|
له ئهدمۆنزهوه بۆ دیمستۆرا ده‌رباره‌ی كێشه‌ی سنووری هه‌رێمی كوردستان |
Saturday, September 27, 2008 |
راپۆرتی: فرمان عه‌بدولڕه‌حمان
رۆژی 30ی ئه‌م مانگه 84 ساڵ تێپه‌ڕده‌بێت به‌سه‌ر پێكهێنانی ئه‌و كۆمسیۆنی لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ی كه به بڕیارێكی كۆمه‌ڵه‌ی گه‌لان (عصبه الامم) دروستكرا بۆ لێكۆڵینه‌وه‌و به‌دواداچوونی كێشه‌ی خاوه‌ندارێتیی ویلایه‌تی موسڵ، كه له‌نێوان توركیای پاشماوه‌ی عوسمانی‌و به‌ریتانیای داگیركه‌ری ئه‌وكاتی عێراق دروست ببوو، دواتر پێشكه‌شكردنی پێشنیازێك بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی كێشه‌كه.
له‌دوای جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌مه‌وه نه‌خشه‌ی سیاسیی هه‌رێمی كوردستان راسته‌وخۆ ئاوێته‌ی ئه‌و مهعمهعهیه بوو كه به كێشه‌ی ویلایه‌تی موسڵ ناسرا له مێژوودا، كه توركیای پاشماوه‌ی ده‌وڵه‌تی عوسمانی خۆی به خاوه‌نی شه‌رعیی ئه‌و جوگرافیایه دهزانیو به‌ریتانیاش كه تازه میرنشینی عێراقی له‌ژێر چاودێری خۆیدا دروستكردبوو، به به‌شێك له خاكه ئینتیدابكراوهكهی خۆی ده‌زانی.
له 30ی ئه‌یلولی 1924دا كۆمه‌ڵه‌ی گه‌لان بإیاری پێكهێنانی كۆمسیۆنێكی لێكۆڵینه‌وه‌ی دا بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی كێشه‌كه له‌نێوان توركیا‌و به‌ریتانیا.
د. فازڵ حسێن كه توێژه‌رێكی عێراقییه، له كتێبی (مشكلة موصل، دراسة فى الدبلوماسية العراقية والانجليزية والتركية وفى رأى العام)، ئاماژه به‌وه‌ده‌كات كه كۆمسیۆنی لێكۆڵینه‌وه‌كه پاش پشكنین‌و شیكردنه‌وه‌ی ته‌واوی به‌ڵگه‌كانی هه‌ردوو لایه‌ن، گه‌یشته ئه‌و بڕوایه‌ی كه ئه‌گه‌ر ره‌هه‌ندی ئیتنۆگرافی به‌هه‌ند بگیرێت، ئه‌وا پێویسته ویلایه‌تی موسڵ بكرێته ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ بۆ كورده‌كان، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ره‌هه‌ندی ئابووری به‌هه‌ند بگیرێت، ئه‌وا پێویسته بلكێنرێت به عێراقه‌وه.
هه‌روه‌ها له یه‌كێك له ئه‌نجامگیرییه‌كانی كۆمسیۆنه‌كه‌دا هاتووه "سێ ناوچه‌ی جیاواز‌و ئاشكرا له ناوچه‌كه‌دا بوونیان هه‌یه، عێراقی عه‌ره‌بی، جه‌زیره، كوردستان، كه سنوری عێراقی عه‌ره‌بی له باكووره‌وه له هیتو تكریت یاخود زنجیره چیاكانی حه‌مرین تێپه‌ڕناكات"، به‌ڵام به‌ده‌ر له ئه‌نجامگیرییه‌كانی كۆمسیۆنه‌كه‌و به له‌به‌رچاوگرتنی به‌رژه‌وه‌ندیی به‌ریتانیا، به بڕیارێك له 16ی كانونی دووه‌می 1925، كۆمه‌ڵه‌ی گه‌لان به ره‌سمیی ویلایه‌تی موسڵی لكاند به عێراقه‌وه.
ئه‌دمۆنز كه ئه‌فسه‌ری په‌یوه‌ندی بوو له كۆمسیۆنه‌كه‌دا، وتی: "هیچ كاتێك گومان داینهگرتین كه ئێمه له شه‌ڕی مان‌و نه‌مانداین به‌نیسبه‌ت عێراقه‌وه، چونكه به‌دڵنیاییه‌وه له‌به‌ر هه‌ندێك هۆی ئابووری‌و ستراتیژی، ویلایه‌تی به‌سره‌و به‌غدا ناتوانن به‌بێ موسڵ ده‌وڵه‌تێكی مه‌عقول پێك بهێنن".
