سازدانی: رۆژنامه
ئاسۆ عه‌لی ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی و كارگێری مه‌كته‌بی رێكخستنی یه‌كێتی ده‌ڵێت: "له‌ناو یه‌كێتیدا هیچ یه‌كێك له داموده‌زگاكانی هه‌ست به بهرپرسیارێتیكردنی تێدا نه‌ماوه، مه‌گه‌ر وه‌ك تاكو په‌روه‌رده‌و ئاكاری تاكه‌كه‌س، ئۆرگانه‌كان كراونه‌ته جه‌سته‌ی بێگیانو گۆڕه‌پانی ململانێی ناڕه‌وا، زۆربه‌ی كادیره‌كان كراونه‌ته فه‌رمانبه‌ری دیلی ناو قه‌فه‌زی مووچه‌و ناله‌باری گوزه‌ران، سزادانه‌كان كراونه‌ته ئامێری دهرپهڕاندنو دوورخستنه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر، بۆ ئه‌وه به‌كارده‌هێنرێت كه یه‌ك به دڵی فڵانی نه‌كردووه، نه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی به‌پێی په‌یڕه‌وی نه‌كردووه".
له‌میانی دیمانه‌یه‌كدا كه رۆژنامه‌ی رۆژنامه له‌گه‌ڵیدا سازیداوه، ئاسۆ عه‌لی وتیشی: زۆربه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی ره‌خنه له ژیانی ئێستای ناو یه‌كێتی ده‌گرن، په‌یامیان پێیه نه‌ك داوای داواكاری شه‌خسی بكه‌ن.
ئه‌مه ده‌قی دیمانه‌كه‌یه:
*: ئێستا وه‌ك باس ده‌كرێت ریزه‌كانی یه‌كێتی له گرێژنه چووه‌و هه‌ندێك له‌وبإوایه‌دان كه ناكۆكییه‌كان به جۆرێك له جۆره‌كان به بنبه‌ست گه‌یشتوون، خوێندنه‌وه‌تان بۆ ئه‌م حاڵه‌ته‌ی ئێستای ئه‌و حیزبه چییه، به‌تایبه‌ت ئه‌و بارودۆخه‌ی له دوو هه‌فته‌ی رابردوودا روویداوه؟
ئاسۆ عه‌لی: ئه‌و بارودۆخه ئه‌نجامێكی ئاسایی كه‌ڵه‌كه‌بوونی كۆمه‌ڵێك گۆڕانكاریی‌و كێشه‌ی چاره‌سه‌رنه‌كراوه، رووداوێكی له‌پڕ هه‌ڵتۆقیو نییه، به‌ڵكو ئه‌نجامێكه بۆ ئه‌وه‌ی كه له سه‌رده‌می دوای گواستنه‌وه له خه‌باتی شاخه‌وه تا ئێستا یه‌كێتی شێوازی نوێی كاركردنی سه‌رده‌می نوێی بوَ خۆی نه‌دۆزیوه‌ته‌وه، له سه‌رده‌می خه‌باتی نهێنی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی به‌عسدا، سه‌ره‌ڕای كه‌موكوڕییه‌كان، یه‌كێتی رۆڵی داهێنه‌رانه‌و پێشڕه‌وانه‌ی هه‌بوو، وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی زۆر له پرسیاره‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردهواری بوو، هه‌رئه‌وه‌ش بوو كه كردبوویه یاریكه‌ری سه‌ره‌كی له گۆڕه‌پانی سیاسیی كوردستاندا، به‌ڵام له‌دوای راپه‌ڕینه‌وه نه‌یتوانیوه له‌گه‌ڵ هه‌لومه‌رجی نوێ‌دا به‌و داهێنانو شێوازه‌ی له سه‌رده‌می پێشوودا خوَی پێناساند، جارێكی تر خۆی بنوێنێت‌و بێته‌وه مه‌یدان، له‌گه‌ڵ گه‌یشتن به ده‌سه‌ڵاتدا، له ئه‌نجامی نائامادهییو نه‌بوونی پلان بۆ دوای سه‌ركه‌وتن، كه‌وته ئه‌وه‌ی له‌ژێر پاڵه‌په‌ستۆی رووداوه‌كاندا سیاسهتو به‌رنامه‌كانی خۆی دابڕێژێت، هه‌ربۆیه رۆڵه پێشڕهوانهكهی به جۆرێك له جۆره‌كان گۆڕرا بۆ رۆڵی پاشكه‌وتنی رووداوه‌كان‌و له‌جیاتی داهێنانو وروژاندنی پرسیاری نوێ، گۆڕرا بۆ وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی ئه‌و پێویستیانه‌ی كاری رۆژانه‌ی پێ رایی ده‌كرێت، من ئه‌مه به هۆكاری سه‌ره‌كی گۆڕانی بارودۆخی یه‌كێتی له رۆڵی پێشڕه‌وییه‌وه بۆ رۆڵی پاشكۆیه‌تی بۆ رووداوه‌كان ده‌زانم.
ئه‌و روو له كزیكردنه هه‌قیقه‌تێكی رۆشنه، نكۆڵی لێكردنی له رابردوودا به ئه‌مڕۆی گهیاندینو به‌رده‌وامبوونیش له‌سه‌ری به چاره‌نووسێكی نه‌خوازراومان ده‌گه‌یه‌نێت، یه‌كێتییه‌ك كه بێ ركابه‌ری كارا هێزی یه‌كه‌م بوو له گۆڕه‌پانی كوردستاندا، له ئه‌نجامی ئه‌و سیاسه‌ته‌دا به‌ره‌و بوون به حیزبی دووه‌م هه‌نگاوی ناو ئێستاش له حیزبی دووه‌مه‌وه ترازاوه به‌ره‌و ئه‌وه‌ی كه ببێته حیزبێكی پاشكۆ له به‌ڕێوه‌بردنی بارودۆخی كوردستاندا، ئه‌م رووداوانه‌ش كه روویاندا، ئه‌نجامێكه بۆ ئه‌م پێشینه‌یه.
سه‌ره‌ڕای ئه‌م راستییه تاڵانه‌ش، یه‌كێتی داهێنانێك بوو خه‌ڵك خواسته‌كانی خۆی تێدا ببینێته‌وه‌و تاكی كورده‌واریی تێیدا هه‌ست به بوونی خۆی بكات، ئه‌و پێگهیهبوو كه وایكرد له به‌رامبه‌ر سهختیو نابه‌رامبه‌ریی ته‌رازووی هێزدا به‌رگه‌ی كاره‌ساته‌كان بگرێت‌و ئه‌و هه‌موو توانایه بته‌قێنێته‌وه‌و بیهێنێته مه‌یدان، پهرهسهندنهكهشی له رابردوودا هه‌ر له‌وێوه سه‌رچاوه‌ی گرتووه، به‌ڵام كه ئه‌م سیستمه ده‌گۆڕرێت بۆ شێوازێكی تری كاركردن كه پابهندبوونو گیرۆده‌بوون بێت به كۆمه‌ڵێك شتی لاوه‌كی‌و ده‌ستكه‌وتی تایبه‌تی، ئیتر ئاساییه ئه‌و رۆڵه روو له كزی‌و خامۆشی بكات، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی یه‌كێتی زاده‌ی پێویستییه‌كی بابه‌تییه‌و بوون‌و مانه‌وه‌ی (به‌ڵام دیاره به‌م شێوازه‌ی ئێستا نا) پێویستی قۆناغه‌كه‌یه.
