Print
 له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ داهاتوودا به‌یه‌ك لیست به‌شداری‌ ده‌كه‌ن

كۆمه‌ڵ ‌‌و یه‌كگرتوو به‌نهێنی‌ رێككه‌وتنێكی‌ ستراتیژیی‌ ئیمزاده‌كه‌ن
Monday, September 24, 2007

راپۆرت‌ و لێكدانه‌وه‌
سیروان ره‌شید

به‌شێوه‌یه‌كی‌ نهێنیی‌‌ و دوای‌ نزیكه‌ی‌ مانگێك به‌سه‌ر رێككه‌وتنه‌ ستراتیژییه‌كه‌ی‌ پارتی‌‌ و یه‌كێتییدا، هه‌ردوو حزبه‌ ئیسلامییه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ی‌ كوردستان رێككه‌وتنێكی‌ ستراتیژیی‌ له‌ شێوه‌ی‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ی‌ پارتی‌‌ و یه‌كێتیی‌ له‌نێوان خۆیاندا ئیمزاده‌كه‌ن.

سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ سیاسیی‌ ئاگادار ‌و باوه‌ڕپێكراو به‌ سایتی‌ سبه‌ی‌ راگه‌یاند: "له‌ سه‌ره‌تای‌ مانگی‌ ته‌مووزی‌ رابردوودا، هه‌ردوو سه‌ركردایه‌تیی‌ یه‌كگرتووی‌ ئیسلامیی‌ كوردستان ‌و كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامیی‌ كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ سه‌لاحه‌دین به‌هادین ‌و عه‌لی‌ باپیر رێككه‌وتنێكی‌ ستراتیژییان ئیمزاكرد، كه‌ چه‌ند لایه‌نێكی‌ گرنگ له‌خۆ ده‌گرێت، ئه‌وانیش له‌ باری‌ هه‌ڵوێست وه‌رگرتن له‌ روودا‌و و پێشهاته‌ سیاسییه‌كان ‌و هاوكاریی‌ مه‌كته‌ب ‌و مه‌ڵبه‌نده‌كانیان بۆ كاری‌ هاوبه‌ش ‌و هاوكاریی‌ له‌ بواری‌ راگه‌یاندن ‌و شۆڕبوونه‌وه‌ی‌ خاڵه‌كانی‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ بۆ سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی‌ هه‌ردوولا".
سه‌رچاوه‌كه‌ ئه‌وه‌شی‌ ئاشكراكرد: یه‌كگرتوو ‌و كۆمه‌ڵ‌ سه‌د له‌سه‌د بڕیاریانداوه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ داهاتوودا به‌ یه‌ك لیست به‌شداریی‌ بكه‌ن.

ئه‌و رێككه‌وتنه‌ نهێنیی ‌‌و ستراتیژییه‌ی‌ نێوان كۆمه‌ڵ ‌‌و یه‌كگرتوو، سێ‌ مانگ به‌ سه‌ریدا تێپه‌ڕیوه‌‌ و تائێستا جگه‌ له‌ سه‌ركردایه‌تیی‌ هه‌ردوو حزبی‌ ناوبراو، راگه‌یاندن ‌و جه‌ماوه‌ریش دركیان پێنه‌كردووه‌، رۆژی‌ 7ی‌ مانگی‌ ته‌مووزی‌ رابردوو له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی‌ چوار كاتژمێریی‌ نێوان كۆمه‌ڵ‌‌ و یه‌كگرتوو له‌ باره‌گای‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسیی‌ یه‌كگرتووی‌ ئیسلامیی‌ كوردستان له‌ هه‌ولێر، ئه‌و رێككه‌وتنه‌ ئیمزاكرا و هه‌ر ئه‌و رۆژه‌ش بێ‌ ئاماژه‌دان به‌ ئیمزاكردنی‌ رێككه‌وتنێكی‌ ستراتیژیی راگه‌یه‌نراوێكی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسیی‌ هه‌ردوو حزبیان بڵاوكرده‌وه‌.
له‌ ده‌قی‌ به‌یاننامه‌كه‌ی‌ رۆژی‌ 7ی ته‌مموزی 2007 دا هاتووه‌: په‌یوه‌ندییه‌ دوو قۆڵییه‌كانی‌ نێوان هه‌ردوولا تاوتوێكرا ‌و سه‌باره‌ت به‌ بارودۆخی‌ كوردستانیش هه‌ردوولا جه‌ختیانكرده‌وه‌ له‌سه‌ر پاراستنی‌ یه‌كده‌نگی ‌‌و هاو هه‌ڵوێستی‌ له‌گه‌ڵ‌ لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان له‌ مه‌سه‌له‌ نیشتمانیی ‌و نه‌ته‌وه‌ییه‌كاندا، به‌ جۆرێك له‌گه‌ڵ‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستاندا یه‌كبگرن. له‌ به‌شێكی‌ تری‌ به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه‌: "سه‌باره‌ت به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ یه‌كگرتوو ‌و كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامیی‌ بڕیاردرا درێژه‌ به‌ كۆبوونه‌وه‌ هاوبه‌شه‌كان بدرێت‌‌ و هه‌ماهه‌نگی‌ ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كان په‌ره‌ی‌ پێبدرێت ‌‌و بۆ مه‌سه‌له‌ گرنگ ‌و بایه‌خداره‌كانیش به‌رده‌وام ئاڵوگۆڕی‌ بیروڕا بكرێت".

