Print
 رۆژنامه‌نووسان له‌به‌رده‌م یاسایه‌كی‌ پڕ له‌ مه‌ترسیدان
Sunday, September 21, 2008


راپۆرت: دیه‌ فازل
بڕیاروایه‌ سبه‌ینێ‌ پرۆژه‌یاسای‌ كاری‌ رۆژنامه‌گه‌ری‌ له‌ په‌رله‌مان گفتوگۆی‌ له‌باره‌وه‌ بكرێت‌و نه‌قیبی‌ سه‌ندیكای‌ رۆژنامه‌نووسانیش ته‌ئكیدده‌كاته‌وه‌، كه‌ هیچ ئاگاداری‌ ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ نین، رۆژنامه‌نووسانیش به‌ كۆی‌ ده‌نگ داواده‌كه‌ن پێناسه‌یه‌ك بۆ زاراوه‌ی‌ ئادابی‌ گشتیی‌‌و ئاسایشی‌ نیشتمانی‌ دابنرێت.

له‌دوای‌ 9 مانگ مانه‌وه‌ی‌ له‌ په‌رله‌مان له‌دوای‌ ره‌تكردنه‌وه‌ی‌ له‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌وه‌، لیژنه‌ی‌ یاسایی‌‌و لیژنه‌ی‌ رۆشنبیری‌ په‌رله‌مان نه‌گه‌یشتنه‌ رێككه‌وتنێك له‌سه‌ر ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی‌ له‌ پرۆژه‌كه‌دا ده‌بێت بكرێت‌و هه‌ربۆیه‌ به‌ وته‌ی‌ خه‌مان زرار، ئه‌ندامی‌ لیژنه‌ی‌ رۆشنبیری‌ په‌رله‌مان له‌ چه‌ند رۆژی‌ رابردوودا لیژنه‌یه‌كی‌ بچووك له‌ چه‌ند ئه‌ندامێكی‌ لیژنه‌ی‌ یاسایی‌‌و لیژنه‌ی‌ رۆشنبیری‌‌و سه‌رۆكایه‌تی‌ په‌رله‌مان پێكهێنراون، تا گۆڕانكاری‌ له‌ پرۆژه‌كه‌دا بكه‌ن‌و ئه‌و لیژنه‌یه‌ش نه‌گه‌یشتووه‌ته‌ بڕیاری‌ كۆتایی‌.

له‌و مادانه‌ی‌ گۆڕانكارییان تێداكراوه‌ له‌ پرۆژه‌یاساكه‌دا ماده‌كانی‌ (2،4،5،9،10)و له‌ گرنگترین گۆڕانكارییه‌كانیش لابردنی‌ ماده‌ی‌ 4ی‌ پرۆژه‌كه‌یه‌، كه‌ جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ده‌كاته‌وه‌ پێویسته‌ سه‌رنووسه‌ر ئه‌ندامی‌ سه‌ندیكای‌ رۆژنامه‌نووسان بێت‌و له‌ گۆڕانكارییه‌كاندا ئه‌و ماده‌یه‌ لابراوه‌و ته‌نها ئه‌وه‌ كراوه‌ته‌ مه‌رج بۆ سه‌رنووسه‌ر كه‌ ده‌بێت رۆژنامه‌نووس بێت‌و شاره‌زای‌ ته‌واوی‌ زمانی‌ رۆژنامه‌ به‌ نووسین‌و خوێندنه‌وه‌وه‌ بێت.

هه‌روه‌ك گۆڕانكاری‌ له‌ ماده‌ی‌ 2دا كراوه‌‌و زاراوه‌ی‌ ئاسایشی‌ گشتیی‌ گۆڕاوه‌ به‌ ئاسایشی‌ نیشتمانی‌‌و مافی‌ به‌ده‌ستهێنانی‌ زانیاریی‌ به‌ رۆژنامه‌نووسان ده‌به‌خشێت، ئه‌م گۆڕانكارییانه‌ش به‌ وته‌ی‌ ئارێز عه‌بدوڵڵا، سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ رۆشنبیری‌ ناچه‌سپێت تا رۆژی‌ ده‌نگدان له‌سه‌ر یاساكه‌ له‌ په‌رله‌مان.

