Print
 په‌رله‌مانی‌ عێراق له‌نێوان هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ ‌و پێكهێنانی‌ كوتله‌ی‌ نوێدا
Monday, October 6, 2008


راپۆرت: ساڵح ره‌حمان
ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق له‌دوای‌ پێكهێنانیه‌وه‌ به‌سه‌ر چه‌ند كوتله‌یه‌كی‌ گه‌وره‌‌و بچووكدا دابه‌ش بوو، به‌ڵام گۆڕانكارییه‌ سیاسییه‌كان بوونه‌ته‌ هۆی‌ لێكترازانی‌ چه‌ند كوتله‌یه‌ك‌و پێكهێنانی‌ چه‌ند كوتله‌یه‌كی‌ نوێ‌ كه‌ به‌وهۆیه‌وه‌ راییكردنی‌ پرۆژه‌یاساكان‌و هه‌ڵوێسته‌كان به‌ چه‌ندین ئاقاری‌ جیاوازدا ده‌ڕۆن‌و ئێستا بشێویی‌ له‌ناو په‌رله‌ماندا كۆسپی‌ له‌به‌رده‌م پرۆسه‌ی‌ سیاسیدا دروستكردووه‌.

 به‌ وته‌ی‌ په‌رله‌مانتاران پێكهێنانی‌ چه‌ند كوتله‌یه‌كی‌ گه‌وره‌ له‌ سه‌ره‌تای‌ پێكهێنانی‌ په‌رله‌مان‌و حكومه‌تی‌ نوێی‌ عێراقدا، شتێكی‌ پێوست بوو، چونكه‌ پێكهاته‌ی‌ سیاسیی‌ عێراق به‌سه‌ر سێ‌ به‌شی‌ گه‌وره‌دا دابه‌شبووه‌ كه‌ ئه‌وانیش (عه‌ره‌بی‌ شیعه‌، عه‌ره‌بی‌ سوننه‌‌و كورد)ن، سه‌ره‌إای‌ چه‌ند پێكهاته‌یه‌كی‌ تر. عه‌بدولكه‌ریم سامه‌ڕایی‌، له‌ لیستی‌ به‌ره‌ی‌ ته‌وافوق، بۆ رۆژنامه‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌كرد كه‌ هه‌رسێ‌ پێكهاته‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ی‌ عێراق له‌دوای‌ رووخانی‌ رژێمی‌ به‌عس، پێویستیان به‌وه‌بوو پێكه‌وه‌ به‌ لیستی‌ هاوبه‌ش دابه‌زن‌و به‌شداریی حكومه‌ت‌و په‌رله‌مان بكه‌ن، به‌ڵام له‌دوای‌ به‌ره‌وپێشچوونی‌ پرۆسه‌ی‌ سیاسی‌‌و سه‌قامگیربوونی‌ بارودۆخی‌ عێراق، ئیتر پێویسته‌ گۆڕانكاریی‌ به‌سه‌ر پێكهاته‌ی‌ كوتله‌‌و پێكهاته‌كاندا بهێنرێت‌و به‌ شێوازێكی‌ نوێ‌ به‌شداریی‌ له‌ په‌رله‌ماندا بكرێت، وتیشی‌: "هه‌ر لایه‌ن‌و هێزێكی‌ سیاسی‌، ئه‌جێندای‌ تایبه‌ت به‌ خۆی‌ هه‌یه‌و پێویسته‌ له‌مه‌ودوا كاری‌ له‌سه‌ر بكات".