فازڵ‌ حه‌یده‌ر ئه‌ندامی‌ سه‌ركردایه‌تیی‌ یه‌كگرتووی‌ ئیسلامیی‌ كوردستان دانی‌ به‌وه‌دانا: ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ی‌ نێوان حزبه‌كه‌ی ‌‌و كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامیی‌ بۆ مه‌به‌ستی‌ ئیمزاكردنی‌ رێككه‌وتنێكی‌ ستراتیژیی‌ بووه‌، له‌و باره‌یه‌وه‌ وتی‌: "روانگه‌ی‌ سیاسیی ‌‌و ئیمانیی نێوان هه‌ردوولامان ئه‌وه‌ی‌ خواست كه‌ ئه‌و رێككه‌وتنه‌ ستراتیژییه‌ی‌ لێبكه‌وێته‌وه ‌‌و رێككه‌وتنه‌كه‌ش ستراتیژه‌ نه‌ك تاكتیك.
ئه‌ندامه‌كه‌ی‌ سه‌ركردایه‌تیی‌ یه‌كگرتوو ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌كرد: رێككه‌وتنه‌ ستراتیژییه‌كه‌ له‌سه‌ر سێ‌ بنه‌مای‌ سه‌ره‌كیی‌ وه‌ستاوه‌، له‌وانه‌ "قووڵكردنه‌وه‌ی‌ برایه‌تیی‌ نێوان هه‌ردوولا بۆ نه‌هێشتنی‌ حه‌ساسییه‌ت له‌نێوان رێكخستنه‌كان ‌و قاعیده‌ی‌ هه‌ردوولا، كه‌ هه‌ندێكجار به‌هۆی‌ ململانێی‌ حزبییه‌وه‌ برایه‌تی‌ ئیسلامی‌ كاڵ‌ ده‌بێته‌وه‌، هه‌روه‌ها هاوكاریكردنی‌ مه‌ڵبه‌ند ‌و مه‌كته‌ب ‌و ده‌زگاكان له‌ خاڵه‌ هاوبه‌شه‌كاندا، به‌ تایبه‌ت له‌ مه‌سه‌له‌ی‌ نیشتمانیی ‌‌و پرۆژه‌ی‌ سیاسیی‌ ئیسلامیی‌ له‌ كوردستان، بنه‌مای‌ سێیه‌می‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ش هه‌ڵوێستی‌ هاوبه‌شه‌ له‌سه‌ر هه‌ر رووداو ‌و كێشه‌یه‌ك ئه‌گه‌ر رووبكاته‌ پرۆژه‌ی‌ سیاسی‌.