یه‌كێتی به‌و سروشته‌ی له‌سه‌ری بنیادنراوه، له كرۆكدا حیزبێكی زیندوو و بزێوه‌و سه‌ره‌ڕای سه‌رهه‌ڵدانی چه‌ندین دیارده‌و شێوه كاركردنی نامۆ به سروشتی خۆی، هه‌میشه ده‌نگێكی زیندوو له ناخیدا كه ئاوێنه‌ی پێداویستییه بابه‌تی‌و سهردهمیانهكهی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان بووه، له هه‌ر سه‌رده‌مه‌و به شێوازێكو به ئاستێك له وزه‌وه سه‌ریهه‌ڵداوه، هه‌رگیز یه‌كێتی حیزبێكی مت‌و خه‌واڵوو نه‌بووه‌و هیچ كاتێكیش ریزه‌كانی به‌بێ ده‌نگی ناڕه‌زایی نه‌بووه، كه ئه‌مه له‌بری ئه‌وه‌ی به خاڵی لاواز بۆی بژمێردرێت، به‌پێچه‌وانه‌وه خاڵی به‌هێزو داینه‌مۆی زیندوو هێشتنه‌وه‌ی یه‌كێتی بووه، ئه‌و ده‌نگانه هه‌میشه ده‌نگی دڵسۆز‌و په‌رۆشی خواسته‌كانی خه‌ڵك‌و خوازیاری داهێنانو نوێبوونه‌وه‌و هێنانه‌ئارای پرۆژه‌ی نوێخوازی‌و گۆڕانكاریی‌و گونجان له‌گه‌ڵ قۆناغی نوێ بوون، ئه‌گه‌رچی هه‌میشه‌ش به‌دوور له هه‌ڵه‌و كهموكوڕیو توندڕه‌وی نه‌بوون، دیاره ئه‌و كاتانه‌ی به شێوازی هێمنانه‌و گفتوگۆی كراوه میكانیزمێك بۆ گوێگرتن له‌و ده‌نگانه‌و بهپیرهوهچوونی ئه‌و پرۆژه‌و خواست‌و ره‌خنانه له یه‌كێتیدا نه‌بووبێت، كاری هه‌ڵه، كاردانه‌وه‌ی هه‌ڵه‌ی به‌رهه‌مهێناوه‌و كار گه‌یشتووه‌ته ئه‌وه‌ی له‌بری چوارچێوه‌ی ئوسوڵی كاری رێكخراوه‌یی‌و چاره‌سه‌ر، كێشه‌و ره‌خنه‌و ململانێ‌و وهڵامو وهڵامكارییهكان به‌ره‌و سه‌ر رووپه‌ڕی رۆژنامه‌كان‌و ته‌نانه‌ت سهرشهقامو كۆڕ‌و مه‌جلیسه‌كان ترازاوه، ئه‌ویش له دوو ئاراسته‌وه: ئاراسته‌یه‌ك ئه‌وانه‌ی كه هه‌ست ده‌كه‌ن له رێگه ئاسایی‌و سروشتییه‌كانه‌وه گوێیان لێناگیرێتو كێشه‌كانیان چاره‌سه‌ر نابێت، ناچاری گرتنه‌به‌ری رێگه‌ی تر بوون یان كراون، كه دیاره ئه‌وه رێگه‌یه‌كی ئاسایی نییه‌و ده‌ربڕی جۆرێك له بنبه‌ست گه‌یشتنی كێشه ناوخۆییه‌كانه. ئاراسته‌ی دووه‌م ئه‌و خه‌ڵكانه‌ن كه یان نامۆن به سروشتی یه‌كێتی یان گۆڕان له ئاراسته‌ی بیركردنه‌وه‌یاندا بووه‌و به‌رژه‌وه‌ندییه تایبه‌تییه‌كانیان جێگه‌ی مه‌سه‌له گشتییه‌كانی گرتووه‌ته‌وه، به قازانجی خۆیانی ده‌زانن ململانێكان توندبێتهوه، بگاته ئاستی لێكترازان‌و دهستلێكبهردان.
*باسی ئهوهتكرد كه میكانیزمێك نییه بۆ گوێگرتن له ناڕه‌زاییه‌كان، هه‌ندێك پێیانوایه نه‌ك كه‌سێكی به‌رپرس، به‌ڵكو له‌ناو یه‌كێتیدا مه‌كته‌ب و لایه‌نێكیش نییه گوێ له سكالاَو ره‌خنه‌و پێشنیاری كادیره‌كانی بگرێت، خوێندنه‌وه‌ت بۆ ئه‌وه چییه؟
ئاسۆ عه‌لی: ئێستا له یه‌كێتیدا ئوسوڵی حیزبی پشتگوێخراوه‌و پێوه‌ر ده‌سته‌گه‌رییه نه‌ك په‌یڕه‌و، هه‌ر له ئه‌نجامی ئه‌و بێهودهبوونهشدا ماوه‌ی (ده) مانگه به ئیختیاری خۆم ده‌ستبه‌رداری ئه‌ركی ره‌سمی كارگێڕی مه‌كته‌بی رێكخستن بووم.
*مه‌رجه‌عی یه‌كه‌می یه‌كێتی، مه‌كته‌بی سیاسییه، به رای تۆ مه‌كته‌بی سیاسی به‌رۆڵی حه‌قیقی خۆی هه‌ستاوه، ئه‌گه‌ر ئه‌و رۆڵه‌ی نه‌بینیوه، هۆكاره‌كه‌ی بۆچی ده‌گێریته‌وه؟
ئاسۆ عه‌لی: له یه‌كێتیدا سیستمی كاركردن سیستمێكی دامه‌زراوه‌یی نییه، كه سیستمیش دامه‌زراوه‌یی نه‌بوو، ئیتر سنووری ئهركو مافه‌كان روون نابێت، ئه‌وه سیستمه كه سنووری ئهركو مافه‌كان ده‌ستنیشان ده‌كات، له به‌رامبه‌ر سستی له ئه‌ركه‌كاندا لێپرسینه‌وه‌و رێپیشاندانو به‌رامبه‌ر به داهێنانو كاره باش‌و سه‌ركه‌وتووه‌كانیش دهستخۆشیو كردنه‌وه‌ی ده‌رگای زیاتر‌و بواری فراوانتر دروستده‌كات، تا راده‌یه‌ك ئه‌م پره‌نسیپه له یه‌كێتیدا وه‌لانراوه‌و ئه‌وه‌نده‌ی به میزاج‌و به په‌یوه‌ندیی تایبهتیو خه‌تی سهریعو عایدی كێ بوون‌و عایدی كێ نه‌بوون كاره‌كان ده‌ڕوات به‌ڕێوه، له سه‌دا ده‌ی ئه‌وه به رێگه ئاساییه‌كاندا ناڕوات به‌ڕێوه، هه‌رئه‌وه‌شه كه كه‌س نازانێت ئه‌ركه‌كه‌ی كامه‌یه، سنووری ده‌سه‌ڵاته‌كانی چه‌نده‌و ئه‌گه‌ر كارێك بكات‌و بڕیارێك ده‌ربكات، ئایا كار‌و بڕیاره‌كه‌ی جێگیر ده‌بێت، یان له‌پڕ موعجیزه‌ی ته‌كه‌تول شه‌رمه‌زاری دهكاتو بڕیاره‌كه‌ی هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه.
جیاوازیی له‌نێوان سیستمی دامه‌زراوه‌یی له‌چاو ئه‌م سیستمی دهستهگهرییهدا، هاوشێوه‌ی جیاوازی سیستمی خۆرئاوایه له‌چاو سیستمی سۆڤێتیدا، كه سه‌ركه‌وتنی بۆ سیستمی خۆرئاوا‌و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی بۆ سیستمی سۆڤێتی لێكهوتهوه، به‌شێوه‌یه‌كی رێژه‌یی له سیستمی خۆرهه‌ڵاتیدا زۆركردنو كه‌مكردن، بهرههمهێنانو مشه‌خۆری، داهێنانو له‌ده‌ستدان، جیاوازییه‌كی ئه‌وتۆیان له‌نێواندا نه‌بوو، به‌ڵام له سیستمی خۆرئاوادا به‌پێچه‌وانه‌وه چه‌ند داهێنانت بكردایه، ئه‌وه‌نده ده‌رگه‌ی فراوانترت له‌به‌رده‌مدا ده‌كرایه‌وه، چه‌ند به‌رهه‌مت زیاتر بوایه ئه‌وه‌نده به‌هره‌مه‌ندتر ده‌بوویت، چه‌ندت له‌باردا بوایه ئه‌وه‌نده هه‌لی زیاترت بۆ ده‌ره‌خسا، بۆیه سیستمی خۆرئاوا مایه‌وه، له ململانێكه‌دا براوه‌بوو، بلۆكی خۆرهه‌ڵاتیش هه‌ڵوه‌شایه‌وه‌و داڕما.