لێره‌وه دیاریكردنی سنووری باكوور‌و باكووری خۆرئاوا‌و خۆرهه‌ڵاتی هه‌رێم كارێكی ئاسانه، چونكه له‌گه‌ڵ سنووری نێوده‌وڵه‌تیی عێراق له‌گه‌ڵ ئێران‌و توركیا‌و سوریادا رێكده‌كه‌وێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی سهختو دژواره، سنووری باشوور‌و باشووری خۆرئاوایه، كه به‌رده‌وام جێی ناكۆكی‌و ململانێی كورد‌و حكومه‌ته جیاوازه‌كانی عێراق بووه‌و مه‌سه‌له‌ی دیاریكردنی ئه‌و سنووره‌ش به بڕوای زۆرێك له پسپۆڕانی سیاسی‌و مێژوویی، هۆكاری سه‌ره‌كیی شكست‌و سه‌رنه‌گرتنی رێككهوتننامهو دانووستانه‌كانی نێوان كورد‌و حكومه‌تی عێراقی بووه.
له‌دوای رووخانی رژێمی به‌عس، ماده‌ی 140 وه‌كو میكانیزمێكی ده‌ستووریی پشتی پێبه‌سترا بۆ دیاریكردنی سنووری ههرێمو یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی چاره‌نووسی ئه‌و ناوچانه‌ی ململانێ‌یان له‌سه‌ره، به‌ڵام دوای تێپه‌ڕینی نزیكه‌ی ساڵێك به‌سه‌ر تێپه‌ڕینی واده‌ی جێبه‌جێكردنی ئه‌و ماده‌یه‌دا، تا ئێستا ئاسۆكان نادیارن‌و په‌یوه‌ندییه‌كانی كورد‌و حكومه‌تی ناوه‌ندیش له ئاڵۆزترین ئاستیدایه له ماوه‌ی پێنج ساڵی رابردوودا.
مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، له دیمانه‌یه‌كی رادیۆی ده‌نگی ئه‌مریكادا رایگه‌یاند ئه‌و گرفتانه‌ی كه هه‌ن گرفتی مێژوویین، به‌ڵام ماده‌ی 140 كه ماده‌یه‌كی ده‌ستوورییه، نیشانیداوه كه چۆن چاره‌سه‌ری ئه‌م گرفته بكرێت، جێبه‌جێكردنی ماده‌ی 140 نه‌هێشتنی گرفتێكه نه‌ك دروستكردنی گرفت، ئه‌وانه‌ی داوا ده‌كه‌ن ماده‌ی 140 جێبه‌جێ نه‌كرێت، نایانه‌وێت ئه‌و گرفته مێژووییانه‌ی له عێراقدا هه‌بوون چاره‌سه‌ر بكرێن.
به بڕوای هه‌ندێك له چاودێرانی سیاسی، كێشه‌ی كورد له عێراقدا له كێشه‌ی مافه‌وه تێپه‌ڕیوه بۆ كێشه‌ی سنوور.
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد، سه‌رۆكی به‌ڕێوه‌به‌ری سه‌نته‌ری ستراتیژی كوردستان، له لێدوانێكدا بۆ رۆژنامه ئاماژه به‌وه ده‌كات كه جاران كورد كێشه‌ی دابینكردنی مافه سه‌ره‌تاییه‌كانی ژیانی هه‌بوو وه‌كو نه‌ته‌وه‌یه‌ك له چوارچێوه‌ی عێراقدا، به‌ڵام مه‌سه‌له‌كه ئێستا له‌وه تێپه‌ڕیوه‌و كورد له چوارچێوه‌ی عێراقدا كێشه‌ی دیاریكردنی سنووری فیدراڵییه‌كه‌ی هه‌یه.
به‌ڵام دیاریكردنی سنووری ههرێمو به ره‌سمی ناساندنی ئه‌و سنووره له‌لایه‌ن حكومه‌تی ناوه‌ندییه‌وه، كارێكی ئاسان نییه.
د. خه‌لیل ئیسماعیل، پسپۆڕی جوگرافیا له زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین، پێیوایه كێشه‌ی كورد له عێراقدا به‌نیسبه‌ت حكومه‌ته جیاوازه‌كانی عێراقه‌وه كێشه‌ی (وجود)ه نه‌ك (حدود)، روونیشیكرده‌وه كه ئه‌وان وه‌كو جوگرافیناسێك به پشت به‌ستن به به‌ڵگه جوگرافی‌و مێژووییه‌كان، ساڵی 2005 توانیویانه سنوورێك بۆ باشوور‌و باشووری خۆرئاوای هه‌رێم دابنێن، كه ئه‌ویش له (شاخه‌كانی سنجارو مه‌كحول ده‌ستپێده‌كات تا زنجیره شاخه‌كانی حه‌مرین به‌ره‌و خوارووی مه‌نده‌لی‌و به‌دره‌و جه‌سان).
د. خه‌لیل ئیسماعیل وتی: "ماده‌ی 140 بۆ جێگیركردنی سنووری هه‌رێمه، به‌ڵام حكومه‌ته‌كانی به‌غدا نه دوێنێ‌و نه ئه‌مڕۆو نه سبه‌ینێ رازی نابن به دیاریكردنی سنووری هه‌رێم".