ئه‌م رێككه‌وتنه‌ ستراتیژییه‌ی‌ نێوان یه‌كگرتوو ‌و كۆمه‌ڵ‌، دوای‌ نزیكه‌ی‌ مانگێك تێپه‌ڕبوون به‌سه‌ر رێككه‌وتنه‌ ستراتیژییه‌كه‌ی‌ سه‌ره‌تای‌ مانگی‌ حوزه‌یرانی‌ رابردووی‌ نێوان پارتی ‌‌و یه‌كێتی‌ دێت، كه‌ بووه‌هۆی‌ ناڕه‌زایی‌ زۆرێك له‌ پارت ‌و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی‌ كوردستان ‌و رێككه‌وتنه‌كه‌ی‌ پارتی ‌‌و یه‌كێتییان به‌ هۆكاری‌ به‌رته‌سككردنه‌وه‌ی‌ بازنه‌ی‌ دیموكراسیی ‌‌و ئازادی‌‌ و قۆرخكردنی‌ ژیانیی‌ ئیداریی ‌‌و سیاسیی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان زانی‌.
فازڵ‌ حه‌یده‌ر ئه‌وه‌ی‌ ره‌تكرده‌وه‌ كه‌ رێككه‌وتنه‌ ستراتیژییه‌كه‌ی‌ نێوان حزبه‌كه‌ی ‌‌و كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامیی‌ ده‌ره‌نجامی‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ی‌ پارتی ‌‌و یه‌كێتیی‌ بووبێت‌، وتیشی‌: "به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك رێككه‌وتنی‌ ئێمه‌ و  كۆمه‌ڵ‌ كاردانه‌وه‌ نییه‌ بۆ رێككه‌وتنه‌ ستراتیژییه‌كه‌ی‌ پارتی ‌‌و یه‌كێتیی ‌‌و په‌یوه‌ندیی‌ به‌وانه‌وه‌ نییه ‌‌و رێككه‌وتنه‌كه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ساڵێك به‌ر له‌ ئێستا، به‌ڵام دانیشتنی‌ جددیی‌ بۆ ئیمزاكردنی‌ رێككه‌وتننامه‌كه‌ كه‌وته‌ سه‌ره‌تای‌ مانگی‌ ته‌مموزه‌وه‌".

"سه‌رنه‌كه‌وتنی‌" پارتی‌‌ و یه‌كێتیی‌ له‌ به‌ڕێوه‌بردنی‌ كاروباری‌ ئیداریی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ چه‌ند ساڵی‌ رابردوودا و ره‌خنه‌ و ناڕه‌زایی زۆری‌ جه‌ماوه‌ری‌ لێكه‌وته‌وه‌، ئه‌ویش به‌هۆی‌ بوونی‌ گه‌نده‌ڵیی ‌‌و كه‌مته‌رخه‌میی‌ له‌ دابینكردنی‌ پێداویستییه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی‌ كاره‌با و سووته‌مه‌نی ‌‌و گرانیی‌ بازاڕ، له‌گه‌ڵ‌ چه‌ند هۆكارێكی‌ دیكه‌ كه‌ حزبه‌ ئیسلامییه‌كان وه‌ك كارتی‌ هه‌ڵبژرادن به‌كاریانهێنا، كه‌ به‌پێی‌ بیروڕای‌ شاره‌زایان پێده‌چێت هه‌ر ئه‌وه‌ وای‌ له‌ یه‌كگرتووی‌ ئیسلامیی‌ كوردستان ‌و كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامیی‌ كردبێت كه‌ بیر له‌ دروستكردنی‌ به‌ره‌یه‌ك یاخود نزیكبوونه‌وه‌ی‌ زیاتر له‌ یه‌كتر بكه‌نه‌وه‌.

