Print
 كورد له‌ سوپای‌ عێراقدا پشتگوێخراوه‌
Sunday, September 7, 2008


 راپۆرت: سبه‌ی‌

به‌ریتانیا پێكیهێناو ئه‌مه‌ریكا هه‌ڵیوه‌شانده‌وه‌
یه‌كه‌م هێزی‌ لیڤی‌ سوپا له‌عێراق له‌لایه‌ن به‌ریتانییه‌كانه‌وه‌ پێكهێنرا، كه‌ ئه‌ركی‌ پاراستنی‌ هێزی‌ ئاسمانی‌ مه‌له‌كی‌ به‌ژماره‌یه‌ك فه‌وج سپێردرا. هه‌ڕه‌شه‌ی‌ جه‌نگ له‌دژی‌ تورركیا پاش ئیدیعای‌ عوسمانییه‌كان به‌وه‌ی‌ موسڵ‌ به‌شێكه‌ له‌وڵاته‌كه‌یان وای‌ له‌به‌ریتانیییه‌كان كرد، فیرقه‌ی‌ ئیمام موسای‌ كازم له‌ 6 كانوونی‌ دووه‌می‌ 1921 پێكبهێنێت كه‌ یه‌ك ئه‌فسه‌ری‌ پێشووی‌ عوسمانی‌ تێدابوو‌و باره‌گاكه‌ی‌ له‌ناوچه‌ی‌ كازمیه‌ی‌ شاری‌ به‌غدابوو، شه‌ش ساڵ دواتریش هێزی‌ ئاسمانی‌ پێكهێنرا.

سوپای‌ عێراق كه‌ بناغه‌كه‌ی‌ فیرقه‌كه‌ی‌ ئیمام موسای‌ كازم بوو چه‌ندین ئه‌فسه‌ری‌ كورد له‌سه‌ره‌تای‌ پێكهێنانیه‌وه‌ به‌شداربوون تیایدا له‌ساڵی‌ 1961 تا 2003 ناوه‌ ناوه‌ شه‌ڕی‌ جوڵانه‌وه‌كانی‌ رزگاریخوازی‌ كوردی‌ كردووه‌. هه‌روه‌ك له‌و ماوه‌یه‌دا به‌شداریی‌ له‌شه‌ڕه‌كانی‌ عه‌ره‌ب ئیسرایل له‌1948، شه‌ڕی‌ هه‌شت ساڵه‌ی‌ ئێران، داگیركردنی‌ كوه‌ێت‌و جه‌نگی‌ یه‌كه‌می‌ كه‌نداو، جه‌نگی‌ دووه‌می‌ كه‌نداو سه‌ركوتكردنی‌ هه‌موو جوڵانه‌وه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كانی‌ ناو عێراق كردووه‌‌و هه‌میشه‌ دارده‌ستێك بووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ عێراق كورسییه‌كانی‌ خۆیانی‌ پێ‌ بپارێزن‌و بیكه‌ن به‌گژ میلله‌تانی‌ عێراقدا. له‌دوای‌ هه‌ڵایسانی‌ جه‌نگی‌ عێراق‌و ئێران، سه‌دام حسێنی‌ دیكتاتۆری‌ پێشووی‌ عێراق له‌هه‌وڵی‌ ئه‌وه‌دابوو كه‌ هێزی‌ جه‌نگی‌ له‌دژی‌ ئێران پێكبهێنێت‌و هه‌ر له‌گه‌ڵ‌ ده‌ستپێكردنی‌ جه‌نگه‌كه‌دا قه‌باره‌ی‌ سوپا  زیادی كرد‌و ساڵی‌ 1981 بووه‌ 200 هه‌زار سه‌رباز كه‌ له‌ 12 فیرقه‌‌و 3 فه‌یله‌قدا رێكخرابوون. له‌ 1985 بووه‌ 500 هه‌زار سه‌رباز كه‌ له‌ 23 فیرقه‌‌و نۆ فه‌یله‌قدا رێكخرابوون. له‌سه‌روبه‌ندی‌ داگیركردنی‌ كوێتیش له‌ 2ی‌ ئابی‌ 1990،  سوپای‌ عێراق بووه‌ نزیكه‌ی‌ یه‌ك ملیۆن سه‌رباز، كه‌پێكهاتبوو له‌ 42 فیرقه‌ی‌ پیاده‌‌و 7ی‌ زرێپۆش، 20 فیرقه‌ی‌ هێزی‌ تایبه‌ت‌و شه‌ش فیرقه‌ی‌ گاردی‌ كۆماری‌.

