Print
 سۆزان محه‌مه‌د: كورد له‌ به‌غدا هیچ دۆستێكی‌ نییه‌
Sunday, August 17, 2008

له‌ 22ی‌ ته‌مموزی‌ ئه‌مساڵدا یاسای‌ هه‌ڵبژاردنی‌ پارێزگاكان له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق په‌سه‌ندكرا، ده‌قی‌ مادده‌ی‌ 24ی‌ ئه‌و یاسایه‌ تایبه‌ت بوو به‌ هه‌ڵبژاردنی‌ پارێزگای‌ كه‌ركوك، كه‌ بووه‌ مایه‌ی‌ ناڕه‌زایی‌ كورد له‌ به‌غدا، سه‌باره‌ت به‌ په‌سه‌ندكردنی‌ ئه‌و یاسایه‌ و چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌كانی‌ نێوان به‌غدا و هه‌ولێر و هاوپه‌یمانێتییه‌كانی‌ كورد له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی‌ عێراق و دوا گۆڕانكارییه‌كان له‌ به‌غدا سه‌باره‌ت به‌ یاسای‌ هه‌ڵبژاردنی‌ پارێزگاكانی‌ عێراق و رۆڵی‌ ئه‌مه‌ریكا له‌ په‌سه‌ندكردنی‌ ئه‌و یاسایه‌دا، بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی‌ ئه‌م پرسیارانه‌ و چه‌ند پرسیارێكی‌ تر سبه‌ی‌ ئه‌م دیمانه‌ی له‌گه‌ڵ سۆزان محه‌مه‌د ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق له‌سه‌ر لیستی‌ هاوپه‌یمانی‌ كوردستانی سازداوه‌.

دیمانه‌: سبه‌ی‌

سبه‌ی‌: له‌كاتی‌ داڕشتنی‌ یاسای‌ هه‌ڵبژاردنی‌ پارێزگاكانی‌ عێراقدا نوێنه‌رانی‌ كورد له‌ لیژنه‌ی‌ داڕشتنی پڕۆژه‌ یاساكه‌دا چ رۆڵكیان هه‌بووه‌؟
سۆزان محه‌مه‌: ئێمه‌ وه‌ك كورد دوو نوێنه‌رمان له‌و لیژنه‌یه‌دا هه‌بووه‌، ئه‌وان له‌ ره‌شنوسه‌كه‌دا دوو پێشنیاریان دانابوو كه‌ ئێمه‌ یه‌كێكیان په‌سه‌ندبكه‌ین و یه‌كێكیان مادده‌ی‌ 24 بوو، ئه‌وه‌ی‌ تریش به‌دیلێك بێت بۆ مادده‌ی‌ 24، دواجار ئێمه‌ رێكه‌وتنمان له‌گه‌ڵ لیسته‌كانی‌ تردا هه‌بوو، دكتۆر فوئاد مه‌عسوم سه‌رۆكی لیستی‌ هاوپه‌یمانی‌ كوردستانی پێی‌ وتین ئه‌و مادده‌یه‌ی‌ كه‌ پێچه‌وانه‌ی‌ داواكانی‌ ئێمه‌یه‌ و ده‌قی‌ مادده‌ی‌ 24ه‌ و ده‌چینه‌ سه‌ر به‌دیله‌كه‌ی‌ كه‌ خواستی‌ ئێمه‌ بوو، تا شه‌وه‌كه‌شی‌ كۆبوونه‌وه‌ی‌ سه‌رۆكی‌ لیسته‌كان به‌رده‌وام بوو، ئێمه‌ پشتمان به‌ هاوپه‌یمانمانه‌كانمان به‌ستبوو، به‌ڵام هه‌ڵه‌یه‌كمان هه‌بوو كه‌ بڕوامان زۆر به‌ هاوپه‌یمانه‌كانمان بوو، به‌تایبه‌تی‌ سه‌رۆكی‌ لیسته‌كه‌مان كه‌ وتی‌: ده‌چینه‌ ناو ده‌نگدانه‌وه‌ ده‌نگدانه‌كه‌ ده‌به‌ینه‌وه‌، چونكه‌ هاوپه‌یمانه‌كانمان له‌گه‌ڵماندان، به‌ڵام كاتێك كه‌ سه‌رۆكی‌ پارله‌مان مه‌وقیفی‌ خۆی‌ گۆڕی‌ و بڕیاریدا ده‌نگدان به‌نهێنی‌ بێت، ده‌نگدانمان كرد بۆ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ ده‌نگدانه‌كه‌ به‌نهێنی‌ بێت یان ئاشكرا ئه‌وانه‌ی‌ كه‌ ده‌نگیان بۆ ده‌نگدانی‌ نهێنیدا رێژه‌یان زیاتر بوو، ئالێره‌دا موئامه‌ره‌كه‌ ئاشكرا بوو، ده‌ركه‌وت كه‌ ئێمه‌ هیچ دۆستێكمان نییه‌ و هۆڵه‌كه‌مان جێهێشت.
كوتله‌ په‌رله‌مانییه‌كانی‌ تر شه‌و له‌ ماڵی‌ مه‌شهه‌دانی‌ كۆببوونه‌وه‌ و رێكه‌وتبوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ كه‌ ئه‌و یاسایه‌ په‌سه‌ند بكه‌ن، هه‌ر شه‌و سندوقی‌ ده‌نگدانی‌ نهێنیان ئاماده‌كردبوو، هه‌ر كه‌ ئێمه‌ چووینه‌ ده‌ره‌وه‌ سندوقه‌كانیان به‌به‌رچاومانه‌وه‌ برده‌ هۆڵه‌كه‌، دیاربوو ئه‌مه‌ پێشوه‌خت پلانی‌ بۆ دانرابوو.