گرنگترین ئه‌و مادانه‌ی‌ كه‌ رۆژنامه‌نووسان دژی‌ بوون له‌ رابردوودا ماده‌ی‌ 10 بوو، كه‌ به‌پێی‌ ئه‌و ماده‌یه‌ رۆژنامه‌ بۆ ماوه‌ی‌ 6 مانگ داده‌خراو رۆژنامه‌نووسه‌كه‌ش به‌ بإی‌ 3 ملیۆن دینار كه‌متر نه‌بێت‌و له‌ 10 ملیۆن دینار زیاتر نه‌بێت سزاده‌درێت، رۆژنامه‌كه‌ش به‌ بإی‌ (3 - 20) ملیۆن دینار سزاده‌درێت، ئێستا ئه‌و ماده‌یه‌ گۆڕانی‌ تێداكراوه‌ به‌جۆرێك رۆژنامه‌ نابێت له‌ 3 مانگ زیاتر دابخرێت‌و غه‌رامه‌ی‌ رۆژنامه‌نووسه‌كه‌ش له‌ (1 – 5) ملیۆن دینارو سزای‌ رۆژنامه‌كه‌ش (10 - 20) ملیۆن دینار بێت.

له‌گه‌ڵ‌ ئه‌م گۆڕانكارییانه‌شدا رۆژنامه‌نووسان ره‌خنه‌یان له‌ پرۆژه‌یاساكه‌ هه‌یه‌، تارق فاتح، خاوه‌ن ئیمتیازی‌ هه‌فته‌نامه‌ی‌ هاوڵاتی‌ دانانی‌ ئه‌و غه‌رامه‌یه‌ بۆ رۆژنامه‌نووس‌و رۆژنامه‌كان به‌ قورس ده‌زانێت‌و بۆ رۆژنامه‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا كه‌ ئه‌گه‌ر رۆژنامه‌یه‌ك (2 – 3) جار غه‌رامه‌ بكرێت ده‌بێت رۆژنامه‌كه‌ دابخات، هه‌ربۆیه‌ دانانی‌ ئه‌م غه‌رامه‌ زۆرانه‌ به‌ وته‌ی‌ تارق فاتح ته‌نها بۆ سه‌ركوتكردنی‌ رۆژنامه‌نووسان‌و سنوورداركردنی‌ ئازادیی‌ رۆژنامه‌نووسییه‌ له‌ كوردستان.

چه‌ندین ماده‌ش ماوه‌ كه‌ تا ئێستا ناكۆكییان له‌سه‌ره‌ له‌نێوان لیژنه‌ی‌ یاسایی‌‌و رۆشنبیری‌، ئارێز عه‌بدوڵڵا، سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ په‌یوه‌ندییه‌كان‌و رۆشنبیری ئه‌و ماده‌یه‌ی‌ كه‌ په‌یوه‌ندیی‌ به‌ ده‌سته‌واژه‌كانی‌ ئاسایشی‌ گشتیی‌‌و ئادابی‌ گشتییه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌نێوان ئه‌و دوو لیژنه‌یه‌دا یه‌كلاینه‌كراوه‌ته‌وه‌و ناكۆكییان له‌سه‌ره‌.

رۆژنامه‌نووسان‌و زۆربه‌ی‌ په‌رله‌مانتارانیش داوای‌ لابردنی‌ ئه‌و خاڵه‌ده‌كه‌ن، كه‌ رۆژنامه‌نووس‌و رۆژنامه‌ به‌هۆی‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ت كه‌ گوایه‌ دژی‌ ئادابی‌ گشتیی‌‌و ئاسایشی‌ گشتییه‌ سزابدرێن، چونكه‌ به‌ وته‌ی‌ كاوه‌ محه‌مه‌د، سه‌رنووسه‌ری‌ رۆژنامه‌ی‌ كوردستانی‌ نوێ‌ پێویسته‌ پێناسه‌یه‌كی‌ تێر‌وته‌سه‌لی‌ ئه‌و دوو زاراوه‌یه‌ بكرێت، كه‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تای‌ گه‌لاَڵه‌كردنی‌ پرۆژه‌یاسای‌ كاری‌ رۆژنامه‌گه‌رییه‌وه‌ رۆژنامه‌نووسان ره‌خنه‌یان لێی‌ هه‌بوو.

