دیمانه: رێبین فه‌تاح
د. عه‌زیز بارزانی مه‌ترسییه‌كانی رێككه‌وتننامه ستراتیژییه‌كه‌ی نێوان عێراق و ئه‌مه‌ریكا روونده‌كاته‌وه له‌كاتێكدا كه كورد به‌شدار نه‌بێت له لیژنه‌كانی دانووستانداو گره‌نتی بۆ كورد تێدانه‌بێت له‌وه‌دا كه سوپا له دژی به‌كارنه‌یه‌ت.
ئه‌و مامۆستایه‌ی زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین كه شاره‌زایه له په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان كورد‌و ئه‌مه‌ریكادا، له‌و بڕوایه‌دایه ئه‌مه‌ریكا له‌ژێر كاریگه‌ریی ده‌وڵه‌تانی دراوسێدا خۆی له كورد په‌رێز دهگرێتو ده‌ڵێت: "هاوپه‌یمانیی كورد‌و ئه‌مه‌ریكا هاوپه‌یمانیی توركیا‌و وڵاته عه‌ره‌بییه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا تێكده‌دات ".
هاوكات د. عه‌زیز بارزانی له‌و چاوپێكه‌وتنه‌یدا كه رۆژنامه‌ی رۆژنامه له‌گه‌ڵیدا سازیداوه به پێویستی ده‌زانێت كورد به وریاییه‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ رێككه‌وتننامه‌ی ئه‌منیی نێوان عێراق‌و ئه‌مه‌ریكا بكات‌و گره‌نتیه‌ك دابنێت بۆ ئه‌وه‌ی كه عێراق چه‌ك له‌دژی هه‌رێمی كوردستان به‌كارنه‌هێنێت، مه‌ترسیی ئه‌وه‌ش ده‌كات كه ئه‌م رێككه‌وتننامه‌یه جیاوازیی نه‌بێت له‌گه‌ڵ رێككه‌وتننامه‌كانی نێوان عێراق‌و به‌ریتانیا.
ئه‌و مامۆستایه‌ی زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین كه شاره‌زایه له په‌یوه‌ندییه‌كانی كورد‌و ئه‌مه‌ریكا، به‌دووری نازانێت رێككه‌وتنه ئه‌منییه‌كه‌ی نێوان عێراق‌و ئه‌مه‌ریكا ئه‌و مافه به سوپای عێراق بدات بێته نێو كه‌ركوك‌و خانه‌قین‌و هه‌رێمی كوردستانه‌وه.
* له رابردوودا په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان كورد‌و ئه‌مه‌ریكا په‌یوه‌ندییه‌كی ئه‌رێنی نه‌بووه، ئایا له ئێستاداو دوای 2003 هاوكێشه سیاسییه‌كان به جۆرێك گۆڕاون كه ئه‌م په‌یوه‌ندییه دروستبكه‌نه‌وه؟
د. عه‌زیز بارزانی: له ساڵانی سه‌ده‌ی بیسته‌مدا ئه‌مریكییه‌كان هیچكات هه‌وڵیان نه‌داوه خۆیان له كورد نزیك بكه‌نه‌وه، ئه‌مه‌ش به‌هۆی دووریی نێوان كوردستان‌و ئه‌مه‌ریكا له رووی جوگرافییهوهو دواتریش ئه‌مریكییه‌كان له‌وكاته‌دا به‌رژه‌وه‌ندییه سیاسی‌و ئابوورییه‌كانیان له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا به‌هێز نه‌بوو، به‌تایبه‌ت له كوردستان، له‌به‌رئه‌وه بیریان له‌وه نه‌ده‌كرده‌وه خۆیان له بزاڤی رزگاریخوازی نه‌ته‌وه‌ی كورد نزیك بكه‌نه‌وه، به‌ڵام له ساڵانی جه‌نگی دووه‌می جیهانیو به‌تایبه‌ت ساڵانی دوای جه‌نگ كه پێگه‌ی به‌ریتانیا له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست لاوازدهبێتو ئه‌مه‌ریكا شوێنی ده‌گرێته‌وه، له‌به‌رئه‌وه‌ی بزاڤی رزگاریخوازی كوردیش به‌رده‌وام بیری له‌وه كردووه‌ته‌وه پاڵپشتییه‌كی ده‌ره‌كی به‌ده‌ست بهێنێت، له‌دوای جه‌نگی دووه‌می جیهانی ئه‌مه‌ریكا ده‌بێته ته‌نها هێزێكی سه‌ره‌كی كه كورد بیری لێده‌كاته‌وه.
