سازدانی: ئاسۆ كه‌ركوكی
ئه‌حمه‌د عه‌سكه‌ری ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك ده‌ڵێت "ناتوانین بڵێین سه‌ركه‌وتووبووین له‌به‌ڕێوه‌بردنی كه‌ركوك، ته‌نانه‌ت نه‌مانتوانیوه دڵی میلله‌ته‌كه‌ی خۆشمان خۆشبكهینو له‌ئاست داخوازی خه‌ڵكی شاره‌كه‌دا نه‌بووین"
له‌میانی دیمانه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ سبه‌ی، ئه‌حمه‌د عه‌سكه‌ری ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات كه "بۆچونێك هه‌یه پێی وایه كه‌ركوك، به‌رمیلێكی باروتهو هه‌ركات بێت ده‌ته‌قێته‌وه، ئه‌مه ئاواتی خه‌ڵكانێكه له‌كۆنه به‌عسی و ده‌مارگیره نه‌ته‌وه‌ییه‌كان و كه‌سانی كینه له‌دڵ كه له‌و رۆژه‌وه‌ی رژێمی به‌عس رووخاوه خۆشییان به‌پرۆسه‌ی سیاسی و ده‌سه‌ڵات له‌م شاره نایه‌ت و بۆچوونه‌كانیان ناواقیعیه. كۆمه‌ڵێ كه‌سانی دیكه‌ش له‌نه‌ته‌وه‌ی كورد هه‌ن كه به‌شێوه‌ی ده‌مارگیری نه‌ته‌وایه‌تی له‌كه‌ركوك ده‌ڕوانن و پێیانوایه ئه‌م شاره ته‌نها هی كورده، ئه‌وانیش مه‌ترسیان له‌وانه كه‌متر نییه كه بهبهرمیله باروت ناوی ده‌به‌ن".
هه‌روه‌ك ته‌ئكید له‌وه‌ش ده‌كاته‌وه كه "ده‌بوایه كورد كه‌گه‌ڕایه‌وه بۆ كه‌ركوك به‌رنامه‌یه‌كی تۆكمه‌ی بۆ هه‌موو لایه‌نه‌كان هه‌بوایه‌و رێگه‌ی له‌زیاده‌ڕۆیی بۆ سه‌ر موڵكی حكومه‌ت و خه‌ڵك".
له‌م دیمانه‌یه‌دا عه‌سكه‌ری سه‌باره‌ت به بارودۆخی كه‌ركوك و په‌یوه‌ندی كورد له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ی شاره‌كه‌دا ده‌دوێت.
سبه‌ی: تاچه‌ند كورد سه‌ركه‌وتووه له‌مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ مه‌سه‌له‌ی كه‌ركوك كه‌هه‌ندێك به مه‌سه‌له‌یه‌كی هه‌ستیار و هه‌ندێك به نه‌شته‌رگه‌ری مێشك و هه‌ندێكیش به به‌رمیله باروت ناوی ده‌به‌ن؟
ئه‌حمه‌د عه‌سكه‌ری: ئه‌گه‌ر سه‌یرێكی واقیعی ئه‌مڕۆی كه‌ركوك بكه‌ین ره‌نگه تێكهلاَو بێت له‌هه‌موو ئه‌و بۆچونانه، هه‌ركه‌س به‌جۆرێك له‌كه‌ركوك و كێشه‌كه‌ی ده‌ڕوانێت، ئه‌گه‌ر پێمان وابێ دهسهلاَت له‌ئاستی داواكاری خه‌ڵكدا بووه بێگومان نه‌خێر، خۆزگه دهسهلاَتی كوردی له‌م شاره ده‌یتوانی عه‌ره‌ب و توركمان و كلدوئاشوریهكان دڵنیا بكاته‌وه، هه‌رچه‌نده دهسهلاَتی كوردی زۆر جیاوازی له‌گه‌ڵ دهسهلاَتهكانی رابردوودا هه‌یه و دهسهلاَتێكی دیموكراتخوازو مافخواز‌و ئاشتی خوازه، بهلاَم به‌داخه‌وه له‌م ماوه‌یه‌دا نه‌مانتوانی به‌ڕێژه‌یه‌كی باش سه‌ركه‌وتوو بین له‌به‌رێوه‌بردنی دهسهلاَت له‌كه‌ركوك، نه‌ك ههربهرامبهر نه‌ته‌وه‌كانی دیكه، به‌ڵكو نه‌مانتوانی دڵی میلله‌ته‌كه‌ی خۆشمان رازی بكه‌ین، ناشكرێ بڵێین هیچمان نه‌كردووه، شت زۆر كراوه بهلاَم له‌ئاست داخوازی خه‌ڵكی شاره‌كه‌دا نه‌بووه.