سبه‌ی‌: پێشتر و له‌كاتی‌ نوسینه‌وه‌ی‌ ده‌ستوری‌ عێراقدا ته‌وافوق هه‌بوو، مه‌تبه‌خێكیش هه‌بوو كه‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان تیایدا رێكده‌كه‌وتن له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ گرنگ و ناكۆكه‌كان، ئێستا ئه‌و مه‌تبه‌خه‌ ماوه‌؟
سۆزان محه‌مه‌د: ئێستاش ئه‌و مه‌تبه‌خه‌ هه‌یه‌، ئه‌وه‌ی‌ كه‌ ئێستا زۆر پشتی‌ پێده‌به‌سترێت ته‌وافوقه‌، چونكه‌ حكومه‌ت له‌سه‌ر ته‌وافوق دروست بووه‌، به‌ڵام ته‌وافوق ئێستا هیچ سودێكی‌ نییه‌، بۆ نموونه‌ش له‌ 22ی‌ ته‌مموزه‌وه‌ تا ئێستا له‌گه‌ڵ كوتله‌ سیاسییه‌كاندا نه‌گه‌یشتوینه‌ته‌ هیچ رێكه‌وتنێك.

سبه‌ی‌: دوای‌ ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی‌ ئێوه‌ عه‌بدولعه‌زیز حه‌كیم رایگه‌یاند كه‌ كوتله‌كه‌ی‌ پشتیوانی‌ كورد ده‌كات له‌م مه‌سه‌له‌یه‌دا به‌پێی‌ ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی له‌نێواندایه‌، حیزبی‌ ئیسلامیش هه‌ڵوێستێكی‌ هاوشێوه‌ی‌ نیشاندا، ئایا ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ هه‌ڵوێستی‌ په‌رله‌مانتاره‌كانیشه‌؟
سۆزان محه‌مه‌د: نه‌خێر هه‌ڵوێستی‌ په‌رله‌مانتاره‌كانیان جیاوازه‌، ده‌نگدان بۆ مادده‌ی‌ 24 نموونه‌یه‌كی‌ روونه‌، حیزبی‌ ئیسلامی‌ له‌ هه‌موویان هه‌ڵوێستی‌ باشتر بوو، چونكه‌ پێش ده‌نگدانه‌كه‌ هاتن بۆ لامان و وتیان به‌ته‌مای‌ ده‌نگی‌ ئێمه‌ نه‌بن و شه‌قامی‌ خۆمان لێمان هه‌ڵده‌ستێت ئه‌گه‌ر ده‌نگ له‌سه‌ر ئه‌و یاسایه‌ نه‌ده‌ین، به‌ڵام ئیتلاف تا دوا ساتیش ته‌ئكیدیان له‌ هه‌ڵوێستی‌ خۆیان ده‌كرده‌وه‌، خالید عه‌تییه‌ هاتۆته‌ ده‌ره‌وه‌ و ئه‌ندامه‌كانی‌ تر له‌ ژووره‌وه‌ دانیشتوون، جه‌لاله‌دین سه‌غیر له‌گه‌ڵ ئێمه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌یه‌ و ئه‌ندامه‌كانیان له‌ژووره‌وه‌ بوون، به‌ڵام ئێمه‌ وانین، كاتێك دكتۆر فوئاد بڵێت له‌گه‌ڵ فڵان لایه‌ن رێكه‌وتنمان هه‌یه‌ هه‌موومان به‌قسه‌ی‌ ده‌كه‌ین و پێچه‌وانه‌ی‌ قسه‌كه‌ی‌ ئه‌و ناكه‌ین، ئیتلاف پارچه‌چه‌ بووه‌ و هه‌ركه‌سه‌و رۆڵی‌ خۆی‌ به‌ته‌نیا ده‌بینێت.