سیستمی به‌ڕێوه‌چوونی یهكێتیو سیستمی به‌ڕێوه‌بردن له سه‌رانسه‌ری كوردستانیشدا، جۆرێكی نزیك له شێوه بیركردنه‌وه‌و به‌ڕێوه‌بردنی بلۆكی هه‌ڵوه‌شاوه‌ی خۆرهه‌ڵاته، كه تێیدا ماندووبیت یان نا، جدیی بیت یان نا، ده‌ستپاك بیت یان نا، جیاوازییه‌كی زۆری نییه‌و به‌داخه‌وه زۆرجار جیاوازییه‌كه بهپێچهوانهشهوهیه، ئه‌وه‌یه كه له ئیداره‌دا به‌و هه‌موو داهاته‌وه كۆمه‌ڵگه كراوه‌ته كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ده‌سته‌پاچه‌ی به‌كاربه‌ری بێئیراده‌ی چاوه‌ڕوانی سه‌ری مانگ‌و له رووی سیاسیشه‌وه ئاستی خواسته‌كانمان نزیككراوهتهوه له حوكمه زاتییه‌كه‌ی زه‌مانی زوو، متمانه‌ی نێوان دهسهڵاتو خه‌ڵك بۆ ئاستێكی ترسناك دابه‌زیوه، له‌ناو یه‌كێتیشدا (باس له لایه‌نه‌كانی تر ناكه‌ین)، هیچ یه‌كێك له داموده‌زگاكانی هه‌ست به بهرپرسیارێتیكردنی تێدا نه‌ماوه، مه‌گه‌ر وه‌ك تاكو په‌روه‌رده‌و ئاكاری تاكه‌كه‌س، ئۆرگانه‌كان كراونه‌ته جه‌سته‌ی بێگیانو گۆڕه‌پانی ململانێی ناڕه‌وا، زۆربه‌ی كادیره‌كان كراونه‌ته فه‌رمانبه‌ری دیلی ناو قه‌فه‌زی مووچه‌و ناله‌باری گوزه‌ران، سزادانه‌كان كراونه‌ته ئامێری دهرپهڕاندنو دوورخستنه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر، بۆ ئه‌وه به‌كارده‌هێنرێت كه یه‌ك به دڵی فڵانی نه‌كردووه، نه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی به‌پێی په‌یڕه‌وی نه‌كردووه، واته په‌یڕه‌و ته‌نها بۆ (عیندهلزهروره)یه، نه‌ك رێنمایی سیستم‌و كاركردنێكی بهردهوامو زیندووی دیاریكردنی سنووری ئهركو مافه‌كان.
* هه‌مان حاڵه‌ت له‌ناو پارتیدا هه‌یه، ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی كه به دڵی قیاده ده‌كه‌ن ئه‌گه‌ر باشیش نه‌بن ئیشه‌كانیان باش ده‌ڕوات، به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه، كه‌واته هه‌مان حاڵه‌ت له‌ناو پارتی‌و یه‌كێتیدا هه‌یه، بۆچی له‌ناو پارتیدا كێشه دروست ناكات‌و له‌ناو یه‌كێتیدا دروستی ده‌كات؟
ئاسۆ عه‌لی: ره‌نگه براده‌رانی پارتی خۆیان بتوانن وه‌ڵامی ئه‌وه بده‌نه‌وه، به‌ڵام من وای ده‌بینم كه ئه‌و ره‌وشه داهێنانی یهكێتیو پارتی نییه، به‌ڵكو خۆرهه‌ڵات به‌و سیستمه ده‌ڕوات به‌ڕێوه، ئه‌وه‌ی جێگه‌ی ره‌خنه‌و ناڕه‌زایه‌تییه، بریتییه له‌وه‌ی ئێمه بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌مان ده‌كرد كه ئه‌زموونه‌كه‌مان ئه‌زموونێكی جیاواز‌و نوێیه، هه‌م له عێراق‌و هه‌م له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، ده‌بوو ئه‌م دروشم‌و قسه‌یه‌مان به راست بوایه‌و گهلو ئه‌زموونه‌كه‌مان گیرۆده‌ی ئه‌و شێوازی كاركردنه نه‌كردایه كه شیرازه‌ی كۆمه‌ڵگه‌كه‌مانی به جۆرێكی مه‌ترسیدار شێواند، له رووی سیاسیشه‌وه له‌جیاتی ئه‌وه‌ی سه‌قفی داواكاریی‌و خواسته‌كانمان جێگیر‌و به‌ره‌وپێشه‌وه بچێت، روو له دابهزینو كهمبووونهوهیه، بۆ ئه‌مه‌ش پێویسته پێش خه‌ڵكی تر لۆمه‌ی خۆمان بكه‌ین.
*یه‌كێتی نیشتمانی كۆمه‌ڵێك سه‌ركرده‌ی گه‌نج دروستیان كردووه، به‌ڵام به پیربوونی ئه‌و گه‌نجانه خۆری یه‌كێتیش به‌ره‌و ئاوابوون ده‌چێت، ئایا ئه‌وانه یه‌كێتیان ته‌نها بۆخۆیان دروستكرد، وا ده‌یانه‌وێت به‌ره‌و ئاوابوونی به‌رن، بۆچی ئه‌و سه‌ركردانه‌ی رێگه‌یان به گه‌نجی تر نه‌داوه بچنه پێشه‌وه؟
ئاسۆ عه‌لی: من به‌و رههاییهی نابینم، به‌هۆی شه‌هیدبوونه‌وه بێت یان دووركه‌وتنه‌وه یان ململانێی نه‌وه‌كان، گۆڕانێكی رێژه‌یی له ئاستی سه‌ركردایه‌تیدا روویداوه، به‌ڵام ئه‌و گۆڕانكارییه گۆڕانێكی شكڵی‌و میكانیكییه، له‌كاتێكدا گۆڕانكاریی دینامیكی ئه‌و گۆڕانه‌یه كه به‌رهه‌می سیستمی دامه‌زراوه‌یی بێت، له سیستمی دامه‌زراوه‌ییدا گۆڕانه‌كان سه‌یرو سه‌رسوڕهێنه‌ر نین وه‌ك ئه‌وه‌ی كه وه‌زیرێك له وه‌زاره‌تێكدا یان هه‌ر لێپرسراوێك له شوێنێكدا ده‌گۆڕدرێت، ده‌بینیت له‌بری گۆڕان‌و داهێنان له‌ئاست‌و شێوه‌ی كاركردن‌و كه‌ڵه‌كه‌كردنی ئه‌زموونێكی تر بۆ سه‌ر ئه‌زموونی پێش خۆی، گۆڕان له تاقم‌و قه‌نه‌فه‌و مێزه‌وه ده‌ستپێده‌كات تا ده‌گاته زۆرینه‌ی هه‌ره‌زۆری لێپرسراوو ته‌نانه‌ت كارمهندو كارگوزاره‌كان، وه‌ك ئه‌وه‌ی كوده‌تایه‌كی سه‌ربازیی روویدابێت، له حیزبیشدا هه‌مان شێوازی ئیشكردنه كه كه‌ڵه‌كه‌بوونی مه‌عریفی لێ به‌رهه‌م نایه‌ت، هه‌میشه له‌گه‌ڵ هه‌ر گۆڕانێكی له‌وجۆره‌دا ده‌گه‌ڕێینه‌وه بۆ خاڵی سفرو له هه‌موو بواره‌كاندا له‌جێی خۆمان راوهستاوینو چوونه پێشه‌وه‌مان نییه.
زیندوویی هه‌ر سیستمێك ئه‌وه‌یه كه خۆی به‌رهه‌مهێنه‌ری هه‌نگاوی داهاتووی خۆی بێت‌و هه‌میشه بتوانێت له ئاستی به‌ڕێوه‌بردن یان به‌رنامه‌كاندا، هه‌م ئیشی رۆژانه‌ی خۆی سه‌ركه‌وتووانه جێبه‌جێبكات، هه‌م خوێندنگه‌یه‌ك بێت بۆ پێگهیاندنو به‌رهه‌مهێنانی چه‌ندین ئهلتهرناتیڤو كه‌سایه‌تی‌و پرۆژه‌ی وا كه له‌گه‌ڵ زه‌مه‌ندا ئه‌و دامه‌زراوه‌یه له به‌ره‌وپێشچوون نهكهوێتو به‌جێ نه‌مێنێت، به‌ڵام ئه‌و سیستمه له خۆرهه‌ڵاتدا هێشتا وه‌ك نه‌بوو وایه‌و لای ئێمه‌ش هه‌روا.