راسته به‌هۆی جه‌نگی سارده‌وه یه‌كێتیی سۆڤیه‌ت هێزێكی تر بوو كه بزاڤه رزگاریخوازه‌كانی میلله‌ته ژێرده‌سته‌كان بیریان لێده‌كرده‌وه، به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌مریكییه‌كان ره‌فزی بدایه‌ته ئه‌و بزاڤانه، به‌ڵام وا دیاربوو ئه‌مریكییه‌كان به‌هۆی په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ توركیا‌و ئێران‌و وڵاتانی عهرهبیو ئه‌وانی دی، خۆیان یه‌كلایی كردبووه‌وه، ئه‌م په‌یوه‌ندییانه‌ش به‌ربه‌ستێك بوون بۆ ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی له‌نێوان كورد‌و ئه‌مه‌ریكادا دروست ببێت، هه‌رچه‌نده كورد هه‌وڵی زۆری‌دا خۆی له ئه‌مه‌ریكا نزیك بكاته‌وه، به‌ڵام ئه‌مریكییه‌كان بڕیاریاندا بوو خۆیان له كێشه‌ی كورد به‌دووربگرن، به‌رده‌وامیش له‌كاتی چاوپێكه‌وتنه‌كانیان له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی سه‌ركرده‌ی شۆڕشی ئه‌یلول (بارزانی)، كێشه‌ی كوردیان وه‌ك كێشه‌یه‌كی ناوخۆیی تهماشاكردووه كه به هیچ شێوه‌یه‌ك نایانه‌وێت ته‌داخولی تێدا بكه‌ن. له ساڵانی 1972- 1975 نزیكبوونه‌وه‌یه‌ك له‌نێوان كورد‌و ئه‌مه‌ریكادا دروستبوو، په‌یوه‌ندییه‌كی نهێنی، به‌ڵام ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ش به گۆڕان‌و په‌ره‌سه‌ندنه سیاسییه‌كانی ئه‌وكات به‌سترابووه‌وه، په‌یوه‌ندییه‌كی كاتی بوو، دواتر ئه‌مریكییه‌كان خۆیان له كورد دوورخسته‌وه، له‌وكاته‌وه رقێك، توڕه‌بوونێك له‌ناو كورد به‌رامبه‌ر به ئه‌مه‌ریكا دروستبوو، به‌تایبه‌ت دوای رێككه‌وتننامه‌ی جهزائیرو هه‌ڵوێستی ئه‌مریكییه‌كان به‌رامبه‌ر رێككه‌وتننامه‌كه، له‌به‌رئه‌وه ناوی ئه‌مه‌ریكا له ئه‌ده‌بیاتی ئه‌حزابی كوردی ساڵانی هه‌شتاكاندا وه‌ك ئیمپریالیزم‌و ئیستعمار بڵاوبووه‌وه.
دوای راپه‌ڕینی 1991و پاش كۆڕهوهكهو له ئه‌نجامی ئه‌و گۆڕانه‌ش كه له‌سه‌ر ئاستی رای گشتیی وڵاتانی جیهانو ئه‌مه‌ریكا به‌رامبه‌ر به كێشه‌ی كورد دروستبوو، هه‌ڵوێستی ئه‌مه‌ریكا به‌رامبه‌ر كێشه‌ی كورد له چوارچێوه‌یه‌كی ته‌سكدا گۆڕانی به‌سه‌رداهات، ئه‌م گۆڕانه‌ش مۆركێكی سیاسی پێوه دیارنه‌بوو، به‌ڵكو ئه‌مه‌ریكا به دیدێكی مرۆیی ته‌ماشای كێشه‌ی كوردی ده‌كرد، دوور له سیاسه‌ت، واته هه‌ڵوێستی ئه‌مه‌ریكا له رابردوودا به‌رامبه‌ر كورد هه‌ڵوێستێكی ئه‌رێنی نه‌بووه‌و په‌یوه‌ندییه‌كانیشی له‌گه‌ڵ كورد نه‌گه‌یشتووه‌ته ئاستی هاوپه‌یمانی به‌ستن، به‌ڵام له‌دوای 2003وه جۆرێك له گۆڕان له په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان كورد‌و ئه‌مه‌ریكادا دروستبووه، به‌ڵام سه‌ردانه‌كانی به‌رپرسانی ئه‌مه‌ریكا بۆ كوردستان‌و سه‌ردانه‌كانی به‌رپرسانی كورد بۆ ئه‌مه‌ریكا، نه‌بووه هۆی دروستبوونی هاوپه‌یمانی، ئه‌مه‌ش له‌به‌رئه‌وه بوو كه هاوپه‌یمانی دوای كۆمه‌ڵێك رێككه‌وتن دێت له رووی سیاسی‌و ئاسایش‌و ئابووری له‌نێوان هه‌ردوو لایه‌ندا، به‌ڵام ئه‌م رێككه‌وتنه ستراتیژیانه له‌نێوان كورد‌و ئه‌مه‌ریكادا دروست نه‌بوون، ئه‌گه‌رچی كورد له جه‌نگی عێراقدا پاڵپشتی ئه‌مه‌ریكای كرد‌و قوربانیشی دا، له‌به‌ر دروست نه‌بوونی هاوپهیمانیهتییهكهش، هه‌ڵوێستی ئه‌مه‌ریكا به‌رامبه‌ر كه‌ركوك‌و ناوچه دابڕاوه‌كان باش نییه.