سبه‌ی‌: دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ یاساكه‌ په‌سه‌ندكرا ئێوه‌ وتتان ئه‌مه‌ موئامه‌ره‌یه‌ دژی‌ كورد، به‌ڵام پێتوانییه‌ ئه‌مه‌ ته‌مسیلكردنی‌ دیموكراسییه‌، په‌رله‌مانتار خاوه‌ن ره‌ئی‌ خۆیه‌تی‌ و مه‌رج نییه‌ له‌گه‌ڵ لیسته‌كه‌ی‌ خۆیدا هاوڕابێت، ئه‌وه‌ له‌ وڵاته‌ پێشكه‌وتووه‌ دیموكراسییه‌كانیشدا به‌ روونی‌ ده‌بینرێت په‌رله‌مانتار رای‌ تایبه‌تی‌ خۆی‌ هه‌یه‌؟
سۆزان محه‌مه‌د: عێراق هێشتا نه‌گه‌یشتوه‌ته‌ ئاستی‌ ئه‌و وڵاته‌ پێشكه‌وتوانه‌، عێراق له‌سه‌ر ته‌وافوق بنیاتنراوه‌، ده‌بێت له‌سه‌ر ته‌وافوق بڕۆین، ئێمه‌ دیموكراتییه‌كه‌مان له‌وه‌دایه‌ كه‌ له‌سه‌ر هه‌ندێك مه‌سه‌له‌ وه‌ك گه‌نده‌ڵی‌ وه‌زیرێك، كوتله‌یه‌ك دژی‌ كوتله‌یه‌كی‌ تر ناوه‌ستێت بڵێت ئه‌م وه‌زیره‌ هی‌ منه‌، په‌رله‌مانی‌ عێراق له‌ مه‌سه‌له‌ سیاسییه‌ گرنگه‌كاندا ته‌وافوقی‌ تێدایه‌، به‌ڵێ‌ ده‌ڵێین موئامه‌ره‌یه‌، چونكه‌ له‌ماڵی‌ مه‌شهه‌دانی‌ ئه‌وان رێكه‌وتوون تا 1ی‌ شه‌و كۆبوونه‌وه‌یان كردووه‌ و به‌ ئێمه‌یان ده‌وت له‌گه‌ڵتانداین و له‌ژێره‌وه‌ بڕیارێكی‌ تریان دابوو، تا ئه‌م ساته‌ش ده‌ڵێم موئامه‌ره‌یه‌.
سبه‌ی‌: داواتان له‌ سه‌ركردایه‌تی‌ كورد نه‌كردووه‌ كه‌ ئه‌و چه‌كانه‌ی‌ به‌ده‌ستیه‌وه‌یه‌تی‌ به‌كاری‌ بهێنێت وه‌ك فشارێك بۆ جێبه‌جێكردنی‌ داواكانی‌ كورد؟
سۆزان محه‌مه‌د: ئێمه‌ زۆرجار داوامانكردووه‌، به‌ دكتۆر فوئادیشمان وتووه‌، ئێمه‌ وه‌ك په‌رله‌مناتار له‌ لیستی‌ هاوپه‌یمانی‌ كوردستانی وه‌ك كه‌سی‌ لیبڕاڵ كارناكه‌ین، هه‌موومان پێكه‌وه‌ بڕیارێك ده‌ده‌ین یان داوایه‌ك ده‌كه‌ین، من وه‌ك پارله‌مانتارێك هه‌ندێك شت هه‌یه‌ به‌دڵم نییه‌ و نامه‌وێت ده‌نگی‌ پێ‌ بده‌م، به‌ڵام له‌گه‌ڵ بڕیاری لیسته‌كه‌مدام، بۆ نموونه‌ پێشنیاره‌كانی‌ دی‌ مستۆرا كه‌ لیستی‌ هاوپه‌یمانی‌ قبوڵی‌ كردووه‌ هه‌ندێك ته‌نازولی‌ بۆ كورد تێدایه‌، وه‌ك شه‌خس له‌گه‌ڵیدا نیم، به‌ڵام لیسته‌كه‌م په‌سه‌ندیكردووه‌ و منیش له‌گه‌ڵیدام، سه‌باره‌ت به‌ به‌كارنه‌هێنانی‌ چه‌كه‌كانی‌ ده‌ستی‌ كوردیش هه‌مان شته‌.
پاشان سه‌باره‌ت به‌ یاسای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانیش ئه‌و شێوازه‌ی‌ ئێمه‌ گرتمانه‌به‌ر یاسایی‌ بوو، ئه‌وه‌ی‌ كه‌ روویدا ئێمه‌ش پێی‌ سه‌رسام بووین كه‌ له‌ ناوه‌ڕستی‌ یاساكه‌دا هه‌ستی‌ پێكرا كه‌ موئامه‌ره‌یه‌كی‌ زۆر گه‌وره‌ هه‌یه‌ و دژی‌ كورده‌، ئێمه‌ هه‌موو كات ئاماده‌ی‌ ئه‌وه‌ بووین كه‌ به‌ سه‌روو خۆمان بڵێن بكشێنه‌وه‌ و ئێمه‌ش له‌ پارله‌مان بكشێینه‌وه‌، منیش له‌گه‌ڵتام زۆر وه‌ره‌قه‌ هه‌یه‌ به‌كاری‌ بهێنین، به‌ڵام بۆ سه‌ركردایه‌تی‌ كورد به‌كاری‌ ناهێنێت، نازانم!.

