه‌رسوڕمانه‌، به‌كارنه‌هێنانی‌ زمانی‌ كوردی‌ له‌كاتی‌ دانیشتنه‌كانی‌ په‌رله‌ماندا له‌كاتێكدایه‌ كه‌ زیاتر له‌ سێ‌ ساڵه‌ ده‌ستووری‌ عێراقی‌ بڕیاریداوه‌ زمانی‌ كوردی‌ وه‌ك دووه‌م زمانی‌ ره‌سمی‌ عێراقی‌ به‌كاربهێنرێت". 

دوای‌ سێ‌ ساڵ‌ له‌ كاركردنی‌ نوێنه‌رانی‌ كورد له‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق، ئێستا ئه‌و پرسیاره‌ رووبه‌ڕووی‌ سه‌ركردایه‌تیی‌ كورد ده‌بێته‌وه‌ كه‌ ئایا ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ نوێنه‌رایه‌تی‌ كورد له‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق ده‌كه‌ن كه‌فوئترین‌و باشترین خه‌ڵكی‌ كوردن؟ ئایا ئه‌گه‌ر له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ داهاتوودا كار به‌ سیستمی‌ لیستی‌ كراوه‌ بكرێت چه‌ند له‌و په‌رله‌مانتارانه‌ی‌ ئێستاو خه‌ڵكانی‌ وه‌ك ئه‌وان چانسی‌ ده‌رچوونیان هه‌یه‌؟
Sbeiy.com © 2007