له‌سه‌روبه‌ندی‌ جه‌نگی‌ عێراق‌و ئه‌مه‌ریكا له‌ 2003، سوپای‌ عێراق له‌ 300 هه‌زار سه‌رباز پێكهاتبوو، كه‌ له‌پێنج فه‌یله‌قدا رێكخرابوون، بریتی‌ بوون له‌ 11 فیرقه‌ی‌ پیاده‌،  3ی‌ ئالیات، 3 زرێپۆش. به‌ر له‌ده‌ستپێكردنی‌ جه‌نگ، به‌پێی‌ پلانێكی‌ سه‌ربازیی‌ له‌كه‌ركوك، دیاله‌، ناسریه‌، عه‌ماره‌، موسڵ‌ جێگیركران‌و ئه‌ركی‌ پاراستنی‌ به‌غداش به‌دوو فیرقه‌ی‌ گاردی‌ كۆماری سپێردرا.

سوپای‌ عێراق رۆژی‌ 23 ئایاری‌ 2003، له‌سه‌ر فه‌رمانی‌ پۆل بریمه‌ری‌ حاكمی‌ كاتی‌ ئه‌و كاته‌ی‌ عێراق هه‌ڵوه‌شێنرایه‌وه‌.

دروستكردنه‌وه‌ی‌ سوپا
به‌پێی‌ فه‌رمانی‌ ژماره‌ 22ی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ كاتی‌ هاوپه‌یمانان له‌ 7ی‌ ئابی‌ هه‌مان ساڵ‌ ده‌ستكرا به‌پێكهێنانی‌ سوپایه‌كی‌ نوێ‌ بۆ "به‌رگریكردن له‌ئاینده‌ی‌ عێراقی سه‌ربه‌خۆ".
به‌فه‌رمانی‌ ژماره‌ 23 هه‌ندێك رێوشوێن دانرا بۆ سه‌رله‌نوێ‌ پێكهێنانه‌وه‌ی‌ ئه‌و سوپایه‌.
به‌پێی‌ فه‌رمانه‌كه‌، ئه‌مانه‌ له‌ریزی‌ سوپا نوێیه‌كه‌ ده‌رده‌كرێن: ئه‌ندامانی‌ ده‌زگا ئه‌منییه‌كان، پیاوانی‌ موخابه‌رات، گاردی‌ كۆماری‌، ئه‌ندامانی‌ رێكخراوه‌ چه‌كداریی‌‌و ئه‌منییه‌كانی‌ به‌عس، گه‌وره‌ ئه‌ندامانی‌ ئه‌و حیزبه‌، ئه‌فسه‌رانی‌ پێشووی‌ ئه‌وانه‌یان پۆستیان له‌كۆلۆنێل به‌رزتره‌. به‌و جۆره‌ چوار بنكه‌ی‌ مه‌شق‌و پێكهێنانی‌ سوپای‌ نوێ‌  له‌به‌غدا، به‌سره‌، موسڵ‌‌و هه‌ولێر ده‌ستنیشانكرا.

له‌ 15 شوباتی‌ 2004، پتر له‌ 3500 كه‌س له‌ ریزه‌كانی‌ سوپا رێكخرانه‌وه‌، كه‌ 2 هه‌زاریان ئاماده‌كرابوون بۆ ئه‌ركه‌كانیان‌و 1500 مه‌شق‌و راهێنانیان ده‌كرد.

رۆژی‌ 20 حوزه‌یرانی‌ 2004 له‌میانی‌ كۆنفرانسێكی‌ رۆژنامه‌وانیدا، ئه‌یاد عه‌لاوی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ كاتی‌ عێراق رایگه‌یاند سوپای‌ نوێ ئه‌م به‌شانه‌ له‌خۆده‌گرێت:
*هێزه‌كانی‌ پیاده‌
*گاردی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌
*هێزه‌كانی‌ ته‌ده‌خولی‌ خێرا‌و هێزی‌ تایبه‌تی‌.

له‌سه‌ره‌تای‌ 2005، حكومه‌تی‌ كاتی‌ عێراق به‌یارمه‌تی‌ هێزه‌كانی‌ فره‌ڕه‌گه‌ز 90 فه‌وجیان پێكه‌وه‌نا كه‌ئه‌ركی‌ سه‌ره‌كی‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی‌ گروپه‌ چه‌كداره‌كان بوو. ژماره‌یه‌كی‌ كه‌م له‌و سه‌ربازانه‌ چه‌ك‌و كه‌ره‌سته‌ی‌ جه‌نگی‌ پێویستی‌ بۆ دابینكرابوو.