سبه‌ی: كه‌ركوك هه‌موو ئه‌و پێناسانه‌ی سه‌ره‌وه هه‌ڵده‌گرێت؟
ئه‌حمه‌د عه‌سكه‌ری: هه‌ركه‌سه له‌دیدی خۆیه‌وه ئه‌ڕوانێ، پێم وایه هه‌مووشی راسته، ئه‌وانه‌ی به‌حیكمه‌ته‌وه سه‌یرده‌كه‌ن پێیان وایه نه‌شته‌رگه‌ری ده‌وێت و ده‌بێت نه‌شته‌رگه‌ریه‌كه كه‌سانێك بیكه‌ن كهلهههست و ئازاری نه‌خۆشه‌كه تێبگه‌ن ، له‌واقیعی شاره‌كه بزانن، ئه‌م بۆچوونه به‌راستی بۆچونێكی زۆر ژیر‌و واقیعبینانه‌یه.
بۆچونێكی دیكه‌ش ئه‌وه‌یه كه گوایه به‌رمیلێكی باروته و هه‌ركات بێت ده‌ته‌قێته‌وه، پێموایه ئه‌مه ئاواتی خه‌ڵكانێكه له‌كۆنه به‌عسی و ده‌مارگیره نه‌ته‌وه‌ییه‌كان و كه‌سانی كینه له‌دڵ كه له‌و رۆژه‌وه‌ی رژێمی به‌عس رووخاوه خۆشیان به‌پرۆسه‌ی سیاسی و دهسهلاَت له‌م شاره ناایات و بۆچوونه‌كانیان ناواقیعیه.
سبه‌ی: پێت وایه ئه‌وانه كار بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن كه‌ركوك به‌رمیله باروت بێت؟
ئه‌حمه‌د عه‌سكه‌ری: به‌ڵێ به‌رمیله باروت ئاواتی ئه‌و خه‌ڵكانه‌یه و كاری بۆده‌كه‌ن كه نه‌ك هه‌ر كه‌ركوك، به‌ڵكو ئه‌گه‌ر ته‌قیه‌وه عێراقیشی پێوه بسوتێنن، ده‌یانه‌وێت له‌كه‌ركوكه‌وه نیزامی تازه‌ی عێراق تێكبده‌ن، كه‌ركوك بكه‌نه شوێنی ته‌قینه‌وه و پارچه پارچه‌بوونی عێراق، خوازیاری نیزامه كۆنه دیكتاتۆریهكهن و ئه‌وانه ناسنامه‌یان دیاره.
كۆمه‌ڵێ كه‌سانی دیكه‌ش له‌نه‌ته‌وه‌ی كورد كه به‌شێوه‌ی ده‌مارگیری نه‌ته‌وایه‌تی له‌كه‌ركوك ده‌ڕوانن، پێیان وایه ئه‌م شاره ته‌نها هی كورده. ئه‌وانیش مه‌ترسیان له‌وانی تر كه‌متر نیه كه به به‌رمیله باروت ناوی ده‌به‌ن.
بهلاَم به‌گشتی ئه‌م شاره شاری هه‌مووانه و هیچ هێزێك نییه له دونیادا بتوانێت خه‌ڵكی ئه‌م شاره و نه‌ته‌وه‌كانی لێك جیابكاته‌وه، به‌هۆی تێكهلاَوبوونی لایه‌نی كۆمهلاَیهتی و ژنخوازیه‌وه نه‌ته‌وه‌كان به‌تایبه‌تی كورد و توركمان به‌جۆرێك تێكه‌ڵ بوون كه هه‌میشه پشت و په‌نای یه‌كترن و یه‌ك چاره‌نوسیان هه‌یه و پارێزگاریش له‌یه‌كتر ده‌كه‌ن، ئه‌مه شتێكی نوێ نییه و مێژوو له رابردوویه‌كی دوردا به‌تایبه‌ت له‌نێوان كورد و توركماندا دروستیكردووه.
له‌باره‌ی برا عه‌ره‌به‌كانه‌وه، مێژوویه‌كی كه‌مه هاتوونه‌ته ئه‌م شاره و رژێمی به‌عس به‌نیازی ته‌عریب هێناونی و تائێستاش ئه‌وان له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه ره‌سه‌نه‌كانی ئه‌م شاره تێكهلاَو نابن و زۆربه‌شیان شیعه مه‌زهه‌بن، بۆ نموونه تاكو ئێستا كه كه‌سێكیان لێده‌مرێت له‌كه‌ركوك ناینێژن، ته‌رمه‌كه‌ی ده‌به‌نه‌وه بۆ ناوچه‌كانی پێشوویان، جیاوازیه‌كه‌ش زۆره له‌نێوان ئه‌وانه‌ی به‌عس هێناونی و ئه‌وانه‌ی به ره‌چه‌ڵه‌ك له‌م شاره‌دا ده‌ژین.
