دیمانه: ره‌سه‌ن ره‌مزی - هێمن لهۆنی
سه‌باره‌ت به سیاسه‌ت و تێڕوانینی توركیا بۆ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و سه‌ردانی وه‌فدی توركیا بۆ عێراق و گرنگی په‌یوه‌ندی و دیداری به‌رپرسانی حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی توركیا و دروستنكردنی زه‌مینه‌یه‌كی نوێ له‌نێوان كورد و توركیادا، كاریگه‌ری سه‌ردانه‌كه‌ی تاڵه‌بانی له باشكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوولادا و كێشه‌ی كورد له توركیا و چه‌ند ته‌وه‌رێكی تر رۆژنامه‌ی رۆژنامه ئه‌م دیمانه‌یه‌ی له‌گه‌ڵ مه‌همه‌ت مێتنهری راوێژكاری پێشووی ئه‌ردۆگان سازكردوه.
* سه‌ره‌تا، ده‌مانه‌ێت له‌وه‌وه ده‌ست پێبكه‌ین، محه‌مه‌د مه‌تینه‌ر وه‌ك راوێژكاری پێشووی ئهردۆغانو یه‌كێك له نووسه‌ره هه‌ره دیاره‌كانی توركیا، چۆن ده‌ڕوانێته هه‌رێمی كوردستان؟
مه‌همه‌ت مێتنه‌ر: هه‌رێمی كوردستانی عێراق به‌پێی ده‌ستووری عێراق خاوه‌ن دهسهڵاتو حكومه‌تی خۆیه‌تی، له چوارچێوه‌ی ئه‌و حكومه‌ته‌وه توانیویه‌تی مافه ره‌واكانی هه‌موو پێكهاته‌كانی ناو ئه‌و هه‌رێمه ده‌سته‌به‌ر بكات، ئه‌مه‌ش مایه‌ی ده‌ستخۆشییه. هیچ كاتێكیش داوای جیابوونه‌وه‌یان له عێراق نه‌كردووه، بگره دژی پارچه‌كردنی عێراقیشن، هه‌میشه داوای عێراقێكی دیموكراسیی‌و فیدراڵییه‌ت بۆ كوردستان ده‌كه‌ن، كه ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی پاراستنی یه‌كڕیزیی‌و یه‌كپارچه‌یی عێراق. ده‌توانم بڵێم ئه‌مڕۆ كورد تاكه نه‌ته‌وه‌یه له عێراق كه سووربێت له‌سه‌ر یه‌كڕیزیی‌و یه‌كپارچه‌یی خاكی عێراق. هه‌رێمی كوردستان خاوه‌ن خاسییه‌تێكی مۆدێرنه‌و جیاوازییه‌كی زۆری هه‌یه له‌گه‌ڵ ناوچه‌كانی تری عێراق، كه تاكه ناوچه‌یه ئارامییه‌كی ته‌واو باڵی به‌سه‌ردا كێشاوه‌و هه‌موو نه‌ته‌وه‌و پێكهاته‌كانی تری ناو ئه‌و هه‌رێمه مافه‌كانیان دهستهبهركراوهو به ئازادی ده‌ژین. ئه‌گه‌ر رۆژێك له رۆژان به فه‌رمی داوای پارچه پارچه‌كردنی عێراقیش كرا، ئه‌وا كورد مافی شه‌رعی خۆیه‌تی كه ببێته خاوه‌ن ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ، ئه‌مه‌ش نابێته ته‌هدید بۆ سه‌ر هیچ وڵاتێكی دراوسێی عێراق.
* ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر شاندێكی حكومه‌تی توركیا سه‌ردانی به‌غدایان كرد‌و له‌وێش له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كۆبوونه‌وه. به‌ڕێزتان ئه‌م دیدارانه چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟
مه‌همه‌ت مێتنه‌ر: هه‌رچه‌نده ده‌بوایه زووتر ئه‌م چاوپێكه‌وتنه بكرایه، به‌ڵام ئێستاش به هه‌نگاوێكی گرنگ وه‌سف ده‌كرێت. دوای رووخانی رژێمی به‌عس له عێراق، پێویست بوو توركیا په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تی كوردیی له هه‌رێمی كوردستان پته‌وتر بكات. به‌ڵام به‌داخه‌وه ئیداره‌ی ئه‌وكاتی حكومه‌تی توركیا، هه‌رێمی كوردستانیان وه‌كو هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك وه‌سفكرد بۆ سه‌ر توركیا. ئه‌م بیرۆكه‌یه‌ش كاریگه‌ریی له‌سه‌ر حكومه‌ته‌كه‌ی ئه‌ردۆغانیش كرد. ئه‌گه‌ر ئه‌وكات توركیا په‌یوه‌ندی خۆی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان پته‌وتر بكردایه، زیاتر به قازانجی خۆی ته‌واو ده‌بوو. هه‌م له رووی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كورد له ناوه‌وه‌ی توركیا‌و هه‌م له چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی په‌كه‌كه‌ش. له‌هه‌مان كاتیش‌دا، ده‌یتوانی یارمه‌تی كورد بدات بۆ رێكخستنه‌وه‌ی عێراق دوای رووخانی رژێمی به‌عس. به‌ڵام سیاسه‌تی (هێڵی سوور)ی توركیا وای كرد كه گرژیی بكه‌وێته نێوان توركیا‌و هه‌رێمی كوردستان، به تایبه‌تیش دوای ئه‌وه‌ی له توركیادا سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان مه‌سعود بارزانی به‌شێوه‌یه‌كی ناشرین وه‌ك سه‌رۆك خێڵ وهسفكراو ده‌وترا "ئێمه ئاماده‌نین گوێ له سه‌رۆك خێڵێك بگرین". ئه‌مه‌ش وایكرد توركیا یه‌كێك له هاوپه‌یمانه هه‌ره گرنگه‌كانی له‌ده‌ستبدات. بۆ ماوه‌یه‌كی زۆریش گرژیی كه‌وته په‌یوه‌ندی نێوان هه‌ردوولا. پاشان حكومه‌تی توركیا ده‌ستیكرد به هه‌ڵدانه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌یه‌كی نوێ، ده‌توانم بڵێم چاوپێكه‌وتنی شاندی حكومه‌تی توركیا له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له به‌غدا هه‌نگاوێكی سه‌ره‌تا بوو بۆ نوێكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی نێوان هه‌ردوولا. هه‌روه‌ها سه‌ردانه‌كه‌ی به‌ڕێز جه‌لال تاڵه‌بانی بۆ كۆشكی كۆماری توركیا، سه‌ره‌تایه‌ك بوو بۆ گۆڕینی سیاسه‌ت له په‌یوه‌ندی توركیا له‌گه‌ڵ عێراق بهگشتیو كوردستان به تایبه‌تی. هیوادارم كه سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا له به‌غدا چاوی به هه‌ردوو سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان‌و سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بكهوێتو به جیا داوه‌تی توركیا بكرێن. له‌و باوه‌ڕه‌دام به كردنه‌وه‌ی كۆنسوڵخانه‌ی توركیا له هه‌ولێر هه‌نگاوێكی گرنگتر ده‌نرێت له پته‌وكردنی په‌یوه‌ندی نێوان هه‌ردوولا.
* هه‌روه‌ك ئاماژه‌تان پێكرد، كه چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ی نێوان توركیا له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێوست بوو زووتر بكرایه، به‌ڕێزتان هۆكاری دواكه‌وتنی ئه‌م چاوپێكه‌وتنه بۆ كێ ده‌گه‌ڕێننه‌وه؟
مه‌همه‌ت مێتنه‌ر: من هۆكاری سه‌ره‌كی ئه‌م دواكه‌وتنه بۆ بوونی كێشه‌ی په‌كه‌كه ده‌گه‌ڕێنمه‌وه. په‌كه‌كه ناوچه شاخاوییه‌كانی كوردستانی عێراق دژی توركیا به‌كارده‌هێنێت. ئاشكراشه ئه‌م ناوچانه له‌به‌ر سه‌ختی شوێنه‌كه‌یان، نه له‌لایه‌ن عێراق، نه له‌لایه‌ن كوردستان‌و توركیاشه‌وه كۆنترۆڵ ده‌كرێت. به‌ڵام پڕوپاگه‌نده‌ی راگه‌یاندنه‌كانی توركیا وا پیشان ده‌ده‌ن كه به‌ڕێز مه‌سعود بارزانی پاڵپشتی له په‌كه‌كه دهكاتو دژی توركیا به‌كاریان ده‌هێنێت. له‌ڕاستیشدا ئه‌مه بنه‌مای نییه. چه‌نده‌ها جار سه‌رۆكی هه‌رێم له چاوپێكه‌وتنه‌كاندا ئاماژه‌ی به‌وه كردووه كه یارمه‌تی په‌كه‌كه نادات، به‌ڵام ئه‌وه‌نده هه‌یه كه به تیرۆرست وه‌سفیان ناكات. به‌ڵام چه‌ند لایه‌نێكی ناحه‌ز هه‌ن له توركیا كه ئه‌م پڕوپاگه‌ندانه بڵاوده‌كه‌نه‌وه، تا راده‌یه‌ك كه هاوڵاتییانو حكومه‌تی توركیایان قه‌ناعه‌ت پێهێناوه. ئه‌مه‌ش ببووه فاكتهرێكو كۆسپێك له‌به‌رده‌م