هه‌ر له‌و ماوه‌یه‌دا، سوپای‌ عێراق شانبه‌شانی‌ هێزه‌ فره‌ڕه‌گه‌زه‌كان به‌شداریی‌ پرۆسه‌ی‌ سه‌ربازیی‌ فه‌لوجه‌ی‌ كرد كه‌ناوی‌ (ئه‌لفه‌جر)ی لێنرابوو. له‌میانی‌ مه‌راسیمێكدا كه‌ رۆژی‌ 6/1/2005 به‌بۆنه‌ی‌ 84 ساڵه‌ی‌ سوپای‌ عێراق به‌ڕێوه‌چوو، سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ حكومه‌تی‌ كاتی‌، لیوا عه‌بدولقادر محه‌مه‌د جاسمی‌ وه‌كو فه‌رمانده‌ی‌ هێزه‌ زه‌مینییه‌كانی‌ عێراق ده‌ستنیشان كرد.

له‌ 13 ئاداری‌ 2006، سوپای‌ عێراق بووه‌ 140 سه‌رباز، كه‌ له‌ 113 فه‌وجی‌ جه‌نگیدا رێكخرا (91 فه‌وجی‌ پیاده‌، 5فه‌وجی‌ ئالیات، 4ی‌ زرێپۆش، یه‌ك فه‌وجی‌ ئه‌ركی‌ ئه‌منی‌ تایبه‌ت).

دوو ساڵ‌ دواتر ژماره‌ی‌ ئه‌و هێزانه‌ بوونه‌ 180 هه‌زار سه‌رباز، كه‌ له‌ 150 فه‌وجدا رێكخراون‌و دابه‌شكراون به‌سه‌ر 13 فیرقه‌دا.

سوپا ‌و ده‌ستور
به‌پێی‌ ماده‌ی‌ 14ی‌ ده‌ستوری‌ عێراق، هێزه‌ چه‌كداره‌كان به‌هه‌موو جۆره‌كانیه‌وه‌‌و به‌هێزه‌ ئه‌منییه‌كانیشه‌وه‌ به‌شێكن له‌گه‌لی‌ عێراق‌و ره‌نگده‌ره‌وه‌ی‌ پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌یی‌‌و ئایین‌و مه‌زهه‌بییه‌كه‌ین‌و له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتێكی‌ مه‌ده‌نیدا ده‌بێت‌و ئه‌ركی‌ پاراستنی‌ ده‌وڵه‌تی‌ عێراقه‌و ده‌ست له‌كاروباری‌ سیاسی‌ وه‌رنادات‌و نابێت بۆ سه‌ركوتكردنی‌ گه‌لانی‌ عێراق پێكبهێنرێت.

هه‌روه‌ها به‌پێی‌ بڕگه‌ی‌ (ج)ی‌ به‌ندی‌ پێنجی‌ ماده‌ی‌ 61، دانانی‌ سوپاسالار‌و یاریده‌ده‌ره‌كانی‌‌و ئه‌وانه‌ی‌ له‌پۆستی‌ فه‌رمانده‌ی‌ فیرقه‌و سه‌روترن له‌ده‌ستی‌ په‌رله‌ماندایه‌. جگه‌له‌وه‌ش به‌پێی‌ بڕگه‌ی‌ (ا)ی‌ به‌ندی‌ نۆیه‌می‌ هه‌مان ماده‌، له‌ده‌سه‌ڵاتی‌ په‌رله‌ماندایه‌ راگه‌یاندنی‌ جه‌نگ‌و باری‌ نائاسایی‌ به‌زۆرینه‌ی‌ دوو له‌سه‌رسێ‌، به‌پێی‌ داوایه‌كی‌ هاوبه‌شی‌ سه‌رۆك كۆمار‌و سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران.


كورد له‌سوپای‌ عێراق پشتگوێده‌خرێت
بابه‌كر زێباری‌ سوپاسالاری‌ سوپای‌ عێراق كه‌ له‌گه‌ڵ‌ پێكهێنانه‌وه‌ی‌ سوپا ئه‌و پۆسته‌ی‌ پێدراوه‌، ده‌ڵێت: "هیچ هاوسه‌نگییه‌ك له‌نێو سوپای‌ عێراقدا نییه‌، كورد به‌ته‌واوی‌ پشتگوێخراوه‌، له‌ 7 فه‌رمانده‌ی‌ هێزه‌ی‌ زه‌مینی‌ هیچ كوردی‌ تێدانییه‌، هیچ قاید فه‌یله‌قێك كورد نییه‌، له‌ 14 قاید فیرقه‌ ته‌نیا دووانیان كوردن، یه‌ك یاریده‌ده‌ری‌ قاید فیرقه‌ كورده‌‌و هیچ سه‌رۆك ئه‌ركانی‌ فیرقه‌یه‌ك كورد نییه‌، له‌وه‌زاره‌تی‌ به‌رگریش هه‌ر هه‌فته‌یه‌ك به‌فه‌رمانی‌ دیوان كوردێك ده‌رده‌كرێ‌، پێویسته‌ سه‌ركردایه‌تی‌ كورد هه‌وڵی‌ جدی‌ بدات‌و پێداگیریی‌ بكات له‌سه‌ر گێڕانه‌وه‌ی‌ هاوسه‌نگی‌ بۆ نێو سوپای‌ عێراق".

بابه‌كر به‌ هه‌فته‌نامه‌ی‌ رووداوی‌ وت: "بڕواناكه‌م رێژه‌ی‌ كورد 7%بێت له‌نێو سوپای‌ عێراقدا، هه‌وڵده‌درێت ئه‌و رێژه‌یه‌ش كه‌مبكرێته‌وه‌".

به‌غدا سه‌رباز‌و ئه‌فسه‌ره‌ كورده‌كان له‌كه‌ركوك كه‌مده‌كاته‌وه‌
فیرقه‌یه‌كی‌ سوپای‌ عێراقی‌ كه‌ له‌ 25 هه‌زار سه‌رباز پێكدێت له‌ شاری‌ كه‌ركوك جێگیر ده‌كرێت، زۆرینه‌ی‌ پێكهاته‌ی‌ ئه‌و فیرقه‌یه‌ش عه‌ره‌بن و له‌ باشور و ناوه‌ڕاستی‌ عێراقه‌وه‌ ده‌هێنرێنه‌ ناو كه‌ركوكه‌وه‌.
 عه‌قیدی‌ روكن عه‌بدوڵا دلۆیی‌ فه‌رمانده‌ی‌ لیوای‌ 15ی‌ كه‌ركوكی‌ سوپای‌ عێراقی‌ به‌ سبه‌ی ‌وت: وه‌زاره‌تی‌ به‌رگری‌ عێراق بڕیاریداوه‌ كه‌ فیرقه‌ی‌ 4ی‌ سوپای‌ عێراق بكات به‌ دوو فیرقه‌ی‌ سه‌ربازی‌ و فیرقه‌ی‌ 4 و فیرقه‌ی‌ 12ی‌ لێ دروست بكات، ئێستاش فیرقه‌ی‌ 12 له‌ سه‌ربازگه‌ی‌ كه‌یوانی‌ شاری‌ كه‌ركوك جێگیركراون كه‌ فه‌رمانده‌ی‌ فیرقه‌كه‌ش عه‌ره‌بێكی‌ شیعه‌یه‌ به‌ ناوی‌ (عه‌مید روكن عه‌بدولئه‌میر)، له‌ كۆی‌ 10 ئه‌فسه‌ری‌ پایه‌ به‌رزی‌ ئه‌و فیرقه‌یه‌ ته‌نها یه‌ك ئه‌فسه‌ریان كورده‌ و زۆرینه‌ی‌ پێكهاته‌ی‌ سوپاكه‌ش كه‌ 25 هه‌زار سه‌ربازه‌ عه‌ره‌بن و خه‌ڵكی‌ به‌سره‌ و ناسریه‌ و تكریت و ناوچه‌ عه‌رب نشینه‌كانی‌ تری‌ عێراقن.

ده‌ڵۆیی‌ ده‌ڵێت: ره‌نگه‌ هه‌ردوو لیوای‌ 15 و 16 كه‌ركوك و سلێمانیش كه‌ ئێستا ئه‌ركه‌كانیان له‌سنوری‌ كه‌ركوكدایه‌ بخرێنه‌ چوارچێوه‌ی‌ ئه‌و فیرقه‌ تازه‌یه‌وه‌، ئه‌وكاته‌ش ژماره‌ی‌ سه‌رباز و ئه‌فسه‌رانی‌ كورد له‌و فیرقه‌یه‌دا زۆر كه‌م ده‌بێته‌وه‌، له‌كاتێكدا كه‌ ئێستا له‌ لیوای‌ 15 و 16دا كورد رێژه‌ی‌ 30% پێكده‌هێنێت.

روونیشیكرده‌وه‌: ئه‌م هه‌وڵه‌ی‌ حكومه‌تی‌ عێراقی پلانێكی‌ به‌رنامه‌ بۆ داڕێژراوه‌ بۆ دژایه‌تیكردنی‌ كورد و كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ رۆڵی‌ كورد له‌ ناوچه‌كه‌دا، چونكه‌ ئه‌و فیرقه‌یه‌ زۆرینه‌ی‌ عه‌ره‌ب ده‌بێت و كورد به‌ رێژه‌یه‌كی‌ زۆر كه‌م ده‌بێت له‌ فیرقه‌كه‌دا له‌ كاتێكدا كه‌ ئه‌ركیشیان له‌ ناوچه‌یه‌كی‌ كوردستاندا ده‌بێت كه‌ كه‌ركوكه‌‌و ئه‌مه‌ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ ژماره‌ی‌ سه‌رباز و ئه‌فسه‌ره‌ كورده‌كانه‌ له‌ كه‌ركوك.

 

Sbeiy.com © 2007