سبه‌ی: ئه‌ی ئه‌و جیاوازیه‌ی ئێستا هه‌یه، چی دروستیكردووه؟
ئه‌حمه‌د عه‌سكه‌ری: ئه‌و سیاسه‌ته سیاسه‌تێكی ره‌ش و هه‌ڵه بووه، بڕۆ ناو بازاڕ و گه‌ڕه‌كه‌كانی ئه‌م شاره بزانه هیچ پێكهاته‌یه‌كی جیاوازی هه‌یه، بزانه كه‌سیان به‌یه‌كه‌وه گرفتیان هه‌یه، به‌پێچه‌وانه‌وه به‌ئاسانی ناتوانی نه‌ته‌وه‌كان له‌یه‌كتر جیابكه‌یته‌وه، چونكه به‌رژه‌وه‌ندی كۆمهلاَیهتی و ئابووری و .... هتد به‌یه‌كه‌وه‌ی به‌ستوون، جگه له‌وه‌ش رژێمی به‌عس نه‌یتوانی ئه‌و جیاوازیه له‌نێوان نه‌ته‌وه ره‌سه‌نه‌كانی ئه‌م شاره‌دا دروست بكات، له كاتێكدا به به‌رنامه كاری بۆ تێكدانی پێكه‌وه ژیان ده‌كرد.
سبه‌ی: لایه‌نه گه‌ش و لایه‌نه خراپه‌كانی ئه‌و مامه‌ڵه‌كردنه چین كه دهسهلاَتی كورد له‌م شاره پیاده‌ی كردووه؟
ئه‌حمه‌د عه‌سكه‌ری: لایه‌نه گه‌شه‌كانی ئه‌وه‌یه كه له‌دوای پرۆسه‌ی ئازادیه‌وه كورد و توركمان و كلدۆ ئاشوریه‌كان كه پێشتر پله‌ی هاوولاَتیبوونیان نه‌بوو، ئه‌و مافه بۆ ئه‌وان له كه‌ركوك و عێراقیش گه‌ڕایه‌وه، جارێكی دیكه ژیان به‌به‌ر نه‌وه‌ی نوێ‌دا كرایه‌وه كه پێشتر له ژێر چه‌پۆك و بهزۆرگرتنی سه‌ربازی و چه‌ندین گرفتی دیكه‌دا دهیاننالاَند، له رووی دهسهلاَتیشهوه تا راده‌یه‌كی باش ئازادی له هه‌موو بواره‌كاندا هه‌یه، گه‌یشتنی به‌رهه‌مه‌كانی تهكنهلوََجیای پێشكه‌وتوو بۆ كه‌ركوك ئه‌وانه لایه‌نی گه‌ش و ده‌سكه‌وتی به‌دیهاتوون.
بهلاَم به‌داخه‌وه له رووی ئابووری و بونیاتنانه‌وه‌ی شاره‌كه‌وه ئه‌وه‌ی كه‌كراوه له‌ئاست ئه‌و خهرابهیهی كه‌ركوكدا نییه، ئه‌و بودجه و داهاته‌ی كه له‌به‌غدا و هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه ده‌گاته كه‌ركوك له‌ئاست پڕكردنه‌وه‌ی پێداویستییه‌كانی شاره‌كه‌دا نییه، جگه له‌وه‌ش له‌سه‌رده‌می رژێمی به‌عسدا (700) گوندی ده‌وروبه‌ری كه‌ركوك خاپوور كراون و له‌دوای پرۆسه‌ش نه‌مانتوانی هه‌م گونده‌كان ئاوه‌دان بكه‌ینه‌وه، هه‌میش ئاواره‌كان نیشته‌جێ بكه‌ین.
له‌سه‌ر ئاستی نه‌ته‌وه‌ش جۆرێك له بالاَنس گه‌ڕایه‌وه بۆ نه‌ته‌وه‌كان كه‌له‌سه‌ره‌تاوه عه‌ره‌ب ئه‌م بارودۆخه‌یان پێ هه‌زم نه‌ده‌كرا، ئاسایی نه‌بوو به‌لایانه‌وه پارێزگار‌و دهسهلاَت له‌م شاره كورد بێت، بهلاَم ئێستا ئه‌وانیش تێده‌گه‌ن كه ده‌بێ له‌گه‌ڵ واقیعدا خۆیان بگونجێنن، جگه له‌وه‌ش ئێستا خه‌ڵك له نیزامی نوێ تێده‌گه‌ن و به‌شدارن له‌پرۆسه‌ی سیاسی و هه‌ڵبژاردن و ده‌نگداندا.