یه‌كگرتووی‌ ئیسلامیی‌ كوردستان كه‌ له‌ ساڵی‌ 1994وه‌ وه‌ك حزب خۆی‌ راگه‌یاندووه‌، له‌ ساڵانی‌ نه‌وه‌ده‌كانی‌ رابردووش له‌ڕووی‌ پێگه‌ی‌ جه‌ماوه‌رییه‌وه‌ به‌ سێیه‌م حزب دوای‌ یه‌كێتیی‌‌ و پارتی‌ ئه‌ژمارده‌كرا، به‌ڵام له‌م ساڵانه‌ی‌ دواییدا ئه‌و "رێكخراوه‌ ئیسلامییه‌ پێگه‌ی‌ جه‌ماوه‌ریی‌ زۆر له‌كورتیداوه‌".
كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامیی كوردستانیش كه‌ له‌ ساڵی‌ 2001وه‌ دوای‌ ئینشیقاقی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ یه‌كبوونی‌ ئیسلامیی‌ كوردستان دروستبووه‌، له‌ سه‌ره‌تای‌ كاركردنییانه‌وه‌ به‌ هه‌مان شێوه‌ی‌ ره‌وتی‌ ئیسلامیی‌ چه‌كداریی‌ سه‌ره‌تای‌ نه‌وه‌ده‌كان كاریان ده‌كرد، به‌ڵام له‌دوای‌ ده‌ستگیركردنی‌ عه‌لی‌ باپیری‌ ئه‌میری‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامیی‌ له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌ گۆڕانێكی‌ نه‌وعی‌ له‌ شێوازی‌ كاركردنی‌ سیاسییان دروستبووه‌ و " به‌شێوه‌یه‌كی‌ زۆر سه‌یر" به‌كرده‌وه‌ وازیان له‌ هه‌ندێ‌ بۆچوونی‌ پێشوویان هێنا، بۆیه‌ ئێستا ئیسلامییه‌كانیش وه‌ك حزبه‌ عه‌لمانییه‌كان میعیاری‌ سیاسیی‌ ده‌خوێننه‌وه ‌‌و چییان له‌ به‌رژه‌وه‌ندیدا بێت ده‌یكه‌ن، هه‌ندێك هه‌ڵوێست‌ و هه‌نگاوی‌ چاوه‌ڕوان نه‌كراویش مه‌حاڵ‌ نییه‌ به‌ تایبه‌تی‌ له‌نێوان دوولایه‌نی‌ ئیسلامیدا.

هه‌رچه‌نده‌ یه‌كگرتووی‌ ئیسلامیی‌ ئێستا له‌ پارله‌مانی‌ كوردستاندا 9 كورسی هه‌یه ‌و كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامیش خاوه‌نی‌ 6 كورسین، كه‌ ده‌كاته‌ 15 كورسی‌ له‌ كۆی‌ 111 كورسی‌ پا‌رله‌مانی‌ كوردستان‌ و رێژه‌ی‌ 14%ی‌ ده‌نگی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستانیان له‌دوا هه‌ڵبژاردنی‌ 2005ی‌ پارله‌مانی‌ كوردستان مسۆگه‌ر كردووه‌.
پێده‌چێت دابه‌زینیان به‌ یه‌ك لیست له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ داهاتووی‌ كوردستاندا ئه‌و رێژه‌یه‌ بۆ سه‌رووی‌ 20%ی‌ ده‌نگی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان به‌رزبكاته‌وه‌ به‌هۆی‌ خراپیی‌ ئه‌دائی‌ یه‌كێتی‌‌ و پارتی‌ له‌ به‌ڕێوه‌بردنی‌ حكومه‌تدا.