دانوستاندن له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان. پاش ماوه‌یه‌ك هه‌ست به‌وه كرا كه په‌كه‌كه سوود له‌م گرژییه‌ی نێوان هه‌رێمی كوردستان‌و توركیا وهردهگرێتو حه‌ز به به‌رده‌وامبوونی ئه‌و گرژیانه ده‌كات له‌نێوان هه‌ردوولا. من به پێویستی ده‌زانم كه هه‌ردوولا ئه‌م گرژییه له‌بیر بكه‌ن، ته‌نانه‌ت به‌دوای ئه‌وه‌شدا نه‌گه‌ڕێن كه گرژیی ئه‌م دواییه له هه‌ڵه‌ی كێدا بووه. هه‌رێمی كوردستان‌و توركیا پێویستیان به چاكسازییه‌ك هه‌یه له‌و سیاسه‌ته‌ی كه به‌رامبه‌ر به‌یه‌كتر هه‌یانه، ئه‌و هه‌ڵانه‌ی كه كراون به‌رامبه‌ر به یه‌كتر، دووباره نه‌كرێنه‌وه‌و كێشه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای لهیهكگهیشتنو به رێگه‌چاره‌ی سیاسیی چاره‌سه‌ر بكرێن، بێگومان ئه‌مه‌ش به قازانجی هه‌ردوولا ته‌واو ده‌بێت. من زۆرجار وتوومه‌و ده‌یڵێمه‌وه: "ئه‌گه‌ر توركیا ململانێ له‌گه‌ڵ كورد بكات، ده‌دۆڕێت، ئه‌گه‌ر كوردیش ململانێ له‌گه‌ڵ توركیا بكات، به‌هه‌مانشێوه ده‌دۆڕێت"، كه‌واته بۆ ململانێ له‌گه‌ڵ یه‌ك بكه‌ین؟
له‌وباوه‌ڕه‌دام كه پارتی AKP (پارتی داد‌و گه‌شه‌پێدان) ده‌ستپێشخه‌ریی ده‌كات بۆ پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان، له به‌رامبه‌ریشدا سه‌ركردایه‌تی كوردیی له هه‌رێمی كوردستان ده‌مێكه زمانی دیالۆگ‌و ده‌ستپێشخه‌ری كردووه بۆ پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ توركیا. با په‌كه‌كه نه‌بێته هۆی گرژیی نێوان هه‌ردوولا. راسته په‌كه‌كه كێشه‌یه‌كی ناوخۆی توركیایه، به‌ڵام ئه‌مڕۆ بووه‌ته كێشه‌یه‌كی ناوخۆ بۆ هه‌رێمی كوردستانیش. سه‌ركردایه‌تی كوردیش به بوونی چه‌كدارانی په‌كه‌كه له‌ناو خاكه‌كه‌ی ناڕه‌حه‌ته. بۆیه پێویسته حكومه‌تی ئه‌نقه‌ره دانوستاندن له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان بكات‌و گوێ له را و پێشنیازه‌كانی سه‌ركردایه‌تی كوردیی بگرێت له هه‌رێمی كوردستان، نه‌ك ته‌نها بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی په‌كه‌كه، به‌ڵكو بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كوردیش له توركیا.
* كه‌واته ده‌كرێت كۆبوونه‌وه‌كه‌ی شاندی AKP له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له به‌غدا به جۆرێك له پاشگه‌زبوونه‌وه‌ی توركیا دابنێن به‌رامبه‌ر به‌و هه‌ڵوێسته نێگه‌تیڤانه‌ی له رابردوودا به‌رامبه‌ر هه‌رێمی كوردستان هه‌یبوو؟ یاخود توركیا پێیوایه ئێستا كاتی دانوستاندنه له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تی كوردیی له هه‌رێمی كوردستان؟
مه‌همه‌ت مێتنه‌ر: لێكدانه‌وه‌ی له‌مجۆره وه‌ك پاشگه‌زبوونه‌وه‌ی توركیا، كاردانه‌وه‌ی نێگه‌تیڤی ده‌بێت له‌سه‌ر ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی كه ئێستا له‌لایه‌ن هه‌ردوولا ده‌نرێت له‌پێناو پته‌وكردنی په‌یوه‌ندی نێوانیان. كاتێك كه AKP ده‌سه‌ڵاتی گرته‌ده‌ست له توركیا، پته‌وكردنی پهیوهندییو دانوستاندن له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستانی له ئهجێندهدا بوو، به‌ڵام كێشه‌ی په‌كه‌كه بووه به‌ربه‌ست له به‌رده‌میدا. ئێمه ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت په‌یوه‌ندی نێوان توركیا‌و هه‌رێمی كوردستان پته‌وتر بكه‌ین، نابێت لێكدانه‌وه‌ی نێگه‌تیڤ بۆ هه‌نگاوه‌كان بكه‌ین. بۆ نموونه دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌ی شاندی توركیا له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم، چه‌ند لایه‌نێكی ناحه‌ز ده‌ستیان كرد به بڵاوكردنه‌وه‌ی پڕوپاگه‌نده له رێگه‌ی میدیاكانهوهو ده‌یانوت "سه‌ركردایه‌تی كوردیی له ئۆپه‌راسیۆنه سه‌ربازییه‌كانی توركیا ترساوه، بۆیه دانوستاندن له‌گه‌ڵ توركیا ده‌كات". لێكدانه‌وه‌ی له‌مجۆره زیان به په‌یوه‌ندی نێوان هه‌رێمی كوردستان‌و توركیا ده‌گه‌یه‌نێت، كه‌واته نابێت گوێ له لێكدانه‌وه‌ی ناحه‌زان بگرین. پارتی AKPو سه‌ركردایه‌تی كوردیی له هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وامن له هه‌نگاوی جدیی بۆ نه‌هێشتنی گرژییهكانو پته‌وكردنی په‌یوه‌ندی نێوانیان. به گشتیش ئه‌م هه‌نگاوانه‌ی هه‌ردوولا له‌نێو سیاسهتمهدارو نووسه‌رو رۆشنبیرانی توركیا به پۆزه‌تیڤ وه‌سف كرا.