وه‌ك لایه‌نی خراپیش ناتوانم بڵێم دهسهلاَتی كوردی به به‌رنامه كاری بۆ لایه‌نه خراپه‌كان كردووه، بهلاَم له ئاستی خواستی خه‌ڵكدا نه‌بووین، بۆ نموونه ده‌بوو كه هاتینه‌وه كه‌ركوك به‌رنامه‌یه‌كی تۆكمه‌مان بۆ هه‌موو لایه‌نه‌كان هه‌بووایه و رێگه‌مان له زیاده‌ڕۆیی بۆ سه‌ر موڵكی حكومه‌ت و خه‌ڵك بگرتایه، هه‌رچه‌نده زیاده‌ڕۆیی له هه‌موو عێراقدا كرا به‌هۆی تێكچوونی بارودۆخی ئه‌منیه‌وه، بهلاَم ئه‌وه هیچ كات پاساو نیه و ده‌مانتوانی رێگه له‌و زیاده‌ڕۆییانه بگرین.
ئه‌و بیركردنه‌وه و یه‌كگرتووییه‌ی ئێستا له سه‌ركردایه‌تی كورددا هه‌یه ئه‌و كات نه‌بوو، ده‌بوو به‌رنامه‌مان هه‌بوایه بۆ نیشته‌جێكردنه‌وه‌ی ئاواره‌كان، بهلاَم بێ بهرنامهبووین، له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌كانیش نه‌مانتوانی به‌رنامه‌یه‌كمان هه‌بێت بۆ مامه‌ڵكردن، خه‌ڵكانێكی نه‌فس نزمیش بارودۆخه‌كه‌یان قۆسته‌وه، ده‌بوو له‌م ماوه‌یه‌دا دڵنیایی ته‌واومان بدایه به نه‌ته‌وه‌كان.
ناڵێم هیچ نه‌كراوه، بهلاَم وه‌ك پێویست نه‌بووین. باشترین نموونه‌ش بۆ پاراستنی پێكه وه‌ژیان و ئاشتی رووداوه‌كه‌ی رۆژی 28ی ته‌مووزی 2008 بوو كه ئه‌گه‌ر سه‌ركردایه‌تی كورد و حزبه كوردستانیه‌كان زۆر به‌ژیرانه مامه‌ڵیان نه‌كردایه خواستی ئه‌و كه‌سانه به‌دی ده‌هات كه كه‌ركوك به به‌رمیله باروت ناوده‌به‌ن، به‌ڕای من ده‌بوو ئێستا به‌ر له‌ئێمه توركمان داوای گه‌ڕانه‌وه‌ی كه‌ركوكی بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان بكردایه، چونكه ئێمه و توركمان ته‌جروبه‌یه‌كی تاڵمان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی مه‌ركه‌زی هه‌یه.
به‌گشتی له‌لایه‌ك گوناهی ئێمه بوو كه زۆر دڵمان نه‌رم نه‌بوو ئه‌و دڵنیاییه‌یان بده‌ینێ، به‌داخه‌وه له‌لای ئه‌وانیشه‌وه كۆمه‌ڵێك خه‌ڵكی نامه‌سئول به‌كاركردن بۆ پرۆژه‌ی بێگانه و ده‌وڵه‌تانی ئیقلیم زۆر خراپ له‌م شاره مامه‌ڵیان كردووه، خۆپیشاندانه‌كه‌ی 28ی مانگیش یه‌كگرتوویی شه‌قامی كه‌ركوكی ده‌رخست كه به‌ڵگه‌م هه‌یه له‌نێو شه‌هید و برینداره‌كاندا عه‌ره‌ب و توركمان و كلدو ئاشوری هه‌ن.
سبه‌ی: پێویسته له‌مه‌ولا سه‌ركردایه‌تی سیاسی كورد و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان چ جۆره سیاسه‌تێك به‌رامبه‌ر كه‌ركوك بگرنه‌به‌ر؟
ئه‌حمه‌د عه‌سكه‌ری: به‌رای من پێویسته له‌كوردستاندا كه‌ركوك جۆرێك له سه‌ربه‌خۆیی به‌ڕێوه‌بردنی هه‌بێت، نه‌ك سه‌ربه‌خۆیی سیاسی. دوایی كه‌ركوك ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ركوردستان، هه‌روه‌ها له‌ئێستاوه پێویسته له ره‌شنوسی ده‌ستوری هه‌رێمی كوردستاندا كه ئێستا په‌رله‌مانی كوردستان خهریكیهتی كه‌ركوك وه‌ك ناوچه‌یه‌كی تایبه‌ت مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكرێت و جگه له‌زمانی كوردی زمانی نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ش له‌كه‌ركوك ره‌سمی بن و بودجه‌یه‌كی تایبه‌تیشی له چوارچێوه‌ی هه‌رێمی كوردستاندا بۆ دیاری بكرێت، له‌ڕوی ئیداریشه‌وه زۆر ئاساییه دهسهلاَت له‌م شاره به‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌كاندا دابه‌ش بكرێت، كه به‌پێی لێهاتوویی كه‌سانی نه‌ته‌وه‌كان بێت، ئاساییه و هه‌نگاوێكی باشیشه سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان دوو جێگری هه‌بێت و یه‌كێكیان توركمان بێت یان جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان یان پارێزگاری كه‌ركوك با توركمان بێت، به‌گشتی رێگا چاره‌یه‌ك و وێنه‌یه‌كی ئاشتی و برایه‌تی بده‌ین به نه‌ته‌وه‌كانی دیكه تاكو له‌مافه‌كانیان دڵنیابن.