ئه‌مه‌ریكا هاوسۆزیی خۆیان به‌رامبه‌ر ماده‌ی 140 ده‌رده‌بڕن، چونكه ماده‌یه‌كی ده‌ستوورییه، به‌ڵام له واقیعدا هه‌نگاوی كرده‌یی بۆ ناهاوێژێت، ئه‌وه‌ی له‌نێوان كورد‌و ئه‌مه‌ریكا له ئێستادا هه‌یه، جۆرێكه له دۆستایه‌تی، پێشبینی به‌ره‌وپێشچوونی لێده‌كرێت، به‌ڵام ئه‌و دۆستایه‌تییه زه‌مینه خۆش ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی كورد‌و ئه‌مه‌ریكا ببن به هاوپه‌یمان، ئه‌مه پرسیارێكه وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئاسان نییه، چونكه هاوپه‌یمانیكردن زۆری ده‌وێت.
* له‌كوێوه ئه‌و هاوپه‌یمانێتییه ئاسان نییه‌و زۆری ده‌وێت؟
د. عه‌زیز بارزانی: ئه‌گه‌ر هاوپه‌یمانیی نێوان كورد‌و ئه‌مه‌ریكا دروستبێت، ئه‌گه‌ری ئه‌وه له‌ئارادا هه‌یه په‌یوه‌ندیی نێوان ئهمهریكاو توركیا، ئهمهریكاو وڵاته عه‌ره‌بییه‌كان، تێك بچێت، بۆیه باسكردن له به‌ستنی هاوپه‌یمانیی ستراتیژی نێوان كورد‌و ئه‌مه‌ریكا، هه‌م كاتێكی باش‌و هه‌م ئیشێكی زۆری ده‌وێت، لای كورد ئه‌و باوهإه دروستبووه كه ئێمه پێویستیمان به پاڵپشتیی ئه‌مه‌ریكا هه‌یه، به‌ڵام چ كاتێك ئه‌مه‌ریكا به‌و باوه‌ڕه ده‌گات كه هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ كورده‌كان بۆ ئه‌مه‌ریكا پێویسته، ئه‌مه گرنگه.
* بۆچی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی كه ئێستا له‌نێوان كورد‌و ئه‌مه‌ریكادا هه‌یه، به دۆستایه‌تی ناوی ده‌به‌یت؟
د. عه‌زیز بارزانی: ئه‌مه‌ریكا له جه‌نگێكی جیهانیدایه دژ به تیرۆر، گه‌وره‌ترین هه‌ڕه‌شه كه دووچاری ئه‌مریكییه‌كان بوویه‌وه، له 11ی سێپتهمبهرهوهیه، دوای ئه‌و رێكه‌وته سه‌ركردایه‌تیی كورد هاوسۆزیی خۆی به‌رامبه‌ر ئهمهریكاو كاره‌ساته‌كه نیشاندا، ئاماده‌یی خۆیشی دهربإی كه بۆ ئهمهریكاو خۆرئاوا ده‌بێته پاڵپشت له جه‌نگی دژه تیرۆردا، له 2003وه پارته سیاسییه‌كانی كورد پاڵپشتی ئه‌مه‌ریكایان كرد له راوه‌دونانی گروپه تیرۆریستییه‌كاندا، به‌تایبه‌ت له شوێنه سنوورییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان‌و ئێران‌دا، وه‌ك ته‌وێڵه‌و بیاره‌و ناوچه‌كانی دیكه، كه تیرۆریستان خۆیان تێدا حه‌شار دابوو. لێره‌وه پاڵپشتیكردنی كورد له ئه‌مه‌ریكا چووه خانه‌ی كرده‌ییه‌وه، كورد جه‌خت له‌سه‌ر دژایه‌تیكردنی تیرۆر ده‌كاته‌وه، ئه‌مه‌ش سه‌ره‌تایه‌ك بوو بۆ دروستبوونی دۆستایه‌تیی نێوان ئهمهریكاو كورده‌كان، به‌تایبه‌ت كه جۆرج بوش له‌دوای رووداوه‌كه‌ی 11ی سێپته‌مبه‌ر رایگه‌یاند كه "ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئێمه‌یه، دۆستمانهو ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئێمه نییه دوژمنمانه".