په‌رله‌مانی‌ عێراق له‌ 275 كورسی‌ پێكدێت كه‌ به‌پێی‌ مه‌زه‌نده‌كانی‌ به‌رپرسان نوێنه‌رایه‌تیی‌ (27.500.000) بیستوحه‌وت ملیۆن‌و پێنجسه‌د هه‌زار هاوڵاتی‌ عێراق ده‌كه‌ن‌و بۆ هه‌ر 100 هه‌زار هاوڵاتییه‌ك نوێنه‌رێك ده‌ستنیشانكراوه‌، پێكهاته‌ی‌ په‌رله‌مان له‌ سه‌ره‌تای‌ ده‌ستبه‌ركابوونیه‌وه‌ له‌ چه‌ند پێكهاته‌یه‌كی‌ گه‌وره‌‌و بچووك پێكهاتبوو، كوتله‌ گه‌وره‌كان بریتی‌ بوون له‌ لیسته‌كانی‌ (ئیئتیلافی‌ یه‌كگرتوو، هاوپه‌یمانی‌ كوردستانی‌، به‌ره‌ی‌ ته‌وافوق، عێراقییه‌‌و به‌ره‌ی دیالۆگی‌ نیشتمانی‌)، كۆی‌ 275  كورسییه‌كه‌ی‌ په‌رله‌مان 199 پیاوو 76 ژنن، له‌نێوانیاندا 204 له‌ نه‌ته‌وه‌ی‌ عه‌ره‌ب‌و 61 له‌ نه‌ته‌وه‌ی‌ كورد (له‌نێوانیاندا 2 یه‌زیدی‌‌و 6 فه‌یلی‌‌و 2 شه‌به‌ك)، هه‌روه‌ها 8 توركمان‌و 2 كلدۆئاشووری‌ هه‌یه‌ كه‌ به‌ ئایین مه‌سیحین.

ئیئتیلاف كه‌ نوێنه‌رایه‌تیی‌ زۆرینه‌ی‌ شیعه‌كانی‌ عێراق ده‌كات، زۆرینه‌ی‌ كورسییه‌كانی‌ په‌رله‌مانیشی‌ پێكده‌هێنا‌و ژماره‌ی‌ كورسییه‌كانی‌ بریتی‌ بوو له‌ 137 كورسی‌، به‌ڵام ئێستا گۆڕانكاریی‌ به‌سه‌ر ئه‌و ژماره‌یه‌دا هاتووه‌‌و هه‌ردوو ره‌وتی‌ سه‌در‌و حیزبی‌ فه‌زیله‌ له‌ ئیئتیلاف كشاونه‌ته‌وه‌ كه‌ سه‌در 28 كورسی‌‌و فه‌زیله‌ش 15 كورسیان هه‌یه‌، واته‌ لیستی‌ ئیئتیلاف له‌ ئێستادا پێكهاتووه‌ له‌ ته‌نها 85 كورسی‌، ئه‌وانیش حیزبه‌كانی‌ (ئه‌نجومه‌نی‌ باڵای‌ ئیسلامی‌‌و رێكخراوی‌ به‌در‌و حیزبی‌ ده‌عوه‌- باڵی‌ جه‌عفه‌ری‌‌و حیزبی‌ ده‌عوه‌- باڵی‌ مالیكی‌‌و سه‌ربه‌خۆكان‌و ته‌زامون‌و یه‌كێتی‌ ئیسلامی‌ توركمانی‌ عێراق).

لیستی‌ هاوپه‌یمانی‌ كوردستانی‌ كه‌ نوێنه‌رایه‌تیی‌ كورده‌كان ده‌كات، 53 كورسی‌ له‌ په‌رله‌ماندا هه‌یه‌‌و جگه‌ له‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌‌و پارتی‌ دیموكرات، كه‌ هه‌ریه‌كه‌یان 23 كورسیان هه‌یه‌، هه‌ریه‌كه‌ له‌ حیزبی‌ شیوعی‌ كوردستان‌و زه‌حمه‌تكێشان‌و سۆسیالیست‌و كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌‌و ئه‌خای‌ توركمانی‌‌و یه‌كێتی‌ دیموكراتی‌ كلدانی‌، یه‌ك كورسیان له‌ لیسته‌كه‌دا هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ‌ په‌رله‌مانتارێكی‌ سه‌ربه‌خۆ، تا ئێستا ئه‌و لیسته‌ هیچ گۆڕانكارییه‌كی‌ به‌سه‌ردا نه‌هاتووه‌‌و وه‌كو خۆی‌ ماوه‌ته‌وه‌.