سبه‌ی: چۆن دیواری بێ متمانه‌یی له‌گه‌ڵ توركمان و عه‌ره‌به‌كاندا بشكێنین له‌كاتێكدا هه‌م هه‌ندێك لایه‌ن و هه‌م راگه‌یاندنه‌كانیان تۆمه‌تبار ده‌كرێن به‌وه‌ی كه ده‌یانه‌وێت تۆوی بێ متمانه‌یی زیاتر بچێنن؟
ئه‌حمه‌د عه‌سكه‌ری: یه‌كه‌م شت ده‌بێت راستگۆ بین له‌گه‌ڵ یه‌كتر، ئێمه وه‌ك كورد هه‌رچه‌نده هه‌وڵی دڵنیایی ئه‌وان بده‌ین ئه‌وان تائێستا به‌گومانه‌وه له‌ئێمه ده‌ڕوانن، پێمان ده‌ڵێن ئێوه له‌ده‌ستوری عێراقدا چه‌ندین گره‌نتیتان بۆ خۆتان مسۆگه‌ركردووه ئه‌ی بۆ ئێمه چی؟ ئه‌گه‌ر ئێمه توانیمان دڵیایی ته‌واو له‌مافه‌كانیان مسۆگه‌ر بكه‌ین مامه‌ڵه‌ی جیاواز له‌گه‌ڵ كورد و نه‌ته‌وه‌كانی دیكه نه‌كه‌ین ئه‌وه سه‌ركه‌وتوو ده‌بین، ئه‌وانه‌شی كه‌ده‌ڵێن كوردستان ته‌نها موڵكی كورده ئه‌وه خه‌یاڵه، چونكه له‌كوردستاندا توركمان و عه‌ره‌بی ره‌سه‌ن و كلدوئاشوری ده‌ژین، كوردستان نیشتمانی هه‌مووانه، گه‌ر ئه‌و ههنگاوانهشمان نا ئه‌وا به‌ئاسانی ئه‌و ده‌ستانه ئاشكرا ده‌بن كه‌كار بۆ پرۆژه‌ی بێگانه ده‌كه‌ن.
سبه‌ی: به‌تایبه‌ت به‌رپرسانی ئیداری كورد له‌كه‌ركوك به‌وه تۆمتبار ده‌كرێن كه بوونه‌ته به‌شێك له دروستبوونی ئه‌و بێ متمانه‌ییه و نه‌یانتوانیوه خۆیان له توركمان و عه‌ره‌به‌كان نزیك بكه‌نه‌وه، تۆ له‌وباره‌یه‌وه چی ده‌ڵێیت؟
ئه‌حمه‌د عه‌سكه‌ری: من پێم وانیه وابێت، ره‌نگه به‌رپرسی كورد هه‌بێت به‌وجۆره مامه‌ڵی كردبێت، بهلاَم به‌گشتی بۆ به‌رپرسانی كورد له‌كه‌ركوك وانیه و بۆچونێكی هه‌ڵه‌یه كه به‌به‌رنامه كاركرابێت بۆ دروستكردنی بێ متمانه‌یی، ره‌نگه كه‌سه‌كان له‌كاتی مامه‌ڵه‌كردندا هه‌ڵه‌یان كردبێت، بهلاَم هه‌موو هه‌وڵه‌كان بۆ دروستكردنی متمانه بووه.
بۆنموونه له په‌روه‌رده‌ی كه‌ركوك كه به‌ڕێوه‌به‌ره‌كه‌ی توركمانه هێشتا خوێندنی كوردی سه‌ر به‌و به‌ڕێوه‌به‌رێتیه نییه، نه‌مانتوانیوه (5000) مامۆسنا و فه‌رمانبه‌ری به‌شی كوردی له‌گه‌ڵ ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌رێتیه تێكه‌ڵ بكه‌ین، نایشارمه‌وه بۆخۆشمان هێشتا نه‌مانتوانیوه له‌و به‌شه وه‌ك پێویست بین، تائێستا مامۆستا‌و فه‌رمانبه‌رانی په‌روه‌رده‌ی كوردی له‌كه‌ركوك له‌دوو شوێنه‌وه موچه وه‌رده‌گرن، به‌دوو به‌رنامه و دوو سیسته‌می خوێندن كارده‌كه‌ن كه ئه‌مانه كاریگه‌ریان خراپه لهسهركورد، من ئه‌وه‌نده‌ی ره‌خنه‌م له سیسته‌مه‌كه هه‌یه كه له‌م شاره پیاده ده‌كرێت ئه‌وه‌نده ره‌خنه‌م له‌كه‌سه‌كان نییه.