كورد له‌وێوه رێگه‌ی دۆستایه‌تی هه‌ڵبژارد له‌گه‌ڵ ئهمهریكاو كارێكی باشیشی كرد، له‌لایه‌كی دیكه‌وه میلله‌تی كورد یه‌كێكه له‌و میلله‌ته ده‌گمه‌نانه‌ی له خۆرهه‌ڵاتدا دژایه‌تیی ئهمهریكاو خۆرئاوا ناكات، له ئێستای خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا ته‌نها كورده‌كان‌و ئیسرائیل هه‌ن كه دژایه‌تیی ئه‌مه‌ریكا نه‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش بنه‌مایه‌كی دیكه‌ی پهیوهندییهكهیه. ئه‌گه‌رچی زۆرێك له حكومه‌ته‌كانی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست هاوسۆزن له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكادا، به‌ڵام میلله‌ته‌كانیان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكادا نین، گره‌تنی ئه‌وه نییه سبه‌ی كۆدێتایهك له‌و وڵاتانه‌دا دروستبێت‌و ده‌سه‌ڵاتی تازه دژایه‌تیی ئه‌مه‌ریكا نه‌كات، چونكه كۆمه‌ڵگه‌كه‌یان دژ به ئه‌مه‌ریكایه، بۆ به‌ڵگه‌ش خه‌ڵكی میسر‌و ئوردون‌و جه‌زائیر خۆپیشاندانیان دژ به ئه‌مه‌ریكا كردووه، ته‌نانه‌ت له توركیا چه‌ند مانگ به‌ر له ئێستا ئه‌نجامه‌كانی راپرسییه‌ك ئاشكرایان كرد كه نزیكه‌ی 80%ی توركه‌كان دژایه‌تیی ئه‌مه‌ریكا ده‌كه‌ن، به‌پێچه‌وانه‌وه له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا جۆرێك له ئیعجاببوون به‌رامبه‌ر ئه‌مریكییه‌كان هه‌یه، له ته‌كنه‌لۆژیای ئه‌مریكییه‌وه بگره تا ده‌گاته فیلمه‌كانیان، ئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌یه‌كه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كورده‌كان هاوسۆزییه‌كیان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكادا هه‌یه، ته‌نانه‌ت له ماوه‌ی ساڵانی رابردوودا كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن له كوردستان زۆر به گه‌رمییه‌وه گرنگیی به ده‌نگوباسه‌كانی هه‌ڵبژاردنی ناوخۆی ئه‌مه‌ریكا ده‌ده‌ن، ئه‌مه‌ش له ده‌رئه‌نجامی ئه‌وه‌وه كه كورده‌كان تێگه‌یشتوون له‌وه‌ی چاره‌نووسی عێراق‌و هه‌رێمی كوردستان تا راده‌یه‌كی باش به سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكاوه به‌ستراوه‌ته‌وه.
* وه‌ك ئاماژه‌تان بۆ كرد له سه‌ره‌تای جه‌نگی عێراقه‌وه كورد پاڵپشتیی خۆی بۆ ئه‌مه‌ریكا سه‌لماندو پێشوازیی لێ‌كرد، به‌ڵام تێبینی ده‌كرێت له‌م ساڵانه‌ی دواییدا ئه‌مه‌ریكا پاشه‌كشه‌ی له په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ كورد كردووه، ئه‌م خۆ دوورهپهرێزگرتنهی ئه‌مه‌ریكا له كورد، تا چه‌ند له‌ژێر كاریگه‌ری وڵاته دراوسێكانی عێراق‌و هه‌رێمی كوردستانه؟
د. عه‌زیز بارزانی: هیچ گومانی تێدا نییه كه وڵاتانی دراوسێ كاریگه‌رییان له‌سه‌ر ئه‌مه‌ریكا هه‌یه له په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ كورددا، ئه‌مه وایكردووه كه به‌رپرسانی ئه‌مه‌ریكا تا راده‌یه‌ك هه‌ستیاربن له نزیكبوونه‌وه له‌گه‌ڵ كورده‌كان، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه له‌دوای راپه‌ڕینه‌وه تا ئێستا نه‌گۆڕاوه، ئاماده‌یی ئه‌مه‌ریكایه به‌رامبه‌ر به پاراستنی ئه‌م ئه‌زموونه‌ی له هه‌رێمی كوردستاندا هه‌یه، پێش 2003 پاڵپشتیكردنی ئه‌مه‌ریكا دژ به بهعسو دوای 2003ش دژ به حكومه‌تی ئێستای عێراق نا، چونكه ئه‌و حكومه‌ته‌ی ئێستا له عێراقدا هه‌یه، به پاڵپشتیی ئه‌مریكییه‌كان دروستبووه، بۆیه پاراستنی ئه‌زموونی هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه، له‌دوای 2003وه كه رژێمی به‌عس له‌ناوچووه، تا راده‌یه‌ك ماناكانی خۆی له‌ده‌ستداوه، چونكه حكومه‌تی ئێستای عێراق هاوپه‌یمانی ئه‌مه‌ریكایه، جا ئه‌مریكییه‌كان ئه‌مڕۆ له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ك پاڵپشتیی كورد بكه‌ن. ده‌بێت ئاماژه به‌وه‌ش بكه‌ین كه به‌شێك له پشتیوانی نه‌كردنی ئه‌مه‌ریكا له داخوازییه‌كانی كورد له عێراقدا، وه‌ك ماده‌ی 140، په‌یوه‌ندیی به وڵاتانی هه‌رێمییه‌وه هه‌یه.