هه‌رچی‌ به‌ره‌ی‌ ته‌وافوقی‌ عێراقییشه‌ كه‌ نوێنه‌رایه‌تیی‌ به‌شێكی‌ زۆری‌ سوننه‌كانی‌ عێراق ده‌كات، خاوه‌نی‌ 40 كورسی‌ په‌رله‌مان بووه‌‌و له‌ سێ‌ پێكهاته‌ی‌ سه‌ره‌كی‌ پێكدێت، ئه‌وانیش: كۆنگره‌ی‌ خه‌ڵكی‌ عێراق به‌ سه‌رۆكایه‌تیی‌ عه‌دنان دلێمی‌ 10 كورسی‌، حیزبی‌ ئیسلامی‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تیی‌ تارق هاشمی‌ 22 كورسی‌، ئه‌نجومه‌نی‌ دیالۆگی‌ نیشتمانیی به‌ سه‌رۆكایه‌تیی‌ خه‌ڵه‌ف عله‌ییان 8 كورسی‌، لیسته‌كه‌ش له‌لایه‌ن ئه‌یاد سامه‌ڕاییه‌وه‌ سه‌رۆكایه‌تیی ده‌كرێت.

لیستی‌ عێراقییه‌ كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌یاد عه‌لاوی‌، سه‌رۆك وه‌زیری‌ پێشووه‌وه‌ سه‌رۆكایه‌تیی‌ ده‌كرێت، خاوه‌نی‌ 22 كورسی‌ په‌رله‌مانه‌‌و كۆمه‌ڵێك له‌ كه‌سایه‌تیی‌ سه‌ربه‌خۆ‌و شیعه‌‌و سوننه‌ش له‌خۆده‌گرێت، كه‌ له‌ 19 پیاوو 3 ژن پێكدێن، 21 نوێنه‌ریان عه‌ره‌بن‌و ته‌نها یه‌ك ئه‌ندامیشیان توركمانه‌، هه‌رچی‌ لیستی‌ به‌ره‌ی‌ دیالۆگی‌ نیشتمانیشه‌ كه‌ له‌ عه‌ره‌بی‌ سوننه‌ پێكدێن‌و ژماره‌یه‌ك كۆنه‌ به‌عسیش له‌خۆده‌گرێت، له‌لایه‌ن ساڵح موتڵه‌گه‌وه‌ سه‌رۆكایه‌تیی‌ ده‌كرێت، له‌ سه‌ره‌تادا 17 كورسی‌ په‌رله‌مانی‌ مسۆگه‌ر كرد، له‌وانه‌ش 16 پیاوو 1 ژن، به‌ڵام به‌هۆی‌ ناكۆكی نێوان پێكهاته‌كانی‌ ناو لیسته‌كه‌وه‌، به‌ره‌ی‌ دیالۆگ دابه‌شبوو بۆ دوو كوتله‌ی‌ جیاواز‌و 8 ئه‌ندامیان كوتله‌ی‌ (عه‌ره‌بی‌ سه‌ربه‌خۆ)یان پێكهێنا كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌حمه‌د راكانه‌وه‌ سه‌رۆكایه‌تیی‌ ده‌كرێت.

پاشماوه‌ی‌ پێكهاته‌ بچووكه‌كانی‌ تری‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانیش به‌سه‌ر چه‌ند لیستێكدا دابه‌شبووه‌، له‌وانه‌ش یه‌كگرتووی‌ ئیسلامیی‌ كوردستان كه‌ له‌ پێكهاته‌ی‌ كورده‌، خاوه‌نی‌ (5) كورسیی‌ په‌رله‌مانه‌، 4 پیاوو 1 ژنه‌‌و د. محه‌مه‌د ئه‌حمه‌د سه‌رۆكی‌ لیسته‌كه‌یه‌، كوتله‌ی‌ سه‌ربه‌خۆكان كه‌ له‌لایه‌ن د. حاچه‌م حه‌سه‌نی‌ سه‌رۆكی‌ پێشووی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراقه‌وه‌ سه‌رۆكایه‌تیی‌ ده‌كرێت، خاوه‌نی‌ 4 كورسییه‌، 3 پیاوو 1 ژنه‌، كوتله‌ی‌ رسالیوون خاوه‌نی‌ 2 كورسی‌‌و هه‌ریه‌كه‌ش له‌ ئوممه‌ی‌ عێراقی‌‌و به‌ره‌ی‌ توركمانی‌‌و بزووتنه‌وه‌ی‌ یه‌زیدی‌‌و رافیده‌ینیش خاوه‌نی‌ یه‌ك كورسیی‌ په‌رله‌مانن.