رۆژنامه‌نووسان ته‌ئكید له‌سه‌ر ئه‌وه‌ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ رۆژنامه‌نووس دژی‌ پاراستنی‌ ئادابی‌ گشتیی‌‌و دابونه‌ریت نییه‌، به‌ڵام مه‌ترسییان له‌وه‌هه‌بوو كه‌ ئه‌و زاراوانه‌ له‌ دژیان به‌كاربهێنرێت، ئاسۆس هه‌ردی‌، به‌رێوه‌به‌ری‌ گشتیی‌ كۆمپانیای‌ ئاوێنه‌ (كه‌ رۆژنامه‌ی‌ ئاوێنه‌ ده‌رده‌كات) وتی‌: "مانه‌وه‌ی‌ ئه‌و زاراوه‌ پێناسه‌نه‌كراو و لاستیكییانه‌ مه‌ترسییان هه‌یه‌، چونكه‌ ده‌كرێت هه‌ر كه‌سولایه‌نه‌و به‌پێی‌ به‌رژه‌وه‌ندیی‌ خۆی‌ به‌كاریان بهێنێت‌و پێناسه‌یان بكات‌و رۆژنامه‌و رۆژنامه‌نووسانی‌ پێ‌ ده‌مكوت بكات.

له‌به‌رامبه‌ردا، د. نوری‌ تاڵه‌بانی‌ ئه‌ندامی‌ لیژنه‌ی‌ یاسایی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان هه‌رچه‌نده‌ گه‌شبین نه‌بوو به‌رامبه‌ر به‌ چاكسازی‌ كردن له‌ پرۆژه‌یاساكه‌دا، به‌ڵام پێیوابوو كه‌ مانه‌وه‌ی‌ زاراوه‌ی‌ ئادابی‌ گشتیی‌‌و ئاسایشی‌ گشتیی‌ له‌ پرۆژه‌یاساكه‌دا‌و به‌پێی‌ یاسا پێویسته‌، چونكه‌ به‌ وته‌ی‌ ئه‌و پسپۆڕه‌ یاساییه‌ تا ئێستا له‌ عێراق‌و كوردستانیش كار به‌ یاسای‌ سزادانی‌ عێراقی‌ سه‌رده‌می‌ سه‌دام ده‌كرێت، كه‌ زۆر توندوتیژه‌و ئه‌گه‌ر ئه‌و یاسایه‌ له‌ دادگاكان ده‌ستكاری‌ نه‌كرێت، ئه‌وا باشتروایه‌ ئه‌و زاراوانه‌ له‌ پرۆژه‌یاساكه‌دا بمێننه‌وه‌و به‌مه‌رجێك زاراوه‌كه‌ پێناسه‌ بكرێت.

له‌گه‌ڵ‌ هه‌موو ئه‌و كه‌موكوإییانه‌ی‌ په‌رله‌مانتاران‌و رۆژنامه‌نووسان ئاماژه‌یان پێكرد له‌ پرۆژه‌یاساكه‌دا، به‌ڵام نه‌ژاد عه‌زیز سورمێ‌، سه‌رنووسه‌ری‌ رۆژنامه‌ی‌ خه‌بات به‌ ئه‌ركێكی‌ قورسی‌ زانی‌ بتوانرێت له‌ ئێستادا پرۆژه‌یاسایه‌كی‌ تێروته‌سه‌ل بۆ بواری‌ رۆژنامه‌گه‌ری‌ له‌م "فه‌وزای‌ رۆژنامه‌گه‌رییه‌دا" دابنرێت، چونكه‌ به‌ وته‌ی‌ سه‌رنووسه‌ری‌ رۆژنامه‌ی‌ خه‌بات هه‌موو به‌یانییه‌ك رۆژنامه‌یه‌ك ده‌رده‌چێت، كه‌ ده‌كرێت به‌ر له‌ دانانی‌ یاسایه‌ك بۆیان ئه‌و پرسیاره‌ بكرێت، كه‌ ئێمه‌ هێنده‌ رۆژنامه‌نووسمان هه‌یه‌ ئه‌ی‌ ئایا جوگرافیای‌ بڵاوكردنه‌وه‌مان هێنده‌ فراوانه‌، بتوانین ئه‌م هه‌موو رۆژنامه‌یه‌ ده‌ربكه‌ین؟.

