Print
 د. نه‌جمه‌دین كه‌ریم:
بوونی‌ ئه‌مه‌ریكا گره‌نتییه‌كه‌ بۆ هه‌رێمی‌ كوردستان
Tuesday, July 22, 2008

سازدانی (رۆژنامه‌):

نه‌جمه‌دین كه‌ریم سه‌رۆ كی‌ ئه‌نیستتیوتی‌ كورد له‌واشنتۆن ده‌ڵێت: كورد ده‌توانێت هه‌ندێك خاڵ‌ له‌ناو رێككه‌وتنه‌كه‌ ستراتیژییه‌كه‌ی‌ عێراق‌و ئه‌مه‌ریكا وه‌ك گره‌نتییه‌ك جێبكاته‌وه‌ وه‌ك مه‌سه‌له‌ی‌ فیدراڵی‌‌و گره‌نتی‌ پاراستنی‌ ده‌ستوور‌و داوای‌ ئه‌وه‌بكرێت كه‌ له‌كاتی‌ مانه‌وه‌ی‌ هێزه‌كانی‌ ئه‌مه‌ریكا به‌شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ‌ ئه‌مه‌ریكییه‌كاندا رێكبكه‌ون كه‌ هێزێك هه‌رچه‌نده‌ ئه‌گه‌ر بچووكیش بێت له‌كوردستاندا، جێگه‌یان بۆ بكرێته‌وه‌و به‌شێوه‌یه‌كی‌ دوورودرێژ بمێنێته‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ قازانجی‌ بۆ ئه‌مه‌ریكا خۆشی‌ هه‌یه‌، كه‌ له‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌ بوونی‌ ئه‌م هێزانه‌ وا له‌ ئێران‌و توركیاش ده‌كات كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ ئاسان وه‌كو ئێستا رۆژانه‌ هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ر كوردستان، ئه‌وكات ناتوانن به‌رده‌وام بن.
له‌باره‌ی‌ رێككه‌وتننامه‌ ستراتیژییه‌كه‌ی‌ عێراق‌و ئه‌مه‌ریكا ئه‌م چاوپێكه‌وتنه‌ له‌گه‌ڵ‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نیستتیوتی‌ كورد وه‌ك چاودێرێكی‌ سیاسی‌ و به‌ئاگا له‌ دانوستانه‌كان سازدراوه‌ كه‌ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی‌:

