Print
 وشكه‌ساڵی‌؛ ده‌رفه‌تێك بۆ گه‌نده‌ڵی‌
Tuesday, October 14, 2008


راپۆرت: نیاز نایف
ساڵی‌ رابردوو كه‌ به‌ ساڵی‌ وشكه‌ساڵی‌ ناسێنرا، زیاتر له‌ هه‌ر ساڵێكی‌ تر جوتیاران زیانیان لێكه‌وت ‌و حكومه‌تیش بڕیاریدا به‌ ته‌رخانكردنی‌ ١٠٠ ملیۆن دینار له‌ هه‌فته‌یه‌كدا بۆ هه‌ر قه‌زایه‌ك، به‌ڵام به‌هۆی‌ گه‌نده‌ڵی‌‌و ناڕێكی‌ له‌ دابه‌شكردنیدا، ئه‌و بودجه‌یه‌ كه‌مكرایه‌وه‌ بۆ 50 ملیۆن دینارو له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌شدا تا ئێستا نه‌توانراوه‌ رێگه‌ له‌ وشكبوونی‌ زه‌وییه‌ كشتوكاڵییه‌كان بگیرێت.

كوردستان‌و وشكه‌ساڵی‌
له‌ ماوه‌ی‌ 60 ساڵی‌ رابردوودا چه‌ندینجار وشكه‌ساڵی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانی‌ گرتووه‌ته‌وه‌ كه‌ مه‌ترسیدارترینیان ساڵی‌ (1948- 1949) بووه‌ به‌ جۆرێك له‌ پارێزگای‌ سلێمانیدا ته‌نها 169ملم باران باریوه‌، به‌دوای ئه‌ودا ساڵی‌ (1949-1950) ته‌نها 182.5ملم باریوه‌، به‌ڵام له‌ ساڵی‌ (1998- 1999)دا جارێكی‌ تر وشكه‌ساڵی‌ كوردستانی‌ گرته‌وه‌ كه‌ له‌ ماوه‌ی‌ 50 ساڵی‌ رابردوودا بێوێنه‌ بووه‌‌و تێیدا له‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ ته‌نها 229.6ملم باران باریوه‌، به‌ڵام به‌رپرسانی‌ ئه‌وكاتی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم به‌مشێوه‌یه‌ی‌ ئێستا بودجه‌ی‌ تایبه‌تیان بۆ وشكه‌ساڵی‌ ته‌رخان نه‌كرد، له‌كاتێكدا رێكخراوی‌ فاو (رێكخراوی‌ خۆراك‌و كشتوكاڵی‌ جیهانی‌ سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان)، له‌سه‌ر بڕیاری‌ 986 سه‌رپه‌رشتیی‌ كه‌رتی‌ كشتوكاڵی‌ هه‌رێمی‌ ده‌كرد. خشته‌ی‌ ژماره‌ 1 ساڵانی‌ وشكه‌ساڵیی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ ده‌رده‌خات، خشته‌ی‌ ژماره‌ 2 رێژه‌ی‌ بارانبارینی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ نیشانده‌دات له‌ ماوه‌ی‌ 17 ساڵی‌ رابردوودا.

زیاتر له‌ 10 ملیار دینار چۆن سه‌رفكرا؟
به‌هۆی‌ كه‌مبارانی‌‌و كه‌مبوونه‌وه‌ی‌ ئاوی‌ ژێرزه‌وی‌‌و وشكبوونی‌ به‌شێكی‌ زۆری‌ زه‌وییه‌ كشتوكاڵییه‌كانه‌وه‌، سه‌رۆكایه‌تیی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم له‌ 22/4/2008ه‌وه‌ هه‌ڵمه‌تێكی‌ بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی‌ وشكه‌ساڵی‌ ده‌ستپێكرد، له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا ده‌یان ملیار دینار دراوه‌ته‌ پارێزگاكان وه‌ك بودجه‌ی‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی‌ وشكه‌ساڵی‌‌و بڕیاریشه‌ هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ تا كۆتایی‌ مانگی‌ نۆڤه‌مبه‌ری‌ ئه‌مساڵ‌ به‌رده‌وام بێت.

له‌ چوارچێوه‌ی‌ ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌شدا بڕی‌ (5) ملیار دینار بۆ پارێزگای‌ هه‌ولێر ته‌رخانكراوه‌و تا ئێستا نزیكه‌ی‌ 4 ملیار دینار له‌و بودجه‌یه‌ سه‌رفكراوه‌، كه‌ به‌ وته‌ی‌ به‌رپرسانی‌ پارێزگای‌ هه‌ولێر به‌شی‌ زۆری‌ ئه‌و پاره‌یه‌ بۆ دابه‌شكردنی‌ ئاو سه‌رفكراوه‌ به‌مه‌به‌ستی‌ چاره‌سه‌ركردنی‌ گرفتی‌ كه‌مئاوی‌‌و دابینكردنی‌ ئاو بۆ گونده‌كان، بۆ ئه‌وه‌ش پارێزگای‌ هه‌ولێر كراوه‌ته‌ 6 كه‌رت‌و رۆژانه‌ له‌ رێگه‌ی‌ 200 تانكه‌ره‌وه‌ ئاو بۆ هاوڵاتییان‌و ئاژه‌ڵانی‌ گونده‌كان دابین ده‌كرێت، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ تا ئێستا زیاتر له‌ 60 بیر له‌و سنووره‌دا لێدراوه‌.

هه‌ر له‌و بودجه‌یه‌ی‌ بۆ وشكه‌ساڵی‌ دراوه‌ته‌ پارێزگاكان له‌ سنووری قه‌زای مه‌ركه‌زی سلێمانی‌و ناحیه‌كانی (تانجه‌رۆ، به‌كره‌جۆ، بازیان) له‌ 25/5/2008 تا 8/10/2008 به‌مه‌به‌ستی‌ رووبه‌إووبوونه‌وه‌ی قه‌یرانی‌ وشكه‌ساڵی، پێنج ملیارو 427 ملیۆن‌و 570 هه‌زارو 54 دینار سه‌رفكراوه‌.

به‌ڵام له‌ ئێستادا ئه‌و بودجه‌یه‌ی‌ كه‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ته‌رخانكراوه‌، به‌ره‌و ته‌واوبوون ده‌چێت‌و له‌ هه‌مانكاتیشدا زه‌وییه‌ كشتوكاڵییه‌كان له‌ بێئاویدا ده‌خنكێن، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ هه‌موو گوندو شارو شارۆچكه‌كانی‌ كوردستان به‌ده‌ست بێئاوییه‌وه‌ ده‌ناڵێنن‌و گه‌ڕه‌كه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی‌ شاره‌كان له‌ ماوه‌ی‌ هه‌فته‌یه‌كدا ته‌نها چه‌ند كاتژمێرێك ئاویان بۆ به‌رده‌درێته‌وه‌، له‌كاتێكدا به‌ وته‌ی‌ به‌رپرسانی‌ پارێزگاكان، به‌شی‌ زۆری‌ ئه‌و چه‌ندین ملیاره‌ بۆ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌ی‌ كه‌مئاوی‌ سه‌رفكراوه‌، له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌شدا زۆرێك له‌ هاوڵاتییان ئه‌گه‌ر خۆیان ئاو نه‌كڕن، یاخود بیری‌ ناو ماڵه‌كانیان نه‌بوایه‌، ئێستا ناچار ده‌بوون گه‌ڕه‌ك‌و گوندو شاره‌كانیان چۆڵبكه‌ن.

له‌لایه‌كی‌ دیكه‌وه‌ لیژنه‌ی‌ كشتوكاڵ‌‌و ئاودێری‌ له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان، له‌ راپۆرتێكدا كه‌ له‌ 28/4/2008دا ئاراسته‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تیی‌ په‌رله‌مان كراوه‌ سه‌باره‌ت به‌ بودجه‌ی‌ ساڵی‌ 2008ی‌ تایبه‌ت به‌ وه‌زاره‌تی‌ كشتوكاڵ‌، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ وشكه‌ساڵی‌ هه‌ردوو وه‌زاره‌تی‌ كشتوكاڵ‌‌و سه‌رچاوه‌كانی‌ ئاو پرۆژه‌ی‌ تێروته‌سه‌لیان ئاراسته‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران كردووه‌و گوژمه‌ی‌ پێویستیان پێشنیاز كردووه‌ "بۆیه‌ داواكارین به‌ په‌له‌ ئه‌م بڕه‌ پارانه‌ ته‌رخان بكرێت".

گه‌نده‌ڵی‌‌و ناڕێكی‌ له‌ دابه‌شكردنی‌ بودجه‌ی‌ وشكه‌ساڵیدا
له‌گه‌ڵ‌ ته‌رخانكردنی‌ ئه‌و ملیاره‌ دینارانه‌ی‌ له‌ بودجه‌ی‌ وشكه‌ساڵی‌ له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانه‌وه‌ بۆ وه‌زاره‌ته‌كانی‌ كشتوكاڵ‌‌و سه‌رچاوه‌ ئاوییه‌كان‌و ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكان دابینكراوه‌، به‌ڵام له‌ زۆرێك له‌ ناوچه‌كاندا نه‌توانراوه‌ وه‌ك پێویست سوود له‌و بودجه‌یه‌ وه‌ربگیرێت‌و به‌هۆی‌ گه‌نده‌ڵی‌‌و ناڕێكی‌ له‌ دابه‌شكردنیدا هیچ كایگه‌رییه‌كی‌ له‌سه‌ر كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ زیانه‌كانی‌ وشكه‌ساڵی‌ نه‌بووه‌.

له‌ راپۆرته‌كه‌ی‌ لیژنه‌ی‌ كشتوكاڵ‌‌و ئاودێری‌ له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستاندا هاتووه‌ "به‌هۆی‌ وشكه‌ساڵییه‌وه‌ وه‌زاره‌تی‌ كشتوكاڵ‌ له‌ راپۆرتی‌ خۆیان بۆ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران داوایان كردووه‌ بۆ ئه‌مساڵ‌ بڕی‌ 30 هه‌زار ته‌ن گه‌نم‌و 3 هه‌زار ته‌ن جۆ بكڕدرێت‌و به‌سه‌ر جوتیاراندا دابه‌شبكرێت، "ئێمه‌ له‌ لیژنه‌ی‌ كشتوكاڵ‌ پشتگیریی‌ وه‌زاره‌ت ده‌كه‌ین بۆ ته‌رخانكردنی‌ بڕی‌ پاره‌ی‌ پێویست بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌".

دابه‌شكردنی‌ پاره‌ به‌بێ‌ وه‌سڵ‌
له‌ بودجه‌ی‌ وشكه‌ساڵی‌ بإی‌ 100 ملیۆن دینار له‌ هه‌فته‌یه‌كدا بۆ هه‌ر ناوچه‌یه‌ك دابینكرابوو بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و جوتیارانه‌ی‌ كه‌ به‌هۆی‌ وشكه‌ساڵییه‌وه‌ زیانیان پێگه‌یشتووه‌، به‌ڵام به‌هۆی‌ گه‌نده‌ڵی‌و ناڕێكی‌ له‌ دابه‌شكردنیدا كه‌مكرایه‌وه‌ بۆ (50) ملیۆن دینار له‌ هه‌فته‌یه‌كدا.

شاره‌زوور یه‌كێكه‌ له‌و ناوچانه‌ی‌ كه‌ تێیدا پاره‌ی‌ وشكه‌ساڵی‌ بێ‌ وه‌سڵ‌ دابه‌شكراوه‌و زۆرینه‌ی‌ ئه‌و پاره‌یه‌ی‌ سه‌رفكراوه‌ نازانرێت چۆن‌و به‌ كێ‌ دراوه‌، هه‌ربۆیه‌ دواتر ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ بڕیاریدا بودجه‌ی‌ دیاریكراوی‌ ناوچه‌كه‌ بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی‌ وشكه‌ساڵی‌ له‌ 100 ملیۆن دیناره‌وه‌ كه‌مبكاته‌وه‌ بۆ 50 ملیۆن دینار، له‌ هه‌مانكاتدا هاوڵاتییانی‌ گونده‌كان گله‌ییان له‌وه‌ هه‌یه‌ ئه‌و بڕه‌ خۆراك‌و ئالیكه‌ی‌ كه‌ له‌ چوارچێوه‌ی‌ بودجه‌ی‌ وشكه‌ساڵیدا بۆ ئاژه‌ڵه‌كانیان پێیاندراوه‌، ناعه‌داله‌تی‌ تێدابووه‌‌و به‌ یه‌كسانی‌ نه‌دراوه‌ پێیان، بۆ نموونه‌ خه‌ڵك هه‌بووه‌ دوو سه‌ر ئاژه‌ڵی‌ هه‌بووه‌ كه‌چی‌ ئالیكی‌ چل سه‌ری بۆ نووسراوه‌، ماڵ‌ هه‌یه‌ ئاژه‌ڵی‌ نییه‌، كه‌چی قه‌ره‌بووكراوه‌ته‌وه‌.

زیاتر له‌ نیوه‌ی‌ به‌رهه‌مه‌ كشتوكاڵییه‌كان له‌ناوچوون
سه‌رباری‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا چه‌ندین ده‌شتی‌ به‌پیت‌و فراوانی‌ كشتوكاڵی‌ هه‌یه‌ كه‌ تا ئێستا وه‌ك پێویست سوودیان لێوه‌رنه‌گیراوه‌، ئه‌مساڵیش به‌هۆی‌ وشكه‌ساڵییه‌وه‌ زۆربه‌ی‌ ئه‌و به‌روبوومانه‌ی‌ كه‌ به‌رهه‌مهێنرابوون وشكبوون‌و له‌ناوچوون.


به‌ ته‌نها له‌ سنووری‌ ده‌شتی‌ بتوێندا ٢٢ هه‌زارو پێنج سه‌د دۆنم زه‌وی‌ دێم‌و ١٧ هه‌زارو 600 دۆنم زه‌وی‌ به‌راو هه‌یه‌، بۆ ئه‌م زه‌ویانه‌ش 19 هه‌زار جوتیار له‌ سنووره‌كه‌دا سه‌رقاڵی‌ كشتوكاڵكردنن، به‌ وته‌ی‌ به‌رپرسانی‌ هۆبه‌ی‌ كشتوكاڵیی‌ بتوێن، ئاستی‌ به‌رهه‌مهێنانی‌ كشتوكاڵی‌ له‌مساڵدا به‌ به‌راورد به‌ ساڵی‌ رابردوو، به‌ رێژه‌ی‌ ٦٠٪ كه‌می‌ كردووه‌.

له‌ شاره‌زووریش كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ گه‌وره‌ترین‌و سه‌ره‌كیترین ده‌شته‌ كشتوكاڵییه‌ به‌پیته‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، به‌رپرسانی‌ كشتوكاڵیی‌ ناوچه‌كه‌ باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن وشكه‌ساڵی‌ كاریگه‌رییه‌كی‌ خراپی‌ كردووه‌ته‌ سه‌ر ژیانی ئاژه‌ڵ‌‌و مرۆڤ‌و به‌روبوومه‌ كشتوكاڵییه‌كان، به‌وهۆیه‌وه‌ ئه‌مساڵ‌ نزیكه‌ی‌ ٦٥٪ی‌ به‌روبوومه‌ كشتوكاڵییه‌كانی‌ ناوچه‌كه‌ فه‌وتاون‌و وشكبوون.

به‌پێی‌ پرۆژه‌یاسای پاراستنی به‌روبوومی كشتوكاڵ‌ كه‌ له‌ دانیشتنه‌كانی رابردووی په‌رله‌ماندا خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌می بۆكراوه‌و له‌ 15 ماده‌ پێكهاتووه‌، ده‌بێت حكومه‌ت به‌شداریی‌ بكات له‌ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی‌ خاوه‌ن كێڵگه‌و پرۆژه‌كانی‌ كشتوكاڵ‌ له‌ حاڵه‌تی‌ له‌ناوچوون‌و زیان پێگه‌یشتنیان له‌ ئه‌نجامی‌ كاره‌ساته‌ سروشتییه‌كاندا، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ ئه‌و پرۆژه‌یاسایه‌ چه‌ندین ماده‌ی‌ گرنگی‌ دیكه‌ی‌ تێدایه‌ بۆ په‌ره‌پێدانی‌ زه‌وییه‌ كشتوكاڵییه‌كان‌و زیادكردنی‌ به‌رهه‌م‌و دابینكردنی‌ بازاڕ بۆ به‌روبوومه‌ كشتوكاڵییه‌كان، به‌ڵام ئه‌م پرۆژه‌یاسایه‌ تا ئێستا له‌ په‌رله‌ماندا ماوه‌ته‌وه‌و ده‌نگی‌ له‌سه‌ر نه‌دراوه‌.

چۆڵبوونی‌ گونده‌كان
له‌گه‌ڵ‌ سه‌رفكردنی‌ ئه‌و بڕه‌ پاره‌ زۆره‌شدا كه‌ تا ئێستاو له‌ ماوه‌ی‌ (5) مانگی‌ رابردوودا له‌ پارێزگاكانی‌ هه‌رێمدا سه‌رفكراوه‌، له‌ زۆربه‌ی‌ ناوچه‌كانی‌ كوردستاندا چه‌ندین گوند له‌ بێئاویدا چۆڵكراون‌و دانیشتووانه‌كه‌ی‌ ماڵه‌كانیان جێهێشتووه‌، جگه‌ له‌وه‌ی‌ زۆرێك له‌ گونده‌كانی‌ تری‌ كوردستان مه‌ترسیی‌ وشكه‌ساڵییان له‌سه‌ره‌و ئه‌گه‌ری‌ ئه‌وه‌ هه‌یه‌ ژماره‌یه‌كی‌ دیكه‌یان به‌ره‌و چۆڵبوون بچن.

هاوڵاتییانی‌ گوندی‌ شیره‌مه‌ڕ كه‌ گوندێكی‌ سه‌ر به‌ ناحیه‌ی‌ خورماڵه‌، وه‌ك ده‌یان گوندی‌ تری‌ كوردستان به‌هۆی‌ وشكه‌ساڵییه‌وه‌ هاواریان لێهه‌ستاوه‌‌و ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن ئه‌گه‌ر حكومه‌ت به‌ زوویی‌ پێداویستییه‌كانی‌ وشكه‌ساڵییان بۆ جێبه‌جێ‌ نه‌كات، پێده‌چێت هه‌موو خه‌ڵكی‌ ئاواییه‌كه‌ چۆڵی‌ بكه‌ن.

له‌ سنووری‌ گه‌رمیان ژماره‌یه‌كی‌ به‌رچاوی‌ گونده‌كان وشكه‌ساڵی‌ به‌ره‌و چۆڵبوونی‌ بردوون، تیله‌كۆ یه‌كێكه‌ له‌ ناحیه‌كانی‌ گه‌رمیان كه‌ زیاتر له‌ 80 ماڵی‌ تێدا بووه‌‌و ئێستا چۆڵبووه‌و كه‌سی‌ تێدا نه‌ماوه‌، هه‌روه‌ك تیله‌كۆی‌ قورباته‌ گوندێكی‌ تری‌ سنووره‌كه‌یه‌ له‌ 8 ماڵ‌ یه‌ك ماڵی‌ تێدا ماوه‌ كه‌ خاوه‌نه‌كه‌ی‌ ده‌ڵێت: "دوای‌ وشكبوونی‌ كانی‌‌و سه‌رچاوه‌ی‌ ئاوه‌كانمان بیرمان لێدا، به‌ڵام به‌ 70 مه‌تر نه‌گه‌یشته‌ ئاو"، له‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌و له‌ ناحیه‌ی‌ ئاوه‌ سپی‌ له‌ كۆی‌ 37 گوند زیاتر له‌ (5) گوند به‌هۆی‌ وشكه‌ساڵییه‌وه‌ چۆڵكراون.


Sbeiy.com © 2007