محه‌مه‌د حه‌كیم كارگێری‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسیی‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامیی‌ كوردستان وتی‌: "كۆمه‌ڵ ‌و یه‌كگرتوو بازنه‌ی‌ ئیشكردنیان له‌ ساڵانی‌ رابردوو و دید‌و تێگه‌یشتنیان بۆ كێشه‌ی‌ عیراق‌ و كوردستان ‌و وڵاتانی‌ دراوسێ ‌و كێشه‌كانی‌ جیهان زۆر له‌ یه‌كه‌وه‌ نزیكه‌". حه‌كیم وتیشی‌: بواری‌ كاركردنی‌ یه‌كگرتوو و كۆمه‌ڵ‌ له‌كوردستاندا كه‌ هه‌ردوولا له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكان ‌و حكومه‌ت ‌و پارله‌مانی‌ به‌غدا و كوردستان نوێنه‌رمان هه‌یه‌ وایكرد كه‌ وه‌كو پێویستییه‌كی‌ حه‌تمیی‌ گفتوگۆ له‌نێوانماندا هه‌بێت، له‌به‌رامبه‌ردا كێشه‌ هه‌نووكه‌ییه‌كان یه‌ك هه‌ڵوێستمان هه‌بێت‌ و به‌ یه‌ك به‌رنامه‌ به‌شداربین.
حه‌كیم به‌ پێچه‌وانه‌ی‌ ئه‌ندامه‌كه‌ی‌ سه‌ركردایه‌تیی‌ یه‌كگرتووی‌ ئیسلامییه‌وه‌ نكۆڵی‌ له‌وه‌ كرد كه‌ ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی‌ نێوان حزبه‌كه‌ی‌‌ و یه‌كگرتوو ناوی‌ رێككه‌وتنی‌ ستراتیژیی‌ لێبنرێت ‌و وتی‌: "له‌ 7ی‌ ته‌مموزی‌ رابردووه‌وه‌ سێ‌ كۆبوونه‌وه‌ی‌ جددیی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسیمان له‌گه‌ڵ‌ یه‌كگرتوو كردووه‌ كه‌ جیاوازبوون له‌ كۆبوونه‌وه ‌‌و گفتوگۆكانی‌ رابردوو و كه‌ تێیدا كۆمه‌ڵه‌ بڕیارێكمان داوه ‌‌و كۆمه‌ڵه‌ راسپارده‌یه‌كیشمان بۆ ئۆرگانه‌كانی‌ خۆمان ده‌ستنیشانكردووه‌.
سه‌باره‌ت به‌ به‌شداربوونیان به‌ یه‌ك لیست له‌گه‌ڵ‌ یه‌كگرتووی‌ ئیسلامی‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ داهاتوودا ئه‌ندامه‌كه‌ی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسیی‌ وتی‌: ئه‌و كۆبوونه‌وانه‌ی‌ كه‌ له‌گه‌ڵ‌ یه‌كگرتوو ئه‌نجاممانداوه‌ "كۆبوونه‌وه‌ی‌ عاتفی‌ نین ‌و ئیش بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ین كه‌ قاعیده‌ی‌ هه‌ردوولا ئاماده‌ساز بێت كه‌ هه‌ر كاتێك پێویستیكرد به‌ یه‌ك لیست به‌شداریی‌ هه‌ڵبژاردن بكه‌ین‌ و به‌ دووریشی‌ نازانین كه‌ به‌ یه‌كه‌وه‌ به‌شداریی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان بكه‌ین، به‌ڵام ئێستا بڕیاری‌ موسبه‌قمان له‌و باره‌یه‌وه‌ نییه‌".

له‌ كاتی‌ ئه‌نجامدانی‌ رێككه‌وتنه‌ ستراتیژییه‌كه‌ی‌ نێوان كۆمه‌ڵ ‌‌و یه‌كگرتوودا خه‌تێكی‌ سه‌ره‌كیی‌ ناو كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامیی‌ كه‌ به‌ خه‌تی‌ كۆنه‌ نه‌هزه‌كان ناو ده‌برێت ‌و ئێستا هه‌یمه‌نه‌یان كردووه‌ به‌سه‌ر رێكخستن‌ و راگه‌یاندنی‌ كۆمه‌ڵدا خۆ پارێزییان له‌نزیكبوونه‌وه‌ له‌ یه‌كگرتوو كردووه ‌و ناڕازیبوون به‌و رێككه‌وتنه‌ ستراتیژییه‌ی‌ نێوان كۆمه‌ڵ ‌و یه‌كگرتوو، موحه‌مه‌د حه‌كیم له‌و باره‌یه‌وه‌ وتی‌: "ره‌نگه‌ ئه‌ندامێك یاخود كادرێكی‌ خواره‌وه‌  به‌پێی‌ خه‌لفیاتی‌ خۆی‌ هه‌ڵوێست له‌م نزیكبوونه‌وه‌یه‌ی‌ نێوان ئێمه‌‌ و یه‌كگرتوو بنوێنێت"‌و دوا كۆبوونه‌وه‌ش له‌ ته‌ره‌فی‌ ئێمه‌ برایه‌كی‌ مه‌كته‌ب سیاسی‌‌ سه‌رپه‌رشتی‌ وه‌فده‌كه‌ی‌ ئێمه‌ی‌ كردووه‌‌ و ئێستاش به‌ گشتیی‌ هه‌موومان كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامین‌ و ئه‌و شتانه‌ كه‌ پێشتر به‌ ناوی‌ خه‌تی‌ یه‌ك ‌و خه‌تی‌ دوو هه‌بوو ئێستا له‌ناو كۆمه‌ڵدا هیچ ره‌نگدانه‌وه‌یه‌كی‌ نه‌ماوه‌.


 

Sbeiy.com © 2007