تائێستاش له‌هه‌رێمه‌وه به‌دوو ده‌ست پاره له‌م شاره‌دا سه‌رف ده‌كرێت، ده‌بوایه ئه‌وانه‌مان له‌كه‌ركوك نه‌كردایه كه ئه‌وانه گوناهی ئێمه نین به‌ڵكو كاریگه‌ری شه‌ڕی ناوخۆ و دوو ئیداره‌یی و… هتد...ن، هه‌رچه‌نده جیاوازیه‌كانی ناوخۆمان ئێستا به‌ره‌و كه‌مبوونه‌وه ده‌چن، بهلاَم ده‌بێت له‌سه‌ره‌تاوه خۆمان چاك بكه‌ین و متمانه بۆخۆمان بگێڕینه‌وه ئه‌وكات بۆنهتهوهكانی تر.
به‌گشتی ئێستا جۆرێك له دیالۆگ و روحی پێكه‌وه كاركردن له دهسهلاَتدا له‌كه‌ركوك دروستبووه كه دڵخۆشكه‌ره، هه‌رچه‌نده جیاوازیمان له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌كاندا هه‌یه له بۆچووندا، بهلاَم هه‌میشه له گفتوگۆی به‌رده‌وامداین. جیاوازیش شتێكی ئاساییه له پرۆسه‌ی دیموكراسیدا و نه‌بۆته كاری دوژمنكارانه، ئێمه له‌كه‌ركوك به‌سێ لیستی سه‌ركه‌وتوو ئه‌نجوومه‌نمان پێكهێناوه كه لیستی برایه‌تی و به‌ره‌ی توركمانی و گردبوونه‌وه‌ی كۆمارییه، هه‌رسێ لاشمان به‌سێ ئه‌جیندای جیاوازه‌وه به‌شداریمان له هه‌ڵبژاردندا كرد و ئێستاش ئه‌جێندامان جیاوازه.
بۆ نموونه به‌ر له هه‌ڵبژاردنه‌كانی ساڵی (2005) ئێمه وه‌ك لیستی برایه‌تی داوامان له‌خه‌ڵك كرد ده‌نگمان بۆبده‌ن ماده‌ی 140 جێبه‌جێده‌كه‌ین و كه‌ركوك ده‌گه‌ڕێنینه‌وه بۆ سه‌ر كوردستان، به‌ره‌ی توركمانی به‌ڵێنیان دابوو به‌خه‌ڵك نیشتمانێكی توركمانی دروست بكه‌ن و كه‌ركوك هه‌رێمێكی سه‌ربه‌خۆ بێت، عه‌ره‌به‌كانیش ده‌یانوت ده‌بێت كه‌ركوك به‌ناسنامه‌ی عێراقی بمێنێته‌وه و سه‌ربه حكومه‌تی مه‌ركه‌ز بێت، له دیموكراسیدا ئه‌م جیاوازیانه شتێكی ئاسایین و سندوقه‌كانی ده‌نگدان هه‌موو به‌ڵێنه‌كان یه‌كلاده‌كه‌نه‌وه نه‌ك شه‌ڕ و توندوتیژی، ئه‌گه‌ر به‌رده‌وام بیر له زمانی دیالۆگ بكه‌ینه‌وه زوو یان دره‌نگ ههردهگهینه ئه‌نجام.
سبه‌ی: توركمان و عه‌ره‌به‌كان گله‌ییان له شێوازی مامه‌ڵه‌ی ده‌زگا ئه‌منیه‌كانی كه‌ركوك له‌گه‌ڵیاندا هه‌یه و ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه ده‌گێڕنه‌وه كه به‌رپرسانی ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی شاره‌كه كوردن، ئایا ئه‌مه تاچه‌ند واقیعه و چۆن هه‌وڵی چاره‌سه‌ری ده‌ده‌ن؟
ئه‌حمه‌د عه‌سكه‌ری: ده‌زگای ئه‌منی دهسهلاَتی سیاسی دروستی نه‌كردووه، به‌ڵكو بارودۆخی ئه‌منی دروستیكردووه. تائێستاش دۆسیه‌ی ئه‌منی له كه‌ركوك له ده‌ستی هێزه‌كانی فرهنهتهوهدایه، له‌سه‌ره‌تاوه هێزه‌كانی فره‌نه‌ته‌وه ویستیان ده‌زگایه‌كی ئه‌منی له كه‌ركوك له هه‌موو پێكهاته‌كان دروست بكه‌ن، بهلاَم دوای دروستكردنی ئه‌وه‌نده‌ی پێنه‌چوو ده‌ركه‌وت زۆربه‌ی كه‌سه‌كانی ئه‌و ده‌زگایه پاشماوه‌ی به‌عس و تیرۆریستن و پشتگیری له تیرۆریستان ده‌كه‌ن، له‌بری ده‌زگاكه له‌خزمه‌تی خه‌ڵكدا بێت بوو به ده‌زگایه‌كی چه‌واشه‌كار و هێزه‌كانی فرهنهتهوهش زوو پشتیان له‌و ده‌زگایه كرد، له به‌رامبه‌ردا روویان كرده ده‌زگا ئه‌منیه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و كاریان لهگهڵداكردن و سودی زۆریان له زانیاریه‌كانیان وه‌رگرت، هه‌روه‌ها به‌هاوكاری ئاسایشی كورد توانرا له‌م شاره تیرۆریستێكی زۆر ده‌ستگیر بكرێت.