پرۆژه‌یاسای‌ كاری‌ رۆژنامه‌گه‌ری‌ 9 مانگه‌ له‌ په‌رله‌مانه‌و بڕیاروابوو كه‌ پرۆژه‌كه‌ بگۆڕدرێت به‌ پرۆژه‌یاسایه‌كی‌ گشتگیر بۆ گشت بواره‌كانی‌ راگه‌یاندن، به‌ڵام پرۆژه‌كه‌ وه‌ك خۆی‌ ماوه‌ته‌وه‌و بڕیاروایه‌ له‌م هه‌فته‌یه‌دا ده‌نگی‌ له‌سه‌ر بدرێت‌و ئه‌م هه‌نگاوه‌ی‌ په‌رله‌مانیش له‌لایه‌ن رۆژنامه‌نووسانه‌وه‌ به‌وه‌ لێكده‌درێته‌وه‌، كه‌ به‌ ده‌ستێوه‌ردانی‌ سیاسیی‌ په‌له‌ له‌ ده‌رچوونی‌ یاساكه‌دا كراوه‌، خاوه‌ن ئیمتیازی‌ هه‌فته‌نامه‌ی‌ هاوڵاتی‌ پێیوابوو كه‌ پرۆژه‌یاساكه‌و ئه‌و گۆڕانكارییه‌ سه‌ره‌تاییانه‌شی‌ تێیدا كراوه‌ په‌له‌كردنی‌ پێوه‌ دیاره‌و وتی‌: "په‌رله‌مانتاران له‌سه‌ر داوای‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسیی‌ یه‌كێتیی‌‌و پارتی‌‌و له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ له‌م دواییه‌دا زمانی‌ رۆژنامه‌كان دژ به‌ ده‌سه‌ڵات‌و گه‌نده‌ڵییه‌كان توند بووه‌ ده‌یانه‌وێت یاسایه‌ك دیاری‌ بكرێت، كه‌ سنوورێك بۆ رۆژنامه‌و رۆژنامه‌نووسان دیاری‌ بكات".

هاوكات سه‌رنووسه‌ری‌ رۆژنامه‌ی‌ كوردستانی‌ نوێ‌ ره‌خنه‌ی‌ له‌ پرۆژه‌یاساكه‌ گرت كه‌ تێكه‌ڵییه‌كی‌ پێوه‌دیاره‌و له‌ هه‌ندێك شوێن هه‌ستده‌كرێت پرۆژه‌یاسای‌ رۆژنامه‌گه‌رییه‌و له‌ هه‌ندێك شوێنی‌ دیكه‌ گشتگیری‌ پێوه‌دیاره‌، كه‌ریم به‌حری‌، ئه‌ندامی‌ لیژنه‌ی‌ یاسایی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان هۆكاری‌ ئه‌و تێكه‌ڵییه‌ی‌ گه‌ڕانده‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی‌ كه‌ پرۆژه‌یاساكه‌ بۆ بواری‌ رۆژنامه‌و بڵاوكراوه‌ی‌ نووسراوه‌، به‌ڵام گشت رۆژنامه‌نووسان له‌ هه‌ر بوارێكی‌ میدیادا كاربكه‌ن یاساكه‌ ده‌یانگرێته‌وه‌.

سبه‌ینێ‌ دانیشتنی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستانه‌ بۆ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر پرۆژه‌یاسای‌ كاری‌ رۆژنامه‌گه‌ری‌‌و زۆرێك له‌ رۆژنامه‌نووسان گه‌شبین نین به‌رامبه‌ر ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی‌ له‌ پرۆژه‌كه‌دا كراوه‌و مه‌ترسییان هه‌یه‌، كه‌ وه‌ك خۆی‌ به‌ پێچه‌وانه‌ی‌ خواستی‌ رۆژنامه‌نووسانه‌وه‌ ده‌نگ بۆ یاساكه‌ بدرێت، ئاسۆس هه‌ردی‌ له‌ لێدوانه‌كه‌یدا پێیوابوو كه‌ به‌شێك له‌ په‌رله‌مانتاران له‌وبڕوایه‌دان هێشتا زه‌مانی‌ به‌عسه‌و ده‌بێت به‌ زمانی‌ حكومه‌ت قسه‌بكرێت‌و هێنده‌ موحافیزكارن تێناگه‌ن له‌وه‌ی‌ مانه‌وه‌ی‌ زاراوه‌ی‌ ئادابی‌ گشتیی‌‌و ئاسایشی‌ گشتیی‌، دابونه‌ریت ناپارێزێت.