له‌و سه‌رده‌مانه‌دا كه دهستپێشخهریو ئازایهتیو له‌خۆبوردوویی ده‌ویست، ئه‌و سه‌ركردانه رۆڵی جوامێرانه‌یان بینی له رزگاركردنی میلله‌ته‌كه‌مان له مه‌ترسیی سڕینه‌وه‌و له‌ناوچوون، بۆ ئه‌م سه‌رده‌مه‌ش ناواقعیانهو ناڕاسته بوترێت هیچ نه‌كراوه‌و هه‌موو تابلۆكه به ره‌ش ببینرێت، به‌ڵام خه‌باتی شاخ پێوه‌رو پێوانه‌و شێوازی كاركردنی خۆی هه‌بوو، هه‌ر نه‌وه‌یه‌كیش ئهركو داهێنانی خۆی پێیه، بۆ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی كه سوارچاكیو ئازایهتیو ده‌روێشی ده‌ویست، تا راده‌یه‌ك سه‌ركه‌وتووانه تێمانپهڕاندا، به‌ڵام بۆ سه‌رده‌می نوێ، شێوازی نوێ‌و گونجاومان نه‌دۆزیوه‌ته‌وه‌و موتوربهیهكی سه‌ركه‌وتووانه‌ی نهوهكانو سیستمهكانمان نه‌كردووه، هه‌ربۆیه به‌ره‌و لاوازبوون‌و چه‌قبه‌ستن رۆیشین.
*ئێستا هه‌مووان باسی نه‌بوونی سیستم ده‌كه‌ن، ئایا یه‌كێتی سیستمی له‌ناودا نییه، یان ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی نایه‌نه‌وێت ئیش به سیستمه‌كه بكه‌ن؟
ئاسۆ عه‌لی: بڕیار له گۆڕانكاریی به‌ده‌ست بنكه‌یه، به‌ڵام له ده‌ستی بنكه‌دا نییه، راسته له كۆمه‌ڵگه‌دا بنكه‌ی جهماوهریو له حیزب‌دا بنكه‌ی حیزبی هێزی پاڵه‌په‌ستۆو به‌رهه‌مهێنن بۆ گۆڕانكاریی، له رێگه‌ی ئه‌وانه‌وه پرۆژه‌كان گه‌ڵاڵه ده‌بن، كه ئه‌وه‌ش له كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك بۆ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی تر‌و له حیزبێك بۆ حیزبێكی تر ده‌گۆڕدرێت، به‌ڵام داڕشتن‌و ده‌ركردنی بڕیار هه‌میشه لای ده‌سه‌ڵاتی به‌ڕێوه‌بردنه نه‌ك بنكه، هه‌ربۆیه به‌رپرسیارێتی هه‌ر دواكهوتنێكو له‌ده‌ستدانی هه‌ر هه‌لێك، ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆی ئه‌وه‌ی كه بڕیاری به‌ده‌سته، ده‌كرێت ئه‌وه‌ش بڵێین كه بڕیاردان له سیستمی به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌م وڵاته‌دا، هه‌ر له خێزان‌و هۆزه‌وه تا كۆمپانیا‌و حیزب‌و حكومه‌ت، زیاتر ده‌سه‌ڵاتی تاكهكهسهكانو كه‌سی یه‌كه‌م بووه، له‌جیاتی ئه‌وه‌ی به راوێژ‌و ده‌سه‌ڵاتی دامه‌زراوه‌كان بێت، كه‌سه‌كانیش كه ته‌نها به لێكدانه‌وه‌ی خۆیان بڕیاره‌كان دابڕێژنو كاره‌كان ئه‌نجام بده‌ن، دیاره ئاراسته‌كه به‌وشێوه‌یه ده‌ڕوات كه به ئێستا گه‌یشتووه.
*له ماوه‌ی دوو ساڵی رابردوودا هه‌موو سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتی پێ له‌سه‌ر ئه‌وه داده‌گرن كه گۆڕان بكرێت، به‌ڵام نه‌بینراوه، له‌ناو یه‌كێتیدا كێ گۆڕان دهكاتو بڕیاری لێده‌دات؟
ئاسۆ عه‌لی: یه‌كێتی به سروشتی خۆی حیزبێك بووه نوێكاریی هێناوه‌ته ئارا‌و خۆی له گۆڕان‌و گۆڕانكارییه‌وه هاتووه‌ته‌دی، به‌ڵام هه‌ندێكجار گۆڕانكارییه‌كان به ئاستێك گه‌وره‌و خێرادهبن كه لێهاتنهدهستو چوونه ژێرباریان ده‌بێته سه‌رچڵییه‌كی ناچاری، ئه‌وكاته‌و له‌وده‌مه‌دا گرفت‌و كێشه‌ی وا دێنه‌پێش كه چاره‌كردنیان ئاسته‌م بێت، به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر پێشتر پلان‌و پێشبینیو ئاماده‌كاریی بۆ نه‌كرابێت، ئه‌وه چجای ئه‌وه‌ی تووشی ململانێیه‌كی قورس‌و لاوه‌كیش بیته‌وه، ئه‌مه ئه‌و دۆخه‌بوو كه یه‌كێتی له‌دوای راپه‌ڕینه‌وه رووبه‌ڕووی بووه‌وه، له‌دوای راپهڕینو له‌گه‌ڵ گرتنه‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتدا، پێشبڕكێیه‌كی ناسروشتی هه‌ڵقوڵاوی بارودۆخی دواكه‌وتووی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و سیاسیی كوردستان، بووه‌ته مۆته‌كه‌ی سه‌رسنگی ئه‌زموونه‌كه.
یه‌كێك له بنه‌ما پێچه‌وانه‌كانی سروشتی ململانێش بریتییه له‌وه‌ی زۆرجار له‌نێوان (شه‌ڕو ئاشتی... توندی‌و نه‌رمی نواندن... لێڵی‌و روونی)دا، ململانێكه به قازانجی (شه‌ڕو توندی نواندن‌و لێڵی) ده‌شكێته‌وه، هه‌روه‌ك چۆن عه‌مبارێك ئاوی پاكژ به په‌رداخێك ئاوی پیس بێكهڵك ده‌بێت، له سه‌رده‌مێكی ئاوادا، یه‌كێتی به‌بێ ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژارده‌ی خۆی بێت، كه‌وته پێشبڕكێیه‌كی نه‌خوازراوه‌وه، له‌و پێشبڕكێیهشدا ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان، یه‌كێتی تووشی شۆكێك كرد كه ئه‌نجامه‌كه له‌چاو پێشینه‌ی خهباتو قه‌باره‌ی قوربانییهكانیو لێكدانه‌وه‌و وێناكردنی ئاستی بنكه‌ی جه‌ماوه‌ریی خۆیدا، ده‌كرێت به تێشكان له‌قه‌ڵه‌م بدرێت، یه‌كێتی له به‌رامبه‌ر ئه‌و شۆكه‌دا له‌جێی ئه‌وه‌ی به‌خۆیدا بچێته‌وه‌و قه‌ره‌بووی ئه‌و تێكشكانه به داڕشتنی رێسای نوێ‌و هاوچه‌رخ كه بنه‌ماكه‌ی كێبڕكێی نموونه‌یی بێت، بكاته‌وه، كه‌وته لاساییكردنه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر، كه روونه هه‌میشه له لاساییكردنه‌وه‌دا لاساییكه‌ره‌وه ناگاته‌وه به لاساییكراوه، ئه‌مه سه‌ره‌تایه‌كی مه‌ترسیداری گۆڕانی سلبی بوو له یه‌كێتیدا، له ئه‌نجامدا رۆژ به رۆژ ئه‌ركه‌كان قورس‌تر دهبوونو كێشه‌كان ئاڵۆزتر، سه‌رئه‌نجام ئامانج بوو به‌وه‌ی چۆن له گۆڕه‌پانه‌كه نهكرێیته دهرێو تێكنهشكێیت، راكێشرانو چوونه‌سه‌ر رێسای یاریكردنی به‌رامبه‌ر، داخڵبوونه به یارییه‌ك كه ئه‌نجامه‌كه‌ی پێش ده‌ستپێكردن ئاشكرایه، له ململانێشدا له‌نێوان قازانجێكی كه‌می خێرا‌و قازانجێكی گه‌وره‌ی دووردا، هه‌ڵبژاردنی دووه‌میان سه‌ركه‌وتنه، به‌ڵام یه‌كێتی یه‌كه‌میانی هه‌ڵبژاردو تا ئێستاش له‌سه‌ری به‌رده‌وامه.