* زۆرجار توركیا هه‌رێمی كوردستان به كه‌مته‌رخه‌م تاوانبار ده‌كات، به‌ڕێزتان له چ روویه‌كه‌وه هه‌رێمی كوردستان به كه‌مته‌رخه‌م ده‌زانن به‌رامبه‌ر به توركیا؟
مه‌همه‌ت مێتنه‌ر: توركیا زۆرجار هه‌رێمی كوردستانی به‌وه تاوانبار كردووه كه ده‌ست له كاروباری ناوخۆی توركیا وه‌رده‌دات. به‌ڵام من له‌وباوه‌ڕه‌دا نیم كه سه‌ركردایه‌تی كوردیی ده‌ست له كاروباری ناوخۆی توركیا وه‌ربدات، یان هانی كورده‌كانی توركیا بدات كه دژی حكومه‌تی توركیا رابپه‌ڕن. من سه‌ردانی كوردستان‌م كردووه‌و له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی هه‌رێمی كوردستانیش چاوپێكه‌وتنم كردووه، به‌ڵام هیچ هه‌ستێكی دوژمنانه‌یان نییه به‌رامبه‌ر به توركیا، نه‌ك هه‌ر به‌رپرسان، به‌ڵكو له‌ناو خه‌ڵكیش گه‌ڕاوم، خه‌ڵكه‌كه‌ش هه‌ستی رێز‌و خۆشهویستیو دۆستایه‌تی هه‌یه به‌رامبه‌ر به توركیا. له به‌رامبه‌ریشدا سه‌ركردایه‌تی كوردیی‌و خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان به دوژمنی تورك وه‌سف ده‌كرێن له‌لایه‌ن زۆربه‌ی لایه‌نه‌كانی توركیا، به‌داخه‌وه ئه‌مه‌ش هه‌ستێكی وای لای هاوڵاتییانی توركیا دروستكردووه، كه هه‌رێمی كوردستان وه‌ك دوژمن بناسن. هۆكاری ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سیاسه‌تی "هێڵی سوور"ی توركیا، كاتێك كه ده‌سه‌ڵاتدارییه‌تی كوردیی له هه‌رێمی كوردستان به دوژمن‌و وه‌ك هه‌ڕه‌شه وه‌سفكرد. بێگومان ئه‌مه‌ش هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌ی توركیا بوو به‌رامبه‌ر به هه‌رێمی كوردستان. له‌به‌رامبه‌ریشدا وه‌ڵامدانه‌وه‌كانی سه‌ركردایه‌تی كوردیی بارودۆخه‌كه‌یان ئاڵۆزتر كرد. پێویسته واز له تاوانباركردنی یه‌كتر بهێنینو هه‌نگاو بنێین بۆ ناسینه‌وه‌ی یه‌كتری. كورد‌و تورك دوژمنی یه‌كتر نین، به‌ڵكو دۆستی یه‌كترن. ئێمه خوێنمان له‌گه‌ڵ یه‌ك تێكه‌ڵ بووه. به‌ڵام به‌داخه‌وه نه سه‌ركردایه‌تی كوردیی خۆی به ته‌واوی ناساندووه، نه توركیاش هه‌وڵی داوه هه‌رێمی كوردستان بناسێت. كاتێك كه سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان باس له كوردستانی گه‌وره ده‌كات، راسته‌وخۆ لێكدانه‌وه‌ی نێگه‌تیڤی بۆ ده‌كرێت له‌لایه‌ن توركیاوه، به‌وپێیه‌ی كه گوایه مه‌سعود بارزانی ئه‌گه‌ر هاتوو سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی كوردستانی عێراقی راگه‌یاند، ئه‌و كاته هانی كورده‌كانی توركیا‌و سوریا‌و ئێران ده‌دات تاكو ئه‌وانیش داوای سه‌ربه‌خۆیی خۆیان بكه‌ن.