رۆژنامه‌: ئێوه‌ وه‌ك سه‌رۆكی‌ ئه‌نیستتیوتی‌ كورد له‌ واشنتۆن خوێندنه‌وه‌تان بۆ رێككه‌وتننامه‌ی‌ ستراتیژی‌ عێراق‌و ئه‌مه‌ریكا چۆنه‌و دوازانیارییه‌كان كه‌ لای‌ ئێوه‌بێت، سه‌باره‌ت به‌ رێككه‌وتننامه‌كه‌ چییه‌؟
نه‌جمه‌دین كه‌ریم: هه‌ڵبه‌ته‌ رێككه‌وتننامه‌ی‌ ستراتیژی‌ عێراق‌و ئه‌مه‌ریكا، مه‌سه‌له‌یه‌كی‌ گرنگه‌ بۆ هه‌ردوو وڵات، كه‌ له‌ئێستادا ئیداره‌ی‌ ئه‌مه‌ریكا ده‌یه‌وێت رێككه‌وتنه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌ك بێت، پێویست به‌وه‌نه‌كات بچێته‌ كۆنگرێس، بۆ ئه‌وه‌ی‌ ده‌نگی‌ له‌سه‌ر بدرێت، چونكه‌ ئه‌و كاته‌ ده‌چێته‌ بواری‌ په‌یماننامه‌ی‌ نێوان دوو وڵات‌و پێویستی‌ به‌ په‌سه‌ندكردنه‌ له‌لایه‌ن كۆنگرێسه‌وه‌، بۆیه‌ له‌ڕاستیدا ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ به‌لای‌ هه‌ردوو وڵاته‌وه‌ زۆر گرنگه‌و ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ كه‌ هێزه‌كانی‌ ئه‌مه‌ریكا، له‌عێراق چۆن كارده‌كه‌ن‌و تاكه‌ی‌ ده‌مێننه‌وه‌، ئه‌گه‌ر هات‌و سه‌ربازه‌كان توشی‌ كێشه‌ بوون، یان ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ كه‌ له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وان وه‌ك كۆنتراكته‌ر ئیش ده‌كه‌ن، به‌چ شێوه‌یه‌ك مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ‌ ده‌كرێت، كه‌ ئایا هاووڵاتییه‌كی‌ عێراقییه‌، یاخود وه‌كو هاووڵاتییه‌كی‌ ئه‌مه‌ریكی‌، عێراق ده‌سه‌ڵاتی‌ به‌سه‌ریاندا نابێت، ئه‌وه‌ مه‌سه‌له‌یه‌كه‌و مه‌سه‌له‌ی‌ مانه‌وه‌یان له‌ عێراق‌و قه‌باره‌كه‌ی‌ چۆنه‌، ئایا توانای‌ ئه‌وه‌یان ده‌بێت قاعیده‌یان هه‌بێت له‌ عێراقدا یان نا، كه‌ ئه‌مانه‌ مه‌سه‌له‌ی‌ گرنگن، بۆیه‌ له‌ڕاستیدا له‌ ئێستادا ئیداره‌ی‌ بۆش زۆر لای‌ مه‌به‌سته‌ كه‌ رێككه‌وتنێكیان هه‌بێت له‌ عێراقدا بۆ ئه‌وه‌ی‌ بتوانن بۆ مه‌ودایه‌كی‌ چه‌ند ساڵی‌ ئاینده‌یان دیاری‌ بكرێت كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانیان‌و بوونیان له‌عێراقدا چۆن ده‌بێت، هه‌رچه‌نده‌ ئێستا له‌ناو عێراق هه‌ندێك لایه‌ن ئێستا كێشه‌یان بۆ ئه‌م رێككه‌وتنه‌ دروستكردووه‌و باس له‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ ئه‌م گفتوگۆیانه‌ دوابخرێت بۆ پاش ئه‌وه‌ی‌ كه‌ له‌ كۆتایی‌ ئه‌مساڵدا سه‌رۆكێكی‌ نوێ‌ له‌ ئه‌مه‌ریكا، هه‌ڵده‌بژێردرێته‌وه‌. له‌هه‌مانكاتیشدا رێككه‌وتننامه‌یه‌ك هه‌بێت بۆ ماوه‌ی‌ چه‌ند مانگێك، تاوه‌كو سه‌رۆكی‌ تازه‌ بۆ ئه‌مه‌ریكا دیاری‌ ده‌كرێت‌و له‌ دواتردا رێككه‌وتننامه‌یه‌كی‌ دوورو درێژ له‌هه‌ردوولادا هه‌بێت، به‌ڵام له‌ عێراقدا كێشه‌كه‌ زیاتره‌ وه‌كو ئه‌وه‌ی‌ له‌ئه‌مه‌ریكادا هه‌یه‌، كێشه‌ی‌ عێراق ئه‌وه‌یه‌، كه‌ لایه‌نه‌كان به‌شێوه‌یه‌ك رێككه‌وتنه‌كه‌ ناكه‌ن به‌تایبه‌تیش لایه‌نی‌ شیعه‌كان، كه‌ له‌ راگه‌یاندن‌و بڵندگۆی‌ مزگه‌وته‌كانه‌وه‌ باسی‌ ئه‌وه‌ده‌كه‌ن كه‌ نایانه‌وێت ئه‌مه‌ریكا له‌عێراق بمێنێته‌وه‌، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ لایه‌نی‌ كوردی‌‌و سوننی‌ له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌دان كه‌ ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق بمێنێته‌وه‌و رێككه‌وتننامه‌یه‌كی‌ چه‌ند ساڵه‌یان له‌گه‌ڵ‌ ئیمزابكرێت.