ده‌توانین به دیاریكراوی ئاماژه به توركیا بكه‌ین كه كاریگه‌ری هه‌یه له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی كه‌ركوك‌و سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریكا به‌رامبه‌ر ئه‌و ناوچه‌یه، ئه‌مه‌ریكاش هه‌ستیاره له‌وه‌ی شتێك نه‌كات دۆسته‌كانی له‌ناو توركیا عاجز بكات. راسته یه‌كێتیی سۆڤیه‌ت نه‌ما، كه به‌هۆی یه‌كێتیی سۆڤیه‌ته‌وه توركیا گرنگیی زۆری بۆ ئه‌مه‌ریكا هه‌بوو، به‌ڵام ئێستاش بایه‌خی زۆری بۆ ئه‌مه‌ریكا هه‌یه، به‌دووریش نازانرێت بایه‌خی توركیا له ساڵانی داهاتوودا بۆ ئه‌مه‌ریكا زیاتربێت، به‌تایبه‌ت دوای سه‌رهه‌ڵدانی قه‌یرانی روسیا‌و جۆرجیا، كه توركیا ده‌بێته پاڵپشتێك بۆ ئه‌مه‌ریكا بۆ ئه‌وه‌ی نفوزی دۆسته‌كانی خۆرئاوا له ناوچه‌كانی قه‌فقازو دراوسێكانی روسیا به‌هێزبێت، ئه‌م قه‌یرانه وایكرد ئه‌مه‌ریكا چاوخشاندنه‌وه به سیاسه‌تی خۆیدا بكات به‌رامبه‌ر روسیا‌و له‌و شوێنه‌شدا پێویستی به وڵاتانی دراوسێی روسیا وه‌كو توركیا هه‌یه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی بۆ كورد ده‌بێته كێشه، ئه‌وه‌یه كه ئه‌گه‌ری زۆری ئه‌وه له‌ئارادا هه‌یه كه زیاتربوونی بایه‌خی توركیا بۆ ئه‌مه‌ریكا، له‌سه‌ر حیسابی به‌شێك له‌و ئامانجانه بێت كه ئێمه له عێراقدا هه‌مانه، وه‌كو گه‌ڕانه‌وه‌ی كه‌ركوك بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان.
* ئێستا كه باس له رێككه‌وتننامه‌ی نێوان ئهمهریكاو عێراق ده‌كرێت، ئایا رۆڵ‌و پێگه‌ی كورد له‌م رێككهوتننامهیهدا چی ده‌بێت، ئه‌و بنه‌مایانه چین كه ده‌بێت كورد هه‌وڵی جێگیركردنی بدات له رێككه‌وتننامه‌كه‌دا بۆ پاراستنی ئه‌زموونه‌كه‌ی له هه‌رێمی كوردستاندا؟
د. عه‌زیز بارزانی: ره‌نگه مۆركردنی رێككه‌وتننامه‌كه بكه‌وێته ساڵی 2009وه، ئه‌وكاته‌ی كه دیموكراته‌كان ده‌سه‌ڵات وه‌رده‌گرن، یان كۆمارییه‌كان دووباره له هه‌ڵبژاردنه‌كه‌دا سه‌ركه‌وتوو ده‌بن. له باسی رێككه‌وتننامه‌ی نێوان ئهمهریكاو عێراقدا باشتر ده‌بێت ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه بۆ ئه‌و رێككه‌وتننامانه‌ی له رابردوودا عێراق له‌گه‌ڵ به‌ریتانیا مۆری كردوون، چونكه زۆرجار ئه‌و رێككه‌وتننامانه به زیانی كورد ته‌واوبوون. رێككه‌وتننامه‌ی ساڵی 1922، ساڵی 1926، ساڵی 1930 كه یه‌كێك له‌و رێككه‌وتننامانه بوو رێگه‌ی خۆش ده‌كرد بۆ ئه‌وه‌ی عێراق ببێت به ئه‌ندامی كۆمه‌ڵه‌ی گه‌لان، ئه‌و رێككه‌وتننامه‌یه به هیچ شێوه‌یه‌ك ناوی كوردی تێدا نه‌هاتووه، هیچ زه‌مانه‌تێكی تێدا نییه بۆ ئه‌وكاته‌ی كه عێراق سه‌ربه‌خۆیی وهردهگرێتو ده‌بێت به ئه‌ندامی كۆمه‌ڵه‌ی