له‌گه‌ڵ‌ نزیكبوونه‌وه‌ی‌ واده‌ی‌ هه‌ڵبژاردنه‌ گشتییه‌كانی‌ داهاتوو كه‌ بڕیاره‌ كۆتایی‌ 2009 ئه‌نجام بدرێت، هه‌ندێك له‌ كوتله‌‌و پێكهاته‌كانی‌ ناو په‌رله‌مانی‌ عێراق له‌هه‌وڵی‌ ئه‌وه‌دان بۆ هه‌ڵبژاردنی‌ داهاتوو به‌ قورساییه‌كی‌ زۆره‌وه‌ به‌شداریی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان بكه‌ن، هه‌ندێك لایه‌نی‌ دیكه‌ش له‌ كوتله‌ گه‌وره‌كان جیاده‌بنه‌وه‌‌و له‌گه‌ڵ‌ لایه‌نی‌ تردا كوتله‌ی‌ نوێ‌ پێكده‌هێنن، ئه‌یاد عه‌لاوی‌، سه‌رۆكی‌ لیستی‌ عێراقییه‌، خۆی‌ كۆكردووه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ زۆرترین كه‌سایه‌تیی‌ سه‌ربه‌خۆ‌و ئه‌كادیمی‌ له‌ لیسته‌ نوێكه‌یدا به‌شداریی‌ پێبكات، هه‌رچی‌ ئیبراهیم جه‌عفه‌ری‌ سه‌رۆك وه‌زیری‌ پێشووتری‌ عێراقیشه‌ كوتله‌یه‌كی‌ نوێی‌ پێكهێناوه‌ به‌ناوی‌ ره‌وتی‌ چاكسازی‌‌و بڕیاریداوه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ داهاتوودا به‌جیا له‌ ئیئتیلاف به‌شداریی هه‌ڵبژاردنه‌كان بكات، به‌ وته‌ی‌ د. فوئاد مه‌عسوم، سه‌رۆكی‌ لیستی‌ هاوپه‌یمانی‌ كوردستانیش، كورده‌كان بیریان له‌وه‌كردووه‌ته‌وه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی‌ داهاتوو له‌گه‌ڵ‌ چه‌ند لایه‌نێكی‌ تردا كوتله‌یه‌كی‌ به‌هێز پێك بهێنن‌و به‌ قورساییه‌كی‌ زۆره‌وه‌ به‌شداریی هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ داهاتوو بكه‌ن.

له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ رابردوودا به‌شێكی‌ زۆری‌ سوننه‌كان بایكۆتی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانیان كرد كه‌ به‌ وته‌ی‌ چاودێران زیانێكی‌ زۆریان له‌و هه‌ڵوێسته‌ كرد، بۆیه‌ ئێستا هه‌وڵه‌كانیان چڕكردووه‌ته‌وه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ داهاتوودا به‌شدارییه‌كی‌ كارا بكه‌ن، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش سه‌لام زوبه‌یعی‌، جێگری‌ پێشووی‌ سه‌رۆك وه‌زیری‌ عێراق، لیستێكی‌ نوێی‌ پێكهێناوه‌، عه‌شایه‌ره‌ سوننه‌كانیش خۆیان كۆكردووه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌ لیست به‌شداریی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان بكه‌ن. ئه‌حمه‌د ئه‌بو ریشه‌، سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ عه‌شایه‌ره‌كانی‌ عێراق، له‌ لێدوانێكی‌ رۆژنامه‌وانیدا ئه‌وه‌ی‌ دووپاتكرده‌وه‌ كه‌ عه‌شایه‌ره‌كان به‌ گوڕوتینه‌وه‌ به‌شداریی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ داهاتوو ده‌كه‌ن.

 

Sbeiy.com © 2007