له‌ڕاستیشدا مه‌سعود بارزانی مه‌به‌ستی له‌مه نییه، به‌ڵكو حه‌ز ده‌كات كه كورد له هه‌ر سێ پارچه‌كه‌ی تری كوردستان مافی خۆیان ههبێتو وه‌ك كورده‌كانی عێراق خاوه‌ن مافه‌كانیان بن. من دوای ئه‌وه‌ی كه سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان‌م كرد، له‌وێ چاوپێكه‌وتنێكم له‌گه‌ڵ به‌ڕێز مه‌سعود بارزانی ئه‌نجامداو له نزیكه‌وه له راستییه‌كان تێگه‌یشتم. دوای ئه‌وه‌ی كه گه‌ڕامه‌وه توركیا، ویستم له رێگه‌ی نووسینه‌كانمه‌وه راستییه‌كان بۆ توركیا روون بكه‌مه‌وه. به روونكردنه‌وه‌ی راستییه‌كان زۆر ره‌خنه‌م له‌لایه‌ن چه‌ند نووسه‌رو رۆژنامه‌یه‌كی توركیا ئاراسته‌كرا، تا راده‌یه‌ك پێیان ده‌وتم "بارزانیچی". بگره چه‌نده‌ها جاریش ته‌هدید كراوم. به لای منه‌وه، ده‌سه‌ڵاتدارییه‌تی كوردیی له خۆناساندنی خۆی بۆ توركیا كه‌مته‌رخه‌مه.
* سه‌ردانه‌كه‌ی سه‌رۆك كۆماری عێراق جه‌لال تاڵه‌بانی بۆ توركیا، چ په‌یامێكی به توركیا گه‌یاند؟
مه‌همه‌ت مێتنه‌ر: جه‌لال تاڵه‌بانی له‌ژێر دوو دروشمه‌وه سه‌ردانی توركیای كرد؛ دروشمێكیان وه‌كو سه‌رۆك كۆماری عێراق، دروشمێكیشیان وه‌ك سه‌ركرده‌یه‌كی كورد، له‌ژێر هه‌ردوو دروشمهكهوه په‌یامی پۆزه‌تیڤی به توركیا گه‌یاند. تاڵه‌بانی په‌یامی ئه‌وه‌ی گه‌یاند كه توركیا ده‌وڵه‌تێكی دراوسێیه‌و گرنگه‌و داواده‌كات كه په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ عێراقدا باش بێت، هه‌روه‌ها عێراق به گشتی‌و كوردستان به‌تایبه‌تی ئاماده‌یه بۆ یارمه‌تیدانی توركیا بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی په‌كه‌كه‌و كێشه‌ی كورد له توركیا، به‌لای منه‌وه حكومه‌تی توركیا‌و گه‌لی توركیا زۆر چاك له په‌یامه‌كانی سه‌ردانه‌كه‌ی تاڵه‌بانی گه‌یشتن، له‌لای خۆشیه‌وه توركیا پێشوازییه‌كی گه‌رمی له تاڵه‌بانی كرد‌و خۆشحاڵ بوون به‌و دیداره‌ی به‌ڕێزیان، به‌ڵام ئه‌م سه‌ردانه‌ی به‌ڕێز تاڵه‌بانی بۆ توركیا بووه مایه‌ی ناڕه‌حه‌تیی په‌كه‌كه‌و چه‌ند سیاسه‌تمه‌دارێكی پارتی (DTP) له توركیا، كه مایه‌ی تێڕمانین بوو.
*له كۆشكی سه‌رۆك كۆماری توركیا به‌ڕێزتان به زمانی كوردی پێشوازیتان له به‌ڕێز جه‌لال تاڵه‌بانی كرد‌و پێتانوت "تو بخێر هاتی"، ئایا تووشی هیچ ره‌خنه‌یه‌ك بوونه‌ته‌وه له‌لایه‌ن سیاسه‌تمه‌دارانی توركیاوه؟ كاتێك كه ده‌زانین ناوهێنانی كورد یان زمانی كوردی، سیاسه‌تمه‌دارانی ئه‌و وڵاته ناڕه‌حه‌ت ده‌كات؟
مه‌همه‌ت مێتنه‌ر: نه‌خێر تووشی هیچ ره‌خنه‌یه‌ك نه‌بوومه‌وه، من له‌لای عه‌بدوڵڵا گوڵ، سه‌رۆك كۆماری توركیا به زمانی كوردی به‌خێرهاتنی مام جه‌لالم كرد، ئێستا له توركیا قۆناغی ئینكاریكردن له كورد نه‌ماوه، كورد‌و زمانی كوردیش له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه دانی پێدانراوه، ئه‌مه‌ش به هه‌نگاوێكی گرنگ له‌قه‌ڵم ده‌درێت، ئه‌مڕۆ له توركیا عه‌قڵێكی نوێی سیاسه‌ت خه‌ریكی سه‌رهه‌ڵدانه، به‌ڵام نابێت په‌له‌بكه‌ین.