گله‌یی عه‌ره‌ب و توركمانه‌كان له‌وه‌یه كه‌خه‌ڵك له‌كه‌ركوك ده‌ستگیر ده‌كرێت و ده‌گوازرێته‌وه بۆ گرتوخانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، له‌سه‌ره‌تاوه كه خه‌ڵك له‌كه‌ركوك ده‌ستگیر ده‌كرا ده‌گوازرایه‌وه بۆ گرتووخانه‌كانی ئه‌بوغرێب و بادوش له‌موسڵ، بهلاَم دواتر به‌هۆی ئه‌وه‌ی چه‌ند جارێك تیرۆریستان ئه‌و دوو گرتووخانهیهیان شكاند و رێگه‌ی هاتووچۆش بۆ ئه‌و دوو ناوچه‌یه تاده‌هات خراپ ده‌بوو، هێزه‌كانی فره‌نه‌ته‌وه په‌نایان برده به‌ر حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، حكومه‌تی هه‌رێمیش كاری له‌وه‌دا ته‌نها هاوكاریكردنه و دابینكردنی شوێنێكی ئارامه تاكو ئه‌و كه‌سانه دادگایی ده‌كرێن. ته‌نانه‌ت دادگایی كردنیشیان تاكو ئێستا له‌كه‌ركوك و به‌غدا ئه‌نجام ده‌درێت، یاخود دادوه‌ره‌كان له كه‌ركوك و به‌غداوه خۆیان ده‌چن له كوردستان دادگاییان ده‌كه‌ن. من ئاگادارم له‌چه‌ند رۆژی رابردوودا (48) كه‌س له‌و تاوانبارانه كه یه‌كێكیان دكتۆر لوئه‌ی بوو كه له‌كه‌ركوك (48) كه‌سی له‌نه‌خۆشخانه‌ی گشتی بهدهرزهی كوشت، بهفڕۆكهیهك گواسترانه‌وه بۆ به‌غدا بۆ دادگاییكردن.
توركمان و عه‌ره‌به‌كان له‌وه‌دا هه‌ڵه‌ن، كاری ئاسایش له‌كه‌ركوك ته‌نها پێدانی زانیارییه بهدهزگاكانی پۆلیس و سوپا‌و فره‌نه‌ته‌وه و كاری حكومه‌تی هه‌رێمیش هاوكاریكردنه، هێزه‌كانی ئاسایش له كه‌ركوك رۆڵیان زۆر ئیجابیه و رووداوه‌كه‌ی رۆژی 28ی ته‌موزی 2008 شایه‌دی ئه‌و رۆڵه‌یه، وه‌زیری به‌رگری عێراق كه‌سێكه كورد نییه و عه‌ره‌بی سوننه‌یه به‌بێ ئاگاداری كه‌س خۆی له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری هێزی فره‌نه‌ته‌وه دوای رووداوه‌كه سه‌ردانی كه‌ركوكی كرد و به‌شێوه‌یه‌كی مه‌یدانی چووبووه شه‌قامه‌كان و له‌گه‌ڵ خه‌ڵك قسه‌ی كردبوو، دواتر سه‌رسامی خۆی ده‌ربڕی به ده‌زگاكانی ئاسایشی شاره‌كه كه‌توانیویانه دوای 90 ده‌قیقه له‌و رووداوه گه‌وره‌یه ئاسایش بگه‌ڕێننه‌وه كه شتی وا تائێستا له‌عێراقدا رووینه‌داوه. ره‌نگه له‌ناو ئه‌و هێزانه‌شدا كه‌سانی خراپ هه‌بن، بهلاَم ناكرێت هه‌موو هێزه‌كانی ئاسایش به‌خراپ تۆمه‌تبار بكرێن و پێویسته شانازیه‌كی خه‌ڵكی ئه‌م شاره به‌هێزه‌كانی ئاسایشه‌وه بێت له پای ئه‌و رۆڵ گرنگه‌ی ده‌یگێڕن.