گه‌لان، ئه‌وكات كورد له‌وه ده‌ترسا ئه‌گه‌ر به‌ریتانیا هێزه‌كانی خۆی بكێشێته‌وه، حكومه‌تی عێراق سیاسیهتێك له‌سه‌ر بنه‌مای جیاوازیی له‌گه‌ڵ كورد‌و مه‌ترسیهێنه‌ر به‌رامبه‌ر به كورد په‌یڕه‌و بكات، ئێستاش ره‌نگه جیاوازییه‌ك له‌نێوان رێككه‌وتننامه‌ی ئهمهریكاو عێراق‌و رێككه‌وتننامه‌كانی پێشوودا نه‌بێت، چۆن رێككه‌وتننامه‌ی ساڵی 1930 رێگه‌ی خۆش كرد بۆ ئه‌وه‌ی له ماوه‌یه‌كی دیاریكراودا هێزه‌كانی به‌ریتانیا له عێراق بكشێنه‌وه، ئه‌و رێككه‌وتننامه‌یه‌ش ماوه‌یه‌كی دیاریكراو داده‌نێت بۆ كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له عێراقدا، له‌به‌رئه‌وه ئه‌گه‌ر ئه‌و رێككه‌وتننامه‌یه چه‌ند گره‌نتییه‌كی بۆ كورد تێدا جێگیر نه‌كرێت، ره‌نگه به زیانی كورد بشكێته‌وه، به‌تایبه‌ت له‌كاتی سه‌رهه‌ڵدانی ناكۆییه‌كان له‌نێوان كورد‌و لایه‌نه‌كانی عێراقدا، ده‌بێت گره‌نتی ئه‌وه بۆ كورد هه‌بێت كه حكومه‌ته‌كانی عێراق له هه‌ركاتێكدا بیر له به‌كارهێنانی هێزی سه‌ربازیی بۆ سه‌ر كورد نه‌كه‌نه‌وه، پێویسته ئه‌وه دیاریی بكرێت كه نابێت ئه‌و چه‌كانه‌ی حكومه‌تی عێراق له ئهمهریكاو وڵاتانی دیكه‌ی وه‌ریده‌گرێت، به‌رامبه‌ر به كورد به‌كاربهێنرێت، ده‌بێت كورد له به‌نده‌كانی رێككه‌وتنه‌كه‌دا به‌شداربێت، به‌تایبه‌ت كه مالیكی له‌ژێر فشاردا هه‌وڵیدا ئه‌و لیژنه عێراقییه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌مریكییه‌كان دانووسانی له‌سه‌ر رێككه‌وتننامه‌كه دهكردو رۆڵی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراقی تێدا دیاربوو، هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه‌و كه‌سانی دیكه بهێنێته ناو لیژنه‌كه‌وه. پێویسته پارتی‌و یه‌كێتی وه‌ك دوو پارتی سه‌ره‌كیی كوردستان له‌و رێككهوتننامهیهدا به‌شداربن، چونكه ئه‌گه‌ر رێككه‌وتننامه‌كه مۆر بكرێت، ره‌ت ناكرێته‌وه. له رێككه‌وتنه‌كانی پێشوودا مه‌رجی ئه‌وه نه‌خرابووه سه‌ر حكومه‌ته‌كانی عێراق كه نابێت چه‌كه‌كانی به‌رامبه‌ر كورد به‌كاربهێنێت، هه‌روه‌ك به‌كاریانهێنا، مه‌ترسییه‌كه له‌وێوه‌یه كه دووباره حكومه‌تی عێراق چه‌ك دژ به كورد به‌كاربهێنێته‌وه، گرنگه رێككه‌وتننامه‌كه به‌ندێكی ته‌واوی تێدا هه‌بێت به‌وه‌ی چ لایه‌نێك ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان ده‌پارێزێت، چونكه دوورنییه رێككه‌وتننامه‌كه ئه‌و مافه به سوپای عێراق بدات بێته نێو كه‌ركوك‌و خانه‌قین‌و هه‌رێمی كوردستان، له‌كاتێكدا بۆ كورد گرنگه رێككه‌وتنه‌كه به جۆرێك بێت كه پێداگریی له‌سه‌ر ئه‌وه بكات كه هاوڵاتییانی هه‌ر ناوچه‌و هه‌رێمێك به خۆیان ناوچه‌كانی خۆیان بپارێزن.