*سه‌باره‌ت به داخستنی پارتی (AKP)، ئه‌گه‌ر (AKP) دابخرێت، جموجۆڵی سیاسیی ئه‌ندامانی ئه‌و پارته چی لێدێت؟ ئایا پارتێكی نوێ داده‌مه‌زرێنن؟ یاخود به‌شداریی حیزبه سیاسییه‌كانی تری توركیا ده‌كه‌ن؟
مه‌همه‌ت مێتنه‌ر: ئه‌گه‌ری زۆری هه‌یه كه ئه‌م پارته دابخرێت، سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا ره‌جه‌ب ته‌یب ئهردۆگانو هاوه‌ڵانی بۆ ماوه‌یه‌كی دیاریكراو له سیاسه‌ت دوور ده‌خرێنه‌وه به‌پێی بڕیاری دادگای باڵای توركیا، به‌ڵام به‌پێی ئه‌وه‌ی كه زۆرینه‌ی ئه‌ندامی هه‌یه له حكومه‌ت، حكومه‌ته‌كه به‌رده‌وام ده‌بێت، به‌ڵام پاش ئه‌وه چی ده‌بێت؟ ئه‌مه پرسیارێكه لای هه‌موو خه‌ڵك دروستبووه، چاوه‌ڕێش ده‌كرێت كه ئه‌ندامانی (AKP) دوای داخستنی پارته‌كه‌یان حیزبێكی نوێ پێكبهێنن، له‌وانه‌شه په‌نا بۆ هه‌ڵبژاردنێكی تر بكه‌نه‌وه پێش واده‌ی خۆی، به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان به‌پێی بڕیاری دادگا، ئه‌ردۆگان له‌سه‌ر لیستی بێلایه‌ن به‌شداریی له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا بكاته‌وه، به‌ڵام تاكو ئێستا سیناریۆو چاره‌نووسی ئه‌م كێشه‌یه نادیاره، تاكو ئێستاش توركیا كێشه‌ی په‌كه‌كه‌ی به كێشه‌ی كوردی توركیاوه لكاندووه.
*به رای ئێوه كاتی ئه‌وه نه‌هاتووه كه كێشه‌ی كورد له كێشه‌ی په‌كه‌كه جیابكرێته‌وه؟
مه‌همه‌ت مێتنه‌ر: چه‌ند لایه‌نێك هه‌یه له توركیا كه سوود له چاره‌سه‌رنه‌كردنی كێشه‌ی كورد له‌و وڵاته وه‌رده‌گرن، یاخود بوونه‌ته رێگر له‌به‌رده‌م چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م كێشه‌یه، له‌وانه‌ش په‌كه‌كه، كه به زۆریی كێشه‌كه‌ی خۆی له كێشه‌ی كورد له توركیا ئاڵاندووه، په‌كه‌كه خۆی وه‌كو نوێنه‌ری كورد پیشان ده‌دات له توركیا‌و ده‌ڵێت "ئه‌گه‌ر كێشه‌ی كورد له‌گه‌ڵ من چاره‌سه‌رنه‌كه‌ن، ناهێڵێم چاره‌سه‌ری بكه‌ن"، كه‌واته ده‌توانین بڵێین په‌كه‌كه به زۆره‌ملێ خۆی نوێنه‌رایه‌تی كورد ده‌كات له توركیا، ئه‌مه‌ش بووه‌ته به‌هانه‌یه‌ك بۆ لایه‌نه نه‌ژادپه‌رسته‌كانی توركیا بۆ دووركه‌وتنه‌وه له چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كورد له توركیا، به‌لای نه‌ژادپه‌رسته‌كانی توركیاوه ئه‌گه‌ر كێشه‌ی كورد چاره‌سه‌ر بكه‌ن، په‌كه‌كه به‌هێزتر ده‌بێت، له كاتێكدا كێشه‌ی په‌كه‌كه زۆر جیاوازتره له كێشه‌ی كورد. ناتوانرێت كێشه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌ك له كێشه‌ی حیزبێك بلكێنرێت، من ساڵانێكه هه‌وڵمداوه ئه‌و راستیانه بخه‌مه‌ڕوو، ئه‌وه‌ی له تواناشمدا بووه كردوومه، به‌ڵام ئه‌مڕۆ په‌كه‌كه بۆ به‌ربه‌ست هه‌م بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كورد له توركیا، هه‌م بووه‌ته هۆكارێكی گرژی په‌یوه‌ندیی نێوان هه‌رێمی كوردستان‌و توركیا، به‌ڵام پێویسته توركیا كێشه‌ی كورد له چوارچێوه‌ی كێشه‌ی په‌كه‌كه جیابكاته‌وه، وابكات كه په‌كه‌كه نه‌بێته به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌م چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كورد له توركیا، هه‌روه‌ها نه‌بێته هۆی گرژیی نێوان هه‌رێمی كوردستان‌و توركیا، له‌و باوه‌ڕه‌شدام كه پارتی (AKP) هه‌نگاوی باشی ناوه بۆ ئه‌م مه‌به‌سته.