له هه‌موو ململانێیه‌كدا كه چوویته سه‌ر چۆنیه‌تی ئیشكردنی به‌رامبه‌ره‌كه‌ت، له رێوه چه‌ند خاڵێك له‌ده‌ست ده‌ده‌یت، له هه‌نگاوی یه‌كه‌مدا ره‌وایی ده‌به‌خشیته شێوه كاركردنی بهرامبهرهكهتو به‌هانه‌ی بوونی خۆت له‌ده‌ست ده‌ده‌یت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌و رابكێشیته سه‌ر شێوه كاركردنی خۆت، هه‌م له رووی مه‌عنه‌وییه‌وه به‌هێزترو هه‌م له رووی پراكتیكییه‌وه كارامه‌تر دهبیتو ئه‌گه‌ری سه‌ركه‌وتنت زیاتر ده‌بێت، به‌ڵام كه لاسایی به‌رامبه‌ره‌كه‌ت كرده‌وه، یه‌كه‌م په‌یامی خۆت له‌ده‌ست ده‌ده‌یت، دووه‌م هه‌رچی بكه‌یت به‌رامبه‌ره‌كه‌ت له تۆ باشتری لێدهزانێتو شاره‌زاتره، به بڕوای من بارودۆخی ئێستای یه‌كێتی ده‌رئه‌نجامی ئه‌م لێكدانه‌وه‌یه‌یه.
*سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه یه‌كێتی ته‌سلیمی ئه‌مری واقیع بووه، به‌ڵام رای تر ئه‌وه‌یه كه ده‌ڵێت حیزبه‌كان هاتنه‌وه ناو كۆمه‌ڵگه‌و ململانێكانی شاخیان هێنایه‌وه شار‌و لێره درێژه‌یان پێدا، بۆ نموونه حیزبه‌كان خێڵیان زیندوو كرده‌وه، رات له‌سه‌ر ئه‌وه چییه؟
ئاسۆ عه‌لی: راسته گواستنه‌وه له قۆناغی خه‌باتی چه‌كدارییه‌وه بۆ ده‌سه‌ڵاتی مه‌ده‌نی، كۆمه‌ڵێك دیارده‌و نه‌خۆشی له‌گه‌ڵ خۆیدا هێنا، هه‌روه‌ك چۆن كۆمه‌ڵێك داهێنانو گیانی نوێشی هێنا، به‌ڵام ئه‌وه راست نییه حیزبه‌كان به سه‌رچاوه‌ی هه‌موو گرفته‌كان پێناسه بكرێن، به‌ڵكو به‌پێچه‌وانه‌وه داگیركاریی‌و ده‌سه‌ڵاتی پێشوو، گه‌رای هه‌موو گرفت‌و كێشه‌كانی جێهێشتبوو، به‌ڵام گرفتی بنچینه‌یی له‌وه‌دایه كه ئایا تۆ ئه‌و گه‌رایانه لهناودهبهیتو چاره‌سه‌ریان ده‌كه‌یت، یان به‌خێویان دهكهیتو په‌ره‌یان پێده‌ده‌یت، به‌داخه‌وه ده‌سه‌ڵات تووشی ئه‌وه‌بوو له ململانێی به‌ده‌ستهێنانی ده‌نگدا له‌بری گێڕانی رۆڵی پێشڕه‌وانه، بوو به پاشكۆی باری ناله‌بارو له‌بری چاره‌سه‌ر سواری شه‌پۆلی كێشه‌كان بوو.
*مه‌ترسییه‌كانی ده‌رئه‌نجامی ئه‌م جیاوازیانه‌ی ناو یه‌كێتی چین، ئایا جیاوازییه‌كان له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیی شه‌خسییه یان له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیی میلله‌ته؟
ئاسۆ عه‌لی: ناكۆكی‌و جیاوازییه‌كانی ئێستای ناو یه‌كێتی كه به‌شێوه‌یه‌كی ئاشكرا قسه‌ی لێدهكرێتو هه‌موو شوێنێكی گرتووه‌ته‌وه، ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی ژیرانه ئاراسته بكرێت، ده‌توانرێت به قازانجی پرۆسه‌ی دیموكراسی‌و قه‌ره‌بووی زۆر هه‌لی له‌ده‌ستچوو بشكێته‌وه، به‌شێوه‌یه‌ك بیكه‌ینه سه‌ره‌تای دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و رێگه ونهی كه تا ئێستا نه‌ماندۆزیوه‌ته‌وه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به ئه‌قڵیه‌تی به‌رژه‌وه‌ندیی ته‌سكی تاكه‌كه‌سی‌و خودی بیری لێبكرێته‌وه، به‌دڵنیاییه‌وه وه‌كو هه‌ریه‌كێك له‌و كهرتبوونانهی له بزووتنه‌وه‌ی كوردایه‌تیدا روویانداوه، هه‌میشه ئه‌نجامه‌كه‌ی به سلبی ده‌شكێته‌وه‌و نه‌یارو ناحه‌زانی گه‌له‌كه‌مان قازانجی لێده‌كه‌ن، ئێستا ئه‌و كاته‌یه كه ده‌بێت بپرسین به كام رێدا؟ ئایا رێگه‌ی یه‌كتری تۆمه‌تباركردن‌و یه‌كتری ناشرینكردنو گه‌ڕانه‌وه بۆ هه‌ڵه‌كانی رابردوو، یان رێگه‌ی به‌خۆداچوونه‌وه‌و داننان به ههڵهكانداو ده‌ستنیشانكردنی رێگه‌ی ژیرانه‌ی چاره‌سه‌ر.
*كاریگه‌ریی ئه‌م جیاوازییانه له‌سه‌ر پرۆسه‌ی دیموكراسی چییه؟
ئاسۆ عه‌لی: له به‌رامبه‌ر به‌دینه‌هاتنی ئه‌و ئه‌ركه گرنگانه‌ی له‌ئه‌ستۆمانه، یه‌كێك له پێگه بنه‌ڕه‌تییه‌كانمان پێویسته پارێزگاریكردن بێت له یه‌كڕیزیی میلله‌ته‌كه‌مان له به‌رامبه‌ر ئه‌ركه نه‌ته‌وه‌ییه چاره‌نووسسازه‌كاندا، بۆیه هاوكاریی‌و هاوپه‌یمانیی پارته سیاسییه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی دروست، پێداویستییه‌كی قۆناغه‌كه‌یه، به‌ڵام ئه‌مه به‌و واتایه نا كه دیسان عه‌ره‌بانه‌كه بخه‌ینه‌وه پێش ئهسپهكانو مه‌سه‌له‌ی داڕشتنی بنه‌ماكانی سیستمێكی دیموكراتی له‌شێوه‌ی رژێمه دیموكراتییه راسته‌قینه‌كان، بكرێته قوربانی‌و بیانووی ململانێی ده‌ره‌كی، چونكه چه‌كی بنچینه‌یی له‌و ململانێ دهرهكییهشدا خودی داڕشتنی ئه‌و سیستمه‌و ئاشتكردنهوهو به‌خاوه‌نكردنی خه‌ڵكه بۆ خواسته‌كانیان.