* ئه‌گه‌ر له هه‌ڵبژاردنی داهاتووی ئه‌مه‌ریكادا دیموكراته‌كان سه‌ركه‌وتووبن، پێشبینی چ گۆڕانكارییه‌ك له عێراقدا ده‌كرێت، كشانه‌وه‌ی سوپای ئه‌مه‌ریكا له عێراق كه دیموكراته‌كان بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كه‌ن ده‌بێته واقیع یان هه‌ر پڕوپاگه‌نده‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌بێت؟
د. عه‌زیز بارزانی: دیموكراته‌كان تا ئێستا به‌ڵێنی ئه‌وه به ئه‌مریكییه‌كان ده‌ده‌ن كه ئه‌گه‌ر سه‌ركه‌وتووبن له هه‌ڵبژاردنه‌كه‌دا، هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له عێراق ده‌كێشننه‌وه، ئه‌گه‌ر سه‌ركه‌وتووبن، ده‌بێت به‌ڵێنه‌كه جێبه‌جێ بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی له خولی هه‌ڵبژاردنی دواتریشدا هاوڵاتییانی ئه‌مریكی متمانه‌یان پێبكه‌ن، ئه‌مه به‌لای دیموكراته‌كانه‌وه گرنگ ده‌بێت، ره‌نگه هه‌ندێك له‌و هێزانه‌ی ئێستای عێراق ره‌وانه‌ی ئه‌فغانستان بكه‌ن، چونكه ره‌وشی عێراق باشتره‌و ئه‌فغانستانیش به‌ره‌و خراپتر رۆیشتووه، دواتر ده‌بێت ئاگاداری ئه‌وه بین كه دیموكراته‌كان هه‌ر له مێژووی خۆیاندا به‌وه ناسراون كه جه‌خت له‌سه‌ر سیاسه‌تی ناوخۆی ئه‌مه‌ریكا ده‌كه‌نه‌وه، به‌پێچه‌وانه‌ی كۆمارییه‌كان كه گرنگیی زیاتر به سیاسه‌تی ده‌ره‌وه ده‌ده‌ن. ئه‌وه‌ی بۆ دیموكراته‌كان گرنگه، به‌ره‌وپێشه‌وه‌بردنی كه‌رته‌كانی كشتوكاڵ‌و ئابووری‌و لایه‌نه ناوخۆییه‌كانی دیكه‌یه، بۆیه له سه‌رده‌می كلینتۆندا كه یه‌كێكه له دیموكراته‌كان، ئابووریی ئه‌مه‌ریكا گه‌یشته لوتكه، ته‌نانه‌ت ئه‌مه‌ریكا چووه قۆناغێكه‌وه كه زۆر له ئه‌ركه‌كان بۆ به‌تاڵی مانه‌وه، واته كه‌س له ئه‌مه‌ریكا نه‌مابوو ئه‌رك وهربگرێتو دابمه‌زرێت، ئامانجی دیكه‌ی دیموكراته‌كان ئه‌وه‌یه كه ئه‌و قه‌باره گه‌وره‌یه‌ی پاره كه كۆمارییه‌كان بۆ جه‌نگ به‌كاریده‌هێنن، ئه‌وان له پرۆژه‌كانی به‌ره‌وپێشه‌وه‌بردنی ئابووری‌و كه‌رته ناوخۆییه‌كانی خه‌رج بكه‌ن. كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكاش له عێراق، كاریگه‌ری خراپی له‌سه‌ر كورد ده‌بێت، ئه‌گه‌ر رێككه‌وتننامه‌كه‌ش گره‌نتی بۆ كورد تێدا نهبێتو رێككه‌وتننامه سه‌ربازییه‌كه‌ش به قورسایی ملیاران دۆلار چه‌ك بۆ عێراق بهێنێت، باره‌كه بۆ كورد یه‌كجار مه‌ترسیدارتر ده‌بێت، مه‌ترسییه‌كه هه‌ر له هێزه‌كانی ناو عێراقدا نییه، به‌ڵكو له هاتنی هێزه‌كانی توركیاشه بۆ ناوچه‌كه، به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر كێشه‌كانی كه‌ركوك‌و ناوچه دابڕاوه‌كان هه‌ر به چاره‌سه‌رنه‌كراوی بمێننه‌وه.