* كه‌واته ده‌توانین بڵێین به چاره‌سه‌ربوونی كێشه‌ی كورد له توركیا كۆتایی به كێشه‌ی په‌كه‌كه دێت؟ یاخود به‌پێچه‌وانه‌وه؟
مه‌همه‌ت مێتنه‌ر: نه‌خێر، نه به چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كورد كۆتایی به كێشه‌ی په‌كه‌كه دێت، نه به چاره‌سه‌ركردنی په‌كه‌كه كیشه‌ی كورد كۆتایی دێت، چونكه وا ئاڵوزبووه كێشه‌كان، به چاره‌سه‌ربوونی كێشه‌ی كورد له توركیا، په‌كه‌كه ده‌كه‌وێته بارێكی خراپ، چونكه ئه‌گه‌ر هاتوو حكومه‌تی توركیا كێشه‌ی كوردی چاره‌سه‌ركرد، ئه‌وكاته په‌كه‌كه هیچ به‌هانه‌یه‌كی نابێت بۆ هاندانی كوردی توركیا تا دژی توركیا یارمه‌تیی په‌كه‌كه بده‌ن، ته‌نها له چیاكان ده‌مێنێته‌وه‌و جموجۆڵی كه‌م ده‌بێته‌وه، تا ئێستا چه‌نده‌ها ئۆپراسیۆنی سه‌ربازیی ئه‌نجامدراوه بۆ له‌ناوبردنی په‌كه‌كه، به‌ڵام تا ئیستا ژماره‌ی چه‌كدارانی په‌كه‌كه به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو كه‌می نه‌كردووه، چونكه له‌گه‌ڵ كوژرانی هه‌ر چه‌كدارێكی په‌كه‌كه، ژماره‌یه‌ك گه‌نجی كورد له توركیا ده‌چنه ریزی په‌كه‌كه‌وه، به چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كورد له توركیا، په‌كه‌كه زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بێت له‌م رووه‌وه. یه‌كێك له هه‌نگاوه سه‌ره‌تاكان بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كورد له توركیا، پێویسته حكومه‌تی توركیا بڕیاری "لێبوردنی گشتی" ده‌ربكات بۆ چه‌كدارانی په‌كه‌كه، تا ئه‌وانیش بگه‌ڕێنه‌وه ناو گۆمه‌ڵگه، ئینجا حكومه‌تی توركیا به رێگه‌چاره‌یه‌كی دیموكراسی كێشه‌ی كورد له وڵاته‌كه‌ی چاره‌سه‌ر بكات، به‌ڵام گه‌لی توركیا لێبوردنی سه‌ركرده‌كانی په‌كه‌كه قبوڵ ناكات، ئه‌گه‌ر هاتوو حكومه‌تی توركیاش له سه‌ركرده‌كانی په‌كه‌كه خۆش‌بوو، ئه‌وا حكومه‌تی توركیا تووشی ره‌خنه‌ی توند ده‌بێته‌وه له‌لایه‌ن هاوڵاتییانی وڵاته‌كه‌ی، ئه‌گه‌رچی سه‌ركرده‌ی سه‌ره‌كی په‌كه‌كه عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان له زیندانه، به‌ڵام ده‌كرێت حكومه‌تی توركیا له سه‌ركرده‌كانی تری په‌كه‌كه خۆشببێت به مه‌رجێك دووریانخاته‌وه له وڵات.
* سوپای توركیا تا ئێستا نزیكه‌ی 30 ئۆپراسیۆنی سه‌ربازیی ئه‌نجامداوه له ناوچه سنوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانی عێراقدا، به‌ڵام ئه‌نجامێكی ئوتۆی نه‌بوو، ئه‌گه‌ر توركیا كه خاوه‌ن سوپایه‌كی به‌هێزه، نه‌توانێت په‌كه‌كه له‌ناوبه‌رێت، چۆن داوا له حكومه‌تی هه‌رێمێك ده‌كات په‌كه‌كه له‌ناوبه‌رێت؟
مه‌همه‌ت مێتنه‌ر: په‌كه‌كه بیانووه هه‌م بۆ چاره‌سه‌رنه‌كردنی كێشه‌ی كورد له توركیا، هه‌م بۆ تێكدانی په‌یوه‌ندیی نێوان هه‌رێمی كوردستان‌و توركیا، زۆر به‌داخه‌وه چه‌ند لایه‌نێك له توركیا هه‌ن په‌كه‌كه بۆ ئه‌م دوو مه‌به‌سته وه‌ك بیانوویه‌ك به‌كارده‌هێنن، ئه‌مه‌ش به قازانجی په‌كه‌كه ته‌واوده‌بێت، په‌كه‌كه به بوونی گرژیی نێوان توركیا‌و هه‌رێمی كوردستان خۆشحاڵه، په‌كه‌كه‌ش ناتوانرێت له‌ناو ببرێت، ئه‌گه‌ر هاتوو په‌كه‌كه كۆتایی پێهات، به‌ڵام توركیا كێشه‌ی كوردی چاره‌سه‌ر نه‌كرد، ئه‌وكاته گروپێكی له په‌كه‌كه به‌هێزتر دێته كایه‌وه، یه‌ك رێگه هه‌یه بۆ نه‌هێشتنی په‌كه‌كه، ئه‌ویش وه‌ك ئاماژه‌م پێكرد ده‌ركردنی بڕیاری لێبوردنی گشتی بۆ ئه‌ندامانی په‌كه‌كه‌و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كورد له توركیا.