سه‌ندیكای‌ رۆژنامه‌نووسانی كوردستان هیچ ئاگاداری‌ ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ نییه‌، كه‌ له‌ پرۆژه‌یاسای‌ كاری‌ رۆژنامه‌گه‌ری‌ كراوه‌ له‌م دواییه‌دا، فه‌رهاد عه‌ونی‌، نه‌قیبی‌ سه‌ندیكاكه‌ ته‌ئكیدی‌ كرده‌وه‌ كه‌ له‌دوای‌ ره‌تكردنه‌وه‌ی‌ پرۆژه‌یاساكه‌ له‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێمه‌وه‌و گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ بۆ په‌رله‌مان ئه‌ندامانی‌ سه‌ندیكا یان ئه‌نجومه‌نی‌ سه‌ندیكا ئاماده‌ی‌ هیچ كۆبوونه‌وه‌و دانیشتێكی‌ لیژنه‌كانی‌ په‌رله‌مان نه‌بوون ده‌رباره‌ی‌ پرۆژه‌یاساكه‌.

دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌ كۆتایی‌ 2007دا، ژماره‌یه‌ك له‌ رۆژنامه‌نووسان ره‌خنه‌یان له‌ یاساكه‌ی‌ گرت‌و نامه‌یه‌كیان ئاراسته‌ی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم كردو تێیدا ئه‌و خاڵانه‌یان روونكرده‌وه‌، كه‌ له‌ پرۆژه‌كه‌دا دژی‌ ئازادی‌ رۆژنامه‌گه‌رین‌و چه‌ند گروپێكی‌ فشاریش پێكهێنران، ئه‌مانه‌ بوونه‌ هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌ 13/1/2008 پرۆژه‌یاساكه‌ له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم ره‌تبكرێته‌وه‌، له‌ ئێستاشدا رۆژنامه‌نووسان دژی‌ پرۆژه‌یاساكه‌و ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی‌ تێیداكراوه‌ به‌ جه‌وهه‌ری‌ نازانن، كه‌مال ره‌ئوف، به‌ڕێوه‌به‌ری‌ به‌رپرسی‌ هاوڵاتی‌ یاساكه‌ به‌ گۆڕانكارییه‌كانیشیه‌وه‌ كه‌ تێیدا كراوه‌ به‌ داهێنانێكی‌ نوێی‌ وه‌سفكرد بۆ ده‌مكوتكردنی‌ رۆژنامه‌نووسان‌و ئازادی‌ راده‌بڕین له‌ كوردستانداو كه‌مال ره‌ئوف ته‌ئكیدیشی‌ كرده‌وه‌ كه‌ رۆژنامه‌نووسان بێده‌نگ نابن له‌ ده‌رچوونی‌ یاسایه‌كی‌ له‌وجۆره‌ بۆ رۆژنامه‌گه‌ری‌ له‌ كوردستان‌و له‌ ئێستادا سه‌رقاڵی‌ پێكهێنانی‌ گروپێكی‌ فشارن، كه‌ ئه‌گه‌ر یاساكه‌ش ده‌ربچێت كار بۆ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی‌ بكه‌ن له‌ داهاتوودا، پێده‌چێت داوای‌ دواخستنی‌ پرۆژه‌یاساكه‌ش بكرێت، تا ئه‌و كاته‌ی‌ به‌ تێروته‌سه‌لی‌ پرۆژه‌یه‌ك گه‌ڵاڵه‌ ده‌كرێت.

بۆ زانیاری‌، پرۆژه‌یاسای‌ كاری‌ رۆژنامه‌گه‌ری‌ له‌ كوردستان له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه‌ به‌ زۆرینه‌ی‌ ده‌نگی‌ په‌رله‌مانتاران په‌سه‌ندكراو دواتر ره‌وانه‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم كراو پاش ره‌تكردنه‌وه‌ی‌ گشت پرۆژه‌كه‌ له‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێمه‌وه‌، پرۆژه‌كه‌ ره‌وانه‌ی‌ په‌رله‌مان كرایه‌وه‌و ئه‌م جاره‌ كه‌ پرۆژه‌ یاساكه‌ له‌ په‌رله‌مان ده‌نگی‌ له‌سه‌ربدرێت ده‌بێته‌ یاساو ره‌وانه‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ په‌رله‌مان ناكرێت‌و ئه‌گه‌ر رۆژنامه‌نووسان بیانه‌وێت گۆڕانكاری‌ له‌ پرۆژه‌كه‌دا بكرێت پێویسته‌ له‌سه‌ر داوای‌ 10 په‌رله‌مانتار، یان له‌ رێگه‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ رۆشنبیرییه‌وه‌ داوایه‌ك پێشكه‌ش به‌ په‌رله‌مان بكرێت بۆ هه‌مواركردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و بڕگانه‌ی‌ رۆژنامه‌نووسان ره‌خنه‌یان لێی‌ هه‌یه‌.

 

 

Sbeiy.com © 2007