Print
 ئایا ئێران‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌ بۆ سه‌ر ئه‌مه‌ریكا؟
Wednesday, October 8, 2008

 

ئاماده‌كردنی‌: زاگرۆس رێباز

"راسته‌ كه‌ ئێران نه‌بۆته‌ زلهێز، به‌ڵام هه‌ڕه‌شه‌ی‌ حكومه‌تی ئێران چه‌ندیش بچووك بێت هه‌ڕه‌شه‌یه‌" سیناتۆر جۆن ماكین پاڵێوراوی كۆماریه‌كان بۆ پۆستی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مه‌ریكا. 19/5/2008

"ئێران هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی ترسناكه‌، هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی واقیعی، ئامانجی منیش نه‌هێشتنی ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌یه‌یه‌" سیناتۆر باراك ئۆباما، ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی پیران و پاڵێوراوی دیموكراتیه‌كان بۆ پۆستی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مه‌ریكا. 4/6/2008


له‌راپۆرتێكدا كه‌ ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر له‌لایه‌ن جۆن ئایزاكس(John Isaacs) به‌ڕێوه‌به‌ری ته‌نفیزیی سه‌نته‌ری چاودێریی چه‌كسازی ورێگرتن له‌بڵاوبوونه‌وه‌ی چه‌كی ناوكی‌‌و تراڤیس شارپ(Travis Sharp) توێژه‌ری سیاسیی ئه‌و سه‌نته‌ره‌وه‌ له‌واشنتۆن بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، رۆڵی ئێران وه‌ك هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی واقیعیی هه‌نووكه‌یی باسی لێكراوه‌.

ئه‌م راپۆرته‌ رۆژێك به‌رله‌ ده‌سپێكی مانۆری سه‌ربازیی هێزه‌كانی ئێران‌و هه‌ڵدانی ئه‌زموونیی موشه‌كی دوورهاوێژ بڵاوكرایه‌وه‌. كاربه‌ده‌ستانی ئێران ئه‌و مانۆرانه‌یان به‌ وه‌ڵامێك بۆ فشار‌و هه‌ڕه‌شه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی واشنتۆن ودوایین مانۆری هاوبه‌شی ئیسرائیل ــ یۆنان وه‌سفكرد.

كاربه‌ده‌ستانی ئه‌مه‌ریكا‌و له‌نێویاندا كۆندۆلیزا رایسی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌‌و رۆبێرت گیتسی وه‌زیری به‌رگری سه‌ره‌ڕای نیشاندانی ناڕه‌زاییان له‌ ئه‌نجامدانی مانۆڕه‌ سه‌ربازیه‌كانی ئێران، جه‌ختیان له‌سه‌ر واقیعیبوونی هه‌ڕه‌شه‌و مه‌ترسیی ئه‌و وڵاته‌‌و پێویستیی دامه‌زراندنی سوپه‌ری به‌رگری ودژه‌موشه‌كی له‌ ئه‌وروپا (پۆله‌ندا وچیك) بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌و مه‌ترسیانه‌ كرده‌وه‌.

به‌پێی ئه‌و راپۆرته‌، ئایزاكس وشارپ گه‌یشتوونه‌ته‌ ئه‌و ده‌ره‌نجامه‌ی كه‌ له‌كاتی هه‌ڵایسانی شه‌ڕو پێكدادانی سه‌ربازی، ئێران ده‌توانێ‌ كێشه‌ی جۆراوجۆر بۆ ئه‌مه‌ریكا‌و هاوپه‌یمانه‌كانی بێنێته‌ رێ‌، له‌وانه‌ هێرشی راسته‌وخۆ بۆسه‌ر هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌عێراق وسوودوه‌رگرتن له‌هێزه‌كانی حه‌ماس وحزبولڵا بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر ئیسرائیل.

هاوكات ئه‌م دوو توێژه‌ره‌ له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ن كه‌ ئه‌م گرفته‌ واقیعیانه‌ له‌نێو دروشمه‌كانی په‌یوه‌ست به‌ "مه‌ترسیی گریمانه‌یی"ی ئێران (له‌حاڵه‌تی ده‌ستگه‌یشتن به‌چه‌كی ناوكی له‌ئاینده‌دا) كاڵ‌ بوونه‌ته‌وه‌.

به‌پێكبه‌ستنی ئه‌وه‌ی كه‌ ره‌نگه‌ له‌ئاینده‌دا رووبدات‌و ئه‌وه‌ی كه‌ ئێستا له‌گۆڕێدایه‌، كاربه‌ده‌ستانی ئه‌مه‌ریكا هه‌ڕه‌شه‌و مه‌ترسیی ئێران به‌شێوه‌یه‌كی مه‌زنتر له‌ توانا راسته‌قینه‌كانی ئه‌و وڵاته‌ نیشان ده‌ده‌ن.
 


ئێف – 22 راپتۆر

له‌و راپۆرته‌دا توێژه‌ران جه‌خت ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ ده‌بوو ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا هه‌موو هه‌وڵه‌كانی خۆی له‌سه‌ر رێگرتن له‌ گه‌یشتنی تاران به‌ چه‌كی ناوكی چڕ بكاته‌وه‌. ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌ده‌ن كه‌ "كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ كه‌ پراگماتیكانه‌ بڕوانینه‌ پرسی ئێران ــ ئه‌مه‌ریكا، چونكه‌ كورتهێنان له‌بۆچوونه‌كان ده‌رباره‌ی ئێران ئه‌و راستیه‌ی كه‌ (به‌له‌به‌رچاوگرتنی توانا سه‌ربازیه‌ هه‌نووكه‌ییه‌كان، ئێران هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی‌ واقیعی نیه‌ بۆ سه‌ر ئه‌مه‌ریكا) ده‌خاته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌.

ئه‌و راپۆرته‌ توانا سه‌ربازیه‌كانی هه‌ردوو وڵاتی به‌راورد كردووه‌و له‌م خشتیه‌ی خواره‌وه‌دا روونیده‌كه‌ینه‌وه‌:






 * پتر له‌ 40.000 كه‌س له‌ریزی میلیشیایه‌ك له‌ژێر ناوی (به‌سیجی) بۆ به‌رقه‌راركردنی ئاساییشی ناوخۆ و چاودێریی سنوور كارده‌كه‌ن. هێزی به‌سیج له‌ژێر فه‌رمانده‌یی سوپای پاسدارندایه‌. به‌پێی ئاماره‌كان ژماره‌ی ئه‌ندامانی هێزی به‌سیج له‌كاتی هه‌ڵایسانی شه‌ڕدا ده‌بێته‌ 450.000 ــ یه‌ك ملیۆن خۆبه‌خش.

جێی وه‌بیرهێنانه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌م راپۆرته‌ توانای هێزی‌ ریزێرڤ‌و یه‌ده‌گی‌ سوپای ئه‌مه‌ریكا‌و گاردی نیشتیمانی‌و توانای سه‌ربازیی هاوپه‌یمانانی شه‌ڕی ئه‌و دوو وڵاته‌ی له‌به‌رچاونه‌گرتووه‌. هه‌روه‌ها راپۆرته‌كه‌ ئاماژه‌ی نه‌داوه‌ به‌چونیه‌تیی چه‌كه‌كان و كه‌ره‌سته‌ی سه‌ربازی ئه‌و دووڵاته‌، بۆنموونه‌: هێزی ئاسمانیی كۆماری ئیسلامیی ئێران خاوه‌نی فڕۆكه‌ی كۆنی ئێف 14 (Tomcats)ی كۆمپانیای نۆرتروپ گرامن (Northrop Grumman)و مێگ -29ی رووسی، فڕۆكه‌ی  ئێف -7ی چینی‌و موشه‌كهاوێژی كۆنتر یانی ئێف -4، ئێف -5، ئێس یو 5، ئێس یو 24و25 و میراژ ئێف -1 وچونیه‌تی و هێزی ئه‌م فڕۆكانه‌ له‌گه‌ڵ‌ فڕۆكه‌ی وه‌ك ئێف -22 به‌روارد ناكرێت.


سه‌رچاوه‌:
• armscontrolcenter.org
• washingtonprism.org

Sbeiy.com © 2007