له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆی یه‌كێتیش وه‌ك هێزێكی بنچینه‌یی، له‌وبڕوایه‌دام كه یه‌كێتی گه‌یشتووه‌ته قۆناغێك كه ئیتر قابیلی ئه‌وه نییه به‌شێوه‌ی پێشووتری بڕوات به‌ڕێوه‌و له قازانجی هیچ لایه‌ك‌و پرۆسه‌ی دیموكراسیشدا نییه له‌سه‌ر ئه‌م شێوازه به‌رده‌وام بێت، ئێستا یه‌كێتی له‌به‌رده‌م تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی چاره‌نووسسازدایه، كه سه‌ركه‌وتن یان سه‌رنه‌كه‌وتنی، كاریگه‌ری زۆر له‌سه‌ر ئاراسته‌و ره‌وتی پرۆسه‌ی دیموكراسی به‌دی ده‌هێنێت، له‌م بواره‌دا یه‌كێتی كۆمه‌ڵێك ئه‌زموونی سه‌ركه‌وتوو و شكستخواردووی خۆی‌و چه‌ندین لایه‌نی تری له‌به‌رده‌ستدایه، ئێستا كاتی تێڕامانی هێمنو ژیرانه‌یه، بۆ دۆزینه‌وه‌و دیاریكردنی باشترین رێگه‌و سهركهوتووانهترین فۆرم‌و شێوازی كاركردن، كه یه‌كێتییه‌كی كاراتر‌و شهفافترو نزیكتر له پێویستییه‌كانی سه‌رده‌می لێ بێته‌ده‌ر، ئه‌مه ئه‌ركێكی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی هه‌موو سهركردایهتیو كادیر‌و ئه‌ندامانی یهكێتیو كهسو لایه‌نه دۆست‌و ته‌نانه‌ت نه‌یاره‌كانی یه‌كێتیشه، چونكه به‌هۆی سهنگو قه‌باره‌ی یه‌كێتییه‌وه له گۆڕه‌پانه‌كه‌دا، هه‌ر بڕیارێكی هه‌ڵه‌و ئینفعالی به زیانی ههمووانو پێچه‌وانه‌كه‌شی به‌پێچه‌وانه‌وه ده‌بێت، به‌ڵام به‌رپرسیارێتی یه‌كه‌م رووبه‌ڕووی به‌ڕێز سكرتێری گشتی‌و ئه‌و به‌ڕێزانه ده‌بێته‌وه كه گوێیان لێده‌گرێت، له سروشتی ململانێشدا هه‌میشه رێكه‌وتن وه‌ك ته‌وقه‌كردنه، دوولای ده‌وێت، به‌ڵام تێكدان وه‌ك بۆكسه یه‌ك لای به‌سه.
له سه‌رجه‌م ململانێكاندا به‌دڵنیاییه‌وه شتی زاتی كاریگه‌ریی خۆی هه‌یه، به‌ڵام له‌م ململانێیه‌دا مه‌سه‌له‌ی بنهڕهتیو بنچینه‌یی لای ئه‌و ناڕازیانه‌ی به هه‌ڵه‌ش گوزارشتی لێده‌كه‌ن، هه‌ر خه‌مخۆرییه بۆ قۆناغه‌كه‌و هه‌وڵدانه بۆ دۆزینه‌وه‌ی شێوازێكی نوێی كاركردن، ئه‌گینا زۆرینه‌ی ئه‌وانه‌ی كه بوونه‌ته كاراكته‌ری ئه‌م ململانێیه، كه‌سانێكی بێناونیشانو به‌رپرسیارێتی نه‌بوون، تا هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانی به‌رپرسیارێتی بده‌ن، له چوارچێوه‌ی ئه‌و سیستمه‌ی ئێستادا، بۆ زۆرینه‌ی ئه‌وانه‌ی ره‌خنه‌گرن، له خه‌ڵكانی تر گونجاوو له‌بارتربوو شوێن ده‌ستكه‌وتی تایبهتو پۆست‌و پله بكه‌ون، به‌ڵام خوازیاری ئه‌وه نه‌بوون، هه‌ر ئه‌وه بۆخۆی وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی ئه‌وه‌یه كه زۆرینه‌ی زۆری ئه‌وانه‌ی ره‌خنه ده‌گرن په‌یامیان هه‌یه نه‌ك داواكاریی، له سه‌رده‌می خه‌باتی شاخیشدا ئه‌م ململانێیه به شێوازی جۆراوجۆر هه‌ر هه‌بووه‌و بۆچوونه‌كان راست یا ههڵهبووبن، زۆرینه‌ی پاڵنه‌ره‌كان پاڵنه‌ری كه‌سی‌و خودی نه‌بوون، به‌ڵكو هه‌وڵدان بوون بۆ تێڕوانینێكی جیاواز بۆ به‌ڕێوه‌بردنی بارودۆخه‌كه، ئێستاش هه‌مان حاڵه‌ته، من به ماوه‌یه‌كی كه‌م دوای پێشكه‌شكردنی یاداشته‌كه‌ی براده‌رانی (م.س) به به‌ڕێز مام جه‌لال، به به‌ڕێزیانم وت (تكایه‌كم له به‌ڕێزت هه‌یه كه ئه‌م ئیمزاكردنو نه‌كردنه نه‌كرێت به بهههشتیو جه‌هه‌نه‌می، ئه‌وه‌ی كه ئیمزایكردووه لای به‌ڕێزت جه‌هه‌نه‌می بێت‌و ئه‌وه‌شی كه نه‌یكردووه به‌هه‌شتی بێت، هه‌روا له‌ملاش به‌پێچه‌وانه‌وه ئه‌وه‌ی ئیمزایكردووه به‌هه‌شتی بێت‌و ئه‌وه‌ی نه‌یكردووه جه‌هه‌نه‌می بێت، چونكه ئه‌وه ماڵی یه‌كێتی وێران ده‌كات)، به‌ڕێزیان وتی ئه‌وه زۆر راسته‌و دڵنیابه من واناكه‌م‌و برایانه چاره‌سه‌ری ده‌كه‌ین، به‌ڵام به‌داخه‌وه له خواره‌وه‌و له تهفاسیلدا وایلێكراو دۆخه‌كه كرایه یاریی ده‌ستی كه‌سانێكی دوور له هه‌ستی به‌رپرسیاری‌و راوكه‌ری راسته‌قینه‌ی گۆمی شڵه‌قاو، تا له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا گه‌یشته لوتكه‌ی غه‌در لهیهككردنو ئه‌تككردنی هه‌ڵبژاردن‌و ناشرینكردنی دیموكراسیه‌ت‌و هه‌وڵدان بۆ په‌شیمانكردنه‌وه له داوای گۆڕان، تا گه‌یشته ئه‌وه‌ی كه ئێستا هه‌یه.
