سازدانی: عه‌بدوڵڵای مه‌لا نوری
چه‌تۆ ساڵح له ساڵی 1968 له كه‌ركوك له‌دایكبووه، خوێندكاری دواقۆناغی كۆلێژی زانسته رامیارییه‌كانی زانكۆی سلێمانییه، چه‌ندین خولی سهربازیو ئهمنیو هه‌واڵگری له ده‌ره‌وه‌و ناوه‌وه‌ی كوردستان بینیوه، خاوه‌نی 8 شه‌هیده له براو باوك، ئێستاش به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی پۆلیسی گه‌رمیانه.
له‌دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی هێزه‌كانیان له ناوچه‌كانی تبچو حه‌مرین، له باره‌ی چالاكی‌و په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ هیزه‌كانی ئهمریكاو بایه‌خی ناوچه‌كه‌و چه‌ند بابه‌تی دیكه بۆ رۆژنامه دوا.
* سه‌ره‌تا ئێوه چۆن رۆیشتنه ناوچه‌كانی تبچ؟
- ئێمه له 20ی حوزه‌یران ئاگاداركراین كه كۆبوونه‌وه‌یه‌ك هه‌یه له سه‌ربازگه‌ی كوبرا له ناوچه‌كانی سه‌عدیه- جه‌له‌ولا، كه هێزی ئه‌مریكییه‌كان تێیدا نیشته‌جێن، به‌هۆی بوونی فه‌راغی ئیداری‌و ئهمنیو سه‌ربازی له‌و ناوچه‌یه‌دا، داوامان لێكرا له‌لایه‌ن هه‌ریه‌كه له هێزه‌كانی ئهمریكاو ئیداره‌ی دیاله‌وه كه ئه‌و فه‌راغه پإبكهینهوه، ئێمه‌ش پرسی هه‌ریه‌كه له وه‌زیری ناوخۆ‌و لیژنه‌ی باڵای ئه‌منیمان كرد، ئه‌وانیش ره‌زامه‌ندییان پیشاندا بۆ ئه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئێمه بڕۆنه ناوچه‌كه، له مانگی شه‌شدا هێزه‌كانی ئێمه‌و هێزێكی پۆلیسی دارستان‌و هێزێكی پۆلیسی نه‌وت كه تا كۆتایی له گه‌ڵمان مانه‌وه، هه‌روه‌ها چه‌ند هێزێكی دیكه‌ش به‌شێوه‌ی كاتی هاوكارمان بوون رۆیشتینه ناوچه‌كه.
* به كورتی ده‌توانی ئاماژه بكه‌یت به چالاكییه‌كانتان له ماوه‌ی مانه‌وه‌تان له ناوچه‌كه‌دا؟
- دیاره ماوه‌ی 87 رۆژ له ناوچه‌كانی تبچو حه‌مریندا ماینه‌وه، له‌و ماوه‌یه‌دا توانیمان 31 گوندی عهرهبنیشین له تیرۆریستان پاكبكه‌ینه‌وه هه‌روه‌ها ژماره‌یه‌كی زۆر تێروریست دهستگیربكهینو بكوژین، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی ده‌ستمان گرت به‌سه‌ر ژماره‌یه‌كی زۆری چهكو ته‌قه‌مه‌نی، هه‌روه‌ها توانیمان چه‌ندین مۆڵگه‌و حه‌شارگه‌ی تیروریستان تێكبده‌ین، ئه‌و رووبه‌ره‌ی كه پاكمانكردووهتهوه به رووپێوی ئه‌مریكییه‌كان به 84 كیلۆمه‌تری چوارگۆشه دانراوه.