سبه‌ی: دوای سه‌ردانه‌كه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و ئه‌و موبادهرانهی ئێستا له‌نێوان نه‌ته‌وه و پێكهاته‌كاندا هه‌یه چ ئاسۆیه‌كی لێ چاوه‌ڕوان ده‌كرێت؟
ئه‌حمه‌د عه‌سكه‌ری: پێم وایه له‌دوای 28ی ته‌مموزه‌وه گۆڕانێكی گه‌وره له‌سیاسه‌تدا له‌كه‌ركوك دروستبوو، ئه‌و رۆژه مێژوویی بوو و هه‌موو خه‌ڵك به‌ته‌واوی پێكهاته‌كانه‌وه قسه‌ی خۆی كرد، ئه‌مه وایكرد هه‌موو لایه‌نه‌كان به‌سیاسه‌تی خۆیاندا بچنه‌وه و له‌پێش هه‌موانیش سه‌ركردایه‌تی سیاسی كوردستان، هه‌موو لایه‌ك تێگه‌یشتن خه‌ڵكی كه‌ركوك چی ده‌وێت، هه‌موو لایه‌ك كه‌وتنه به‌رده‌م دوو رێگا یان ئه‌وه‌تا ده‌بێت به‌خواستی زۆرینه‌ی خه‌ڵك بكرێت كه ئه‌و خه‌ڵكه هێزی سندوقه‌كانی ده‌نگدانن، یان ئه‌وه‌تا دوژمنایه‌تی ئه‌و خه‌ڵكه بكرێت كه كه‌س ئه‌وه‌ی پێناكرێت، ئێستاش من پێم وایه دوو رێگه‌مان له پێشه و رێگه‌ی سێیه‌ممان نیه، یان گه‌ڕانه‌وه بۆ دیكتاتۆریه‌ت یان رۆیشتن به‌ڕێگای دیموكراسی و سندوقه‌كانی ده‌نگدان.
هه‌روه‌ها ده‌ركه‌وت ئه‌وه‌ی ئێمه له ئه‌نجوومه‌ن داوامانكرد به گه‌ڕانه‌وه‌ی كه‌ركوك بۆسه‌ر هه‌رێمی كوردستان داوای زۆرینه‌ی خه‌ڵكه و سه‌ره‌نجامیش ده‌بێت داوای سه‌رجه‌م نه‌ته‌وه و لیسته‌كان له رێگای سندوقه‌كانی ده‌نگدانه‌وه یه‌كلابكرێته‌وه كه ئه‌وه مافێكی یاسایی و ده‌ستورییه و هه‌ر داواكاریه‌ك له‌كۆتاییدا ده‌بێت راپرسی یه‌كلای بكاته‌وه و خه‌ڵك ده‌نگی بۆ بده‌ن له هه‌موو حاڵه‌ته‌كاندا.
به‌راستی ئێستا هه‌موو لایه‌نه‌كان بیر له رێگا چاره ده‌كه‌نه‌وه كه چۆن بتوانن له‌گه‌ڵ بارودۆخی تازه‌دا خۆیان بگونجێنن، ئێستا توركمان و عه‌ره‌ب له‌گه‌ڵ كورد ده‌یانه‌وێت بگه‌نه چاره‌سه‌ر و داوای گفتوگۆ و چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ن، ده‌بێت ئێمه‌ش نه‌رمی بنوێنین كه ته‌نها شتێك جێگای ته‌نازول له‌سه‌ركردن نییه، ئه‌ویش كوردستانییه‌تی كه‌ركوكه، له‌مه‌سه‌له‌ی پۆست و ئیداره و ئیمتیازدا ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر حسابی خۆشمان بێت پێویسته بیكه‌ین و ئاساییه.
پرۆفایل
• ئه‌حمه‌د عهبدولاَ ره‌زا ناسرا و به (ئهحمهدعهسكهری)
• ساڵی 1956 له‌گوندی عه‌سكه‌ری سه‌ر به ناحیه‌ی ئاغجه‌له‌ر له‌دایك بووه.
• خوێندنی سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندی و ئاماده‌یی له كه‌ركوك ته‌واوكردووه.
• كۆلێژی ئه‌ندازیاری له‌زانكۆی سلێمانی ته‌واوكردووه.
• سالاَنی 1980- 1990 پێشمه‌رگه‌ی (ی.ن.ك) بووه.
• سالاَنی 1990- 2000 له به‌ریتانیا ژیاوه و له‌و ماوه‌یه‌دا ماسته‌ری له ئه‌ندازیاری مه‌ده‌نی له‌و ولاَته به‌ده‌ستهێناوه.
• 2003-2000 مامۆستا بووه له كۆلێژی ئه‌ندازیاری زانكۆی سلێمانی.
• له‌ساڵی 2003 ه‌وه تا ئێستا له‌سه‌ر لیستی برایه‌تی ئه‌ندامه له ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك.