Print
 مالیكی‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان كه‌مده‌كاته‌وه‌
Tuesday, September 23, 2008

راپۆرت: ئه‌له‌ند مه‌حوی‌
سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عێراق هه‌وڵی‌ به‌هێزكردنی‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانی‌ حكومه‌تی‌ به‌غدا‌و لاوازكردنی‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانی‌ هه‌رێم‌و پارێزگاكانی‌ عێراق ده‌دات، به‌تایبه‌تی‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش له‌ هه‌وڵی‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ پێشمه‌رگه‌دایه‌ له‌ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان.

نوری‌ مالیكی‌، سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عێراق، له‌میانی‌ قسه‌كردنی‌ بۆ كۆمه‌ڵێك له‌ رۆژنامه‌نووسان، هه‌فته‌ی‌ رابردوو باسی‌ له‌وه‌كردووه‌ كه‌ ده‌‌وڵه‌‌ت به‌‌بێ‌‌ ده‌‌سه‌ڵاتێكی‌ ناوه‌‌ندی‌ پێك ناهێنرێت‌و شه‌‌راكه‌‌تی‌ سیاسیش مانای‌ وانییه‌‌ لایه‌‌نێك لایه‌‌نه‌‌كه‌‌ی‌ تر ڤیتۆ بكات، ئه‌‌مه‌‌ش ره‌‌تكردنه‌‌وه‌‌ی‌ پێكهێنانی‌ هه‌‌رێمه‌‌كان نییه‌،‌ به‌ڵام ده‌‌مانه‌‌وێت حكومه‌‌تی‌ ناوه‌‌ند به‌هێزتربێت له‌ هه‌موو هه‌‌رێمه‌‌كان.

هه‌ندێك لایه‌نی‌ عێراقی‌ پێیانوایه‌‌ ده‌‌بێت حكومه‌‌تی‌ ناوه‌‌ندی‌ به‌‌و ئاسته‌‌ لاوازبێت، به‌ڵام سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عێراق ئه‌مه‌ به‌پێچه‌‌وانه‌‌ی‌ ئامانجه‌‌ سه‌‌ره‌‌كییه‌كه‌ ده‌زانێت كه‌‌ دروستكردنی‌ ده‌‌وڵه‌‌تێكی‌ به‌‌هێزه‌،‌ كه‌‌ بتوانێت به‌‌رگریی‌ له‌‌ خۆی‌ بكات‌و پێیوایه‌ نابێت هه‌‌رێمه‌‌كان ئه‌‌لته‌‌رناتیڤی‌ ده‌‌وڵه‌‌ت بن.

په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ نێوان هه‌رێمی‌ كوردستان‌و حكومه‌تی‌ به‌غدا تا دێت ئاڵۆزتر ده‌بێت، دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌ 22ی‌ ته‌مموزی‌ ئه‌مساڵدا په‌رله‌مانی‌ عێراق ماده‌ی‌ 24ی‌ یاسای‌ هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكانی‌ په‌سه‌ندكرد. 

په‌سه‌ندكردنی‌ ماده‌ی‌ 24ی‌ یاسای‌ هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكان، به‌شێوه‌یه‌ك نێوانی‌ هه‌ولێر‌و به‌غدای‌ شێواند، كه‌ هێزه‌كانیان له‌ ئاماده‌باشیدان بۆ پێكدادان له‌ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان، سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عێراقیش ده‌ستیكردووه‌ به‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانی‌ به‌رپرسه‌ كورده‌كانی‌ حكومه‌تی‌ عێراق‌و پاشانیش كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ عێراقی‌ فیدراڵیدا.

مه‌سعود بارزانی‌، سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، له‌ كۆتایی‌ مانگی‌ ئابی‌ ئه‌مساڵدا له‌ چاوپێكه‌وتنێكیدا له‌ رۆژنامه‌ی‌ شه‌رقولئه‌وسه‌تدا، باسی‌ له‌وه‌كردبوو كه‌ كورد له‌ بواری‌ ئه‌منی‌‌و ئابووری‌‌و سه‌ربازیدا شه‌ریك نییه‌ له‌گه‌ڵ‌ به‌غدا‌و هیچ شتێك ده‌رباره‌ی‌ ئه‌و دامه‌زراوانه‌ نازانن.

ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ی‌ كه‌ ئێستا هه‌رێمی‌ كوردستان هه‌یه‌تی‌، سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عێراق ده‌یه‌وێت كه‌می‌ بكاته‌وه‌‌و نایه‌وێت هه‌رێم "ڤیزای‌ هاتنه‌ناوه‌‌وه‌‌‌و چوونه‌‌ده‌‌ره‌‌وه‌‌ ده‌ركات‌و فڕۆكه‌‌خانه‌‌كان له‌‌لایه‌‌ن ناوه‌‌نده‌‌وه‌‌ ئیداره‌‌ نه‌كرێت"، هه‌روه‌ها نیگه‌رانه‌ له‌وه‌ی‌ "سنوور به‌‌ده‌‌ستی‌ ده‌‌وڵه‌‌تی‌ ناوه‌‌نده‌‌وه‌‌ نییه‌‌‌و نازانێت ئه‌‌م پارێزگایه‌‌‌و ئه‌‌و پارێزگایه‌‌ له‌‌گه‌‌ڵ‌‌ كێدا مامه‌‌ڵه‌‌ ده‌‌كات".

له‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌ هومام حه‌‌مودی كه‌ په‌رله‌مانتارێكی‌ ‌لیستی‌ ئیئتیلافه‌، بڵاویكردووه‌‌ته‌‌وه‌‌ "مالیكی‌ به‌‌ سه‌‌ركردایه‌‌تیی‌ كوردی‌ وتووه‌‌ بوونی‌ پێشمه‌‌رگه‌‌ له‌‌ ده‌‌ره‌‌وه‌‌ی‌ هێڵی‌ شین رووبه‌ڕووی‌ لێپێچینه‌‌وه‌‌ی‌ یاسایی‌ ده‌‌كات‌و وه‌‌كو هێزی‌ له‌ ‌یاساده‌‌رچوو مامه‌‌ڵه‌‌ی‌ له‌‌گه‌‌ڵدا ده‌‌كرێت".

لیسته‌كانی‌ ناو ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق له‌ ئێستادا سه‌رقاڵی‌ گفتوگۆكردنن له‌سه‌ر یاسایه‌ك بۆ هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكان، كه‌ گه‌یشتنیان به‌ هه‌ر رێككه‌وتنێك، كه‌مێك ئاڵۆزییه‌كانی‌ نێوان به‌غدا‌و هه‌ولێر هێورده‌كاته‌وه‌.

له‌م رووه‌شه‌وه‌ لیستی‌ هاوپه‌یمانی‌ كوردستان له‌ گفتوگۆكانی‌ سه‌باره‌ت به‌ یاسای‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكان بۆ گه‌یشتن به‌ رێككه‌وتنێك، ته‌نازولی‌ كردووه‌ له‌ هه‌ندێك له‌و داواكاریانه‌ی‌ كه‌ هه‌یبووه‌‌و به‌‌ ناچاریش دوا پێشنیازی‌ نه‌‌ته‌‌وه‌‌یه‌‌كگرتووه‌‌كانی‌ قبوڵ‌ كردووه‌‌، ئه‌مه‌ش به‌پێی‌ وته‌ی‌ سیروان زه‌هاوی‌ كه‌ په‌رله‌مانتارێكی‌ كورده‌ له‌ لیستی‌ ناوبراودا.

هه‌ردوو لایه‌نی‌ شیعه‌‌و سوننه‌ له‌ عێراقدا له‌سه‌ر زۆربه‌ی‌ مه‌سه‌له‌كان ناكۆكن‌و دژایه‌تی‌ یه‌كتر ده‌كه‌ن، به‌ڵام به‌رپرسه‌ كورده‌كان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ شیعه‌‌و سوننه‌ له‌سه‌ر دژایه‌تیكردنی‌ كورد رێكه‌وتوون.

د. فوئاد حسێن، سه‌رۆكی‌ دیوانی‌ سه‌رۆكایه‌تیی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، هۆكاری‌ ئه‌م كێشانه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ ئێستا فیدراڵیه‌ت له‌ عێراقدا تازه‌ له‌ قۆناغی‌ له‌دایكبووندایه‌‌و به‌ دروستبوونی‌ هه‌رێمێكی‌ تری‌ فیدراڵی‌ له‌ عێراقدا، ئه‌م كێشانه‌ی‌ كه‌ به‌غدا له‌گه‌ڵ‌ هه‌رێمی‌ كوردستان هه‌یه‌تی‌، كۆتایی‌ پێدێت.

سه‌رۆكی‌ دیوانی‌ سه‌رۆكایه‌تیی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بۆ رۆژنامه‌ وتی‌: "ئه‌م كێشانه‌ ململانێیه‌كه‌ له‌نێوان فیكری‌ مه‌ركه‌زیه‌ت‌و فیكری‌ فیدراڵی‌، هه‌ر لایه‌كیشیان په‌نا ده‌به‌نه‌ به‌ر ده‌ستوور، كه‌ ده‌ستوورێكی‌ فیدراڵییه‌‌و هه‌ندێك ده‌سه‌ڵاتی‌ داوه‌ته‌ ناوه‌ند‌و هه‌ندێك ده‌سه‌ڵاتیشی‌ داوه‌ته‌ هه‌رێمه‌كان، به‌ڵام كێشه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ هه‌رلایه‌نه‌‌و له‌ عه‌قڵیه‌تی‌ خۆیه‌وه‌ سه‌یری‌ كێشه‌كان ده‌كات".

كێشه‌كانی‌ كورد له‌گه‌ڵ‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ ناوه‌ندی‌ عێراق له‌كاتێكدایه‌ كه‌ زیاتر له‌ مانگێكه‌ تاڵه‌بانی‌ له‌ عێراقدا نه‌ماوه‌‌و بۆ نه‌شته‌رگه‌ریی‌ دڵی‌ چووه‌ته‌ ئه‌مریكا، كه‌ به‌رپرسه‌ كورده‌كان پێیانوایه‌ به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌، كێشه‌كان چاره‌سه‌ر ده‌كرێت.

هه‌رچه‌نده‌ به‌پێی‌ رێككه‌وتنه‌ چوارقۆڵییه‌كه‌ی‌ (حیزبی‌ ده‌عوه‌، مه‌جلیسی‌ باڵای‌ ئیسلامی‌، یه‌كێتی‌، پارتی‌)، حكومه‌ته‌كه‌ی‌ مالیكی‌ هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌ ئه‌گه‌ر كورد لێی‌ بكشێته‌وه‌، به‌ڵام له‌ ئێستادا شه‌قامی‌ سیاسیی‌ عێراق بۆچوونی‌ وایه‌ كه‌ مالیكی‌ به‌هۆی‌ پشتیوانی‌ ئاشكرای‌ ئه‌مه‌ریكا‌و ژێربه‌ژێری‌ ئێران به‌هێز بووه‌‌و كورد ناتوانێت كارتی‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ حكومه‌ته‌كه‌ی‌ به‌كاربهێنێت.
Sbeiy.com © 2007