*ئه‌وه‌ت روونكرده‌وه كه یه‌كێتی چۆن له‌م قه‌یرانه رزگاربێت، وه‌ك ئه‌ندامێكی سه‌ركردایه‌تی ئه‌گه‌ر ئه‌م ره‌وشه ئاوا بڕوات، مه‌ترسیی چی هه‌یه بۆ داهاتووی بارودۆخه‌كه‌و حیزبه‌كه؟
ئاسۆ عه‌لی: ئاسان نییه له ئێستاوه نه‌خشه‌ی سیاسیی داهاتوو دیاری بكه‌یت، هیوادارم یه‌كێتی له‌م گرفت‌و كێشه‌و نه‌خۆشییه‌ی تووشی بووه سه‌ركه‌وتووانه بێته ده‌ره‌وه‌و جێگه‌و رۆڵی شایسته‌ی خۆی بگرێته‌وه، چونكه بوونی یه‌كێتی له دۆخه گشتییه‌كه‌یدا پێویستییه‌كی ئه‌م قۆناغه‌ی میلله‌ته‌كه‌مانه، به‌ڵام دیاره به‌مشێوه‌یه‌ی ئێستا نا، به‌ڵام به‌دڵنیاییه‌وه ژیرانه چاره‌سه‌رنه‌كردنی ئه‌و كێشه‌یه، به ئاراسته‌یه‌كی خراپ‌دا ده‌شكێته‌وه، كه ئه‌گه‌ر ههڵیشینهوهشێنێتهوه تووشی لاوازییه‌ك ده‌بێت كه نه‌توانێت ئیتر كاراكته‌رێكی كارای گۆڕهپانو خاوه‌ن بڕیار‌و قسه‌بێت، هه‌روه‌ك سه‌ره‌تاكانی ئه‌و ده‌رئه‌نجامه ماوه‌یه‌كی زۆره ده‌ركه‌وتووه، دانی پێدا بنێین یان نا، ئێستا یه‌كێتی نه یهكهمو نه یه‌كه‌می دووباره نییه، كه ئه‌وه‌ش هه‌ندێكجار ده‌رئه‌نجامی زاڵكردنی به‌رژه‌وه‌ندیی باڵاتری گه‌له‌كه‌مان‌و خه‌مخۆریی بووه بۆ مه‌سه‌له گشتییه‌كان، به‌ڵام له‌وه‌ش زیاتر، ئه‌نجامی بزركردنی به‌شێك له سیما‌و سروشته‌كانی خۆمان بووه كه له ئه‌نجامیدا نه‌مانتوانیوه شه‌ڕی نموونه‌ی ئیجابی بكه‌ین، به‌و دوو هۆیه‌وه یه‌كێتی ئێستا رۆڵی پێشڕه‌وانه‌ی له‌ده‌ستداوه، ئه‌گه‌ر ئه‌م ململانێیه‌ی ئێستا ژیرانه چاره‌سه‌ر نه‌كرێت، ئه‌وا هه‌ر قۆناغه وه‌ڵامی خۆی پێیه بۆ پێداویستییه‌كانی سه‌رده‌مه‌كه‌و له زۆر وڵاتانی دراوسێ‌و دنیاشدا دوو ده‌رئه‌نجاممان له‌به‌رچاوه، كه له ده‌رئه‌نجامی یه‌كه‌مدا چۆن ئه‌و حیزبه ته‌قلیدیانه‌ی رۆژگارێك پێشڕه‌وی جه‌ماوه‌ر بوون‌و هێزی یه‌كه‌م بوون، كاتێك نه‌یانتوانیوه وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی قۆناغهكهبن، ژیان له‌سه‌ریان نه‌وه‌ستاوه‌و تووشی به پاشكۆبوونو به‌جێمان هاتوون، له ئه‌نجامی ئه‌و تێشكانو بهسهرچوونهدا، یان حیزبێكی تری گۆڕه‌پانه‌كه شوێنی گرتوونه‌ته‌وه، یان حیزبێكی نوێی كاریگهرترو بنكه فراوانتریان له‌جێ هاتووه‌ته مه‌یدان، حیزبی داد‌و گه‌شه‌ی توركیا‌و كادیمای ئیسرایلو حه‌ماسی فه‌له‌ستینی، له به‌رامبه‌ر حیزب‌و لایه‌نه ته‌قلیدییه‌كانی ئه‌و وڵاتانه‌دا نموونه‌ی زیندوون، هه‌روه‌ك چۆن له ئه‌نجامی هه‌ره‌سی ساڵی 1975یشدا، له‌و تێكشكان‌و رهشبینییهدا یه‌كێتی توانی به ئیمكانییه‌تێكی كه‌مه‌وه بێته مهیدانو ببێته حیزبێكی كاریگهرو سه‌ره‌كیی مه‌یدان، له ده‌رئه‌نجامی دووه‌میشدا زۆر حیزبی تهقلیدیو دێرین له خۆرئاوا‌و خۆرهه‌ڵاتدا ده‌بینین له‌گه‌ڵ گۆڕانی قۆناغه‌كاندا گه‌شه‌یان به‌خۆیان داوه‌و ده‌یان ساڵ پارێزگاری‌یان له رۆڵی پێشڕه‌وانه‌ی خۆیان كردووه، له وێنه‌ی هه‌ردوو پارتی سه‌ره‌كیی وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئهمهریكاو پارته سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌وروپای خۆرئاوا‌و نموونه‌ی چین‌و سۆڤێتیش بۆ هه‌ردوو دۆخه‌كه شیاوی په‌ند لێوهرگرتنن. به‌دڵنیاییه‌وه میلله‌ته‌كه‌شمان میلله‌تێكی زیندووه‌و بۆ به‌ده‌ستهێنانی خواسته ره‌واكانی، ئه‌گه‌ر یهكێتیو هه‌ریه‌ك له حیزبه‌كانی تریش نه‌توانن وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی بن، ئه‌وا له‌سه‌ر كه‌س راناوه‌ستێ‌و رۆژگار‌و مێژووش باكیان به كه‌س نییه.
*رۆژی دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی راگه‌یاندنه‌كه‌ی (ره‌گ) وتت ئه‌وه شتێكی ئاساییه بۆ بارێكی نائاسایی، به‌ڵام هاوكات ره‌خنه‌شت هه‌بوو، ئه‌و ره‌خنانه چین؟ له‌سه‌ر ئه‌و وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی به‌رامبه‌ریان بۆچوونت چۆنه؟
*به بڕوای من گرنگیی هه‌ر په‌یامێك ئه‌وه‌نده‌ی له ناوه‌رۆك‌و جۆری پهیامهكهدایه، چه‌ند هێنده له‌وه‌دایه كه كێ هه‌ڵگری ئه‌و په‌یامه‌یه، ئه‌و چوار براده‌ره‌ش نه كه‌سانێكی بێ پێشینه‌و نه خه‌ڵكانێكن به‌شوێن به‌رژه‌وه‌ندییه تایبه‌تییه‌كانی خۆیانه‌وه بووبن، ئه‌گه‌ر وا بوایه، بۆ هه‌ر چواریانو چه‌ندان كادیری دێرین‌و دووری تری یه‌كێتی ئاسان بوو ئێستا له‌ئاستی سه‌ركردایه‌تیی یهكێتیو له حكومه‌تیشدا له‌ئاستی وه‌زاره‌تدا بوونایه‌و له هه‌ندێكی ئێستاش له‌پێشتر ده‌بوون، ئه‌مانه له رووی ژیان‌و گوزه‌رانیشه‌وه چاو له‌ده‌ستی ئێره نین، به‌ڵام به‌م پێشینهیهشهوه پێشنیازه‌كه‌یان به پێشنیازێكی ئینفیعالیو كاردانه‌وه‌و دههریبوونو ناواقیعی ده‌بینم، چونكه به خوێندنه‌وه‌ی مێژووی سیاسی‌و ململانێ له كوردستان‌و ته‌نانه‌ت له ئه‌وروپاشدا، نه به‌و میكانیزمهو نه به‌و ئاسانییه‌و نه به‌و ریشهییهش گۆڕان‌و جێگۆڕكێ مومكین نه‌بووه‌و داواكه‌ش له نه‌فه‌سی شۆڕشگێڕانه‌ی رابردوو نزیكتره وه‌ك له ریفۆرم، به‌ڵام دیاره به شێوازی ئاشتی‌و هێمنانه بێیت‌و بڵێیت: فه‌رموو ده‌سه‌ڵات جێگه‌كه‌ت جێبهێڵه با كه‌سێكی تر بێته شوێنه‌كه‌ت، ئه‌مه نادیده‌گرتنی ئه‌و راستییه تاڵه‌یه كه ئێمه له خۆرههڵاتداینو چه‌ندین نه‌وه له‌م وڵاته‌دا له شه‌ڕی ناڕه‌وای ناوخۆ‌و ململانێی ده‌سه‌ڵاتدا تهمهنو ژیانیان بڕایه‌وه.