* باس له‌وه ده‌كرێت ئه‌مریكییه‌كان له عێراق‌و هه‌رێمی كوردستانیشدا به‌دوای به‌دیلدا ده‌گه‌ڕێن، پێتوایه هاوكێشه‌كه به‌وجۆره گۆڕابێت كه ئه‌مه‌ریكا له عێراق‌و كوردستان بیر له به‌دیلی دیكه له‌ئاستی سیاسی‌دا بكاته‌وه؟
د. عه‌زیز بارزانی: له رۆژانی رابردوودا هه‌ندێك له به‌رپرسه عێراقییه‌كان ئاماژه‌یان به خاڵێكی وادا، عادل عه‌بدولمه‌هدی، جێگری سه‌رۆك كۆماری عێراق، یه‌كێك له‌وانه بوو كه باسیان له‌وه‌كرد مه‌ترسیی ئه‌وه‌یان هه‌یه له عێراق كۆدێتایه‌كی سه‌ربازیی رووبدات، ئه‌م لێدوانانه له‌سه‌ر چه‌ند بنه‌مایه‌ك ده‌درێن، ئه‌مریكییه‌كان پێش ئه‌وه‌ی له عێراق ده‌ربچن، ئه‌گه‌ر دیموكراته‌كانیش هه‌ڵبژاردنه‌كه ببه‌نه‌وه، ئه‌گه‌ر ئه‌نجومه‌نی باڵای ئیسلامی‌و حیزبی ده‌عوه‌ش وه‌ك دوو باڵی به‌هێزی شیعه بیر له‌وه ده‌كه‌نه‌وه كاریگه‌ریی ئێران له‌سه‌ر ئه‌مانه زۆربێت، به‌شێوه‌یه‌ك كه عێراق ببێت به تابعێكی ئێران، به كشانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكاش نفوزی ئێران له عێراق زۆر زیاتر ده‌بێت. هێزه‌كانی رابوون (سه‌حوه) كه ئه‌مریكییه‌كان له چه‌ند ناوچه‌یه‌كی عێراق دروستیان كرد، ئه‌مه‌ریكا ده‌توانێت وه‌ك كارتێكی فشار له‌سه‌ر حكومه‌تی به‌غدا به‌كاریانبهێنێت، سوپای عێراق كه له ماوه‌ی رابردوودا له‌ژێر فشاره‌كانی ئه‌مه‌ریكادا ژماره‌یه‌كی زۆر ئه‌فسه‌ری سه‌رده‌می سوپای عێراقی پێشووی گه‌ڕانده‌وه بۆ ناو سوپا، دیسانه‌وه دوورنییه ببن به كارتێك به‌ده‌ست ئهمهریكاوهو ئه‌مه‌ریكا كۆدێتایان به‌سه‌ر حكومه‌تی عێراقدا پێ ئه‌نجام بدات، ئه‌گه‌ر حكومه‌ته‌كه بیر له گۆڕانی هێڵی سیاسیی خۆی بكاته‌وه، یان خۆی له رێككه‌وتننامه‌كانی كه له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكای به‌ستووه، بدزێته‌وه. مێژووی عێراقیش ناسراوه به سه‌رهه‌ڵدانی كۆدێتای سه‌ربازیی، ره‌وشی عێراق به‌تایبه‌ت له باشوور‌و ناوه‌ڕاستیدا، زه‌مینه‌یه‌كی له‌باره بۆ دروستبوونی كۆدێتا سهربازییهكانو به‌رده‌وامیش خه‌ڵكی ئه‌و ناوچانه پێشوازییان له كۆدێتاكان كردووه، حه‌تمه‌ن ئه‌مریكییه‌كان بیر له به‌دیل ده‌كه‌نه‌وه، له‌ناو شیعه‌كانیشدا خه‌ڵكی خۆیان هه‌یه، راسته ئه‌و ئه‌حزابانه شیعه‌ن‌و پێشتر له ئێران بوون، به‌ڵام ئه‌وانیش به‌رژه‌وه‌ندیی سیاسیی خۆیان هه‌یه‌و بۆ وه‌رگرتنی ده‌سه‌ڵات ئاماده‌ن هاوپه‌یمانی ئهمهریكابن، حیزبی ده‌عوه به‌ر له جه‌نگی عێراق، یه‌كێك له‌و حیزبانه بوو كه بانگهێشتی واشنتۆن نه‌كرا، به‌ڵام ئه‌مڕۆ حیزبی ده‌عوه هاوسۆزیی خۆیان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا نیشان دهدهنو هه‌وڵیشیان نه‌داوه به‌رهه‌ڵستكاری سیاسه‌تی ئهمهریكابن.
ئه‌گه‌ر ته‌ماشای هه‌رێمی كوردستانیش بكه‌ین، ده‌بینین ره‌وشه‌كه له‌گه‌ڵ عێراق جیاوازیی هه‌یه، نه‌ك ئه‌وه بگره باره‌كه له هه‌رێمی كوردستان پێچه‌وانه ده‌رده‌كه‌وێت، ره‌نگه ئه‌مریكییه‌كان به به‌رنامه‌ی خۆیان چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی ناوچه دابڕاوه‌كان دوابخه‌ن، ئه‌مه هه‌م بۆ ره‌زامه‌ندیی توركیا‌و هه‌میش بۆ ئه‌وه‌ی كورده‌كانیش ببنه كارتێكو له ئاینده‌دا فشار له‌سه‌ر حكومه‌تی عێراق دروستبكه‌ن، واته ئه‌مه‌ریكا به تاكتیك هه‌وڵبدات كێشه‌كان به هه‌ڵپه‌سێدراوی بهێڵێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی له رێگه‌ی ئه‌و كێشانه‌وه رۆڵی له عێراقدا هه‌بێت.