* ماوه‌یه‌ك به‌ر له ئێستا ئه‌حمه‌د تورك، جێگری سه‌رۆكی پارتی (DTP)، سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانی كرد، به‌ڵام سه‌رۆكی ههرێمو سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان خۆیان لێی به‌دوورگرت، ئه‌مه چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟
مه‌همه‌ت مێتنه‌ر: نازانم هۆكاری خۆ بهدوورگرتنهكهی سه‌رۆكی ههرێمو سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان چی بوو، به‌ڵام هه‌رچۆنێك بێت به شتێكی باش داده‌نرێت، چونكه ئه‌وكاته پارتی (DTP) خه‌ریكی دانوساندن بوو له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ئه‌نقه‌ره، ئه‌گه‌ر ئه‌وكاته ئه‌حمه‌د تورك له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تیی كوردی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجامبدایه، توركیا گومانی ئه‌وه‌ی زیاتر ده‌بوو كه سه‌ركردایه‌تیی كوردی له هه‌رێمی كوردستان ده‌ست له كاروباری ناوخۆی توركیا وه‌رده‌دات.
* ئێوه سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانتان كرد‌و له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان چاوپێكه‌وتنتان كرد، له‌نزیكه‌وه هه‌ڵوێستی سه‌ركردایه‌تیی كوردی‌و هاوڵاتییانی هه‌رێمی كوردستانتان زانی، به‌ڵام مه‌سعود بارزانی‌و هه‌رێمی كوردستان به‌شێوه‌یكی تر باس ده‌كرێن له توركیا، هۆكاری ئه‌مه چییه؟
مه‌همه‌ت مێتنه‌ر: به‌داخه‌وه نه مه‌سعود بارزانی‌و نه هه‌رێمی كوردستانیش نه‌توانراوه به‌شێوه‌یه‌كی دروست له توركیا بناسرێت، هه‌روه‌ك ئاماژه‌م پێدا، چه‌ند لایه‌نێكی هه‌یه له توركیا كه خه‌ریكی بڵاوكردنه‌وه‌ی پڕوپاگهندن دژی مه‌سعود بارزانی‌و هه‌رێمی كوردستان، ئه‌مه‌ش وایكردووه كه ئه‌و پڕوپاگه‌ندانه ببنه هۆی ناساندنی هه‌رێمی كوردستان‌و سه‌ركردایه‌تیی كوردی به‌شێوه‌یه‌كی نادروست، تا ئێستاش نه سه‌ركردایه‌تیی كورد هه‌وڵیداوه ئه‌و ناسنامه‌یه‌ی خۆی له توركیا بسڕێته‌وه، نه حكومه‌تی توركیاش رێگربووه له‌به‌رده‌م بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و پڕوپاگه‌ندانه‌دا.
* سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا سه‌ردانی عێراق ده‌كات، ئایا ئه‌م سه‌ردانه هه‌ڵگری چ په‌یامێك ده‌بێت؟ ئایا ئه‌ردۆگان سه‌ردانی هه‌ولێریش ده‌كات؟
مه‌همه‌ت مێتنه‌ر: ماوه‌یه‌ك به‌ر له ئێستا له كۆشكی سه‌رۆك كوماری توركیا چاوم كه‌وت به سه‌رۆك كۆماری توركیا، عه‌بدوڵڵا گوڵ ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه له‌م ماوه‌یه‌دا یان خۆی یان سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا سه‌ردانی عێراق ده‌كات، له‌و باوه‌ڕه‌دانیم كه سه‌ردانی هه‌ولێر بكات، به‌ڵام له به‌غدا ئه‌ردۆگان چاوی به سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌وێت، هیواداریم كه رۆژێك له رۆژان سه‌ركردایه‌تیی توركی سه‌ردانی هه‌ولێریش بكات بۆ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تیی كوردی له پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان، به ههمانشێوهش سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان‌و سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش داوه‌تی توركیا بكرێن.
پڕۆفایل:
مه‌همه‌ت مه‌تینه‌ر، ساڵی 1960 له ئادیه‌مانی توركیا له دایكبووه. ده‌رچووی كۆلێژی ئه‌ده‌بیاته له ئه‌سته‌نبوڵ. كاری سه‌رنووسه‌ریی كردووه له هه‌رسێ گۆڤاری "Girişim"و "Yeni Zemin"و "Sözleşme". نوێنه‌ری پارتی ره‌فا بووه له چه‌ند ناوچه‌یه‌كی توركیا. ماوه‌یه‌ك سه‌رۆكی شاره‌وانی بیوك شه‌هیر بووه له توركیا. له ساڵی 2000 تا 2002 راوێژكاری ئه‌ردۆغان بوو. ماوه‌یه‌كیش راویژكاری محه‌مه‌د ره‌جایی سه‌رۆكی پارتی فه‌زیله‌ت بووه. ئێستا مه‌تینه‌ر یه‌كێكه له نووسه‌ره گه‌وره‌كانی توركیا.