سبه‌ی‌: تۆ باسی‌ ته‌نازول ده‌كه‌یت، بۆ ته‌نازول ده‌كه‌ن؟
سۆزان محه‌مه‌د: منیش له‌گه‌ڵ ته‌نازول نیم، به‌ڵام بارودۆخی‌ كورد ئێستا وایه‌ هه‌موو ده‌وڵه‌ته‌كانی‌ دراوسێ‌ (ئێران، توركیا، سوریا) چنگیان له‌ مادده‌ی‌ 24دایه‌ و ده‌ستێوه‌ردان ده‌كه‌ن، بۆیه‌ ده‌بێت كورد نه‌رمییه‌ك بنوێنێت.

سبه‌ی‌: وه‌ك پارله‌مانتارێكی‌ ئافره‌ت هه‌ڵوێستت له‌سه‌ر یاسایی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ پارێزگاكان ته‌نها مه‌سه‌له‌ی‌ نه‌ته‌وایه‌تی‌ بوو؟
سۆزان محه‌مه‌د: من زیاتر له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی‌ نه‌ته‌وایه‌تییه‌كه‌ هه‌ڵوێستم وه‌رگرتووه‌.

سبه‌ی‌: به‌ڵام كۆمه‌ڵێك پارله‌مانتاری‌ تر پێیان وایه‌ له‌و یاسایه‌دا ره‌چاوی‌ مافی‌ ئافره‌تیش نه‌كراوه‌، تۆ له‌گه‌ڵیاندایت؟
سۆزان محه‌مه‌د: به‌ڵێ‌ من له‌گه‌ڵیاندام و به‌یاننامه‌یه‌كمان ده‌ركرد و ئێستا یه‌كێك له‌و گۆڕانكاریانه‌ی‌ له‌ یاساكه‌دا كاری‌ بۆ ده‌كه‌ین ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌، به‌جیا له‌ مادده‌ی‌ 24.