رووبه‌ری گشتیی هه‌رێمی كوردستان زیاتر له 82 هه‌زارو 620 كیلۆمه‌تر دووجایه، به‌ڵام چاره‌نووسی زیاتر له 40 هه‌زارو 567 كیلۆمه‌تر دووجای ئه‌و رووبه‌ره له چوارچێوه‌ی ماده‌ی 140دا یه‌كلاده‌كرێته‌وه، كه ده‌كاته 48%ی رووبه‌ری گشتیی هه‌رێم، هه‌روه‌ك له خشته‌ی ژماره یهكو نه‌خشه‌ی ژماره یه‌كدا ئاماژه‌ی بۆ كراوه.
سه‌رۆكی هه‌رێم له‌و چاوپێكه‌وتنه‌ی ده‌نگی ئه‌مه‌ریكادا راشیگه‌یاند: ده‌مانه‌وێت به‌پێی مێژوو به‌پێی جوگرافیا‌و گه‌ڕانه‌وه بۆ بۆچوونی خه‌ڵكه‌كه گرفته‌كه چاره‌سه‌ر بكه‌ین. وتیشی: "سنووری هه‌رێمی كوردستان به هێز دانانرێت، به‌ڵكو به جێبه‌جێكردنی ماده‌ی 140 دهبێتو ئێمه به سنووری دیاریكراو له‌لایه‌ن ئه‌و ماده‌یه‌وه رازین، رێككه‌وتنه‌كه‌ش وایه، به‌ڵام قبوڵ ناكه‌ین سنوور به هێز دابنرێت".
له‌دوای ته‌واوبوونی واده‌ی یاسایی جێبه‌جێكردنی له 31/12/2007 نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان هاته هاوكێشهكهوهو ستیفان دیمستۆرا راسپێردرا وه‌كو نوێنه‌ری سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان چاره‌سه‌ری ناوچه جێناكۆكه‌كان بكات، دوای درێژكردنه‌وه‌ی شه‌ش مانگی تری ماده‌كه، له كۆتایی مانگی حوزه‌یرانی رابردوو به‌شی یه‌كه‌می پێشنیازه‌كانی پێشكه‌ش كرد كه ناڕه‌زاییه‌كی زۆری سه‌ركردایه‌تیی كوردی لێكهوتهوه، دوای چه‌ند دانیشتێكیش له‌گه‌ڵ لایه‌نه جیاوازه‌كان، بڕیاربوو مانگی ئه‌یلول به‌شی دووه‌می پێشنیازه‌كانی پێشكه‌ش بكات، به‌ڵام تا ئێستا به‌شی دووه‌می پێشنیازه‌كه‌ی پێشكه‌ش نه‌كردووه، پێده‌چێت دوابكه‌وێت.
جێبه‌جێ نه‌كردنی ماده‌ی 140 مانای هێشتنه‌وه‌ی چاره‌نووسی ناوچه جێناكۆكه‌كان به ههڵپهسێراویو دواتریش دیارینه‌كردنی سنووری هه‌رێم، كه به بإوای چاودێرانی سیاسی، ناكۆكی له‌سه‌ر دیاریكردنی سنوور ره‌نگه ته‌وه‌ری گێرمه‌و كێشه‌كانی داهاتووی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ههرێمو ناوه‌ند بێت.
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد، به‌ڕێوه‌به‌ری سه‌نته‌ری ستراتیژیی كوردستان، ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد كه زۆرجار ناكۆكیی له‌سه‌ر سنوور، جه‌نگی گه‌وره له‌نێوان ده‌وڵه‌تاندا دروستده‌كات، به‌ڵام به بڕوای ئه‌و پێناچێت كێشه‌ی سنووری هه‌رێم ببێته هۆی به‌رپاكردنی جه‌نگ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ناوه‌نددا، له‌وباره‌یه‌وه وتی: "پێناچێت مه‌سه‌له‌ی سنوور شه‌ڕ هه‌ڵبگیرسێنێت له‌نێوان ههرێمو ناوه‌نددا، به‌ڵام ده‌بێته هۆی گرژی‌و كێشمه‌كێش". روونیشیكرده‌وه كه جێبه‌جێكردنی ماده‌ی 140 وه‌كو ئه‌وه‌ی له ده‌ستووردا هاتووه، ره‌نگه كارێكی قورس بێت، به‌ڵام له‌به‌ر هۆكاری ناوخۆیی‌و نێوده‌وڵه‌تی، ماده‌كه هه‌ر جێبه‌جێ ده‌بێت، به‌ڵام ره‌نگه وه‌ك ئه‌وه نه‌بێت كه كورد ده‌یخوازێت.
سه‌رۆكی هه‌رێمیش هۆشداریی ئه‌وه‌یدا كه ده‌بێت هه‌موو لایه‌ك له‌بیریان نه‌چێت له ده‌ستووری عێراقدا هاتووه "جێبه‌جێكردنی ده‌ستوور مه‌رجی مانه‌وه‌ی عێراقه به‌یه‌ك پارچه‌یی".
خاكی ژێر ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی كوردستان‌و ئه‌و ناوچانه‌ی كه ماده‌ی 140 ده‌یگرێته‌وه
بۆ ئاماده‌كردنی ئه‌م خشته‌یه سود وه‌رگیراوه له (الجهاز المركزى للأحصاء – مديرية احصاء السكانى نتائج التعداد العام للسكان، نتائج التعداد 1987) |
|
|