* تازه‌ترین چالاكیتان چی بووه كه تا ئێستا كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن باسی نه‌كردووه؟
- پێشتر توانیمان سێ گروپی ترسناك ده‌ستگیربكه‌ین كه دانیان به تاوانه‌كانیاندا نابوو، هه‌روه‌ها له رێگه‌ی كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندنه‌وه پیشاندران، به‌ڵام له تازه‌ترین چالاكیماندا توانیومانه دوو گروپی دیكه‌ی ترسناك ده‌ستگیربكه‌ین كه نزیكه‌ی 20 كه‌س دهبنو دانیان به تاوانی جۆراوجۆردا ناوه، به جۆرێك تێیاندایه 16 تاوانی گه‌وه‌ری ئه‌نجامداوه، هه‌روه‌ها كه‌سی تێدایه پۆلیسه له ریزی پۆلیسی عێراقی كه ئه‌مه‌ش شتێكی تازه‌یه، ده‌وترێت خه‌ڵكیشیان تێدایه پارێزه‌ره، به‌ڵام تا ئێستا به‌هۆی سه‌رقاڵییه‌وه نه‌مانتوانیوه له كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن پیشانیان بده‌ین.
* له‌و ماوه‌یه‌دا په‌یوه‌ندیتان له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی ئه‌مریكادا چۆن بوو؟
- له چوارچێوه‌ی كارماندا توانیمان خوێندنه‌وه‌مان هه‌بێت له‌سه‌ر بیروبۆچوونو شێوازی كاری ئه‌وان، له رووی ته‌كنیكی سهربازیو هه‌روه‌ها بواری سیاسی‌و بواری ههواڵگریو بواره‌كانی دیكه‌ش، زانیمان چیان پێ باشه‌و چیان به‌لاوه خراپه، وامانكرد هاوشیوه‌ی ئه‌وان ئه‌ركه‌كانمان راپه‌ڕێنین، ئه‌مریكییه‌كانیش له ئێمه‌وه خوێندنه‌وه‌یان هه‌بووه بۆ میلله‌تی كورد، له سوپاسنامه‌یه‌كدا كه پێشكه‌شی ئێمه‌یان كردووه ئاماژه‌یان پێداوه، واته توانیمان به‌گوێره‌ی رێنماییه‌كانی ئه‌وان چالاكییه‌كانمان ئهنجامبدهینو متمانه‌یان لا دروستبكه‌ین‌و دواتریش ئاسووده‌یان بكه‌ین، له راستیدا په‌یوه‌ندییه‌كانمان توندوتۆڵ بوو.
* ده‌توانی پێمان بڵێی ئه‌مریكییه‌كان وه‌ك هێزێكی نیزامی هه‌ڵسوكه‌وتیان ده‌كرد له‌گه‌ڵتان یان وه‌ك هێزێك كه ته‌نها له ماوه‌یه‌كی دیاریكراودا كاریان پێتانه؟
- ده‌توانم بڵێم هه‌ردووكیان، وه‌ك هێزێكی نیزامی چونكه ئه‌وان ده‌یانزانی ئێمه فیعله‌ن هێزیكی نیزامینو به بهرنامهإێژی كارده‌كه‌ین‌و خاوه‌نی باكگراوندێكی سه‌ربازین، هه‌روه‌ها شارهزاییو ئه‌زموونمان هه‌یه، له‌و ماوه‌یه‌ش سه‌لماندمان بۆیان‌و كاری باشمان له‌گه‌ڵ كردن، بۆ نموونه؛ گروپێكی 18 كه‌سیمان به كۆپته‌ره‌كانی ئه‌وان توانیان له ناو شاره‌باندا چالاكییه‌كی سه‌ركه‌وتوو ئه‌نجامبده‌ن، دواتریش وایانلێهات له‌گه‌ڵ ئۆتۆمبیله‌كانی ئێمه سه‌رده‌كه‌وتن، ئێمه‌ش له‌گه‌ڵ ئه‌وان سه‌رده‌كه‌وتین، ئه‌م په‌یوه‌ندییانه له كاتێكدایه ئه‌مریكییه‌كان به هیچ جۆرێك متمانه‌یان به هێزی پۆلیسی عێراقی‌و سوپای نوێی عێراق نییه.
* كه‌واته ده‌كرێت بڵێین ئه‌مریكییه‌كان پابه‌ندبوون به سنووری ده‌سه‌ڵاتی ئێوه‌وه وه‌ك هێزیكی نیزامی؟
- به‌ڵێ، چه‌ندین جار له كاتی گرتنی خه‌ڵكدا یان له كۆڕ‌و كۆبوونه‌وه‌كان له‌گه‌ڵ عه‌ره‌بی دانیشتووی ناوچه‌كه‌دا، ئه‌مریكییه‌كان به خه‌ڵكیان راده‌گه‌یاند كه ئه‌و هێزه‌ی ئێمه به‌رپرسی ناوچه‌كه‌یه‌و هه‌ر ئه‌وانیش به‌رپرسن له گرتن‌و به‌ردانی خه‌ڵك‌و هه‌ر كارێكی دیكه له‌و ناوچه‌یه‌دا، ئێمه‌یان به حاكمی ناوچه‌كه ناوزه‌د ده‌كرد، له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه له مانگی ره‌مه‌زاندا كه سه‌ردانیان ده‌كردین ئه‌وانیش وه‌ك ئێمه هیچیان نه‌ده‌خوارد تا دواتر پێمانوتن دینی ئێمه جیاوازه له دینی ئێوه، ئاساییه خواردن بخۆن.
* هاوكاریی هێزه ئه‌مریكاییه‌كان بۆ ئێوه له چ روویه‌كه‌وه بوو؟
- له رووی مادییه‌وه داوامان لێنه‌كردوون ئه‌وانیش هاوكاریی مادییان نه‌كردووین، ته‌نها هاوكاریی لۆجسكییان كردووین، هاوكاریی زانیاریی یان سهربازیو ئاسمانی بووه، بوونی هێزی ئه‌مریكاش له‌گه‌ڵمان خۆی له‌خۆیدا هێزێكی مه‌عنه‌وی باشه، له راستیشدا له زۆر رووه‌وه سوودمان لێیان بینی.
* له ماوه‌ی مانه‌وه‌تان به‌دڵنیاییه‌وه پێویستان به بودجه‌ی تایبه‌ت هه‌بووه، چ لایه‌نێك ئه‌و بودجه‌یه‌ی بۆ تهرخاندهكردن؟
- بهإێوهبهرایهتی خۆمان بودجه‌ی تایبه‌تی هه‌یه، له سه‌ره‌تای رۆیشتنماندا بڕێك پاره‌ی فه‌رمانگه‌و هه‌ندێك پاره‌ی خۆمم له‌گه‌ڵ خۆمان برد، نه‌مانده‌زانی بارودۆخه‌كه چۆن ده‌بێت دواتر وه‌زیری ناوخۆ له رێگه‌ی ئیداره‌ی گشتییه‌وه بإێك پاره‌ی باشی بۆ ناردین، هه‌میشه له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ناوخۆوه زیاد له پێویست هاوكاریی ده‌كراین.
* ئایا له ماوه‌ی چالاكیتان هیچ به‌ڵگه‌یه‌كتان به‌رده‌ستكه‌وت كه ده‌ستێوه‌ردانی وڵاتانی دراوسێ بسه‌لمێنێت؟
- نه‌گه‌یشتینه ئه‌و راده‌یه، به‌ڵێ ده‌زانین‌و بۆچوونمان هه‌یه كه رێكخستنه‌كانی قاعیده له‌لایه‌ن وڵاتانی هه‌رێمه‌كه‌وه هاوكاریی ده‌كرێن، چونكه بۆمان ده‌ركه‌وت چهكو تاكاتیكو شارهزاییو ئهزموونو چالاكییان به‌خۆیان ناكرێت به‌و شێوه‌یه‌ی كه ئێستا ئه‌نجامی ده‌ده‌ن، به‌ڵكو ده‌ستی ده‌ره‌وه‌ی له‌پشته.
* ئایا له‌ناو ئه‌و گروپانه‌ی كه گیراون رێژه‌ی كورد چۆن بووه؟
- تا ئێستا كوردێكیان له‌گه‌ڵ بووه له‌و گروپه‌ی كه له ناوچه‌كانی دووزخورماتوو ده‌ستگیرمان كرد.
* هیچ كه‌سێكتان ده‌ستگیركردووه كه له‌گه‌ڵ گروپی ناو شاره‌كانی كوردستان په‌یوه‌ندییان هه‌بووبێت؟
- فیعله‌ن ده‌ڵێن ئه‌نساری سوننه له ناوچه‌كه‌دا هه‌یه كه پێشتر له ناوچه‌كانی هه‌ڵه‌بجه بوون، به‌ڵام ئێمه لێمان نه‌گرتوون، هه‌روه‌ها له قۆڵێكی شهإهكهشدا براده‌رانی خۆمان باسی ئه‌وه‌یان ده‌كرد كه به كوردی بانگیان لێكراوه ئیتر هیچ زانیاریی دیكه‌مان نییه.
* بایه‌خی ناوچه‌كانی حه‌مرین كه پاكتان كرده‌وه له چیدایه بۆ كورد؟
- حه‌مرین به فه‌سڵی سنووری ئێمه‌و حكومه‌تی عێراقی ده‌ژمێرێت، به‌نیسبه‌ت كورده‌وه ئه‌و ناوچانه ره‌هه‌ندێكی میژوویی هه‌یه، له راستیدا شانازییه كه بۆ یه‌كه‌مجار توانیمان به ئاڵای كوردستانه‌وه بڕۆینه ئه‌و ناوچانه، به ره‌زامه‌ندی‌و گڵۆپی سه‌وزی ئه‌مریكییه‌كان توانیمان له حه‌مریندا شهإبكهین دژی ئه‌وانه‌ی كه نامۆن به كورد یان ئه‌وانه‌ی كه جێگه‌یان حه‌مرین نییه.
* كه‌واته ده‌توانن پێمان بڵێن به عه‌ره‌بی ناوچه‌كه‌تان راگه‌یاند كه حه‌مرین ناوچه‌یه‌كی كوردییه؟
- به‌ڵێ به‌شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ ئه‌و په‌یامه‌مان دا به خه‌ڵكی ناوچه‌كه، بۆ خۆشیان تێگه‌یشتن.
* ده‌كرێت بڵێین مانه‌وه‌ی ئێوه له ماوه‌ی 3 مانگدا له ناوچه‌كانی حه‌مرین سیمای كوردبوونی بۆ ناوچه‌كه گه‌ڕانده‌وه به‌شێوه‌یه‌كی هه‌میشه‌یی؟
- به‌ڵێ، به‌و مه‌رجه‌ی ئه‌و برا پێشمه‌رگانه‌ی كه جێگه‌ی ئێمه‌یان گرتووه‌ته‌وه به‌هه‌مان نهفهسو بیركردنه‌وه‌ی ئێمه ئه‌ركی خۆیان راپهإێنن، كه ئێمه توانیبومان هاوسه‌نگیی رابگرین.
* پێتانوایه بارودۆخی ناوچه‌كه به ئارامی بمێنێته‌وه به‌تایبه‌تی له‌دوای ئه‌وه‌ی ئێوه ناوچه‌كه‌تان چۆڵ كرد‌و هێزێكی پێشمه‌رگه جێگهتانی گرته‌وه، ئێستاش ده‌بینرێت دوای ئێوه ته‌قینه‌وه له جه‌له‌ولا روویداوه‌و هێرش كراوه‌ته سه‌ر ماڵی خه‌ڵكی؟
- ئه‌و ئارامییه نامێنێت كه له سه‌رده‌می ئێمه‌دا باڵی به‌سه‌ر ناوچه‌كه‌دا كێشابوو، به‌ڵكو ناوبه‌ناو دزه ده‌كه‌نه ناوچه‌كه، به‌ڵام وه‌كو پێش رۆیشتنی ئێمه‌شی لێنایه‌ته‌وه كه ئه‌و گروپانه به‌سه‌ر ناوچه‌كه‌دا زاڵبوون.
* هۆكاری كه‌مبوونه‌وه‌ی ئارامیی له ناوچه‌كه‌دا بۆچی ده‌گه‌ڕێنیته‌وه له‌دوای نه‌مانی هێزه‌كانی ئێوه؟
- له راستیدا كۆمه‌ڵێك هۆكار هه‌یه، له‌وانه: مانه‌وه‌ی ئه‌و ماوه زۆره‌ی ئێمه له ناوچه‌كه‌دا وایكرد به‌رچاو روونیمان ههبێتو شاره‌زای ناوچه‌كه بووین، دووه‌م هێزه‌كه‌مان مونه‌زه‌م بوو هه‌روه‌ها له رووی پێداویستی چهكو تهقهمهنیو ئۆتۆمبیله‌وه له‌وان باشتر بووین.
* ئه‌و رۆڵه‌ی كه ئێوه له ناوچه‌كه‌دا گێڕاوتانه تا چه‌ند كاریگه‌ره له‌سه‌ر ماده‌ی 140؟
- هه‌بوونی هێزێكی كوردی له ناوچه‌یه‌كدا كه زۆرینه‌ی دانیشتووانه‌كه‌ی عه‌ره‌به بۆ خۆی ده‌ستكه‌وته، ده‌توانم بڵێم كارئاسانیی زیاتر ده‌كات بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌و ماده‌یه، به‌ڵام ده‌بێت له په‌نای ئه‌و هێزه‌شدا حكومه‌تی خۆمان ده‌ستی خزمه‌تگوزاریی بگه‌یه‌نێته ئه‌و ناچانه.
* جیاوازیی ئۆپراسیۆنی هێزه‌كانی ئێوه له سنووری حه‌مریندا چی بوو له‌گه‌ڵ ئه‌و هێزانه‌ی كه پێشتر هه‌وڵی پاككردنه‌وه‌ی ناوچه‌كه‌ی دابوو له گروپه توندڕه‌وه‌كان؟
_جیاوازیی كاری ئێمه ئه‌وه بوو كه به‌شێوه‌ی لێدان له به‌ره‌كانی ئه‌و گروپانه ده‌ستمان پێدهكردو دواتر له‌و شوێنانه‌ی پاكمان ده‌كرده‌وه ده‌ماینه‌وه، ئه‌مه‌ش به‌نیسبه‌ت ئه‌و گروپانه‌وه شتێكی نوێ بوو كه پێشتر له‌دوای شه‌ڕه‌كان دووباره ناوچه‌كه چۆڵ ده‌كرا بۆ ئه‌و گروپانه، به‌ڵام مانه‌وه‌ی ئێمه وایكرد دابڕان دروستبێت له‌نێوان ئه‌و چه‌كدارانه‌و ئه‌و رێكخستنانه‌ی كه له ناوچه‌كه‌دا هه‌یانبوو.
* له‌سه‌ر ئاستی وڵاتانی هه‌رێمه‌كه بایه‌خی پاككردنه‌وه‌ی ئه‌و ناوچه‌یه له چیدایه له رووی رێگه‌گرتن له گواستنه‌وه‌ی هاوكاریی بۆ ئه‌و گروپانه؟
- ئه‌و ناوچه‌یه هێڵی داخلبوونی نێوده‌وڵه‌تییه، كه ئێران له ناوچه‌كانی نهوتخانهی سه‌ر به قه‌زای خانه‌قییه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه به ناوچه‌كانی موسڵه‌وه‌و له‌وێشه‌وه بۆ هه‌ریه‌كه له وڵاتانی توركیا‌و سوریا.
* به كورتی هۆكاری سه‌رهه‌ڵدانی توندوتیژی له‌و ناوچه‌یه‌دا بۆچی ده‌گه‌ڕێنیته‌وه؟
- دواكه‌وتوویی خه‌ڵكی ناوچه‌كه، زاڵبوونی گروپه تیرۆریستییه‌كان له‌وێدا، نه‌بوونی خزمه‌تگوزاریی له‌و ناوچه‌یه‌دا، ئه‌مانه هۆكاری سه‌ره‌كین كه به‌و شێوه‌یه توندوتیژی له‌وێدا بره‌وی هه‌بێت به جۆرێك كاری تیرۆریستی وه‌كو مۆدێلی لێهاتووه.
* رای ئیداره‌ی دیاله له‌سه‌ر هێزه‌كانی ئێوه له‌و ناوچه‌یه چۆن بوو كه له رووی ئیدارییه‌وه سه‌ر به دیاله‌یه؟
- په‌ندێكی عه‌ره‌بی هه‌یه ده‌ڵێت نانم لێبسێنهوه به‌ڵام ئاسایشم پێ ببه‌خشه، له راستیدا ئێمه وامانكرد، خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌مان ئاسوودهكرد، پێش چوونی ئێمه ئه‌و ناوچه‌یه له‌نێوان دووبه‌رداشدا بوو، یه‌كێكیان تیرۆریستان بوو كه هه‌موو شتێك له‌وێدا ده‌بوایه به دڵی ئه‌وان بوایه، بۆ نموونه سه‌ته‌لایت ده‌بوو له ده كه‌ناڵ زیاتر وه‌رنه‌گرێت له‌وانه؛ جزیره‌و ئیقرهو چه‌ند كه‌ناڵی عه‌ره‌بی، یان ده‌بوو پێكه‌نین به دڵی ئه‌و گروپانه بوایه، دووه‌میان حكومه‌تی مه‌ركه‌زی به هیچ شێوه‌یه‌ك له‌و ماوه‌یه‌دا نه‌یتوانیوه ده‌ستی خزمه‌تگوزاریی بگه‌یه‌نێته ئه‌و ناوچانه، له‌م نێوانه‌دا ئه‌و خه‌ڵكه زه‌ره‌رمه‌ند بوونه، هه‌روه‌ها سه‌رۆكه‌كانی عه‌شایه‌ری ناوچه‌كه هیچ رۆڵێكیان نه‌مابوو، به رۆیشتنی ئێمه رۆلیان بۆ گه‌ڕایه‌وه، له‌به‌ر ئه‌و هۆكارانه به‌شێكی زۆری ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای دیاله، بوونی ئێمه‌یان له ناوچه‌كه‌دا پێ باش بوو، له هه‌مانكاتدا خه‌ڵكی ناوچه‌كه مانه‌وه‌ی ئێمه‌یان پێ باشتربوو له بوونی هێزی شیعه له‌و ناوچه‌یه‌دا، كه‌واته كورد له رووی مه‌زهه‌بیشه‌وه سوودمه‌ند بوو.
* مانه‌وه‌تان له ماوه‌ی 87 رۆژدا، چی تازه‌ی فێری هێزه‌كانتان كرد؟
- هه‌رچه‌ند بۆ خۆم‌و برا ئهفسرهكانیشمان پێشتر ئه‌زموونیان هه‌بوو، به‌ڵام بۆ براده‌رانی پۆلیسی پله‌ی خواره‌وه ده‌توانم بڵێم ئێستا ئه‌زموونیان هه‌یه له‌سه‌ر شێوازی موداههمهكردنی هێزه‌كانی قاعیده‌و تاكتیك‌و شێوه‌ی شه‌ڕو خۆشاردنه‌وه‌و ئه‌و شێوازه تازانه‌ی كه ئه‌و گروپانه كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌ن.
* كه‌واته به كورتی ده‌ستكه‌وتی ئه‌و ماوه‌یه‌تان چی بوو؟
- هێزه‌كانمان رۆیشتنه ناوچهیهكو كۆنترۆڵیان كرد كه پێشتر كورد خه‌وی پێوه ده‌بینی، هێزیكمان ده‌ركرد كه وڵاتێكی وه‌ك ئه‌مریكا به‌ده‌ستییه‌وه ده‌ناڵێنێت، خه‌ڵكێكی زۆرمان رزگار كرد له ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و گروپه توندڕه‌وانه، له‌لایه‌كی دیكه‌وه توانیمان هاوكێشه‌ی سیاسی‌و جوگرافی ناوچه‌كه بگۆڕین، هه‌روه‌ها توانیمان ببینه پردێكی په‌یوه‌ندی له‌نێوان كورد‌و عه‌ره‌بی ناوچه‌كه‌دا كه پێشتر نامۆبوون به كورد، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی ئه‌مریكا تێگه‌یشت كه هێزه‌كانی ئێمه هێزێكی ئاسایی نییه.
* په‌یوه‌ندیتان له‌گه‌ڵ دادگاكان‌دا چۆنه له كاتێكدا ئێوه ده‌یان كه‌س ده‌گرن دواتر له‌لای ئێوه دان به تاوانه‌كانیاندا ده‌نێن؟
- له‌گه‌ڵ دادگاكان‌دا هیچ په‌یوه‌ندییه‌كمان نه‌بووه چونكه كاره‌كانی ئێمه زیاتر سیاسییه، ئه‌وه‌ش سه‌رپێچیی یاسا نییه له‌به‌رئه‌وه‌ی له ناوچه‌یه‌كدا كارمان كردووه كه ده‌ره‌وه‌ی قه‌واره‌ی حكومه‌تی هه‌رێمه، دواتر ئه‌و گیراوانه‌ش پێویستیان به بڕیارێكی سیاسی ده‌بێت، ئالیهتێكیان بۆ ده‌دۆزرێته‌وه له‌سه‌ر چۆنییه‌تی بإیاردان له‌سه‌ریان.
* له ماوه‌ی كارتان تا چه‌ند پابه‌ند بوونه به بنه‌ماكانی مافی مرۆڤه‌وه؟
- ئه‌گه‌ر بڵێم له100%، وانییه، چونكه ئێمه له ناوچه‌یه‌كدا چالاكیمان هه‌بووه تایبه‌ت بووه، به‌ڵام كارێكی وامان نه‌كردووه ناِڕهزایی گه‌وه‌ره هه‌بێت، هه‌رچه‌نده ئیجرائات كراوه به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وه‌ش بزانرێت ئه‌و ناوچه‌یه سلێمانی‌و كه‌لار نییه.
* رای تۆ له‌سه‌ر بۆردومانی ئه‌م دواییه‌ی باره‌گای پێشمه‌رگه چییه له‌لایه‌ن هێزی ئاسمانیی ئه‌مریكاوه؟
- من گه‌یشتمه ئه‌و باوهإهی كه به هه‌ڵه بووه، چونكه كاتێك له‌گه‌ڵ به‌رپرسی ئه‌مریكییه‌كان پێكه‌وه رۆیشتینه شوێنی رووداوه‌كه، ئه‌و به‌رپرسه‌ی كه له‌گه‌ڵمان بوو وتی ئه‌وه‌ی فڕۆكه‌كان ئه‌نجامیان داوه كارێكی ئه‌حمه‌قانه بووه، هه‌ر ئه‌وه‌ش وایكرد دواتر له رێگه‌ی وه‌زیری ناۆخۆوه كاربكرێت بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی زیانه‌كانی رووداوه‌كه له‌لایه‌ن ئه‌مریكییه‌كانه‌وه، دواتریش توانرا هه‌موو ئه‌و باره‌گاو بنكانه‌ی پۆلیس‌و پێشمه‌رگه كه له ناوچه‌كه‌دا هه‌یه بخرێته نه‌خشه‌ی ئه‌وانه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی دووربن له دووباره‌بوونه‌وه‌ی ئه‌و رووداوه.
* قسه‌ت له‌سه‌ر ئه‌و سوپاسنامه‌یه چییه كه له‌لایه‌ن ئه‌مریكییه‌كانه‌وه پێشكهشتكراو ده‌رئه‌نجامی ئه‌و سوپاسنامه‌یه چی بووه؟
- ده‌رئه‌نجامی 87 رۆژ كارمانه، ده‌رئه‌نجامی راستگۆیی هێزه‌كانمانه، چونكه له‌و ماوه‌یه‌دا سه‌لماندمان كه كورد ویژدانی هه‌یه پابه‌نده به بنه‌ماكانی مافی مرۆڤه‌وه، گیانی تۆڵسه‌ندنه‌وه‌ی نییه، هه‌روه‌ها هێزه‌كانمان پابه‌ندن به یاسا‌و رێنماییهوهو خاوه‌نی مه‌بده‌ئین.
* دوایین پرسیاری تایبه‌ت، له ماوه‌ی مانه‌وه‌ت له تبچ چه‌ند جار سه‌ردانی ماڵه‌وه‌ت كرد؟
- ته‌نها دووجار، ئه‌وه‌ش بۆ كاری دیكه هاتبوومه‌وه نه‌ك بۆ سه‌ردان.