سبه‌ی‌: له‌ سه‌روبه‌ندی‌ په‌سه‌ندكردنی‌ یاساكه‌دا ژماره‌یه‌ك له‌ پارله‌مانتار له‌ ئێوه‌ رایانگه‌یاند كه‌ ده‌بێت سه‌ركردایه‌تی‌ كورد به‌ هاوپه‌یمانێتییه‌كانی‌ خۆیدا بچێته‌وه‌، تاچه‌ند كار له‌سه‌ر ئه‌مه‌ كراوه‌؟
سۆزان محه‌مه‌د: له‌دوای‌ په‌سه‌ندكردنی‌ یاساكه‌ سه‌ركردایه‌تی‌ كورد كه‌وته‌ خۆی‌ و سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی كوردستان و چه‌ند كه‌سێكی‌ تر هاتنه‌ به‌غدا، لایه‌نه‌كانی دیكه‌ش هه‌ستیانكرد كه‌ كورد خه‌ریكه‌ به‌خۆیدا ده‌چێته‌وه‌ و جدییه‌ له‌ مه‌سه‌له‌كه‌دا، جارێكی‌ تر خۆیان له‌ كورد نزیك كرده‌وه‌ و سوربوونی‌ خۆیان له‌سه‌ر هاوپه‌یمانێتییه‌كانی‌ نێوانیان دوپاتكرده‌وه‌، بۆ نموونه‌ رۆژێك دوای‌ ئه‌وه‌ سه‌ركردایه‌تی‌ كورد به‌ ئێمه‌یان وت كه‌ عه‌بدولعه‌زیز حه‌كیم پێی‌ وتوون له‌ هه‌ڵوێسه‌كه‌یان په‌شیمانن و پشتیوانی‌ كورد ده‌كه‌ن، به‌ڵام حیزبی‌ ئیسلامی‌ تائێستاش وه‌ك خۆی‌ ماوه‌ته‌وه‌ و هه‌ڵوێستیان پێچه‌وانه‌ی‌ ئێمه‌یه‌، له‌گه‌ڵ حیزبه‌كانی‌ تری‌ ناو ئیئتلافیش تائێستا دانیشتنه‌كان به‌رده‌وامیان هه‌یه‌ و نه‌ك ته‌نها مه‌سه‌له‌ مادده‌ی‌ 24 بێت، به‌ڵكو له‌سه‌ر هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ی‌ كه‌ له‌نێواندایه‌ گفتوگۆ ده‌كرێت و ئه‌وانیش نزیك بوونه‌ته‌وه‌.

سبه‌ی‌: رایه‌ك هه‌یه‌ كه‌ پێی‌ وایه‌ كات نه‌ماوه‌ بۆ به‌كارهێنانی‌ هه‌ندێك چه‌ك له‌لایه‌ن كورده‌وه‌، وه‌ك كشانه‌وه‌ له‌ حكومه‌ته‌كه‌ی‌ مالیكی‌ و ده‌وترێت ئه‌وه‌ له‌ ئێستادا كاریگه‌رییه‌كی‌ ئه‌وتۆی‌ نابێت. هه‌ڵوێستت به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ چییه‌؟
سۆزان محه‌مه‌د: ئێستاش كورد ده‌توانێت ئه‌و چه‌كانه‌ به‌كاربهێنێت، كات ماوه‌ و كاریگه‌ری‌ خۆی‌ هه‌یه‌، حكومه‌تی‌ عێراق به‌ ته‌وافوق پێكهێنراوه‌، كوردیش نه‌ته‌وه‌ی دووه‌مه‌ له‌ عێراقدا، هه‌ركاتێك له‌ حكومه‌ت بكشێیته‌وه‌ حكومه‌ت هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌، مالیكیش ئه‌وه‌ ده‌زانێت و كار ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی‌ روونه‌دات، ئه‌مجاره‌ش له‌ په‌رله‌مان كه‌ په‌نایان بۆ ئێمه‌ هێناوه‌ته‌وه‌ داوایان لێكردین له‌گه‌ڵیان بمێننه‌وه‌ تا حكومه‌ت هه‌ڵنه‌وه‌شێته‌وه‌.