رۆژنامه‌: لایه‌نی‌ كوردی‌ ئه‌وانه‌ی‌ كه‌ به‌شداری‌ گفتوگۆكان ده‌كه‌ن كێن‌و میكانیزمی‌ دانوستانه‌كان چۆنه‌؟
نه‌جمه‌دین كه‌ریم: لایه‌نی‌ كوردی‌ كه‌ به‌شداری‌ گفتوگۆكانن زیاتر ئه‌و براده‌رانه‌ن كه‌ له‌به‌غدان وه‌كو به‌ڕێز سه‌رۆك مام جه‌لال‌و كاك هۆشیار زێباری‌‌و به‌رهه‌م ساڵح له‌گه‌ڵ‌ چه‌ند كه‌سێكی‌ تر، كه‌ له‌وانه‌ كاك رۆژ نوری‌ شاوه‌یسی نوێنه‌ری‌ سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی‌ به‌شداری‌ له‌م گفتوگۆیانه‌دا ده‌كات، زۆربه‌ی‌ دانوستانه‌كانیش له‌به‌غدایه‌و هه‌ڵبه‌ته‌ گفتوگۆی‌ راسته‌وخۆش هه‌یه‌ له‌نێوان ئیداره‌ی‌ ئێره‌دا كه‌ راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ‌ به‌غدا قسه‌ ده‌كه‌ن، جگه‌ له‌وه‌ی‌ له‌ رێگه‌ی‌ باڵیۆزی‌ ئه‌مه‌ریكا له‌به‌غدا ئه‌و ئه‌ركه‌ی‌ گرتووه‌ته‌ خۆی‌، به‌ڵام لێره‌شه‌وه‌ كه‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق دێن گفتوگۆ له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌كه‌ن، بۆنموونه‌ مانگی‌ پێشوو سه‌رۆك مام جه‌لال لێره‌بوو، ئه‌و بابه‌ته‌یان یه‌كلاییكرده‌وه‌، هه‌روه‌ها نوێنه‌رانی‌ تری‌ عێراق كه‌ دێنه‌ ئه‌مه‌ریكا، ئه‌و باسانه‌یان له‌گه‌ڵدا باسده‌كرێت، به‌ڵام گفتوگۆ ره‌سمییه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی‌ رۆژانه‌ له‌به‌غدا ده‌كرێ‌‌و سه‌رۆك بۆش خۆشی‌ له‌م مه‌سه‌له‌یه‌دا چه‌ند جارێك گفتوگۆی‌ له‌گه‌ڵ‌ سه‌رۆك تاڵه‌بانی‌‌و مالیكی‌ كردووه‌.

رۆژنامه‌: پێگه‌ی‌ كورد له‌و رێككه‌وتننامه‌یه‌ له‌كوێدایه‌، بۆچی‌ له‌ئێستادا ته‌نها كورد ته‌حه‌فوزی له‌سه‌ر رێككه‌وتننامه‌كه‌ نییه‌و خۆشبینی‌ كورد سه‌باره‌ت به‌ رێككه‌وتننامه‌كه‌ له‌كوێوه‌ هاتووه‌، ئایا هۆكاره‌كه‌ی‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كورد خۆی‌ به‌ هاوپه‌یمانی‌ ئه‌مه‌ریكا ده‌زانێ‌‌و نایه‌وێت هه‌ڵا له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌كه‌ دروستبكات، یان هۆكاری‌ تر هه‌یه‌؟
نه‌جمه‌دین كه‌ریم: هه‌ڵبه‌ته‌ كورد وه‌كو نزیكترین دۆستی‌ ئه‌مه‌ریكا له‌عێراقدا، ئه‌و رۆڵه‌ ده‌بینێت، هۆكاری‌ ئه‌وه‌ش كه‌ كورد به‌لایه‌وه‌ گرنگه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ریكا شه‌ش مانگی‌ تر بكشێته‌وه‌ به‌ڕاستی‌ بارودۆخی‌ عێراق زۆر ئاڵۆز ده‌بێت‌و نازانرێت ئاینده‌ی‌ عێراق چیلێدێت، بۆیه‌ بوونی‌ ئه‌مه‌ریكا له‌عێراقدا گره‌نتییه‌كه‌ بۆ مانه‌وه‌ی‌ ئه‌و بارودۆخه‌ی‌ له‌ كوردستان هه‌یه‌و تێكنه‌چێ‌و به‌ره‌و خراپبوون نه‌ڕوات، بۆیه‌ له‌ڕاستیدا نه‌بوونی‌ ئه‌مه‌ریكا له‌عێراقدا، ده‌ستی‌ ئێران‌و توركیا به‌هێزتر ده‌كات له‌حاڵه‌تی‌ په‌لاماردانیان بۆ سه‌ر هه‌رێمی‌ كوردستان، له‌لایه‌كی‌ تریشه‌وه‌ شیعه‌كان واهه‌ستده‌كه‌ن نه‌مانی‌ ئه‌مه‌ریكا بۆ ئه‌وان باشتره‌ به‌وپێیه‌ی‌ ئه‌وان زۆرینه‌ن‌و ده‌سه‌ڵاتی‌ عێراقیان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌و ده‌توانن ده‌سه‌ڵاتی‌ ته‌واویش به‌سه‌ر هه‌موو عێراقدا بگرن، كه‌ له‌وانه‌شه‌ له‌سه‌ره‌تای‌ ده‌رچوونی‌ ئه‌مه‌ریكا له‌عێراق هه‌ڵوێستیان به‌رامبه‌ر كورد نه‌گۆڕێت، به‌ڵام له‌ماوه‌ی‌ كورت‌و له‌سه‌رخۆ ده‌توانن فشارێكی‌ زۆر بێننه‌ سه‌ر كوردستان‌و ئه‌و بارودۆخه‌ ناسه‌قامگیره‌ی‌ كه‌ سه‌باره‌ت به‌ یه‌كلایینه‌بوونه‌وه‌ی‌ چاره‌نووسی‌ كه‌ركوك‌و شوێنه‌كانی‌ تری‌ كوردستان هه‌یه‌، سه‌ره‌ڕای‌ مه‌سه‌له‌كانی‌ نه‌وت‌و پێشمه‌رگه‌و بودجه‌و پاراستنی‌ سنوور له‌گه‌ڵ‌ وڵاتانی‌ تر، له‌به‌رئه‌وه‌ شیعه‌ ئه‌مڕۆ هه‌ستده‌كات هێزێكی‌ هه‌یه‌و ئه‌توانێت دیكتاتۆرییه‌تی‌ زۆرینه‌ به‌سه‌ر عێراقدا بچه‌سپێنێت به‌ناوی‌ دیموكراتییه‌ته‌وه‌. 

رۆژنامه‌: به‌وپێیه‌ی‌ ئێستا كورد رۆڵی‌ له‌ بڕیاردانی‌ عێراقدا هه‌یه‌و هیچ رێككه‌وتنێكی‌ عێراقی‌ به‌بێ‌ ره‌زامه‌ندی‌ كورد ناكرێت، ئایا كورد هیچ كارتێكی‌ هه‌یه‌ كه‌ له‌ئێستادا سه‌باره‌ت به‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ به‌كاریبێنێت، تاوه‌كو داخوازییه‌كانی‌ خۆی‌ تێدا جێبكاته‌وه‌؟
نه‌جمه‌دین كه‌ریم: به‌ بۆچوونی‌ من له‌و رێككه‌وتنه‌دا، كورد ده‌توانێت هه‌ندێك خاڵ‌ له‌ناو رێككه‌وتنه‌كه‌دا وه‌ك گره‌نتییه‌ك جێبكاته‌وه‌ وه‌ك مه‌سه‌له‌ی‌ فیدراڵی‌‌و گره‌نتی‌ پاراستنی‌ ده‌ستوور، كه‌ به‌و شێوه‌یه‌ی‌ تا ئاستێك مافه‌كانی‌ كوردیشی‌ تێدا جێكراوه‌ته‌وه‌، خاڵێكی‌ تر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌مه‌ریكاو عێراق له‌سه‌ر ئه‌وه‌ رێكبكه‌ون كه‌ مافی‌ كه‌مایه‌تییه‌كانی‌ تری‌ عێراق وه‌كو توركمان‌و ئێزیدی‌و مه‌سیحی‌ بپارێزرێت، هه‌روه‌ها داوای‌ ئه‌وه‌بكرێت كه‌ له‌كاتی‌ مانه‌وه‌ی‌ هێزه‌كانی‌ ئه‌مه‌ریكا به‌شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ‌ ئه‌مه‌ریكییه‌كاندا رێكبكه‌ون كه‌ هێزێك هه‌رچه‌نده‌ ئه‌گه‌ر بچووكیش بێت له‌كوردستاندا، جێگه‌یان بۆ بكرێته‌وه‌و به‌شێوه‌یه‌كی‌ دوورودرێژ بمێنێته‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ قازانجی‌ بۆ ئه‌مه‌ریكا خۆشی‌ هه‌یه‌، كه‌ له‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌ بوونی‌ ئه‌م هێزانه‌ وا له‌ ئێران‌و توركیاش ده‌كات كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ ئاسان وه‌كو ئێستا رۆژانه‌ هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ر كوردستان، ئه‌وكات ناتوانن به‌رده‌وام بن له‌و په‌لاماردانه‌و بارودۆخی‌ كوردستان ئاڵۆز بكات، بۆیه‌ له‌ڕاستیدا جێكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌م خاڵانه‌ واده‌كات كه‌ نیگه‌رانییه‌كانی‌ كورد كه‌مبكاته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ له‌پاشه‌ڕۆژدا حكومه‌تی‌ عێراق به‌هێزبوو ئه‌وكات نه‌توانێت، ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ی‌ كورد جارێكی‌ تر كه‌مبكاته‌وه‌.

Sbeiy.com © 2007