به‌داخه‌وه هێشتا ململانێ بۆ ده‌سه‌ڵات شێوازێكی توند‌و نادیموكراتیانه‌ی به‌سه‌ردا زاڵه، له خۆرهه‌ڵاتدا زۆربه‌ی جار هه‌ردوولای ململانێ‌و لانیكه‌م هه‌مووجار لایه‌كی ململانێ به عه‌قڵیه‌تی هه‌موو حه‌قێك به‌خۆدان رووبه‌ڕووی دۆز‌و بابهتهكان ده‌بنه‌وه، به‌ڵام گه‌شه‌ی بیری سیاسی، ئه‌وه‌ی بۆ ساغكردووینهتهوه كه له‌پێناوی بینینی بابه‌تیانه‌و هه‌مه‌لایه‌نه‌ی كێشه‌كان‌و گه‌یشتن به ئاستی مومكین له رێكخستنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات، وا باشه هه‌ندێكجار له‌جیاتی به‌رامبه‌ره‌كه‌ت بیربكه‌یته‌وه‌و هێنده‌ی خۆت هه‌ق به به‌رامبه‌ره‌كه‌شت بده‌یت، چونكه به‌رامبه‌ره‌كه‌شت قسه‌و داوا‌و بهرژهوهندیو به‌هانه‌ی به‌پێی لۆژیكی خۆی هه‌یه، شێوه‌ی له‌یه‌ك گهیشتنو به‌یه‌ك گه‌یشتنی ئه‌م دوو روانینه، به سڕینه‌وه‌ی یه‌كتر نابێت، راستتره پره‌نسیپی (یان من یان تۆ) بگۆڕین به پره‌نسیپی (هه‌م من هه‌م تۆ)، تۆ به شێوازی خۆت‌و من به شێوازی خۆم، ئه‌مه شێوازی مومكینو به‌ڕێوه‌بردنی سه‌رده‌میانه‌یه، به‌داخه‌وه له‌سه‌ر ئاستی كوردستانیش یهكێتیو پارتی نه‌یانتوانیوه بگه‌نه په‌یڕه‌وكردنی بنه‌مای (هه‌م من هه‌م تۆ) به شێوازی دیموكراتیانه‌ی هاوچه‌رخ نه‌ك ئه‌م شێوازه‌ی ئێستا.
له ململانێی ژیاندا هه‌موو دوو نه‌یارو ته‌نانه‌ت دوژمنێكیش، شوێنێكی به‌یه‌ك گه‌یشتینیان هه‌یه، له‌نێوان دوولای ململانێیه‌كدا ده‌شێ له سه‌دا حه‌فتا خاڵی به‌یه‌ك گه‌یشتنیان هه‌بێت به‌رامبه‌ر له سه‌دا سی خاڵی ناكۆك، یان به‌پێچه‌وانه‌وه، كارێكی سه‌ركه‌وتوو نییه خاڵه ناكۆكه‌كان ببرێته ئاستی له سه‌دا سه‌دو جێگه بۆ خاڵی به‌یه‌ك گهیشتنهكان نه‌هێڵرێته‌وه، پێویسته ئه‌مجۆره بیركردنه‌وه‌یه ببێته رێنمایی روانین‌و كاركردنمان له‌گشت ململانێ ناوخۆیی‌و ده‌ره‌كییه‌كاندا، به‌وه یه‌كێتی ده‌توانێت رۆڵ‌و كاریگه‌ریی خۆی بپارێزێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر یه‌كێتی نه‌توانێت ئه‌و پره‌نسیپه له ناوخۆیدا ئه‌نجام بدات، ئه‌ی له گۆڕه‌پانی سیاسیی سه‌رانسه‌ری كوردستان‌و عێراقدا چۆن ده‌توانێت جێبه‌جێی بكات؟
ئێستا یه‌كێتی له‌به‌رده‌م تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌دایه، ئێستا له یه‌كێتیدا دوو باڵی روون‌و ئاشكرا هه‌یه بێ له وردهباڵو باڵی ناڕۆشن، ئه‌م دوو باڵه یه‌كێكیان ده‌سه‌ڵاتی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌و یه‌كێكیشیان له ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی فیعلیدایه، كه هه‌ندێك براده‌ر به زۆرینه‌و كه‌مینه‌ی ناوده‌به‌ن، له‌كاتێكدا ئه‌وه ده‌ربڕینێكه مه‌به‌ستێكی سهپێنهرانهی له‌پشته‌وه‌یه‌و خاوه‌نانی بۆچوونهكهش باشتر ده‌زانن ئه‌وه زۆر دووره له راستییه‌وه. شانازیكردنیش به‌و هه‌ڵبژاردنه‌و ئهنجامهكهیهوه هیچی كه‌مترنییه له شانازیكردن به شه‌ڕه ماڵوێرانكه‌ره‌كانی ناوخۆوه، پێوه‌ری زۆرینه‌و كه‌مینه، ئه‌وه نییه له ململانێیه‌كی دزێوی نادیموكراسیانهدا كێ زۆری به‌ده‌ستهێناوه‌و كێ كه‌م (كه ئه‌م باسه زۆر ههڵدهگرێتو ئێره شوێنی نییه).
له‌نێوان ئه‌و پێشنیازه‌ی براده‌رانی رهگو ئه‌و پێشنیازه دهستبهسهرداگیرانهیهی هه‌ندێك له براده‌رانی ده‌سه‌ڵاتداردا، ده‌كرێت پێشنیازێكی واقعیانه‌ی قابیلی چاره‌سه‌ر دابڕ‌ێژین، كه هه‌مووان به جیاوازیی روانین‌و پرۆژه‌ی جیاوازه‌وه په‌ره به خاڵه هاوبه‌شه‌كان بدهنو ململانێ ناوخۆییه‌كانیش له چوارچێوه‌ی ئاسایی خۆیاندا بكرێنه فاكته‌ری گه‌شه‌و به‌ره‌وپێشچوون، له‌و روانگه‌یه‌وه هه‌م رێگه‌چاره‌ی براده‌رانی ره‌گ (به‌ده‌ر له شیكردنه‌وه‌یان بۆ بارودۆخی كوردستان‌و ناو یه‌كێتی)، به ناواقیعی ده‌زانم، هه‌م جۆری مامهڵهكردنهكهشیان به ئیجرائاتێكی توند، مادام هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێك لای باڵی ده‌سه‌ڵاتدارو هێڵی گشتییه، ئه‌گه‌ر راگه‌یاندنه‌كه‌ی ئه‌و چوار كادیره به كه‌م ئه‌همیه‌ت بدرێته قه‌ڵه‌م، چ پێویستی به‌و بڕیاره تونده‌ی ئه‌و ئاسته باڵایه هه‌یه؟ خۆ ئه‌گه‌ر به گرنگ یان ته‌نانه‌ت به مه‌ترسیش ده‌ژمێردرێت، بۆ ئه‌و بڕیاره به په‌له‌یه بۆ ده‌ركردنیان له یه‌كێتی؟ بۆ باوه‌شی خه‌مخۆرانه‌و ئه‌گه‌ر به سه‌رلێشێواویان ده‌زانن بۆ گفتوگۆ‌و رێگه‌ی بۆ روونكردنه‌وه‌و بۆ سه‌لماندنیان بۆ نه‌گیرایه‌به‌ر، زاڵكردنی ئه‌م رێگه‌یه بۆ مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ كێشه‌كان، هاوشێوه‌ی چاره‌سه‌ركردنه زیاندارو سه‌رنه‌كه‌وتووه‌كانی رابردووه، كه هیوادارم دووباره‌نه‌بنه‌وه، به‌و رێگه‌یه‌دا كێشه‌كانی ئه‌مڕۆی یه‌كێتی چارهسهرنابنو به‌پێچه‌وانه‌وه هه‌وڵدان بۆ سڕینه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر قوڵتركردنه‌وه‌ی كێشه‌كانه.
پرۆفایل
*ساڵی 1958 له‌سلێمانی له‌دایكبووه
*له ساڵی 1975 په‌یوه‌ندی به كۆمه‌ڵه‌وه كردووه
*له 1979 له چالاكییه‌كی ناوشاردا له‌لایه‌ن ئه‌منی سلێمانییه‌وه گیراوه
*هه‌مان ساڵ به لێبوردنی گشتی ئازاد بووه‌و په‌یوه‌ندی به هێزی پێشمه‌رگه‌وه كردووه.
*به‌شداری هه‌ر سێ كۆنفرانسی كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌ران بووه.
*له ساڵی 1985 له جیابوونه‌وه‌ی (ئاڵای شۆڕش)دا بۆ دووه‌م جار زیندانی كراوه‌و به هه‌ڵهاتن له زیندان ئازاد بووه.
*ئه‌ندامی لیژنه‌ی سه‌رپه‌رشتی ئاڵای شۆڕش بووه.
*له ساڵی 1993دا له یه‌كگرتنه‌وه‌ی ئاڵای شۆڕش له‌گه‌ڵ (ی. ن. ك) بوو به ئه‌ندامی مه‌كته‌بی رێكخستن.
*له ساڵی 2003 تا 2006 لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی سلێمانی بووه.