سبه‌ی‌: ئێوه‌ كه‌ نوێنه‌رایه‌تی‌ كورد ده‌كه‌ن له‌ به‌غدا، چ هه‌ڵوێستێكتان هه‌بووه‌ له‌سه‌ر مادده‌ی‌ 140 كه‌ به‌پێی‌ ده‌ستور ده‌بوو تا كۆتایی-2007 جێبه‌جێ بكرێت، به‌ڵام دوای‌ 6 مانگ درێژكردنه‌وه‌ش جێبه‌جێنه‌كرا، هاوكات شه‌قامی‌ كوردی‌ 140ی‌ له‌سه‌رجه‌م مه‌سه‌له‌كانی‌ تری‌ په‌یوه‌ست به‌ كورده‌وه‌ لاگرنگتره‌؟
سۆزان محه‌مه‌د: مادده‌ی‌ 140 له‌ ده‌ستوردایه‌، مه‌گه‌ر ده‌ستور هه‌ڵوه‌شێته‌وه‌ ئه‌وكاته‌ مادده‌ی‌ 140 هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌، به‌ڵام ئێمه‌ كاری‌ ترمان كردووه‌ و یاسای‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ پارێزگاكان ئێمه‌ كردومانه‌، ئه‌وه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ كه‌ركوك پێی‌ هه‌ڵسا ئێمه‌ به‌ یاسا چه‌سپاندومانه‌، كورد هۆكاربوو بۆ په‌سه‌ندكردنی‌ ئه‌و یاسایه‌، ئه‌وه‌ش وه‌ك به‌دیلێكی مادده‌ی‌ 140 له‌ هه‌رحاڵه‌تێكدا كاری‌ پێ ده‌كرێت.

سبه‌ی‌: به‌ڵام ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ كه‌ركوك دوای‌ ساڵ و نیوێك له‌ په‌سه‌ندكردنی‌ ئه‌و یاسایه‌ش به‌ ته‌واوی‌ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی‌ خۆی‌ به‌كارنه‌هێناوه‌؟
سۆزان محه‌مه‌د: ئاخر پێشبینی‌ ئه‌وه‌ نه‌ده‌كرا كه‌ عه‌ره‌ب ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ به‌رامبه‌ر به‌ كورد بنوێنێت، تا په‌سه‌ندكردنی‌ یاسای‌ هه‌ڵبژاردنی‌ پارێزگاكان.

سبه‌ی‌: تائێستا ئه‌و ناوچانه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان كه‌ به‌ "ناوچه‌ی‌ كێشه‌دار" ناوبراون له‌ ده‌ستوری‌ عێراقیدا په‌یوه‌ندیان به‌ حكومه‌تی‌ ناوه‌ندییه‌وه‌ هه‌یه‌، ئێوه‌ چ پڕۆژه‌یه‌كتان هه‌بووه‌ بۆ زه‌مینه‌ خۆشكردن بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه‌ بۆ سه‌ر هه‌رێمی‌ كوردستان، وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ چۆن كورد وه‌ك نه‌ته‌وه‌ی دووه‌م به‌شداره‌ له‌ حكومه‌تی‌ به‌غدا، پڕۆژه‌یه‌كتان هه‌بوایه‌ بۆ توركمانیش وه‌ك نه‌ته‌وه‌ی‌ دووه‌م له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان؟
سۆزان محه‌مه‌د: ئه‌وه‌ ده‌بوو په‌رله‌مانی‌ كوردستان بیكردایه‌.

سبه‌ی‌: په‌یوه‌ندی‌ و هاوكاریتان له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانی‌ كوردستان چۆنه‌؟
سۆزان محه‌مه‌د: زۆر لاوازه‌ و خراپه‌، له‌ ئاستی‌ پێویستدا نییه‌.

سبه‌ی‌: هۆكار چییه‌؟
سۆزان محه‌مه‌د: منیش نازانم هۆكار چییه‌، به‌ڵام دوورین له‌ یه‌كتره‌وه‌ و هه‌ماهه‌نگی‌ ئه‌وتۆ له‌نێوانماندا نییه‌.

سبه‌ی‌: ئێوه‌ سه‌باره‌ت به‌ مادده‌ی‌ 24 مه‌شهه‌دانیتان تاوانباركرد، پێشتریش مه‌شهه‌دانیتان به‌ هاوپه‌یمانی‌ خۆتان ناوده‌برد، ئێستا راتان چۆنه‌ له‌سه‌ری‌؟
سۆزان محه‌مه‌د: مه‌شهه‌دانی‌ زۆرجار دانیشتنه‌كانی‌ په‌رله‌مانی‌ تێكداوه‌، ئه‌گه‌ر یاسایه‌كی‌ به‌دڵ نه‌بووبێت نه‌یهێشتووه‌ بڕوات، بۆ مادده‌ی‌ 24یش كارێكی‌ نایاسایی‌ كرد كه‌ ده‌نگدانی‌ نهێنی‌ بوو، هه‌وڵیش دراوه‌ بۆ لابردنی‌ مه‌شهه‌دانی‌، به‌ڵام ته‌وافوقی‌ سیاسی‌ رێگه‌ به‌وه‌ نادات، هه‌ركه‌سێكیش له‌ سوننه‌ی‌ عه‌ره‌ب بێته‌ سه‌رۆكی‌ پارله‌مان له‌ مه‌شهه‌دانی‌ باشتر نابێت، مه‌شهه‌دانی‌ باشترینیانه‌.
 
سبه‌ی‌: ئێستا گرژی‌ و ئاڵۆزییه‌ك له‌ ناوچه‌ی‌ خانه‌قین و ناحییه‌كانی‌ له‌ ئارادایه‌، فشارێك له‌سه‌ر كورده‌ كه‌ ده‌ستبه‌رداری‌ هه‌ندێك له‌و ناوچانه‌ بێت، ئه‌گه‌ری‌ گۆڕینی‌ پێكهاته‌ی‌ ئیداری‌ ناوچه‌كه‌ش باس ده‌كرێت، ئێوه‌ وه‌ك نوێنه‌رانی‌ كورد چیتان كردووه‌ بۆ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌؟
سۆزان محه‌مه‌د: تائێستا قسه‌مان له‌باره‌وه‌ نه‌كردووه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ ده‌ستێوه‌ردانێكه‌، وا خه‌ریكه‌ سوپای‌ عێراقی‌ به‌ره‌و هه‌رێمی‌ كوردستان دێت، له‌وناوچانه‌ ئاڵای‌ كوردستانیش داده‌گیرێت، من سه‌رسامم به‌وه‌، ده‌بێت سه‌رانی‌ كورد له‌گه‌ڵ لایه‌نی‌ به‌رامبه‌ر گفتوگۆ بكه‌ن و سنورێك بۆ ئه‌وه‌ دابنرێت، ئه‌گه‌ر وانه‌بێت ئه‌وا ئه‌گه‌ری‌ زۆر مه‌ترسیدار سه‌باره‌ت به‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ ئارادایه‌.

سبه‌ی‌: تۆ وه‌ك په‌رله‌مانتارێك تا چه‌ند له‌ ئه‌دای‌ خۆتان رازیت له‌ به‌غدا؟
سۆزان محه‌مه‌د: من له‌ ئه‌دای‌ خۆمان رازیم، چونكه‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌ به‌غدا نه‌بێت نازانێت چی‌ روو ده‌دات، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی‌ له‌ هه‌رێمن ئه‌وه‌ نازانن كه‌ ئێمه‌ چی‌ ده‌كه‌ین له‌ به‌غدا، ئه‌وه‌ی‌ كه‌ له‌ به‌غدا بێت ئه‌وه‌ی‌ بۆ ئاشكرا ده‌بێت كه‌ كورد له‌ به‌غدا هیچ دۆستێكی‌ نییه‌، هه‌رده‌توانرێت ئه‌وه‌ش بكرێت.
سبه‌ی‌: هه‌مووتان له‌و ئاسته‌دان كه‌ ئه‌ندام په‌رله‌مان بن؟
سۆزان محه‌مه‌د: به‌دڵنییاییه‌وه‌، هه‌مووی‌ خه‌ڵكی‌ به‌ توانایه‌.

سبه‌ی‌: هه‌ڵوێستی‌ ئه‌مه‌ریكا سه‌باره‌ت به‌م یاسایه‌ چۆنه‌، هیچ فشارێكی‌ خستۆته‌ سه‌ر كورد؟
سۆزان محه‌مه‌د: وه‌ك په‌رله‌مان هیچ فشارێكی‌ نه‌خستۆته‌ سه‌رمان، به‌ڵام ئاگادارم دووجار له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی‌ هه‌رێمدا قسه‌یان كردووه‌ كه‌ ده‌بێت ئه‌و یاسایه‌ به‌زوترین كات په‌سه‌ندبكرێت، منیش له‌وه‌ به‌ گومانم كه‌ ئه‌مه‌ریكا ده‌یویست له‌ ماوه‌ی‌ 24 سه‌عاتدا ئه‌و یاسایه‌ بڕوات، چ ئامانجێك له‌پشت ئه‌وه‌وه‌ هه‌یه‌؟.

Sbeiy.com © 2007